یەكگرتووی ئیسلامی:     بەشداری حكومەت ناكەین و گۆرانكاری جدیش لە حزبدا دەكەین

"بە 5 كورسی پەرلەمانی، دەبینە ئۆپۆزیسیۆنێكی بەهێز"

یەكگرتووی ئیسلامی: بەشداری حكومەت ناكەین و گۆرانكاری جدیش لە حزبدا دەكەین

1885 خوێندراوەتەوە

 ئەمرۆ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئۆپۆزیسیۆن بوون و بەشداری نەكردنی لە كابینەی داهاتووی حكومەت راگەیاند و ئەندامێكی باڵای ئەو حزبەش دەڵێت: بریارەكانمان بۆ هەستانەوەی یەكگرتوون و دوای 25ی ئەم مانگەش لە كۆبوونەوە گشتییەكەی حزبدا گۆرانكاری جدی دەكەین.

 

 

موستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجوومەنی جێ بەجێكردن لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان تایبەت بە بریارەكانیان بۆ هەستانەوە و بوژانەوەی حزبەكەیان بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت.

 

موستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو

 

،،

لەیەكەم بریارماندا ئەمرۆ بە كۆی دەنگ لە سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بریارماندا بەشداری حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان نەكەین و ببینە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا.

 

 

 

"%70ی رێكخستنەكانمان داوایان كردبوو بەشداری حكومەت نەكەین"

 

موستەفا عەبدوڵا، ئاماژە بەوە دەكات دوای هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول بۆ پەرلەمانی كوردستان، حزبەكەیان رووبەرووی دابەزینی دەنگێكی زۆر بوویەوە، كە ئەمەش وایكرد هەندێ بریار بدرێت بۆ هەستانەوە و بوژانەوەی حزبەكەیان.

 

"لەیەكەم بریارماندا ئەمرۆ بە كۆی دەنگ لە سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بریارماندا بەشداری حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان نەكەین و ببینە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا". سەركردەكەی یەكگرتوو وایگووت.

 

هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات، دوای ئەوەی راپرسییەكیان ئەنجامداوە لەنێو رێكخستنەكانیان بۆ بەشداریكردن و بەشداری نەكردنی لە كابینەی داهاتووی حكومەت، %70ی ئەندام و رێكخستنەكانیان داوایان كردووە یەكگرتوو بەشداری حكومەتی داهاتوو نەكات.

 
بۆیە عەبدوڵا دەشڵێت: " هەم باوەری سەركردایەتی وابوو كە بەشداری حكومەت نەكەین هەم رێكخستنەكانمان، بۆیە بریارماندا بە 5 كورسی پەرلەمانی ببینە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا".

 

،،

ئێمە بۆیە بریارماندا بەشداری حكومەت نەكەین، چونكە پێمانوابوو ئەگەر دووبارە حكومەتێكی بنكەفراوان پێك بهێنرێت و هەموان بەشدار بن ئەوا لە خزمەتی هاوڵاتیان نابێت، چونكە ئۆپۆزیسیۆنێك نییە چاودێری كارەكانی حكومەت بكات.

 

"حكومەتی بنكەفراوان خزمەت بە خەڵكی ناكات"


سەركردەكەی یەكگرتوو باوەری وایە كە حكومەتێك هەموان تیایدا بەشداری بن و ناو بنرێت حكومەتی بنكە فراوان و شتێك نەبێت بەناوی ئۆپۆزیسیۆن خزمەت بە هاوڵاتیان ناكات.

 
"ئێمە بۆیە بریارماندا بەشداری حكومەت نەكەین، چونكە پێمانوابوو ئەگەر دووبارە حكومەتێكی بنكەفراوان پێك بهێنرێت و هەموان بەشدار بن ئەوا لە خزمەتی هاوڵاتیان نابێت، چونكە ئۆپۆزیسیۆنێك نییە چاودێری كارەكانی حكومەت بكات". موستەفا عەبدوڵا وایووت.

 

 

 

 
سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەمرۆ لە شەقامدا لە یەكگرتووی دەكەن، ئایا یەكگرتوو بە 5 كورسی پەرلەمانی چی پێ دەكرێت و چۆن دەبێتە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا؟

 
سەركردەكەی یەكگرتوو وتی: "لە ئێستادا زۆرینەی خەڵكی هەرێمی نارازین لەدەسەڵات و تورەن لەو حزبانەش كە لە تەنیشتی حكومەت سودمەند دەبن، بۆیە كەسێكیان دەوێت رێبەرایەتیان بكات و دەنگە نارازییەكانیان بگەیەنێت بە دەسەڵات".

 
دەشڵێت: بۆیە لەگەڵ بەشداری نەكردنمان لە حكومەت بەشداری پەرلەمان دەكەین و لەنێو هۆڵی پەرلەمانەوە دەنگێكی بەهێزو نارازی دەبین.

 

 

،،

بریارماندا كە لە 25ی مانگ لە كۆبوونەوەی گشتی حزبدا، كۆمەڵێ كاری جدی بكەین تاكو ببێتە هۆی ئەوە دواتر گۆرانكاری جدی لەنێو یەكگرتوودا بكرێت كە پێ دەچێت دەستكاری هەندێ شوێن و دەزگاش بكرێت.

 

 

"لە دوای كۆبوونەوە گشتییەكەی 25ی مانگ یەكگرتوو گۆرانكاری جدی دەكات"

 
موستەفا عەبدوڵا پێی وایە حزبەكەی تەنها بەوە ناوەستێت كە بریاری بەشداری نەكردن لەحكومەت و بەشداری كردن لە پەرلەمان دەدات، لەو كۆبوونەوەی كەوا بریارە 25ی ئەم مانگە لە دهۆك ساز بكرێت یەكگرتوو كۆمەڵێ بریاری دیكە دەدات بۆ هەستانەوە.

 
" بریارماندا كە لە 25ی مانگ لە كۆبوونەوەی گشتی حزبدا، كۆمەڵێ كاری جدی بكەین تاكو ببێتە هۆی ئەوە دواتر گۆرانكاری جدی لەنێو یەكگرتوودا بكرێت كە پێ دەچێت دەستكاری هەندێ شوێن و دەزگاش بكرێت".

 

یەكگرتووی ئیسلامی، راگەیاندنی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول، توشی شۆكی كرد، بۆیە بەرەسمی رەتیكردنەوەو سەركردایەتی ئەو حزبەش شكست و دابەزینی دەنگەكانی خستە ئەستۆی خۆی، لە ئێستاشدا دەیەوێـت بە كۆمەڵێ بریارو گۆرانكاری، لەلایەك دڵی ئەندامانی خۆش بكات، لە لایەكی دیكەش حزبەكەی لەو گێژاوەی تێی كەوتووە رزگاری ببێت.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان