بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵ: هێشتا زووە بریاری بەشداری نەكردن لە حكومەت بدەین

"ئۆپۆزیسیۆنی تەقلیدی بۆ كاتی خۆی باش بوو، دەبێ رێگەی دیكە بگرینەبەر"

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵ: هێشتا زووە بریاری بەشداری نەكردن لە حكومەت بدەین

537 خوێندراوەتەوە

 ئەمرۆ دانیشتنی ئەنجومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی، بەبێ بریاردان لە بەشداریكردن و بەشداری نەكردنی كۆمەڵ لەكابینەی داهاتوو كۆتای هات، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی حزبەكەش بە دیپلۆماتیكی راگەیاند: هێشتا زووە بریار بدەین كە بەشداری حكومەت دەكەین یاخود نا.

 

هاوژین عومەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بە بەشداریكردنی حزبەكەی لە حكومەت و كارەكانی دواتری لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات لەگەڵ دیپلۆماتیك مەگەزین وتوێژی كرد.

 

هاوژین عومەر، بەرپرسی دەزگای كۆمەڵی ئیسلامی

 

،،

من پێم وایە هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین یەكێتی و پارتی چیان دەوێت و لەپی دەستیان چی تێدایە، بۆیە ناكرێت هەر لەئێستەوە بریار لەسەر ئەوەی بدەین كە بەشداری حكومەت دەكەین یاخود نا.

 

 
"هێشتا زووە بریار لەبارەی بەشداریكردن لە حكومەت بدەین"


ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی ئەوە ناشارێتەوە كە ئەمرۆ حزبەكەی لە شاری سلێمانی كۆبووەتەوە بۆ ئەوەی لەبارەی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن و كابینەی داهاتووی حكومەت قسەی خۆی هەبێـت كە ئایا بەشداری حكومەت دەكەن یاخود نا؟

 

"من پێم وایە هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین یەكێتی و پارتی چیان دەوێت و لەپی دەستیان چی تێدایە، بۆیە ناكرێت هەر لەئێستەوە بریار لەسەر ئەوەی بدەین كە بەشداری حكومەت دەكەین یاخود نا". هاوژین عومەر وایگووت.

 
هەروەها ئەندامەكەی كۆمەڵ ئەوەش ناشارێتەوە كە حزبەكەی بەهیچ شێوەیەك بە لاوازی بەشداری ناكات لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نایەوێت ئەزموونی چوار ساڵی رابردوو دووبارە بكاتەوە كە خۆ كوشتنی سیاسی بوو بۆ لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن.

 

،،

پێم باشە هەر سێكیان یەكدی جێ نەهێڵن و پێكەوە كاری هاوبەشیان هەبێـت و ئەگەر بەشداری حكومەتیان نەكرد ببنە ئۆپۆزیسیۆنێكی كاراو بەهێز.

 

 

" چوار ساڵی داهاتوو بەهاری ئۆپۆزیسۆن نابێت"

هاوژین عومەر، بە راشكاوانەوە ئەوە دەڵێـت كە چوار ساڵی دابێ لە بەرژەوەندی لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆنی جاراندا نییە، هەربۆیە نیمچە پارێزێك دەبێـت بۆیان.
" دەبێت لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات (گۆران و كۆمەڵ و یەكگرتوو) ئەوە بزانن كە چوار ساڵی داهاتوو پێ ناچێت باروودۆخەكە لە بەرژەوەندی ئەوان بێـت بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ژمارەی دەنگەكانیان". بەرپرسەكەی كۆمەڵ وایوت.

 
بۆیە ئەو دەشڵێت:" پێم باشە هەر سێكیان یەكدی جێ نەهێڵن و پێكەوە كاری هاوبەشیان هەبێـت و ئەگەر بەشداری حكومەتیان نەكرد ببنە ئۆپۆزیسیۆنێكی كاراو بەهێز".

 

،،

لە ماوەی رابردوو ئۆپۆزسیۆن گوتارێكی بەهێزو باشی هەبوو بەرامبەر یەكێتی و پارتی، كە بۆ كاتی خۆی گرنگ بوو، بەڵام دەبێت بیر لەوە بكەنەوە رێگەیەكی دیكە بگرنە بەر چونكە دەسەڵات بەهیچ ناترسێت و زۆرێك لەكارتەكانی سوتاندووە.

 

 
چ جۆرە ئۆپۆزیسیۆنێك؟

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی پێی باشە ئیدی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات ئەو گوتارە تەقلیدییەی پێشوو جێ بهێڵن و بیر لە گوتاری دیكە و كارتی دیكە بكەنەوە.

 
" لە ماوەی رابردوو ئۆپۆزسیۆن گوتارێكی بەهێزو باشی هەبوو بەرامبەر یەكێتی و پارتی، كە بۆ كاتی خۆی گرنگ بوو، بەڵام دەبێت بیر لەوە بكەنەوە رێگەیەكی دیكە بگرنە بەر چونكە دەسەڵات بەهیچ ناترسێت و زۆرێك لەكارتەكانی سوتاندووە".

 

ئەو پێی باشە گۆران و كۆمەڵ و یەكگرتوو گروپێكی بەهێز درووست بكەن و پێكەوە كاری هاوبەشیان هەبێـت، چونكە لە ئێستادا ئەزانن نەخۆشییەكەی دەسەڵات چییە و دەتوانن بەگوتارێكی نوێ كاری جدی لەسەر بكەن.

 

،،

بۆیە پێشبینی ئەوە دەكات كە گۆرانكاری دیكە دێنە ئاراو دەبێت پەلە نەكرێت و خوێندنەوەی زۆرتریان بۆ بكەین.

 

 

سەبارەت بە یەكگرتوو چی دەڵێیت؟


هاوژین عومەر ئەوە ناشارێتەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی بیانووی خۆی هەیە بۆ ئەوەی كە زوو بریاری داوە بەشداری حكومەت نەكات بەڵام ئاماژە بەوەش دەكات بریارەكە زوو بووە و دەكرێـت لێكۆڵینەوەی وردتر بكرێت بۆ ئەو بابەتە.

 

بۆیە پێشبینی ئەوە دەكات كە گۆرانكاری دیكە دێنە ئاراو دەبێت پەلە نەكرێت و خوێندنەوەی زۆرتریان بۆ بكەین.

 
لە راگەیەندراوەكەی ئەمرۆی كۆمەڵی ئیسلامیدا ئەوەش هاتووە كە ئەوان لە داهاتوودا قسەی خۆیان دەبێـت بۆ بابەتی بەشداری كردن و بەشداری نەكردنیان لە حكومەت.

 

كۆنگرەی رۆژنامەوانی ئەمرۆی كۆمەڵی ئیسلامی

 


"سەبارەت بە بەشداریی كردن یان نەكردنی كۆمەڵی ئیسلامیی لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوان بەخوا كۆمەڵ لەكاتی خۆیدا هەڵوێستی خۆی لەوبارەیەوە ڕادەگەیەنێت". بەشێك لە راگەیەندراوەكەی ئەمرۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی.

 

 

كۆمەڵی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول بۆ پەرلەمانی كوردستان توانی ژمارەی كورسییەكانی لە 6 كورسییەوە بكات بە 7 كورسی، بەڵام تاكو ئێستادا بریاری نەداوە دەبێتە ئۆپۆزیسیۆن یاخود بەشداری حكومەت دەكات.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان