کوشتاری ڕۆبۆسکی

چیرۆكه‌كه‌ به‌ گێرانه‌وه‌ی خانمه‌ ڕۆژنامه‌نووسێكی هۆڵه‌ندی

کوشتاری ڕۆبۆسکی

915 خوێندراوەتەوە

دکتور جەبار قادر
شەوی ٢٨ دیسەمبەر، واتا دوو سێ ڕۆژ بەر لەوەی ساڵی ٢٠١١ ماڵئاوایی بکات، لە نێوان کاتژمێر ٩:٣٩ و ١٠:٢٤ لە سەر سنوورە دروستکراوەکانی عیراق و تورکیا کارەساتێکی دڵتەزین قەوما. کاروانی سی و هەشت کاراونچی مێردمناڵ و کوڕی گەنج، کە خەڵکی هەردوو گوندی ڕۆبۆسکی و بێجو بوون، کەوتنە بەر هێڕشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا. بیست و حەوتیان یەکسەر لەو شوێنە شەهید کران، هەشتیشیان بە سەختی بریندار بوون، کە حەوتیان بەر لەوەی بگەیەنرێنەوە دێ لە ڕێگا ژیانیان لە دەستدا، ئەوی دیکەیان دوای ئەوەی بۆ چەند مانگێک لە نەخۆشخانە مایەوە چاکبووەوە.

 

واتا لەو سی هەشت کاروانچییەی لەو ئێوارە سارد و تاریکەدا بە خۆیان و ڕەشەوڵاخەکانیانەوە ڕوویان لە سنوورەکان کرد بۆ پەیداکردنی بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان تەنها چواریان لە مەرگ ڕزگاریان بوو، ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بە کارەساتی ڕۆبۆسکی ناوی دەرکرد، چونکە نزیکترین ئاوایی بۆ شوێنی کارەساتەکە ڕۆبۆسکییە.

دەوروبەری نۆونیوی ئێوارە کاتێک گەیشتنەوە سەر سنور. کاروانچییەکان ببوون بە دوو بەشەوە. گروپی یەکەم ١٨ کەس بوون و لەو کاتەدا سنور پەڕبوونەوە بەرەو تورکیا، سەریان سووڕما لەوەی سوپا هەر سێ ڕێگەکەی داخستووە کە دەچوونەوە سەر ئاواییەکەیان. جاروبار یەکێک یا دوو لە ڕێگاکان دادەخران، بەڵام هەرسێکیان بەیەکەوە ڕووینەدابوو، بۆیە گەڕانەوە بۆ سەر سنور. لەو کاتەدا گوێیان لە تەق و تۆق بوو. نەیاندەزانی چی قەوماوە، بۆیە بەردەوام بوون لە ڕۆیشتنا. لە ناکاو فڕۆکەی F16لە ئاسمانی ناوچەکە پەیدا بوون. گروپی یەکەم کە ١٨ کەس بوون کەوتنە بەر پەلاماری فڕۆکەکان، دوای پێنج خولەک بۆمبێکی دیکەیان تێگرتن و دوای بیست خولەکیش بۆمبی سێیەم، لە دەوروبەری کاتژمێر دە ونیویشدا دوا بۆمبیان بەسەردا بارانن.

،،

دانیشتوانی هەردوو ئاواییەکە کە گوێیان لە دەنگی فڕۆکە و بۆمباران بوو بەهەڵەداوان ڕوویان لە شوێنی ڕووداوەکە کرد، بەتانییەکی زۆریان لە گەڵ خۆیان برد، کاتێ لە سەربازەکانیان پرسی کوڕەکانیان بۆمباران دەکەن، پێیان ڕادەگەیەنن کە هیچی وا نیە تەنها بۆ ترساندنی چەکدارانە

دانیشتوانی هەردوو ئاواییەکە کە گوێیان لە دەنگی فڕۆکە و بۆمباران بوو بەهەڵەداوان ڕوویان لە شوێنی ڕووداوەکە کرد، بەتانییەکی زۆریان لە گەڵ خۆیان برد، کاتێ لە سەربازەکانیان پرسی کوڕەکانیان بۆمباران دەکەن، پێیان ڕادەگەیەنن کە هیچی وا نیە تەنها بۆ ترساندنی چەکدارانە. کەس و کاری کاروانچییەکان دڵیان بەم قسانە ئاوی نەخواردەوە و هەوڵیاندا لە شوێنی ڕووداوەکە نزیک ببنەوە. ئۆتۆمبیلەکان تا دووری کیلۆمەترێک لە شوێنی ڕووداوەکە دەیانتوانی بڕۆن، لەوە بەولاوە لە بەر سەختیی ڕێگاکە نەیاندەتوانی بچنە پێشەوە. خەڵکەکە خۆیان گەیاندە شوێنەکە و لە گەورەیی کارەساتەکە گەیشتن. لە دەسپێکدا بریندارەکانیان لە بەتانییەوە پێچاو هەوڵیاندا بیانگەێننە ئۆتۆمبیلەکان بۆ ئەوەی بیانبەن بۆ ئاوایی. حەوتیان لە ڕێگە گیانیان لە دەستدا و تەنها حەسەنی حەڤدە ساڵ بە زیندوویی مایەوە و دوای ئەوەی چەند مانگێك لە نەخۆشخانە مایەوە چاکبووەوە. دوای ئەوە دەستکرا بە کۆکردنەوە ئێسك و پروسکی سوتاو و پەرش و بڵاوی مردووەکان کە هەموو تێکەڵ بە یەک ببوون و کەس نەیدەزانی کام پارچە هی کام لاشەیە و کام ئێسقان هی مرۆڤە و کامینا هی ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخەکانە.

ڕۆبۆسکی و بێجوش وەکو زۆربەی هەرە زۆری گوند و باژێڕەکانی دیکەی باکوری کوردستان ناوە کوردییەکانیان لە بەڵگە و دەکیومێنتە فەرمییەکانی دەوڵەتدا ڕەشکراونەتەوە و ناوی تورکییان بەسەردا سەپێنراوە. ڕۆبۆسکی کراوە بە ئۆرتەسو و بێجوش بووە بە گیولیازی، کە هەردووکیان دەکەونە دەڤەری قەلیبانەوە، ئەویش ناوی ئوڵودەرەی بە بەردا بڕا. ئەم دوو ئاواییە مێژووییەکی دوور و درێژیان نیە، بەڵکو لە نەوەدەکان دروست کران، کاتێ دانیشتوانیان بە هۆی شەڕ و شوڕەوە لە زێدی خۆیان هەڵکەنران. لێرە لە تەک خزم و ئەندامانی خێڵەکانیان ئەم دوو گوندەیان دروست کرد.

کێشەی باسکردن و لێکۆڵینەوە لەم کارەساتە هەر لە ناوەکەیەوە دەسپێدەکات. دوو دەستەواژەی جیاواز بۆ هەمان کارەسات بەکاردەهێنرێن، هەڵبژاردنی هەر کامیشیان بۆ خۆی جۆرێکە لە هەڵوێست. ئەوانەی لە وردەکارییان بە ئاگا نین وا دەزانن باس لە دوو ڕووداوی جیاواز دەکرێت. دەزگاکانی دەوڵەت و میدیای سەر بە دەوڵەت بە ڕووداوی ئوڵودەرە نێوی دەبەن، کە وەك ئاماژەمان پێکرد ناوە تورکییە سەپێنراوەکەیە بە سەر دەڤەری قەلیبانی کوردیدا، کە ڕۆبۆسکی و بێجو لە خۆ دەگرێت. ئەوانەی ناوە کوردییەکەش بەکاردێنن بە لایەنگرانی قوربانیان و بزاڤی کوردی دادەنرێن.

،،

کێشەی باسکردن و لێکۆڵینەوە لەم کارەساتە هەر لە ناوەکەیەوە دەسپێدەکات. دوو دەستەواژەی جیاواز بۆ هەمان کارەسات بەکاردەهێنرێن، هەڵبژاردنی هەر کامیشیان بۆ خۆی جۆرێکە لە هەڵوێست. ئەوانەی لە وردەکارییان بە ئاگا نین وا دەزانن باس لە دوو ڕووداوی جیاواز دەکرێت. دەزگاکانی دەوڵەت و میدیای سەر بە دەوڵەت بە ڕووداوی ئوڵودەرە نێوی دەبەن

دەزگاکانی دەوڵەت و میدیای لایەنگری زۆر هەڵیاندا وا لە خەڵک بگەیەنن کە ئەم کارەساتە بە هەڵە ڕوویداوە و فڕۆکەوانەکان وایان زانیوە ئەمانە گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستانن و دەیانەوێت سنوورەکان ببەزێنن بۆ ئەوەی کردەوەی دژ بە سوپای تورکیا ئەنجام بدەن، بۆ ئەمەش لێژنەیەکی پاڕلەمانییان لە هەر چوار پارتەکەی نێو پاڕلەمان دروست کرد، کە هەر یەك لە پارتەکانی داد و گەشەپێدان، گەلی کۆماری، گەلانی دیموکرات و بزاڤی نەتەوەیی بە دوو ئەندام تێیدا بەشدار بوون. دوای ئەوەی ئەندامانی ئەو لێژنەیە بە وردی سەیری حەوت کاتژمێر ڤیدیۆی وێنەکانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان کرد، زۆربەیان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئەو پاکانەیەی دەوڵەت هیچ بنەمایەکی نیە

هەرچەندە ڕێگە نەدرا ڕاپۆرتەکە بە تەواوی بڵاوبکرێتەوە. وێنەکان ئەوە دەردەخەن کە کاروانچییەکان، بە پێناسەی دەوڵەت قاچاخچییەکان، لە گەڵ ڕەشەوڵاخەکانیاندا گروپێکی زۆر گەورەیان پێکدەهێنا، لە کاتێکدا دەستەی گەریلاکان قەت بەو ژمارە زۆرە بەیەکەوە جموجوڵ ناکەن و هەمیشە لە نێوان هەشت بۆ دە شەڕڤان زیاتر نابن. هەروەها شێوازی جموجوڵی کاروانچییەکان زۆر جیاوازە لە هی شەڕڤانان، کە بە دیسپلین و یەک بە دووی یەکدا دەڕۆن، لە کاتێکدا وێنەکان دەریدەخەن کە هەندێ لە کاروانچییەکان سەد مەتر لە پێش ئەوانی دیکەوە بوون.


لە هەمووی خراپتر لە کاتی بۆردومانەکەدا ئەم بێچارانە بەیەکدا دەچن و بۆ لای یەک ڕادەکەن و لە یەک کۆدبنەوە، لە کاتێکدا پارتیزان و شەڕڤان لە کاتی پەلاماری وادا بڵاوەی لێدەکەن و بۆ پەناگا دەگرێن بۆ ئەوەی کەمترین زیانیان لێ بکەوێت.

کاروانچییەکان ئێوارەی ٢٨ دیسەمبەری ٢٠١١ بە خۆیان و هێسترەکانیانەوە بە ڕێ کەوتن بۆ ئەو دیوی سنور، کە لە سەر نەخشە فەرمییە جوگرافییەکاندا دەکاتە عیراق، بۆ هێنانی بەنزین و جگەرە. بارودۆخەکە ئاسایی بوو و هیچ شتێکی گوماناوی لە ئارادا نەبوو. لە ئەفسەرانی سوپاشەوە ئاگادار نەکراونەوە لە هیچ کردەوەیەکی سەربازی لە دەڤەرەکە. ئەفسەرانی بازگە سەربازییەکان لە کاتی جموجوڵی لەشکری و کردەوەی سەربازیدا پێیان ڕادەگەیاندن بۆ ئەوەی خۆیان بە دوور بگرن لەو شوێنانە.


ئەم کارەی ئەفسەرانی سوپای داگیرکەر ئەوە دەگەیه‌نێت کە دەوڵەت بە وردی ئاگاداری ئەم بازرگانییەیە کە بە قاچاخ نێوی دەبات، چونکە دوای وێرانکردنی گوندەکانیان و ڕاگواستنی زۆرەملێیان دانیشتوانی ئەم ناوچانە سەرچاوەی دیکەی ژیانیان نەبوو، بۆیە بەناچاری چاوپۆشی لەم چالاکییە ئابوورییە دەکرد.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەم بازرگانییە سەرچاوەی خۆ دەوڵەمەند کردن و پارە پیداکردن بوو بۆ ئەفسەران و کاربەدەستانی سوپا لە دەڤەرەکە. ئەمانە خاوەیەکی زۆریان لەو کاروانچییە – قاچاخچییە بێدەرەتانانە وەردەگرت و وەردەگرن.

ووتەکان

ڕیگاکە تا دەگاتە سنوور تەنها شەش کیلۆمەترە، بەڵام تولەڕێیەکی سەختە کە لە زستاندا هەمیشە بەفر دایپۆشیوە. لەو دیوی سنوریشەوە بە دووری دوو کیلۆمەتر لۆرییەکان بە باری بەنزین و جگەرەوە چاوەڕوان دەکەن. هاتن و چوونەکە تەنها دوو کاتژمێر دەخاێنێت. هەموو هێمای سنوورەکە بریتییە لە تاشەبەردێک کە نمرە ١٥ لە سەر نووسراوە، دیوێکی بەردەکە تورکیایە و دیوەکەی دیکەی دەبێتە عیراقە!!!.


ڕیگاکە تا دەگاتە سنوور تەنها شەش کیلۆمەترە، بەڵام تولەڕێیەکی سەختە کە لە زستاندا هەمیشە بەفر دایپۆشیوە. لەو دیوی سنوریشەوە بە دووری دوو کیلۆمەتر لۆرییەکان بە باری بەنزین و جگەرەوە چاوەڕوان دەکەن. هاتن و چوونەکە تەنها دوو کاتژمێر دەخاێنێت. هەموو هێمای سنوورەکە بریتییە لە تاشەبەردێک کە نمرە ١٥ لە سەر نووسراوە، دیوێکی بەردەکە تورکیایە و دیوەکەی دیکەی دەبێتە عیراقە!!!.


فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بوردومانی کاروانچییەکان دەکەن ٣٤ کەسیان دەکوژرێن، کە زۆریان ئەندامی هەمان خێزانن. ئەم گوندانە لە نەوەتەکان دروست بوون کاتێک سوپای تورکیا گوندەکانیان تێکدا و بەزۆر ڕایگواستن، لێرە لە تەک خزم و هۆزەکانیان ئەم گوندانەیان دروست کردو بۆ ژیانیش پشتیان بە هێنانی شمەک لە باشوری کوردستانەوە بەستووە. دەوری ئەم گوندانە بە مین چێنراون، ئەمەش بووە هۆی مردنی پێنج کەس و نوقسانکردنی بیست کەسی دیکە. ژمارەی ئەو ئاژەڵانەش نەزانراوە کە بوونەتە قوربانی کێڵگەکانی ئەم مینانە. کاروانچییەکان ئەم کارەی خۆیان بە قاچاخ نازانن، بەڵکو بە بازرگانی سەر سنوورەکان و کاروانی نێوان شارەکان ناودەبەن.

ئەم خەڵکە قەت بە قاچاخ نێوی نابەن و دان بەو سنوورە دەستکردانەدا نانێن و باو باپێرانیان هەر ئەو کارەیان کردووە و خزم و کەس کاریان لە هەردوو دیوی سنوور دەژێن و تەنها سەرچاوەی ژیانیان ئەم بازرگانی و کاروانچێتییەیە. خەڵکی ئەم دەڤەرە بە درێژایی مێژوو لە گەڵ گوندەکانی ئەو بەردا بازرگانیان کردووە و تەنها لە سەدەی بیستەمدا سنور لە نێوان ئەمان و خزمەکانیان لە باشوری کوردستان پەیدا بووە، بەڵام قەت گوێیان بەو سنوورە دروستکردانە نەداوە. ئەمە دەردێکی گرانی کوردەوارییە کە کۆڵبەران لە نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو جەزرەبەیە بە دەستی سوپای پاسدار و کوردانی باکوریش بە دەستی جەندرمە و سوپای تورکیاوە دەیبینن، لە کاتێکدا بە تێگەیشتنی دروستی کورد ئەمانە بازرگانی لە نێوان خەڵکی یەک وڵاتدا دەکەن کە کوردستانە.


سه‌رنج:
سەرچاوەی سەرەکی ئەم زانیارییانە کتێبی خانمە ڕۆژنامەنووسی هۆڵەندی فریدریکە خێردینكە، کە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە تورکیا وەك پەیامنێر بۆ کۆمەڵێک ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی هۆڵەندی کار دەکات و کتێبەکە بەم ناونیشانەیە: کوڕ گەنجەکان مردن – گەشتێکی ڕۆژنامەوانی بەرەو گەوهەری دۆزی کورد لە تورکیا، ئەنتڤێرپن ٢٠١٤.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد