مەسعود عەبدولخالق:    حكومەتی داهاتوو، لە هەموو كابینەكانی پێشوو قەیراناوی و خراپتر دەبێت

"دەست خۆشی لەیەكگرتوو دەكەین و هیوادارین گۆران و كۆمەڵیشی لەگەڵ بێت"

مەسعود عەبدولخالق: حكومەتی داهاتوو، لە هەموو كابینەكانی پێشوو قەیراناوی و خراپتر دەبێت

895 خوێندراوەتەوە

 

دوای راگەیاندنی دەرەنجامە رەسمییەكانی هەڵبژاردن، پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەبێتە مژاری گەرم، نوسەرێكی دیاری كوردستانیش بۆ كابینەی داهاتوو پێشبینی مەترسیدار دەخاتە روو، پێشی وایە حكومەتێك دەبێت لێوان لێو لە قەیران و ماڵوێرانیە بۆ هاوڵاتیان، بۆیە پێشنیار دەكات لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن بەشداری ئەو جۆرە حكومەتە نەكەن، چونكە یەكێتی وپارتی دەیانەوێ لەگەڵ خۆیان ئەوانیش توش بكەن.

 

مەسعود عەبدوالخالق، نوسەرو رۆشنبیری دیاری كوردستان و بەرپرسی دەزگای ستاندارد، تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی كوردستان و مەترسیەكانی بەردەمی، و پێشنیارەكانی بەرێزیان لەمبارەوە، بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت.

 

مەسعود عەبدولخالق، نوسەرو رۆشنبیر

 

،،

كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خراپترین كابینەی حوكمرانی كوردی دەبێت، چونكە بەغدا چی دی ناهێڵێ كورد بەو شێوەیە نەوت بفرۆشێت و لێی دەسێنێتەوە، لەدوای ریفراندۆمیش كورد لە رووی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێگەی لاواز بووە هەروەها دراوسێكانی هەرێم نیازیان خراپە لەگەڵ كوردستان.

 

 

 

حكومەت پارەی هەبوو شكستی هێنا، دەبێت لەبێ پارەیدا چی لێ بێت؟

ئەو نوسەرە لەسەرەتاوە ئاماژە بەوە دەكات حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەكانی پێشووتری كاتێك پارەی هەبوو نەوتی دەفرۆشت و لەرووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە پێگەی بەهێز بوو رووبەرووی شكست بوویەوە، بۆیە لێرە بەدوا بارودۆخی خراپتر دەبێت.

 
" كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خراپترین كابینەی حوكمرانی كوردی دەبێت، چونكە بەغدا چی دی ناهێڵێ كورد بەو شێوەیە نەوت بفرۆشێت و لێی دەسێنێتەوە، لەدوای ریفراندۆمیش كورد لە رووی هەرێمی و نێودەوڵەتی پێگەی لاواز بووە هەروەها دراوسێكانی هەرێم نیازیان خراپە لەگەڵ كوردستان". مەسعود عەبدولخالق وایگووت.

 
بۆیە ئەو رۆشنبیرە پێشبینی مەترسیدار دەكات بۆ كابینەی داهاتوو پێی وایە جگە ماڵوێرانییەكی دیكە هیچ خزمەتێكی پێ نابێت بۆ هاوڵاتیان.
هەروەها دەشڵێت: " لە رووی ناوخۆشەوە دەسەڵاتداران و سەركردەكان (یەكێتی و پارتی) هیچ متمانەیەكیان نەماوە لای هاوڵاتیان، چونكە رۆژانە بە ئاشكرا و بەنهێنیش سەروەت و سامانی وڵات دەفرۆشن و بۆری كون دەكەن و نەوت دەدزن".

 

،،

یەكێتی و پارتی دەیانەوێت كەس لەدەرەوەی حكومەت نەمێنێ، هەموان بەشداری پێ بكەن، و دەست شل بكەن و هەر لایەنێك وەزارەت یاخود هەر پۆستێكی دەوێ پێی بدەن، تەنها بۆ ئەوەی لەم حكومەتە قەیراناوییە هەمووی تێوە بگلێت و تەنها لەسەر یەكێتی و پارتی نەكەوێت.

 

 

"یەكێتی و پارتی دەیانەوێ هەموان تووش بكەن"


مەسعود عەبدوالخالق، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە یەكێتی و پارتی هەرچەندە لەسەرەوە وا خۆیان دەردەخەن كە بێ منەتن و براوەن و پێویستیان بەكەس نابێت، بەڵام لە ژێرەوە لەرێگەی هەندێ شارەزاو راوێژكارەوە پێیان وتراوە كە بەهەموو لایەنەكان بەشداری حكومەت بكەن.

 
"یەكێتی و پارتی دەیانەوێت كەس لەدەرەوەی حكومەت نەمێنێ، هەموان بەشداری پێ بكەن، و دەست شل بكەن و هەر لایەنێك وەزارەت یاخود هەر پۆستێكی دەوێ پێی بدەن، تەنها بۆ ئەوەی لەم حكومەتە قەیراناوییە هەمووی تێوە بگلێت و تەنها لەسەر یەكێتی و پارتی نەكەوێت". مەسعود عەبدولخالق وایگووت.

 

دەشڵێت: ئەگەر لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات خۆیان بگرن، یەكێتی و پارتی زۆرتر تەنگەتاو دەبن و هەموو سازشێك دەكەن.

 

 

 

"ئۆپۆزیسۆن كارتی زۆری سوتاند، دەبێ رێگەی دیكە بگرێتە بەر"

ئەو نوسەرە دوای خستنە رووی مەترسیەكانی كابینەی داهاتووی حكومەت و نیازی خراپی یەكێتی و پارتی لەمبارە، دێتە سەر باسی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی جاران (گۆران و كۆمەڵ و یەكگرتوو)

 
"گۆران و یەكگرتوو كۆمەڵ وەك سێ لایەنی ئۆپۆزیسیۆن لەماوەی رابردوو كارتی زۆریان سوتاند، و ئیدی كاتی ئەو قەوانە سواوە نەماوە كە هەردەم یەك قسە بكەیتەوە، بۆیە دەبێت بەجدی لەدەرەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی بیر لە رێگە چارەی دیكە بكەنەوە پێكەوە لەسەر مێزی گفتو گۆ میساقێك بە چاودێری وڵاتانی دەرەوە لەنێوان یەكدی واژۆ بكەن". ئەمە رای مەسعود عەبدولخالق بوو وەك نوسەرو رۆشنبیر.

 

ئەو نوسەرە ئەوەش ناشارێتەوە كە ئێستە بەرەی گەل و بەرەی دەسەڵات و بەرەی ئۆپۆزیسۆن هەیە، دەبێت ئۆپۆزیسیۆن بەرەی گەل ئاشت بكاتەوە و بچێت بزانێ بەجدی چیان دەوێت، چونكە هاوڵاتیان لە دەنگدان سزایان ئەوانیشیانداو تورەن لە گۆران و یەكگرتوو كۆمەڵیش.

 

بۆیە دەشڵێت:" دیزانی سیاسەت و حوكمرانی لە هەرێمی كوردستان بەدڵی دەسەڵات و یەكێتی و پارتی كێشراوە، ئەوە بۆ خۆیان و وازی لێ بێنن، لە دەرەوەی ئەوە ئۆپۆزیسیۆن ستراكچەرێكی دیكە پێك بهێنێت".

 

،،

گۆران و كۆمەڵیش بریاری كۆتایی خۆیان بدەن و لەگەڵ یەكگرتوو پێكەوە لەدەرەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی دیكەی ئۆپۆزیسیۆن گوتارێكی نوێ پێشكەشی كۆمەڵگا بكەنو هەنگاوی نوێ بنێن.

 

 

"دەست خۆشی لەیەكگرتوو دەكەین و هەنگاوێكی زۆر باشی ناوە"

هەرچەندە مەسعود عەبدولخالق و دەزگاكەیان لەماوەی رابردوو وا وێنا دەكرا كە هەندێ لێدوان و نوسینیان دژی سیاسەتەكانی یەكگرتوو بوون بەڵام ئەو ئێستە وەسفی یەكگرتوو دەكات و هەنگاوەكانی بەرز دەنرخێنێت.

 
" لەماوەی رابردوودا یەكگرتوو هەندێ هەنگاوی دەنان زۆر هەڵە بوون بۆیە باجەكەشی دا، بەڵام ئەو هەنگاوەی كە وەك یەكەم حزب دێتە دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەی یەكێتی و پارتی جێگەی دەستخۆشییە و هیوادارین لە داهاتوودا هەنگاو هەڵوێستی دیكەی بەدوادا بێت". عەبدولخالق وایگووت.

 

ئەو لەكۆتایدا هیوای ئەوە دەخوازێت كە گۆران و كۆمەڵیش بریاری كۆتایی خۆیان بدەن و لەگەڵ یەكگرتوو پێكەوە لەدەرەوەی دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی لەگەڵ كۆمەڵێك كەسایەتی دیكەی ئۆپۆزیسیۆن گوتارێكی نوێ پێشكەشی كۆمەڵگا بكەنو هەنگاوی نوێ بنێن.

 
هەروەها داواش دەكات گۆرانكاری لە ناوخۆی حزبەكانیان بكەن و هەندێ سەركردە لابدەن كە مەیلی دەسەڵاتیان هەیە ئەگەر كەسی یەكەمی حزبەكانیشیان بێت.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان