یەكگرتوو، گەڕانەوە بۆ ئیسلامی میللی

يەكگرتوو لە حیزبێكی سیاسیيەوە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی كۆمەڵایەتی

یەكگرتوو، گەڕانەوە بۆ ئیسلامی میللی

2900 خوێندراوەتەوە

لەكاتێكدا یەكگرتووی ئیسلامی تەمەنی لە چارەكە سەدەیەك نزیك دەبێتەوە، بیر لە مۆدێلێكی نوێی كاركردن دەكاتەوە كە فراوانتربێت لە حیزب و كایەی سیاسی و ململانێی دەسەڵات.

6ی شوباتی ئەمساڵ 24 ساڵی ڕێك تێپەڕدەبێت بەسەر راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیدا، لەوانەیە ئەزمونی 24 ساڵ كاری سیاسیى یەكگرتووی بەو ئەنجامە گەیاندبێت كە سەقفی گەورەبوون و جەماوەری بوونی تا ئەم ئاستەی ئێستای بێت و لە ململانێی سیاسیدا لەمە زیاتری پێ نەكرێت، بۆیە لەبری ئەوەی وەك مۆدێلێكی سیاسی ڕووت بمێنێتەوە، ئارەزوی ئەوە دەكات مۆدێلێكی نوێ‌ لە ئیسلامی كۆمەڵایەتی تاقی بكاتەوە كە زیاتر تەركیزی لەسەر كۆمەڵگەیە نەك دەسەڵات.

بەم دواییانە، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتوو، سەرۆكایەتی پرۆژەیەكی بەرفراوانی كرد، بۆ دروستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی فراوان كە ئامانجەكەی تەنها سیاسی نیە و بەتەنهاش بەشێك نییە لە پلانی هەڵبژاردن و دەنگ كۆكردنەوە، بەڵكو بەرەیەكی ئاینی كۆمەڵایەتییە كە توانای كۆكردنەوەی رەوتی ئیسلامی هەیە بە تەواوی حیزب و گروپ و ئاراستە جیاوازەكانیەوە.

ئەم پرۆژەیە راستەوخۆ ئەمینداری یەكگرتوو خۆی سەرپەرشتی دەكات و بەشێكی زۆری كاتەكانی تەرخانكردوە بۆی. سەرەتا بەكاری هاوبەشی نێوان یەكگرتوو كۆمەڵ دەستی پێكرد، بەڵام لە نیوەی ڕێگادا كۆمەڵی ئیسلامی لە پرۆژەكە كشایەوە و پاشەكشەی كرد به‌ڵام یەكگرتوو لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی و ڕێكخراوە ئیسلامیەكاندا درێژەی پێدا و بەردەوام بوو.

،،

بەم دواییانە، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتوو، سەرۆكایەتی پرۆژەیەكی بەرفراوانی كرد، بۆ دروستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی فراوان كە ئامانجەكەی تەنها سیاسی نیەو بەتەنهاش بەشێك نییە لە پلانی هەڵبژاردن و دەنگ كۆكردنەوە

كۆمەڵی ئیسلامی زیاتر حەزی بە هاوپەیمانی سیاسیى هەیە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و چاوی لە لیستی ئیسلامی نییە لەم قۆناغەدا و پێیوایە بەم جۆرە دەنگەكانی زیاتر دەكات.

لەناو ئەم بەرە نوێیەدا چەندین گروپی ئیسلامی جیاواز دەبینرێت، جگە لە یەكگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی، چەندین گروپ و ڕێكخراوی ئیسلامی بونیان هەیە، لەوانە بەشێك لە مامۆستایان و كەسایەتیە ئەكادیمیيەكانی نزیك لە ئەهلی تەسەوف و چەند رێكخراوێكی ئیسلامی وەك نوری حیكمەی مەلا نادر نانەكەلی و رێكخراوی ژیاری پرۆرفیسۆر خالید محەمەد ساڵح و سەنتەری زەهاوی د. سەباح بەرزنجی و ئاڵای سپی و دامەزراوەی شافیعی و چەند رێكخراوێكی دیكە، كە هەندێكیان لە كۆمەڵی ئیسلامیەوە نزیكن و لەناو پرۆژەكەدا ماونەتەوە.

 

گەڕانەوە بۆ ئیسلامی كۆمەڵایەتی

یەكگرتووی ئیسلامی بەرلەوەی خۆی وەك رەوتێكی سیاسی ئیعلان بكات، بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی و ئاینی بوو، لەوانەیە سەردەمی زێڕینیشی هەر ئەوكاتەبووبێت كە بەشێوەیەكی ئاسۆیی لە كۆمەڵگەدا لەناو هەموو چین و توێژەكاندا خەریكی كاركردن بوو وەك بزوتنەوەیەكی دەعەوی كۆمەڵایەتی بەڵام كاتێك وەك حیزبێكی سیاسی خۆی ئیعلانكرد، ئيدى كەوتە ناو ململانێی سیاسیى لەگەڵ هێزە ركابەرەكانی و دەسەڵاتیش لەلایەكی دیكەوە.


ئێستا دوای نزیكەی چارەكە سەدەیەك پێیوایە پرۆژە سیاسیيەكەی سنوردارە و تونای ئەوەی نییە ئەو رێژەیەی ئێستای تێپەڕێنێت، بۆیە رایەكی گشتی لەناو یەكگرتوو دروستبووە كە بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگە و زیاتر لەوەی بزوتنەوەیەكی سیاسی ڕووت بێت، وەك بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی و ئاینی كاربكات.

ئەوەی كە جیاوازە لە ئێستادا ئەوەیە یەكگرتوو حەزی بە دروستكردنی چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی حاڵەتی ئیسلامی كوردستان بە هەموو رەنگ و بۆچونە جیاوازەكانی ناویەوە كە خۆی هەوێنی بێت.

ئەوەی یەكگرتوو چاوی لێیەتی دروستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی میللیە كە هەموو هێزە ئیسلامیەكان تیایدا بەشداربن و بەر لە كاریگەری سیاسیان كاریگەری كۆمەڵایەتیان هەبێت.

،،

 رایەكی گشتی لەناو یەكگرتوو دروستبوە كە بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگە و زیاتر لەوەی بزوتنەوەیەكی سیاسی ڕوت بێت وەك بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی و ئاینی كاربكات.

 

یەكگرتوو لە ململانێی لەسەر دەسەڵاتەوە بۆ ململانێ‌ لەسەر كۆمەڵگە

گوتاری نوێی یەكگرتوو لەم قۆناغەدا گەڕانەوەیە بۆ كۆمەڵگە و كاركردنە لەسەر بەها كۆمەڵایەتیەكان و پەروەردە.

ئەمینداری یەكگرتوو لە تازەترین پەیامیدا باس لەوە دەكات كە كۆمەڵگاو خێزان و بەها كۆمەڵایەتیيەكان لە كۆمەڵگەی كوردیدا لەبەردەم مەترسی گەورەدان، ئەركی ئیسلامیيەكانە پێكەوە بەربگرن لەو داڕمانە كۆمەڵایەتی و ئەخلاقیيەی روبەڕوی كۆمەڵگە دەبێتەوە. هەروەها لە پەیامەكەیدا ئەمینداری یەكگرتوو باسی لە دۆخی گەنجان و هەوڵی بەلاڕێدابردن و ئاراستەكردنی گەنجان دەدات بۆ ئیباحیەت و رەوشتی ناپەسەند لەڕوی ئاینی و كۆمەڵایەتیەوە. هەروەها باس لە بڵاوبونەوەی مادە هۆشبەرەكان و ئالودەبونی گەنجان دەكات و بە ئەركی ئیسلامیيەكانی دەزانێت بەبێ‌ جیاوازی كار بۆ دەرهێنانی گەنجان بكەن لەو زەلكاوەدا.

بەگشتی پەیامەكەی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بەجۆرێكە كە پێویستە ئیسلامیيەكان تەنها دڵیان لای ململانێی سیاسی نەبێت و فریای كۆمەڵگەی كوردی بكەون كە بەدەست دەیان گرفتەوە دەناڵێنێت.

هەروەها لە پەیامەكەدا ئەو ئاماژەیەی تێدایە كە ئیمان و ئیسلام لە مەترسیدان و پێویستە ئیسلامیيەكان لەهەوڵی پارستنی ئیمان و ئەخلاقی كۆمەڵگەدابن و ڕوبەڕوی ئەو مەترسیە فیكری و كۆمەڵایەتیانە ببنەوە كە هەرەشە لە تاك و خێزان و كۆمەڵگەی كوردی دەكەن.

 

ئایا یەكگرتوو واز لەسیاسەت دەهێنێت؟


ساڵانێكی زۆر یەكگرتوو خەرێكی كاری بانگەواز و كۆمەڵایەتی بووە، ئەو سەرمایەی كە لەو بوارەدا بەدەستی هێنا لە كایەی سیاسیدا خەرجی كرد و ئەنجامەكەشی ئەوەبوو كە لەباشترین حاڵەتیدا گەیشتە 10 كورسی پەرلەمانی كوردستان.

لەچەند ساڵی رابردوودا،  دوو بۆچون لەناو یەكگرتوو پەیدابوو بۆ جیاكردنەوەی دەعوە و سیاسەت لە یەكتری، ململانێكە لەناو یەكگرتوو بە قازانجی ئەوانە نەشكایەوە كە بانگەشەی جیاكردنەوەی سیاسەتیان دەكرد و دەیانویست یەكگرتوو بكەنە حیزبێكی پاشاخان ئیسلامی.

ئێستا ئەو ڕایە دروست بوە كە یەكگرتوو ببێتەوە بە بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی و ببێتە هەوێنی یەكخستنی دیدگاو هەڵوێستی ئیسلامیەكانی كوردستان و پێكەوە فۆرمێكی ئیسلامی میللی و كۆمەڵایەتی دروست بكەن.

بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە كە یەكگرتوو لە ساحەی سیاسی بكشێتەوە، بەڵكو لەوانەیە پێی وابێت ئەو توانا مرۆییە گەورەیەی لە كایەی سیاسی خەرجی كرد نەیتوانیبێت ئەنجامێكی گەورە بەدەستبهێنێت.

بەڵام ئایا ئەمە پێشكەوتنە یان پاشەكشە لە گوتاری یەكگرتوودا؟  كە زیاتر بەرەو روی ساحە ئیسلامیەكە دەچێت تا ساحە سیاسیەكە.

یەكگرتوو پێیوایە ئەركی سەرەكی ئەو كاركردنە لەسەر كۆمەڵگا، بەشداریكردنی سیاسیشی هەر لەبەر ئەوەیە كە پرۆژە كۆمەڵایەتی و ئیسلامیەكەی بەرەوپێشببات.

یەكگرتووى ئيسلامى ئەمە وەك دۆزینەوەی مەیدانی نوێی جوڵەی خۆی سەیر دەكات، لەوانەیە یەكگرتوو گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی خەڵكی كوردستان، یەكگرتووی ئەوێت وەك بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی كاریگەر كە دەتوانێت لە پاراستنی بەها كۆمەڵایەتیەكاندا پشتی پێ‌ ببەستێت، بەڵام چاوی لە مۆدێلی سیاسی ترە بۆ ژیانی سیاسی و ئیدارەی وڵات.

ئەمە وادەكات چیتر یەكگرتوو تەنها چاوی لە كایەی سیاسی و ململانێی سیاسی نەبێت، بەڵكو بەشێكی گرنگی وزەی خۆشی تەرخان بكات بۆ كاركردن لەسەر كۆمەڵگە و زیندووكردنەوەی بەها ئاینیەكان لە كۆمەڵگەدا.

لەوانەیە یەكگرتوو گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی كە بوونی بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی بەرفراوان هاوشێوەی بزوتنەوەی خزمەت لە توركیا ئەتوانێت یارمەتی دەرێكی باش بێت بۆ پاڵپشتی حیزبێكی سیاسی پاشاخان ئیسلامی، كە وەك باڵی سیاسی ئەو بزوتنەوە كۆمەڵایەتیە دەربكەوێت.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری