ئەو پیاوەی مەترسیبوو لە سەر ئێران، لە دۆسیەی كوشتنی جەمال خاشقچییدا بەرانی قوربانییە

ئایا ئەحمەد عەسیری تەنها خۆی دەبێتە قوربانی، یان بن سەلمانیش تێوە دەگلێنێ؟

ئەو پیاوەی مەترسیبوو لە سەر ئێران، لە دۆسیەی كوشتنی جەمال خاشقچییدا بەرانی قوربانییە

1351 خوێندراوەتەوە

"دیڤید ئیگناتیۆس" یەكێك لەدیارترین ڕۆژنامەنووسەكانی ئەمەریكا لەبواری ئاسایش‌و هەواڵگریدا، هاوكات یەكێك لە هەرە نزیكانی بواری ئاسایشی دەوڵەتە گەورەكان بۆ كاروباری ئاسایش‌و هێمنایەتی، بابەتێكی لە ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمەریكی بڵاو كردوەتەوەو تیایدا نوسیویەتی "ئەحمەد عەسیری" جێگری سەرۆكی هەواڵگری سعودیە، قوربانییە چاوەڕوانكراوەكەی دۆسیەی ڕۆژنامەنوسی بەناوبانگ جەمال خاشقچی دەبێت، كەلەلایەن كونسوڵخانەی سعودیەوە لە ئەستەنبوڵ ڕفێنراو پاشان سعودیە دانینا بەمردنەكەیدا لەنێو كونسوڵخانەكەیدا، بەبێ‌ باسكردن لە شوێنی تەرمەكەی.

 
ئیگناتیۆس لەدرێژەی باسەكەیدا ئاماژەی بەوە كردوە دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەمەریكا زانیاری ئەوەیان لەبەردەستە كە عەسیری لەمانگی ئەیلولی ڕابردوەوە هەوڵی دروستكردنی تیمێكی داوە بەناوی " پڵنگەكان" بەمەبەستی ئەنجامدانی كردەوەیەكی نهێنی، ئەویش دوای ئەوەی " محەمەد بن سەلمان"ی شازادەی جێنشینی سعودیە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئامادەبوونەوەو گەڕانەوەی خاشقچی بۆ سعودیە.


دوای دوو ڕۆژ لەبابەتەكەی ئیگناتیۆس، گۆڤاری نیویۆرك تایمز ڕاپۆرتێكی بە بەشداری چوار لە هەواڵسازەكانی ئەو گۆڤارە ئامادە كرد، ئەوان باسیان لەسەرزەنشتەكانی دەسەڵاتدارانی سعودیە كردووە بەرامبەر بە عەسیری لەپای كوشتنی خاشقچی، هەروەها باسیان لە هەوڵەكانی كۆشكی سپی كردووە لەپەیوەندیان بەدەسەڵاتدارانی سعودیەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری سەبارەت بە ئەحمەد عەسیری، نیویۆرك تایمز ئەم زانیاریانەی لە سێ‌ سەرچاوەی ئاگادارەوە گواستوەتەوە وەك نەخشەی نوێی سعودیە.

،،


بەگوێرەی نوسراوەكەی نیویۆرك تایمز پیلانی سەرزەنشتكردنی ئەحمەد عەسیری گەورە ڕاوێژكاری محەمەدبن سەلمان، دانپێدانانێكی ئاسایی نییە بەرامبەر بەقەبارەی كاردانەوە نێو دەوڵەتییەكان كە ئاڕاستەی حكومەتی ڕیاز دەكرێن لەسەر دۆسیەی خاشقچی


بەگوێرەی نوسراوەكەی نیویۆرك تایمز پیلانی سەرزەنشتكردنی ئەحمەد عەسیری گەورە ڕاوێژكاری محەمەدبن سەلمان، دانپێدانانێكی ئاسایی نییە بەرامبەر بەقەبارەی كاردانەوە نێو دەوڵەتییەكان كە ئاڕاستەی حكومەتی ڕیاز دەكرێن لەسەر دۆسیەی خاشقچی، بەگوێرەی نوسراوەكەی نیویۆرك تایمز كۆشكی سپی زیاتر دەگاتە ئەو بڕوایەی كوشتنەكەی خاشقچی لەژێر ڕەزامەندی شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەدبن سەلماندا بووە.


هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی تایمز ئەوەی پێشبینی كراوە ئەوەیە كە دەسەڵاتدارانی سعودیە ئەیانەوێ‌ بڵێن ئەحمەد عەسیری ڕاپۆرتێكی زارەكی لە شازادەی جێنشینەوە وەرگرتوە بۆ دەستگیركردنی خاشقچی‌و ئامادەبوونی لە سعودیە، بەڵام عەسیری بەهەڵە پەیامەكەی شازادەی وەرگرتووە، یان لەفەرمانەكە دەرچووەو جەمال خاشقچی كوشتوە.

محەمەد بن سەلمان

   
ئەم ڕاپۆرتە وایكردوە لەناسنامەی ئەحمەد عوسەیری بپرسین، كە ئایا عەسیری كێیە؟
پیاوی خاوەن بڕوانەمەكان:
ئەحمەد عەسیری بەپیاوی خاوەن بڕوانامەكان ناوبانگی دەركردووەو خاوەنی سێ‌ بڕاونامەی بەكالوریۆس‌و سێ‌ بڕوانامەی ماستەرە، كە زۆربەیان لەفەرەنساو لەبواری سەربازی و تەكنولۆژیای جەنگدابوون، یەكەم بڕوانامەی دەرچوونی لەقوتابخانەی " سان سێری" سەربازی فەرەنسی بوو لەساڵی 1989 بووە بەپلەی نایاب، هەروەها ماستەری لەزانستی سەربازی لەسعودیەو ژمارەیەك بڕوانامەی خولی سەربازی لەناوخۆو دەرەوەی سعودیە بەدەستهێناوە، هاوكات خاوەنی دوو بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لەبوارەكانی پەیوەندی نێو دەوڵەتی و مێژوودا.[


هەروەها بەشداری ژمارەیەكی زۆر خولی كردوە، لەوانە خولی دامەزراندنی موشەكی هۆك‌و، خولی پێشڕەوی ئەركان لەفەرەنساو، خولی جەنگی لەكۆلێژی جەنگی سوپای ئەمەریكاو، وە خولی جەنگی ئەلەكترۆنی و خولی پێشكەوتوی بەرگری ئاسمانی.


ئەحمەد عەسیری ژیانی سەربازی لە تیمی سەربازی موشەكی هۆكی لەسوپای سعودیە دەستپێكرد، دواتر ئەبێتە یاریدەدەری سەرۆكی سریەی هۆك، دواتر ئەكرێت بە سەرۆكی بەشی تەكنیكی لەپەیمانگای سوپای سوپای بەرگری ئاسمانی، وەك وەرگێڕو ئەندامی شانەی كردە سەربازیەكانی فەرەنسا بەشداری جەنگی كەنداوی كردوە.

،،

ئەحمەد عەسیری ژیانی سەربازی لە تیمی سەربازی موشەكی هۆكی لەسوپای سعودیە دەستپێكرد، دواتر ئەبێتە یاریدەدەری سەرۆكی سریەی هۆك، دواتر ئەكرێت بە سەرۆكی بەشی تەكنیكی لەپەیمانگای سوپای سوپای بەرگری ئاسمانی، وەك وەرگێڕو ئەندامی شانەی كردە سەربازیەكانی فەرەنسا بەشداری جەنگی كەنداوی كردوە.


لەساڵی 2002 عەسیری لەلایەن حكومەتی سعودیەوە وەك سەرۆكی دەستەی نمایشە سەربازیەكان دەستنیشان دەكرێت و هاوكات ئەندامی لیژنەی سەرەكی دەبێت بۆ دامەزراندنی كۆلێژی سەربازی سعودیەو لەساڵی 2008 ئەو كۆلێژە بەفەرمی دەكرێتەوە.


لەژیانی سەربازیدا عەسیری چەندەها مەدالیا وەردەگرێت كەهەندێكیان هۆكارەكەی نادیارن، لەوانە مەدالیای ڕزگاركردنی كوەیت‌و مەدالیای زێڕینی بەرگری نیشتیمانی فەرەنسی، هەروەها هەریەك لەوڵاتانی نەیجیرو سەنگاڵ و مەغریبی عەرەبی مەدالیای سوارچاكی‌و ئازایەتیان پێبەخشیوە.

  

عەسیری كەسی دیاری گەردەلولی پشتێنەی بەهێز
لەساڵی 2010 ئەحمەد عەسیری دەبێتە سەرۆكی نوسینگەی (عەبدوڕەحمان بن عەبدول عەزیز ئال سعود) جێگری وەزیری بەرگری.
پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری بەردەوام دەبێت هەتا ساڵی 2011، ئەو كاتەی ئال سعود لەپۆستەكەی دوردەخرێتەوە، لەساڵی 2014 ئەبێتە ڕاوێژكار لەنوسینگەی وەزیری بەرگری ئەوكات و سەلمان بن عەبدول عەزیز (پادشای ئێستە)، ڕەنگە لەوكاتەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ محەمەدبن سەلمانی شازادەی جێنشینی ئێستەی سعودیە دەستی پێكردبێت.

،،

بەگوێرەی شیكاری ڕۆژنامەكانی ئەمەریكا كەسە تۆمەتبار كراوەكە بریتییە لە لیوا ئەحمەد عەسیری، ئەمەش هەر وا كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەت بۆ عەرەبستانی سعودیە، ئەمە بەس نیە بۆ ئەو كەسانەی بەكوشتنی خاشقچی نیگەرانن.


عەسیری وەك یەكێك لەزۆر نزیكەكانی بن سەلمان دەركەوت، بەتایبەتی دوای ساڵی 2015 كە بن سەلمان ئەبێت بەوەزیری بەرگری وڵات، هەربۆیە لەهەمان ساڵا و لەمانگی ئازارد ئەحمەد عەسیری وەك وتەبێژی هێزی هاوپەیمانانی عەرەبی كەسعودیە سەرۆكایەتی دەكات (گەردەلولی پشتێن) دژ بەحوسیەكانی یەمەن دەستنیشان كرا، لەدوای ئەم بەروارە ڕۆژانە عەسیری دەكەوتە بەرچاوی كامێراو هێواش هێواش سەرنجی میدیاكارانی بەلای خۆیدا ڕادەكێشاو خەڵكانێكی زۆری عەرەبیش پێی سەرسام بوون بەتایبەتی بەنەرمونیانی و ڕەوانبێژی لەقسەكردن و پاراوی لە زمانەكانی فەرەنسی و ئینگلیزی و عەرەبیدا.


لەحوزەیرانی 2016 بەفەرمانی شاهانەی (شا سەلمانی) پادشای سعودیە پلەی ئەحمەد عەسیری بەرز دەكرێتەوە بۆ لیوا، وە لە نیسانی 2017 عەسیری وەك جێگری سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودی بەپلەی نایاب دەستنیشان دەكرێت، لەوكاتەوە ئەحمەد عەسیری وەك پیاوی هەواڵگری دەبینرێت.

 لیوا ئەحمەد عەسیری

 

ئایا عوسەیری وەك بەرانی قوربانی بەسە؟

بەگوێرەی شیكاری ڕۆژنامەكانی ئەمەریكا كەسە تۆمەتبار كراوەكە بریتییە لە لیوا ئەحمەد عەسیری، ئەمەش هەر وا كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەت بۆ عەرەبستانی سعودیە، ئەمە بەس نیە بۆ ئەو كەسانەی بەكوشتنی خاشقچی نیگەرانن.


بەڵكو پەنجەی تۆمەتیش بۆ شازادە درێژ دەكرێت و بۆ ئەستۆ پاكی بن سەلمان لەم تۆمەتە پێویستە دەسەڵاتدارانی سعودیە وەڵامی ژمارەیەك پرسیاری ناڕەحەت بدەنەوە.

،،

ئەمەی عەسیری كردویەتی لەگەڵ ئەوەی تاوانی كوشتنە خیانەتیشە لە سەركردەكانی ئایا سعودیە، چۆن مامەڵە لەگەڵ عەسیری و تەواوی دۆسیەی كوشتنی خاشقچیدا دەكات؟


لەو ڕوانگەیەوە كە عەسیری ڕاوێژكارێكی گەورەو نزیكە لە محەمەدبن سەلمانەوە، ناكرێت هەڵسوكەوت و كارێكی وەك ئەم دۆسیەی خاشقچی بەبێ‌ ئاگاداری و ئیزنی شازادە بوبێت، هەتا ئەگەر ئەو سیناریۆیەی دەسەڵاتدرانی سعودیە بۆ دەربازكردنی بن سەلمان دایان ڕشتوە، وەك گریمانەش وەربگیرێت كە محەمەدبن سەلمان فەرمانی كردوە بەهێنانی (ڕفاندن) ی خاشقچی بۆ سعودیە و عەسیری بەهەڵە لەپەیامەكەی وەرگرتبێ‌ و كوشتبێتی، دیسان شازادەی جێنشین هەر تۆمەتبارە بەفەرمانی ڕفاندنی كەسێك لەوڵاتێكی تر.


پرسیارەكانی ئێستە كەدەكرێن بریتین لە بۆچی سعودیە لەسەرەتاوە دانی نەنا بەپەیوەندی ئەو بەكوشتنی خاشقچیەوە؟ بۆچی دەیوت بەزیندویەتی لەكونسوڵخانەكەیان چوەتە دەرەوە؟ بۆچی لەو هەموو شتەی ڕویدا سعودیە دواكەوت لەدەرخستنیان؟ ئایا دەسەڵاتدارانی سعودیە بەو شێوەیە ناتوانن بەسەر كاربەدەستەكانیانا زاڵ بن؟


ئەمەی عەسیری كردویەتی لەگەڵ ئەوەی تاوانی كوشتنە خیانەتیشە لە سەركردەكانی ئایا سعودیە، چۆن مامەڵە لەگەڵ عەسیری و تەواوی دۆسیەی كوشتنی خاشقچیدا دەكات؟


ئەمانە نمونەیەكن لەو پرسیارانەی كە دەبێت سعودیە وەڵامەكەی ئامادەبێت لەكاتێكدا ئەگەر ویستی ئەحمەد عەسیری گەورە ڕاوێژكاری محەمەد بن سەلمان بكات بەقوربانی لەم تاقیكردنەوە قورسەدا.


 

author photo

ماستەر لە زمانی عەرەبی