دوایین دانیشتنم لەگەڵ جەمال خاشقجی وهەڵوێستی لەسەر كورد

دوایین دانیشتنم لەگەڵ جەمال خاشقجی وهەڵوێستی لەسەر كورد

2444 خوێندراوەتەوە

شاهۆ قەرەداغی

جەمال خاشقجی نوسەرێكی بەناوبانگی سعودیە لە شاری مەدینە لەدایك بووە لە ساڵی 1958، ڕۆژنامەنوسێكی بەتوانا و بەرگریكارێكی سەرسەختە لە ئازادی و ڕووبەروبونەوەی ستەم و زۆرداری لە ناوچەكە و یەكێكە لەوانەی پشتیوانی بەهاری عەرەبی دەكات لەناوچەكە .

 
خاشقجی سەرەڕای بوونی مێژوویەكی پڕ دەستكەوت و نزیكی لە چەند ئەمیرێكی ئال سعودەوە بەتایبەتی "وەلید بن تەلاڵ" و لە هاوینی 2008 خاشقجی لەگەڵ شا "عبدالله بن عبدالعزیز ال سعود" دەبێت لەسەردانەكەی بۆ لەندەن و لەوێ شا عبدالله "خاشقجی" بە گرنگترین نوسەری سعودی دەناسێنێت .


سەرەڕای ئەوەش "خاشقجی" هەوڵی دەدا نوسینەكانی لە بەرژەوەندی سعودیەدا بێت، و یەكێك بوو لەوانەی هەوڵی چاك كردنی پەیوەندیەكانی سعودیە و توركیای دەدا، و دژی سیاسەتەكانی سعودیە بوو لە میسڕ و پاڵپشتی كردنی سیسی و دژایەتی كردنی بەهاری عەرەبی لە ناوچەكە و دەستگیركردنی چەندەها زانا و نوسەر لە سعودیە بەتۆمەتی "ئیخوان" بوون .


بەهۆی نوسینێكی ڕەخنەئامێزی خاشقجی دژی سیاسەتەكانی سعودیە لە مامەڵە كردن لەگەڵ ترامب دا و ئاگاداركردنەوەی سیاسەتمەدارانی وڵاتەكەی لە مەترسیەكانی ترامب، دواتر وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیان نامەیەكدا ڕایگەیاند كە خاشقجی هیچ پەیوەندیەكی بە حكومەتەوە نیە و بیروڕاكانی تەنها گوزارشت لە خۆی دەكات .


پاشان لەدوای ئەوە لەڕێگەی تەلەفۆنێكەوە لەلایەن بەرپرسێكی باڵاوە داوای لێكرا بوەستێت لە نوسینەكانی لە تویتەر و لە هەموو ڕۆژنامەكان و بەشداری هیچ سیمینار و كۆنگرەیەكی ناوخۆیی و دەرەكی نەكات .

،،

لەدوای ئەوە لەڕێگەی تەلەفۆنێكەوە لەلایەن بەرپرسێكی باڵاوە داوای لێكرا بوەستێت لە نوسینەكانی لە تویتەر و لە هەموو ڕۆژنامەكان و بەشداری هیچ سیمینار و كۆنگرەیەكی ناوخۆیی و دەرەكی نەكات .


دوای ئەوەی بەردەوام بوو لەم بێدەنگییەی بۆ ماوەی چەند مانگێك و هەستی كرد هەڵمەتی دەستگیركردن لەزیادبووندایە بڕیاری جێهێشتنی سعودیە یدا بەرەو ئەمریكا لە ئەیلولی 2017 و دەستی كرد بە نوسین لە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست .


لە یەكێك لە نوسینەكانی دا دەڵێت "لەدوای خۆمەوە خێزان و ماڵ و كارەكەم جێهێشتووە، ئێستە دەنگم بەرز دەكەمەوە ، چونكە بێدەنگ بوون واتە دەست هەڵگرتن لەوانەی لە زیندانەكانن، ئێستە ئەتوانم قسە بكەم لەكاتێك دا زۆرێك كەس توانای قسەكردنیان نیە ".


خاشقجی بەردەوام بوو لە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەكانی وڵاتەكەی ، لەبەر ئەوەش سعودیە نیگەران بوو لەبەردەوام بوونی خاشقجی لە هەنگاوەكانی، بەپێی لێدوانی بەرپرسی پێشوتری كەناڵی جەزیرە وەزاح خەنفەر: خاشقجی دەیویست ڕێكخراوێك دروستبكات بۆ پاڵپشتی كردن لە دیموكراسی و ڕاست كردنەوەی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەی هەیە لەناوچەكە سەبارەت بە دیموكراسی، وە خاشقجی دەیویست خۆی پاڵپشتی دارایی ئەم ڕێكخراوە بكات و بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی "شەرق"ی سەر بەوەزاح خەنفەر كارەكانیان بكەن .


ئەم هەنگاوانەی خاشقجی وای لە دەسەڵاتدارانی سعودیە كرد كە پلانێك دابنێت دژی خاشقجی، ئەوە بوو لە 2 ی ئۆكتۆبەری 2018 لەكاتی سەردان كردنی خاشقجی بۆ قونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە ئەستەنبۆل لەلایەن فەرمانبەرە سعودیەكانی قونسوڵخانەكە و ئەو تیمەی لەسعودیەوە ڕاسپێردرابون بۆ كوشتنی كوژرا و چارەنوسی تەرمەكەی نادیارە، ئەوەش خاشقجی كرد بە بەناوبانگترین ناو لەسەر ئاستی جیهان و بە كوشتنی ئەم ڕۆژنامەنوسە سعودیە هەڵەیەكی سیاسی و ستراتیژی گەورەی ئەنجامدا كە وەك دیارییەكە بۆ دوژمنە سەرسەختەكانی لەناوچەكە و بێگومان باجێكی قورس دەدات لەسەر ئەم تاوانەی.

 
.
ئەزمونی ڕۆژنامەنوسی
خاشقجی كەسێكی بەتوانا و زیرەك بوو، بە ئاسانی سەرنجی بەرامبەرەكەی ڕادەكێشا، لەزۆرێك لە كۆڕ و كۆبونەوەكانی لە ئەستەنبۆل لەنزیكەوە چاوم پێی كەوتووە و لەگەڵی دانیشتوم و گفتوگۆم لەگەڵ كردووە، بەردەوام زۆربەی قسەكانی تەرخان دەكرد بۆ باسكردنی ئەرێنیەكانی ئازادی و دیموكراسی و گرنگی ئەم دوو چەمكە و پێویستی گەلانی ناوچەكە بۆ دیموكراسیەتێكی تەندروست و نەشێوێنراو .


دواجار كەخاشقجیم بینی لە 12 ی شوباتی 2018 بوو لە دانیشتنێك كە خاشقجی باسی "ئەزمونی ڕۆژنامەوانی" بۆ كردین و ئەمەش كورتەی وتەكانی خاشقجییە :
لەبارەی ئەزمونی ڕۆژنامەوانی خاشقجی


"پەیوەندییەكی گەورە و كاریگەر هەیە لەنێوان ڕۆژنامەوانی و ئازادی ، ئازادی خۆراك بەخشی ڕۆژنامەوانیە ، ڕۆژنامەی زیندوو كە مەرجەكانی بریتیە لەوەی ڕۆژنامەنوسەكە بچێتە فەرمانگەكە یان كارگەكە یان هەر جێیەكی تر و زانیارییەكانی دەست بكەوێت ، ئەمە پێویستی بە بوونی ئازادی هەیە، بەبوونی ئازادیش چیرۆكێكی چێژ دار دروست دەبێت لە ڕۆژنامەدا .


كاتێك ئازادی ئاوا دەبێت و بوونی نامێنێت ، فەرمانگەكە زانیاریت ناداتێ، یاخود كارگەكە زانیاری هەڵەت دەداتێ، دەچیت بۆ شوێنێك وێنەبگریت یەكسەر دەستگیرت دەكەن و دەچیتە زیندانەوە.


كاتێك ئازادی نامێنێت و ناتوانیت شتە ڕاستیەكان بنوسیت، ئەو كاتە هەڵدێیت بەرەو وتار نوسین ، یاخود چیرۆك، یاخود تەنها ئەو هەوڵانە دەنوسیت وشیكاری بۆ دەكەیت كە حكومەت دەیەوێت و پێی خۆشە، یان خۆت چیرۆكێك دروست دەكەیت ، چونكە ناتوانیت بچیت و زانیاری ڕاستەقینە وەربگریت .

،،


"پەیوەندییەكی گەورە و كاریگەر هەیە لەنێوان ڕۆژنامەوانی و ئازادی ، ئازادی خۆراك بەخشی ڕۆژنامەوانیە ، ڕۆژنامەی زیندوو كە مەرجەكانی بریتیە لەوەی ڕۆژنامەنوسەكە بچێتە فەرمانگەكە یان كارگەكە یان هەر جێیەكی تر و زانیارییەكانی دەست بكەوێت ، ئەمە پێویستی بە بوونی ئازادی هەیە، بەبوونی ئازادیش چیرۆكێكی چێژ دار دروست دەبێت لە ڕۆژنامەدا .


بەهۆی خۆشەویستیم بۆ كاری ڕۆژنامەوانی بڕیارم دا ببم بە ڕۆژنامەنوس، سەرەڕای ئەوەی كارێكی باشم هەبوو لە كۆمپانیای براكەم بەڵام هەستم بە ئاسوودەیی نەكرد لەو كارەم، لەبەر ئەوە ڕوومكردە ڕۆژنامەوانی.


ڕۆژنامەوانی ئەمریكی و ئەوروپی كاری زۆر تێكردم، لەبەر ئەوەش دەستمكرد بە گەشت كردن بۆ وڵاتانی جیهان بۆ گواستنەوەی ڕووداوەكان و نیشاندانی ڕاستیەكان ، لەبەر ئەوەش سەردانی ئەفغانستانم كرد ، وە هیوادارم ئەم جۆرە ڕۆژنامەوانیە تاقیبكەنەوە چونكە چەندەها ڕاستی دەبینیت كە لەخەڵكی شاراوەیە، و شیكاری بۆ ئەو ڕووداوانە دەكەیت یاخود تەنها وەسفی دەكەیت لە نوسینەكانت دا.


ڕۆژنامەوانی لە وڵاتانی ئێمە لە بڵاوكردنەوەی زانیاری ناترسێت ، یاخود لە لێپرسینەوە ناترسێت، ڕۆژنامەوانی لە ئەمریكا چونكە دادگایەك لە پشتیەوە هەیە لەبەر ئەوە دەترسن لەوەی زانیاری لەخۆیانەوە بڵاوكردنەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆژنامەكان هەزارەها تاوان بۆ خەڵكی دروست دەكەن چونكە ئەوەی دادگایەك نیە لێپرسینەوە لەم ڕۆژنامانە بكات چونكە سیستەمێكی ڕێكخراو و مرۆڤانەی تیانیە.


هیوادارم لیژنەیەك یاخود كۆمەڵەیەكی نوێ دروست بێت كە كاربكات لەسەر ڕاستكردنەوەی كاری ڕۆژنامەوانی لەناوچەكە، بابەتێكی جەزیرە یاخود عەرەبیە یاخود هەر لایەنێكی تر هەڵبژێرێت و هەڵەكانی دیاریبكات و ڕاستی بكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانین كاری ڕۆژنامەوانی ڕاست بكەینەوە و پاكی بكەینەوە لەو هەڵانەی تێی كەوتووە.


لە یەمەن عەلی عەبدوڵا ساڵەح ئەو موجاهیدە یەمەنیانەی لە ئەفغانستان دەهاتنەوە بەكاری دەهێنان دژی ئیشتیراكیەكان ، ئەمە تەنها زانیارییەك بوو، بەڵام من چووم بۆ یەمەن و توانیم یەكێك لەوانە ببینم و ڕاستی زانیارییەكەم بۆ دەركەوێت ."

،،

"ئەوەی لە سعودیە ڕوودەدات گۆڕانكاری ئەرێنییەو هاوڵاتیان دەیانەوێت چاكسازی زیاتر بكرێت و پێگەی سعودیە لە دەرەوە بەرزتر بێتەوە و پێم باشە سەرچاوەی شەرعیەت پێدانی محمد بن سلمان گەل بێت .

ڕای خاشقجی لەسەر گۆڕانكارییەكانی سعودیە
"ئەوەی لە سعودیە ڕوودەدات گۆڕانكاری ئەرێنییەو هاوڵاتیان دەیانەوێت چاكسازی زیاتر بكرێت و پێگەی سعودیە لە دەرەوە بەرزتر بێتەوە و پێم باشە سەرچاوەی شەرعیەت پێدانی محمد بن سلمان گەل بێت .


ناتوانین لە ئێستەوە بڕیار لەسەر گۆڕانكارییەكانی سعودیە بدەین، بەڵام پێم خۆشە سەربكەوێت چونكە لەبەرژەوەندی مناڵ و خێزانەكەمە ، سەرەڕای بوونی ترس و هەندێ هەنگاوی نەرێنی و زیادبوونی دەستگیركردنی نوسەر و زانایان ، بەڵام جەنگەكەی محمد بن سەلمان دژی گەندەڵی شتێكی ئەرێنیە.

محمد بن سەلمان دەیەوێت وڵات تەنها لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت و ئەمیرەكانی تر وەكو فەرمانبەر لەلای ئەو وابن نەك وەك ئەمیر و دەسەڵاتیان هەبێت، لەبەر ئەوەش چەند ئەمیرێكی گەورەی زیندانی كرد و لەبەرامبەر پارەیەكی زۆر ئازادی كردن ، لەبەرژەوەندی هاوڵاتییە مامەڵە لەگەڵ خێزانێكی ژمارە كەم بكات لەوەی مامەڵە لەگەڵ هەموو خێزانی ئال سعود بكات كەهەموویان نفوز و دەسەڵاتیان هەبێت.


بەڕای من بەهاری عەرەبی بەردەوامە و تەواو نەبووە ، ئەو شەپۆلەی لە 2011 دەستی پێكرد بەردەوام دەبێت، ڕاستە تووشی لێدانێكی بەهێز بووە لەلایەن دوژمنانی شۆڕشەوە لەناوچەكە، بەڵام شەپۆلی ئازادی بەردەوام دەبێت لە میسڕ و وڵاتانی ناوچەكە."

 

،،

بەڕای من بەهاری عەرەبی بەردەوامە و تەواو نەبووە ، ئەو شەپۆلەی لە 2011 دەستی پێكرد بەردەوام دەبێت، ڕاستە تووشی لێدانێكی بەهێز بووە لەلایەن دوژمنانی شۆڕشەوە لەناوچەكە، بەڵام شەپۆلی ئازادی بەردەوام دەبێت لە میسڕ و وڵاتانی ناوچەكە."

لەبارەی كوردەوە بیروڕای خاشقجی چۆن بوو؟
"جەمال خاشقجی كوردی بەبەشیكی سەرەكی گەلانی ناوچەكە دەزانی، پێی وابوو پێویستە هەموو مافە ڕەوا كان بەكورد بدرێت و ناڕازی بوو لەو مامەڵە هەڵەیەی لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەكەوە دژ بە كورد كراوە، بەڵام تێبینی هەبوو لەسەر بیرۆكەی بنیات نانی دەوڵەتیكی سەربەخۆ، پێی وابوو ئەگەر دەوڵەتیش دروست بكەن و وەك دەولەتە عەرەبیە فاشیلەكان بێت ئەوا خۆتان دەنالینن بەدەستیەوە و زەرەر دەكەن، ئینجا هەر ئێوە قوربانی دەستی دەوڵەتەكانی ناوچەكە نین بەڵكو عەرەبیش بە ئازادی نەژیاون لەسەردەستی ئەم ڕژێمانە ، كەواتە ستەمەكە هەموو گەلانی ناوچەكەی گرتۆتەوە ! خاشقجی پێی وابوو دەبێت ئالییەتیكی نوێ دابهێنین بۆ ئەوەی پێكەوە میلەتانی ناوچەكە پێكەوە بژین، قەت دژایەتی كوردی نەدەكرد بەڵام لەگەڵ دوبارە دابەش كردنی ناوچەكە نەبوو چونكە پێی وابوو ململانێ و گرفتی زیاتر لەناوچەكە دێنێتەدی و ئاگری جەنگێكی ناوخۆیی نوێ دەكاتەوە .


زۆرجار گفتوگۆم لەگەڵ كردووە لەسەر مەسەلەی كورد لە ناوچەكە و قەت دژایەتی نەتەوەی كوردی نەدەكرد و دەری نەدەبڕی، بەڵكو جارێكیان وتی: ئایا ئێمە ناتوانین وەكو وڵاتە پێشكەوتووەكان تیشك بخەینە سەر بابەتە هاوبەشەكانی نێوانمان و بەهێزیان بكەین و لەیەكتری نزیك بینەوە و كێشە و گرفتە مێژووییەكان تێپەڕێنین؟! "

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك