عەبادی بەڵێنێكی گەورەتر دەدات و مامۆستایان بەگومانن

عەبادی بەڵێنێكی گەورەتر دەدات و مامۆستایان بەگومانن

10362 خوێندراوەتەوە


سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم كاتی دابەشكردنی موچەی وەزارەتی پەروەردەی راگەیاند، بەڵام مامۆستایانی نارازیی سورن لەسەر بایكۆتی خوێندن و بەردەوامی دەدەن بە خۆپیشاندانەكانیان، حەیدەر عەبادیش بەڵێن دەدات بەتەواوبونی وردبینی لیستی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی دوو موچە بدات.
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیاندراوێكدا وادەی دابەشكردنی موچەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی ئاشكراكرد، بەپێی راگەیاندراوەكە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو موچەی پەروەردەكانی دەرەوەی شار دابەشدەكرێت و ڕۆژی دواتر موچەی پەروەردەكانی ناوشار دابەشدەكرێت.


دواین موچە كە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم وەرییان گرتوە، 23-12 ی ساڵی رابردوو بو، كە ئەوەش موچەی مانگی ئەیلولی 2017 بوە، واتە لە ساڵی نوێی خوێندندا مامۆستایان دوای چوار مانگ لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن هێشتا هیچ موچەیەكی ئەو ماوەیەیان وەرنەگرتوە كە پرۆسەی خوێندن دەستیپێكردۆتەوە.


رێبوار محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە "دیپلۆماتیك" ی وت، دابەشكردنی ئەو چارەكە موچەیەی وەزارەتی دارایی رایگەیاندوە، هیچ كاریگەری لەسەر هەڵوێستەكانیان نابێت و تا ئەوكاتەی موچەی تەواوەتی بەبێ‌ پاشەكەوت وەردەگرن بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و بایكۆتی خوێندن.


وتیشی، وەرزێكی یەكەمی خوێندنمان بە بێ‌ موچە بەرێكرد، مامۆستایان چیتر ناتوانن بە گیرفانی خاڵی درێژە بە خوێندن بدەن.
هەر لە چوارچێوەی ناڕەزاییەكانیاندا ئەمڕۆ مامۆستایان لە سلێمانی خۆپیشاندانیان كرد و چونە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق و لە راگەیاندراوێكدا داوایان لە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد خواستی مامۆستایان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی نەكرێت و پەلەبكرێت لە پرۆسەی وردبینی لە لیستی موچەخۆراندا و موچەی مامۆستایان دابەش بكرێت.


هەر لەوبارەیەوە رێبوار محەمەد، وتی، ئێمە خۆپیشاندانمان دژی عەبادی نەكردوە، ئێمە داواكاریمان ئاراستە كردوە، هێشتاش پێمانوایە ئەو لایەنەی كە زۆرترین ناحەقی بەرامبەر مامۆستایان كردوە، حكومەتی هەرێمی كوردستانە نەك حكومەتی عێراق.


زیاتر لە دوو مانگە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە زۆرینەی دەركەوتنە رۆژنامەوانیەكانیدا تەئكیددەكاتەوە كە موچەی وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردەی هەرێم دەنێرێت، بەڵام تائێستا ئەم قسانەی عەبادی تەنها بەڵێن بون و نەبون بەكردار.


لە چەند هەفتەی رابردوودا چەندین لیژنە لە بەغداوە بۆ وردبینی لە لیستی موچەی فەرمانبەرانی پەروەردە و تەندروستیدا هاتنە هەرێم، بەڵام تائێستا كارەكانیان تەواو نەبوە.

بەڵێنێكی گەورەتر لە عەبادییەوە
مەسعود حەیدەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "دیپلۆماتیك مەگەزین" ی وت، حەیدەر عەبادی، پێی راگەیاندون كە دوای تەواوبونی پرۆسەی وردبینی، دوو موچەی ئەو دوو وەزارەتە دابەش دەكەن.


سەبارەت بەوەی چاوەڕی دەكرێت دوو موچە بەیەكەوە بدرێت، ئەو پەرلەمانتارە وتی، چاوەڕێ‌ دەكرێت عەبادی لە ناوەراستی ئەم مانگەدا دوو موچەی ئەو دوو وەزارەتە سەرف بكات، بەوپێیەی موچە لە بەغدا لە ناوەراستی مانگدا دابەشدەكرێت، بەوەش موچەی هەردوو مانگی یەك و دووی ئەو دوو وەزارەتەی هەرێم سەرفدەكات.
سەبارەت بە تەواوبونی پرۆسەی وردبینیش مەسعود حەیدەر وتی، سەرۆكی لیژنەكە دڵنیایی داوە كە تاوەكو دوو هەفتەی تر كۆتا راپۆرتی خۆیان بۆ عەبادی بەرز دەكەنەوە.

mamosta
خۆپیشاندانی مامۆستایان لە سلێمانی                                                                                    


بەڵێنە بەردەوامەكانی عەبادی وای لە مامۆستایان كردوە بە چاوی گومانەوە بۆ هەر لێدوان و زانیارییەك بڕوانن كە لەبارەی موچەكانیانەوە بڵاودەكرێتەوە.
پێشتر 250 ملیار دینار لە بەغداوە رەوانەی لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق كرا، ئەگەرچی حكومەتی هەرێم تەئكیدی كردۆتەوە كە هیچ زانیارییەكیان نیە سەبارەت بەو پارەیە نیە، بەڵام پێدەچێت ئەو پارەیە بۆ موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی هەرێم بێت.


لەئێستادا فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی پەروەردە و تەندروستی هەرێم لەنێوان بەرداشی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقدا هێندەی تر بون بە قوربانی، هەربۆیە وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دواین وەزارەت بوو كە وەزارەتی دارایی هەرێم وادەی دابەشكردنی موچەكەیانی بڵاوكردەوە.


لەدوای پشوەكانی وەرزی یەكەمی خوێندنی ئەمساڵەوە زۆرێك لە مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری بایكۆتی دەوامیان كردوە و لە ئێستادا لە زۆرینەی خوێندنگاكاندا تەنها قۆناغەكانی نۆ و دوانزەی بنەڕەتی وانەكانیان دەخوێنن.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو