ئازاد قەزاز: واتای خودا بگۆڕیت، دەسەڵاتیش دەگۆڕیت

دەسەڵات شەرعیەتی خۆی لەو خوایەوە وەردەگرێت کە لە مێشک‌و نەستی خەڵكدا نیشتەجێبووە

ئازاد قەزاز: واتای خودا بگۆڕیت، دەسەڵاتیش دەگۆڕیت

1045 خوێندراوەتەوە

ئازاد قەزاز، نوسەرو ڕۆشنبیرو مامۆستا زانكۆ، لەم دیدارەدا باسلەوە دەكات كە دەسەڵات كەڵكی لە تێگەشتنی خەڵك بۆ ئایین‌و تێڕوانینی ئەوان بۆ خودا وەرگرتووەو شەرعییەتی لەو خودایەوە وەرگرتووە كە لە نەستی خەڵكدا جێگیر بووە، بۆیە ئەو بڕوایوایە بۆ گۆڕینی دەسەڵات پێوویستە واتای خودا لای خەڵكی بگۆڕدرێت.

 

 

دیبلۆماتیك: "واتای خودا بگۆڕیت، مێشکی ئەو خەڵکەش دەگۆڕیت چونکە دەست بۆ نەستیان دەبەیت، دەسەڵاتیش لە دەڤەری لای خۆمان دەگۆڕیت، چونکە ئەو دەسەڵاتە شەرعیەتی خۆی لەو خوایەوە وەردەگرێت کە لەو مێشک و نەستانەدا نیشتەجێ بووە". ئەمە قسەی بەڕێزتانە، دەپرسین مەبەست لە گۆڕینی واتای خودا چییەو چۆن دەگۆڕێت‌و كەی دەگۆڕێت؟

ئازاد قەزاز: سەرەتا پێوویستە لەو چەمکانەی لێرەدا ناویان هاتوون‌و پەیوەندیان پێکەوە لە کوێ‌و لە چیدایە، ڕوون بکەینەوە، پاشان مەبەستمان لە گۆڕینی واتای خودا دەخەینە ڕوو. هەروەها ئەم گوزارشتە ئەو چەمکانەی کە لە خۆیگرتوون لە قوڵایی ناخی مرۆڤدا دەبینرێنەوە؛ ئەوانیش چەمکی خودا، مێشک، نەست‌و دەسەڵاتن کە چارەنووسی کۆمەڵگەیەک دیاریدەکەن.


تێکستەکە لە چەمکی خوداوە دەستپێدەکات، چونکە مەبەستمانە بە گۆڕینی چەمکی خودا، مێشکیش گۆڕانی بەسەردا بێت‌و و نەستیش بێتە بەرتیشکی هەست، تا مرۆڤ خۆی لە دۆخ‌و لە فۆرمێکی تردا خۆی ببینێتەوە، بە مانایەکیتر لە مرۆڤەوە بە مرۆڤدا دەچینەوە.

"خودا" واتایەکە کە لەوە دەچێت لە گەل دەرکەوتنی مرۆڤی "هۆمۆساپین" ئەویش خۆی ئاشکرا کردبێت، دەلێن جیاوازی مرۆڤ و گیاندارانیتر لەوەدایە کە مرۆڤ توانیوویەتی واتا بۆ خودا ببینێتەو. مرۆڤ لەگەڵ گەشەکردنی خۆیدا پێنج جۆرە ڕەفتاری داهێناوە کە گیاندارانیتر لە چواریاندا لەگەڵ مرۆڤ بەشداربوونە، ئەو پێنجە لەناو گشت کەلتوورێکی مرۆڤایەتیدا دەبینرێنەوە وەک: زمان، درووستکردنی ئامێر، میوزیک، هونەر و ئایین. چوار ڕەفتاری یەکەمیان ئەگەر لە سادەترین شێوەشیدا بووبێت ئەوە لە ناو جیهانی گیانادارانیتر دەبینرێن، وەلێ ئایینگەری، ڕەفتارێکە تەنها مرۆڤ هێناویەتە ئاراوە. زانای ناسراوی هۆڵەندی "دیک سواب" پسپۆڕی بواری نیۆرۆلۆژی کە توێژینەوەیەکی زۆرو زەبەندەی لەسەر چۆنییەتی کارکردنی مێشک ئەنجامداوە، لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا " ئێمە خۆمان مێشکی خۆمانین"دا، بەدرێژی باسی پێکهاتەی مێشک‌و دەرکەوتنی ئایین دەکات، لەوێدا کۆمەڵێک خەسڵەتی ئایینی باسکردووە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ئایین بۆ کۆمەڵەکردنی مرۆڤ سوودێکی زۆری بووە.

یەکێک لەو خەسڵەتانەی کە پەیوەندی بە پرسیارەکەی ئێوەو ئەو گوزارشتەی منیشەوە هەبێ، ئەوەیە کە ئایین پەیوەندی نێوان گروپێک ڕادەگرێت، واتە پەیوەندی نێوان تاکەکانی ئەو گروپە لەسەردەمێکدا پتەو دەکا، وەلێ هەمانکات ئەو تاکانە لە گروپیترکە وەک خۆی نییە، دادەبڕێت. واتە ئایین جۆرێ لە ناسنامە و خۆدۆزینەوە بۆ ئەو تاکانە فەراهەم دەکات. هەر ئەم کاراکتەرەی ئایین خۆی لە خۆیدا، دەبێتە داردەستێکی زۆر گونجاو بەدەستی پێشەواو ڕێبەرو سەرکردەکانەوە تا تاکەکانی خۆی لە دەوری خۆی کۆکاتەوەو بەرەو ئامانجی خۆی بیانبات.


هەر ئەم زانایە ئاماژەش بەوە دەدات کە لە بەشی پێشەوەی توێژی مێشکدا مەڵبەندێک هەیە، لەوێدا دەتوانرێ بە وروژاندنی ئەو شوێنە، دۆخێکی ڕۆحیگەری لە مرۆڤدا بوروژێنرێت.


بە مانایەکیتر لە خودی مرۆڤ خۆیەوە ئایین دەتوانرێ هەڵقوڵێ، چونکە مرۆڤ کڵاوڕۆژنەیەکی تێدایە بە رەو ئاسۆی میتافیزیکا دەیباتەوە. لێرەدا ئاماژەیەکە کە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان مرۆڤ و خودا، واتە لە مێشکی خۆیەوە مانایەک کە ئاماژە بێت بۆ خودا یان یەزدان، تیایدا دەوروژێت. لێرەدا لە خوداوە بەرەو مێشکی مرۆڤ چووینەوە.

،،

 لە خودی مرۆڤ خۆیەوە ئایین دەتوانرێ هەڵقوڵێ، چونکە مرۆڤ کڵاوڕۆژنەیەکی تێدایە بە رەو ئاسۆی میتافیزیکا دەیباتەوە. لێرەدا ئاماژەیەکە کە پەیوەندییەک هەیە لە نێوان مرۆڤ و خودا، واتە لە مێشکی خۆیەوە مانایەک کە ئاماژە بێت بۆ خودا یان یەزدان، تیایدا دەوروژێت. لێرەدا لە خوداوە بەرەو مێشکی مرۆڤ چووینەوە.

ئەگەر مرۆڤ خۆی بریتیبێت لە مێشکی خۆی‌و ئایینیش لەوێوە سەریدەرهێنابێت، هەمانکات ئایینیش ڕەنگرێژی سەرتاپای ژیانی مرۆڤی کردبێت‌و فۆرمی تایبەتی بە دیتنی گەردوون لە لایەن مرۆڤەوە لە ڕابوردوودا بەخشیبێت، مانای وایە وەک زانایەکیتری فەرەنسی دەڵێت کە مرۆڤ‌و گەردوون یەکپارچە لە ناو چواردیواری ئاییندا قەتیس بوونە.


واتە ئەگەر ئایینێک بگۆڕدرێت، ئەو فۆرمەی کە ئایین بە کەلتووری مرۆڤایەت داوێتی، ئەو گۆڕانکارییە لەگەڵ خۆیدا بەردەوام هەڵدەگرێتەوە. ئەو بیرمەندە فەرەنسییە بەناوی "مارسیل کۆچیت" لە کتێبە بە ناوبانگەکەیدا " لابردنی ئەفسانەی گەردوون: مێژووی سیاسیانەی ئایین" کە "چارلس تایلەر" پێشەکی بۆ نوسیوە، باوەڕی وایە کە ئەگەر لەسەردەمی مۆدێرنەدا باوەڕی تاکە کەسی کز و لەق بووبێت، وەلێ ئەو فۆرمەی لە دێرزەمانەوە کە ئایین، ژیان‌و کەلتووری مرۆڤایەتی پێشێوەگیر بووە، لە نەستی هەمووانەوە لە شێوەگیرکردنی ژیانی مرۆڤایەتیدا جارێکیتر ڕەنگدەداتەوە (لە کتێبی سەرەتایەک بۆ فەلسەفەی ئایین ئەم بۆچوونە ڕوونکراوەتەوە). لەبەر ئەوەی مرۆڤ کائینێکی خودبینە؛ واتە دەتوانێ خۆی خۆی ببینێتەوە، خۆی بناسیتەوە، پرسیار لەسەر بوونی خۆی بەرهەمبهێنێت، بەشوێن ڕیشەی خۆیدا وێڵدەبێت‌و لە خودی خۆی دەکٶلێتەوە،

ئەمە وایکردووە وەڵامەکانی خۆی، بۆخۆیان ببنەوە ئایینێک‌و ڕێبازێک، بۆ نەخشەبەخشین بە ژیانی خۆی. ئیدی لێرەوە ئایین دەبێتە ئەو میکانیزمەی مرۆڤ هێوربکاتەوەو هەندێ ئارامی‌و ئاسودەیی بۆ مرۆڤ دابین بکات. هەمانکات، ئەم هەستەی مرۆڤ دەتوانرێ لە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چ دەسەڵاتی سیاسی بێت یان کۆمەڵایەتی یان ئایینی بێت، دەتوانرێ بۆ سودی خۆیان بەکاریبهێننەوە، بۆیە لای هەندی فەیلەسوف و زانا، ئایین دەبێتە تلیاک یان خامۆشکەری مرۆڤ.

بەڵام من لایەکیتری ئایین دەبینم کە لەسەرەتای دەرکەوتنی هۆشیارکەرەوەیەو پاش بوونی بە ڕەوتی کۆمەڵ، دەبێتەوە بە خامۆشکەرو دەستەمۆی دەسەڵاتداران.
ئیمڕۆ جیهانی ئیسلامی بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی لە دۆخی خامۆشکەرو دەستەمۆییدا دەبینمەوە.

گوزارشتەکەی سەرەوە جگە لە چەمکی خوداو مێشک، چەمکی نەستیشی لە خۆگرتووە. ئەی ئەم نەستە چ پەیوەندییەکی بە خودا و مێشکەوە دەبێ هەبێت؟ مێشکی مرۆڤ جگە لەوەی کە هەڵگری کۆمەڵێک مەڵبەندی سەرەکی‌و سروشتی خۆیەتی بۆ پاراستن‌و مانەوەی مرۆڤ زۆر گرینگن، هەمانکات ئەو مێشکە لەو ئاستەدا ناوەستێت، بەڵکو دەمارەخانەو نیۆرۆنەکان -کە نزیکەی ١٠٠ ملیارد دەبن، بە کاریگەری ژیان و سروشت و کۆمەڵگەو کەلتوور و پەروەدە، جۆرێ لە ئاراستەی تایبەت لە پەیوەندییەکانیان وەدەگرن کە مرۆڤێ لە مرۆڤیتر جیادەکاتەوەو کەلتورێ لە کەلتورێکیتر جیادەکاتەوە، چونکە جۆری پەیوەندی نێوان نیۆرۆنەکانی ناو مێشک، جیهانبینییەکی تایبەت بە مرۆڤ دەبەخشێت. لێرەوە مرۆڤ دەبێتە هەڵگری ئەزموونێک کە سایکۆلۆژیا ناوی دەنێت هەست و نەست.
بەڵام ئەو ئەزموونەی مرۆڤ هەر لەسەرەتای ژیانیداو هێشتا لە زاییندەی خۆیدایە هەڵیدەگرێت، کەڵەکە دەبێت‌و لە گەڵێشیدا ئاراستەی ژیانی ئەو مرۆڤانە دیاریدەکات.

،،

مرۆڤ لە ناو دوو یاسای "نەیچەر" و "نێرچەر"دا، واتە لە ناو سروشت و پەروەردەدا بە جۆرێ تەلبەند بووە، بە ئاسانی لەو دۆخە رزگاری نابێت. ئەمە ئەو نەستەیە کە سایکۆلۆژیا مەبەستییەتی لە کاتی ئاماژەدان بە نەستی مرۆڤ. هەستی مرۆڤ ئەو ساتەیە کە خۆی تیایدا کارایە


بە مانایەکیتر مرۆڤ لە ناو دوو یاسای "نەیچەر" و "نێرچەر"دا، واتە لە ناو سروشت و پەروەردەدا بە جۆرێ تەلبەند بووە، بە ئاسانی لەو دۆخە رزگاری نابێت. ئەمە ئەو نەستەیە کە سایکۆلۆژیا مەبەستییەتی لە کاتی ئاماژەدان بە نەستی مرۆڤ. هەستی مرۆڤ ئەو ساتەیە کە خۆی تیایدا کارایە، وەلێ ئەو هەستەش بە نەستی خۆی وای کۆتکراوە، خۆشی رەنگە نەزانێ بۆ وا ڕەفتار دەنوێنێ. نامەوێ لێرەدا لەوە زیاتر دورکەومەوە، چونکە باس و بابەتەکە هەرئەوەندە لێرەدا بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەمان دەخوازێت. زۆرجار لە نوسیندا کە ئاماژە بۆ گۆڕینی زەمینە دەکەم، مەبەستم ئەم هاوکێشەیەیە کە لێرەدا خستمە ڕوو. ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی قووت دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەی ویستی ئازادی و سەربەخۆبوونی مرۆڤ لەم تەلبەندەدا چی بەسەر دێت؟ وەڵامی زۆر کورتم ئەوەیە کە تا مرۆڤ بە قووڵایی خۆیدا شۆڕ نەبێتەوە و خۆی جارێکیتر درووست نەکاتەوە، لەو تەلبەندە نایەتە دەرەوە.

ئێستاکە وای ئەبینم کە پەیوەندییەکەی نێوان خودا و مێشک و نەستی مرۆڤ تا ڕادەیەک ڕوون بووبێتەوە؛ بەوەی کە مرۆڤ خۆی بریتییە لە مێشکی خۆی، مێشکیش هەڵگری کۆمەڵێک مەڵبەندو بنەمای سروشتییە کە یەکێک لەو مەڵبەندانە ئەو شوێنەیە کە بە وروژاندنی، هەستی ڕۆحیگەری تیایدا دەورووژێت‌و بە جۆرێ لە میتافیزیکاوە دەیبەستێتەوە. ئیدی مرۆڤ لە رێگەی زمانی تایبەتی خۆی و کەلتووری کاتی خۆی جارێکیتر گوزارشت لەو ئەزموونەی خۆی دەکاتەوە. هەر مرۆڤ خۆیشی چەمکی تایبەت بۆ ئەو هەستەی خۆی دەدۆزێتەوە، کە لای خۆمان چەمکی خودا یاخود یەزدانی وەرگرتووە. ئیتر ئەم چەمکەی خودا کە واتایەکی تایبەت وەردەگرێت و لەناو کەلتوورێکی تایبەتدا ئاڕاستیەکی ئایینی تایبەت لە خۆدەگرێت، دەبێتە دنیابینی ئەو کۆمەڵگەیە. هەروەک "تایلەر" دەڵێت؛ هەر خودی ئایین خۆی لە خۆیدا کەلتوورێکە بە باوەڕێک خۆراکدراوە، ئیدی لە نەستی ئەو مرۆڤەدا ئەو خودایە، خودایەو ئەو ئایینەش دەبێتە ئایینێک لای ئەو پەسەند دەبێت و دەبێتە دارعەسایەک تا خۆی پێوە بگرێت. ئەم زەمینەیە کە نەستی مرۆڤە، لە دەرەوەی ئەو مرۆڤە واتە لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، کاری سیاسی و ئایینداری و بگرە ئابووریشیدا ڕەنگی خۆی دەداتەوە. ئەم بۆچوونەم پەیوەندی نییە بەو پرسیارە تەقلیدییەی: ئایا خودا هەیە یان خودا نییە، ئایین لە خوداوە یان لە خۆیەوە؟ لێرەدا باسەکە باسی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەوییە و کاریگەری ئایین لەسەر رەفتار و هەڵسووکەوتەکانی و پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە لەم گەردوونەدا دەرئەخات. ئەم باسە نابەینە ئەو دیو ئەم گەردوونەی ئێستا واین لە ناویدا، چونکە باسی لەم شێوەیە شوێنی تایبەتی خۆی هەیە و ئێرە نییە.

ئەم تێگەیە هەر بۆ ئایین نییە بەتەنها، دەتوانین هەستی نەتەوایەتیش لەم گۆشەنیگایەوە بخوێنینەوە کە دەمانباتەوە بۆ لای سایکۆپۆلیتیک و زۆرجارانیش لە خوێندنەوەی سیاسەتدا پەنای بۆ دەبەم. باشتر وایە بڵێین هەستی نەتەوایەتی و هەستی ئایینی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە جۆرێ تێکەڵ دەکرێن کە بە بەرژەوەندی خۆیان بگەڕێتەوە. ئەگەر بە جۆرێکیتر وردی بکەمەوە، ئەوە دەلێم پەیوەندی نیوان تاک و کۆمەڵگە و ئایین و نەتەوە و دەسەڵات بە جۆرێ تێکئاڵاون، لە بانزەیەکی بە ناویەکداچووی وا دەچێت یان لە ناوچەیەکی پێچاوپێچی وا دەچێت، کەسێ زۆر هۆشیار و شارەزاو بە ئەزموون نەبێت، ناتوانێ لەو دۆخە دەرچێت. ئیتر دەسەڵاتدار بەردەوام ئەو زەمینەیە بۆخۆی قۆرخ دەکاو لە پێناو بەرژەوەندی خۆی بەکاریدەهێنێتەوە. هەنووکە، ئێمە گەشتینە ئەو خاڵەی کە بزانین، پەیوەندی خودا، مێشک و نەستی مرۆڤ بە دەسەڵاتەوە لە کوێدایە.

ئەگەر کەلتوورێکی ئایینی و واتایەکی تایبەتی بۆ خودا لەو کەلتوورەدا، ئاڕاستەی مێشکی مرۆڤ لە دیتنی بۆ ژیان بە جۆرێ دیاریبکات، لەو دیتنەدا هەندێ لە مرۆڤەکان بە قەد هێندەی نزیکیان لەو خودایەوە و لە سایەی ئەو خودایەدا پیرۆز بکات، ئەگەر ئەو ڕیزبەندییەی کە تیایدا خودا لە خاڵی یەکەمدا بێت و پەیامبەرێ پاش ئەو بێت و پیرۆزی کات، مرۆڤەکانیتریش بەو ڕیزبەنییەدا بێنە خوارێ و پیرۆز ببن، ئەگەر ئەم هەستە ئایینییە بە ئەسپایی خۆی بۆ هەستی نەتەوەییش بگوێزیتەوەو ئەوەی هەڵگری یەکەمی بیری نەتەوەیی بێت، پیرۆزی بکات و نەوەکانیشی پاش خۆی هەر بەو ڕۆحە دینییەوە گۆش بکات، بێگومان گۆڕێنی ئەو واتایە بۆ خودا، ئەو ڕیزبەندیی و هاوکێشەیە دەشکێنێت.

،،

خالێکی گرینگ لێرەدا کە پێویستە ئاماژەی بدەمێ، ئەوەیە هەروەک کەلتوورێکی گشتی هەیە، سەبکەلتووری جیاوازیش لەو کەلتوورەدا هەیە. واتە ئەگەر کەلتورێکی گشتی هەبێت بۆ گەلێک، بەشە یان پارچە کەلتووریش لە خۆی دەگرێت و لەناو ئەو گشتەدا جیاوازیش لە بۆچوون و ئاراستە و بیرکردنەوە و بگرە جۆری حەزو خۆزگەکانیشیاندا دەبینرێت.


گۆڕینی واتای خودا، دیتنێکی تری دنیا و گەیاندنی ئەو واتایە نوێیەی خودا بۆ نەوەی نوێ و ئاڕاستەکردنیان، کاریگەری خۆی دەخاتە سەر پەیوەندی نیوان نیۆرۆنەکانی مێشکی نەوەی نوێ‌و دنیابینیەکی تریان بۆ ئەخولقێنێت‌و زەمینەیەکی تری نەستی وا بەدیدێنێ کە ئەو مرۆڤە پیرۆزکراوانەی واتا کۆنەکەی خودا، ناتوانن بە ئاسانی گەمەی خۆیانی تێدا بکەن. ئەمەیە کە دەڵێم ئەوان شەرعیەتی دەسەڵاتی خۆیان لەو نەست و مێشکەوە وەردەگرن کە ئەو خودایە تیایدا جێگیرکراوە. ڕەنگە کەسێ بپرسێت واتا نوێیکەش جارێکیتر لەو جۆرە مرۆڤانە دەخاتەوە و دەسەڵات دەگرنەوە دەستیان. ئەوەیان دەکەوێتە دەست خۆمان چ واتایەک بە خودا بدەینەوە تا ئەوە دووبارە نەبێتەوە، چونکە ئەو واتایە بۆ خودا بە وشە چنراوە، ئێمەش هەر لە وشە ئەو واتایە دەچنینەوە. لێرەدا بواری ئەوەم نییە درێژە بەوەیان بدەم و بۆ شوێنێکیتر جێیدەهێڵم. گومان لەوەدا نییە ئەم گۆڕانکارییە هەروەک بۆ جیهانی ئیسلام بە گشتی گونجاوە، بۆ کوردستانیش بە تایبەتی گونجاوترە.

خالێکی گرینگ لێرەدا کە پێویستە ئاماژەی بدەمێ، ئەوەیە هەروەک کەلتوورێکی گشتی هەیە، سەبکەلتووری جیاوازیش لەو کەلتوورەدا هەیە. واتە ئەگەر کەلتورێکی گشتی هەبێت بۆ گەلێک، بەشە یان پارچە کەلتووریش لە خۆی دەگرێت و لەناو ئەو گشتەدا جیاوازیش لە بۆچوون و ئاراستە و بیرکردنەوە و بگرە جۆری حەزو خۆزگەکانیشیاندا دەبینرێت.


ئێستە کاتی ئەوەیە بێێنەوە لای دەسەڵاتی کوردی، بەتایبەتی کوردستانی باشوور. مێژوویەکی درێژی چەندین سەدەیە کە گەلی کورد لە کەلتوور و ئایین دا زەمینەیەکی خولقاندووە، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو زەمینەیان داگیر کردووە. هەر لەسەر خاکی کوردستان دوو ئیدارە نین بەڵکو لەو زەمینە ڕۆحییەشدا بە سودوەرگرتن لە سەبکەلتووری سلێمانی و بادینی، بەشیان کردووە. ڵیرەوەیە کە دەلێم ئەم دەسەڵاتە لەو نەستەوە شەرعیەتی بوونی خۆی وەرگرتووە، وەلێ بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیی خۆیان وەگەڕیان خستووە. هەرچەن ئیسلامییەکان خەریک بوون لەو زەمینەیە بە تایبەتی زەمینەی ئایینی بۆخۆیان شتێک بپچڕن، وەلێ بە زەبری هێز و گەمەی سیاسی کە خۆیان چەندین ساڵە لەو بوارەدا کارامەیی خۆیان وەدەستدێنن، توانیان پاشەکشێ بە وان بکەن. بێگومان ئیسلامییەکانیش هەمان زەمینەی نەستی ئایینی بۆخۆیان بەکارهێناوەتەوە، بەڵام بە حوکمی دەسەڵاتی سیاسی و مادی و پاڵپشتی ئیقلیمی بۆ پارتی و یەکێتی، ئیسلامییەکانیان گچكە کردەوە، یان لە ئاستێکدا رایانگرتن و نەیانهێشت فرەتر ببن.


هەمانکات سەرهەڵدنی ئایدیۆلۆژیای دژە ئیسلامی و ئیسلامی سیاسی، بۆ کزکردنی چرای ئیسلامییەکان لە کوردستان، هۆکارێکیترە لە کزکردنیان و ئیستاش بەردوامەو بەگوڕتر دەبێت.

ئەگەر بگونجێ ئەوا زەمینەی نەستی کورد کە خودایەکی تێدا نیشتەجێ بووە، ناو دەنێین ئەو کوردایەتییەی کە دەڤەری سلێمانی و دەڤەری بادینان تیایدا گەمەی خۆیان دەکەن. بروانن: بارزانی بەردەوام تەئکید لە موسڵمان بوونی خۆی دەکاتەوە، تاڵەبانی حەجی دەكردو، مەلا بەختیار موسڵمان بوونی سوننەگەرایی خۆی دووپات دەکاتەوە! ئەی یەکێتی نەبوو وتی خودا و پێغەمبەر هێڵی سوورن! بۆچی هێڵی سوورن؟ بۆ دەسەڵاتی خۆیان هێڵی سوورن. ئەی سەلەفیەکانی کوردستان نین کە دەڵێن وەلی ئەمری موسڵمان تا مابێت هەر ئەو دەبێت سەرۆک بێت و حەرامە لابردنی! ئەم شەرعیەتە لەو خوادیەوە هێناویانە کە هەزاران ساڵە مرۆڤی کورد لەسەری پەروەردە دەکرێت.

بینرا چۆن مەلاو شێخ و ئاییندارانیان جۆش دەدا بۆ بە ئایینیکردنی ڕیفراندۆم. ئەوەی ئیتر لەمەودا باوەڕی بە ڕیفراندۆم نەبێ، ئەوە دووجار کافر دەکرێت؛ کوفرێکی دینی و کوفرێکی نەتەوەیی و دەخرێنە سەر وشەی "جاش". وشەکانی دابڕاندن لە یەکتری، لە یەک وشەوە بۆ سێ وشە پەرەدەسێنێ. وەک لە پێشەوە وتمان کە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئایین بریتییە لە کۆکردنەوەی تاکەکان و دابڕاندنیان لە غەیری خۆیان. ئەوجا ئەمە لە رووی ئایینیەوە ئەوە دەگەیەنێت: ئەو خودایەی لە ناو زەمینەی ڕۆحی ئەم گەلەدا دانراوە و لە نەستیاندا نیشتووە، هەر لەو خودایە تێدەگەن و هەر ئەویش دەناسن، مرۆڤە پیرۆزەکانی ناو بازنەی ئەو خودایە، دەنگی ئەو خودایە بەو مرۆڤانە دەگەیەنن کە خۆیان پێی ئاشنان.


سەرەرای ئەوەش، ئیسلامیەکانی کوردستانیش بەردەوام خەریکی بەڵگە هێنانەوەن بۆ ئەوەی خودا ئەم جۆرە کوردایەتییە دەخوازێ و ئەرکە لەسەر گشت موسڵمانێک بیگرێتە خۆی. ئەوجا لەسەر زەمینەی کوردایەتیش کە پارتی و یەکێتی بەناوییەوە ئەسپی خۆیان تاو دەدەن، کۆمەڵێ دروشم و سیمبوڵ و سەرمایەی رەمزی دەخوازن و بەشە سەبکەلتوورەکەی خۆیانی پێهاندەدن.

،،

 ئیسلامیەکانی کوردستانیش بەردەوام خەریکی بەڵگە هێنانەوەن بۆ ئەوەی خودا ئەم جۆرە کوردایەتییە دەخوازێ و ئەرکە لەسەر گشت موسڵمانێک بیگرێتە خۆی. ئەوجا لەسەر زەمینەی کوردایەتیش کە پارتی و یەکێتی بەناوییەوە ئەسپی خۆیان تاو دەدەن، کۆمەڵێ دروشم و سیمبوڵ و سەرمایەی رەمزی دەخوازن و بەشە سەبکەلتوورەکەی خۆیانی پێهاندەدن.


بنەماڵەی بارزانی خەون بە دامەزرێنەری دەوڵەتی کوردییەوە دەبینێ و خۆزگەیان ئەوەیە کە ببنە باوکی کورد جا بە پاشایەتی بێت یان بە ئاغایەتی بۆ ئەوان گرینگ نییە، ئەوەی گرینگبێ بۆ ئەوان ئەوەیە کە لە تۆپکی هەرەمی دەسەڵاتدا بمێننەوە.

بنەماڵەی تاڵەبانی دەیانەوێ ببنە هۆی دامەراندنی سیستەمێکی دیموکراسی بۆ کورد، بە مەرجێ بەدەستی خۆیانەوە بمێنێتەوە، ئیتر لە پێناوی ئەو ئامانجە کە تەنها خۆزگەی خۆیانە چی ڕووبدات و چی بەسەر کورددا بێت، لای ئەوان گرینگ نییە، گرینگ ئەوەیە بەناوی خۆیانەوە بێت. بەهەرحاڵ ئەم خەونانە؛ مەبەستم خەونی دەوڵەتی کوردی و دیموکراسی بوونی کورد، هەردووکیان خەونی جوان و درووست و شەرعین، بەڵام لە خەونی منالێک دەچێت کە دەیەوێ کامڵ بێت، مناڵێک فێری لاساییکردنەوە بووە، نەک خۆی پێیگەشتبێت. کامڵ بوون؛ قۆناخ و ڕێوشوێنی تایبەتی خۆی هەیە، گەر نەیگریتەبەرو حەکیمێکیش ڕێنیشاندەرت نەبێت، هەر لە خەوندا دەمێنێتەوەو لەسەر زەمینەی جێکەوت هەنگاو نانێیت، بەڵکو وەک مناڵەکە هەنگاو دەنێیت کە خەون دەبینیت و بە ئەندێشە بەرەو ئەو ئامانجە دەچێت. هەندێجار مرۆڤ بەجەستە کامڵ بووە بەڵام بە ڕۆح و بە ئەقڵ لە قۆناخی مناڵیدا ماوەتەوە، هەر مرۆڤێکی هۆشیار لەو مرۆڤە بڕوانێت، دەزانێت ئەو کەسە مناڵانە گەمە دەکات، کەچی خۆی هەرگیز دەرکی پێناکات. لەگەڵ ئەمانەش هەر یەک لە حیزبە ئیسلامییانە بگری ڕابەر و سەرکردەکانیان خۆیان بە نوێنەری ئەو خودایە دەزانن کە ئەوان وان لە ڕیزبەندییەکەیدا. ئەو خودایە چاوەڕوانی ئەوانە تا دنیا وا لێبکەن کە بەدڵی ئەو بێت.


ئەو واتایەی بۆ خودا لای ئەمانە ئامادەیە و خۆیان بوونەتە وتەبێژی، بە جۆرێ لە دنیای ئیمڕۆکە دەڕوانێ، لەگەڵ دیموکراسی بووندا ناگونجێ. خوێنەری ئازیز دەبێ لەوە تێبگات کە ئاماژەی من بۆ خودا لێرەدا مەبەست ئەو (واجب الوجود) ە نییە کە دەکەوێتە سەرووی (عیلە و مەعلولەوە)، مەبەست لەو واتایەیە کە لێوەی وەردەگیرێت، کە هەر ئایین و کەلتوورێ لە نێو زمان و هابیتۆسی خۆیدا جێگەی بۆ دەکاتەوە. ئیتر ئیمڕۆکە گرینگە و زۆریش، تا خودا بە کوردی بهێنینە گۆ؛ یەکەم بۆ ئەوەی هاوکێشەی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا بە جۆرێ بگۆرێ کە بۆ ئیمڕۆکە لە بار بێت، دووەمیش کورد لە ئاستی ڕۆحیگەریدا هێندە بڵندبێتەوە، نەتەوە سەردەستەکانی دەوروبەرمان لەو بوارە ماریفییەدا تێپەڕێنین. ئەوانەی دەیانەوێ ئیسلام بکوردێنن بەوەی تەرجومەی بکەن بۆ کوردی، بەهەڵەدا چوون، چونکە هیچ ئایینێک لە کۆنتێکستی خۆی دانابڕێت و لەوێشدا نەبێت، لێیتێناگەیت. زمان بە جۆرێ بە ڕۆحی مرۆڤەوە بەندە، بە جۆرێ تێکست بە کۆنتێکستی خۆیەوە پەیوەستە، ئەگەر لەو دووانە جیای کەیتەوە، دەبێتە دەفرێکی خاڵی و هیچ تیا نامێنێتەوە تا لێی هەڵگۆزیت.

ئیسلام بە زمان و کەلتووری عەرەبییەوە هاتووە، تۆ هەرچی بکەی هەر تەرجومەی دەکەی، تەرجومەش ئەسڵی نییە و هەمیشە بە ئەسڵەکەوە پابەندی. ئەگەر بتەوێ بە ڕۆحێکی کوردانەوە لە خودا بگەیت و ڕۆحی خۆت تێرکەیت، دەبێتە بگەیتە ئەو ئاستەی خودا خۆی بخەیتە گۆ بە زمان و کەلتووری کوردی، ئەگین هەر لە ژێر باری کەلتور و زمانی عەرەبیدا دەرناچیت.


خودا بە زمانی هیچ گەلێ لە خۆیەوە نادوێ، ئەگەر ئەو گەلە نەگاتە ئەو ئاستەی ئەو خودایە بدوێنێ. ئەگەر سەرکردەکانی کورد دەیانەوێ ببنە بابی کورد و ڕۆحی کورد زیندوو بکەنەوەو کوردایەتی بکەن، دەبێت بگەڕێنەوە سەرچاوەی یەکەم و ڕەسەنی ڕۆحی کورد. چونکە تا ڕۆحی کورد رزگار نەکەن، تا ڕۆحی کورد سەربەخۆ نەکەن، بەتەما نەبن، لەژێردەستەیی ڕزگاریان کەن.

بۆیە دەڵێم گەر واتای خودا بگۆڕیت، لە کۆتاییدا دەسەڵاتیش دەگۆرێت، چونکە ئەوان ئەو خودایەی خۆیان خوڵقاندوویانە، کردویانەتە پاسەوانی کورسی و دەسەڵاتی خۆیان. ئێمەش لە ڕێگەی وشە سازییەوە جارێکیتر مانایەکیتر بۆ خودا لە جیهانی هەست و پاشان بەرەو نەست دەهۆنینەوە، بە هۆی ئەو توانستە ڕۆحیگەرییەی خۆمان کە بە کۆششی خۆمان بەدەستمان هێناوە. کەواتە سەرەتا ئەو زەمینەیە کە وا لە نەستدا دەگۆرێت، بە ئاڕاستەکردنی مێشک بەهۆی واتایەکی نوێوە کە لە ئایدیۆلۆژیایەکی تردا خۆی دەبینێتەوە و پەیوەندی نێوان نیۆرۆنەکانی ناو مێشک بە جۆرێکیتر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، نەوەی نوێ دنیا بەجۆرێک دەبینێتەوە کە باوان لەسەری ڕانەهاتوون، ئیترناتوانن ئەوان بدەنە پێش خۆیان بۆ ماناوەی خۆیان بیانکەنە قوربانی.


بەڵام ئەم پرۆسەیە زەمەن دەخوازێت تا ئەو نەستە نوێیە رەنگی خۆی لە زەمینەی جێکەوتا دەداتەوەو هێزێکی نوێ دروست دەکات و دەتوانێ ئەو دەسەڵاتە مناڵانەیە لابەرێت. ئیدی زەمینەیەک دروست دەبێت کە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا پیی ئاشنا نییە و ناتوانێ بە ئارەزووی خۆی یاری تێدابکات.

،،

 ئەم پرۆسەیە زەمەن دەخوازێت تا ئەو نەستە نوێیە رەنگی خۆی لە زەمینەی جێکەوتا دەداتەوەو هێزێکی نوێ دروست دەکات و دەتوانێ ئەو دەسەڵاتە مناڵانەیە لابەرێت. ئیدی زەمینەیەک دروست دەبێت کە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا پیی ئاشنا نییە و ناتوانێ بە ئارەزووی خۆی یاری تێدابکات.

هەر لێرەوە دەڵێم، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی گۆڕان لەبەرامبەر پارتی ئەوەبوو کە لەزەمینەیەکدا لە گەڵ پارتی ململانێی کرد، هی پارتی خۆیەتی و زەوی و زەمینەی خۆیەتی و هەموو شتەکان لای خۆیەتی. گۆڕان بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ نەست‌و زەمینەی ڕۆحی مرۆڤگەلی خۆی نەبرد. بەناچاری گۆڕان لە گۆڕانکردنەوە گەڕایەوە لای ئەو یەکێتیەی کە بەشێکی ئەو زەمینەی بۆخۆی پچڕیوە. گۆڕان و یەکێتی سەربەسەبکەلتووری دەڤەری سلێمانین و لەسەر هەمان زەمینە کار دەکەن کە جگە لە ململانێی بەردەوام یان بەشکردنی زەمینەی ڕۆحی و مادی بەردەوام لەنیوان خۆیان دەڤەری بادینان، ناتوانن هیچیتر بکەن

بەڵام هەردوو ئەگەرەکەش بە زیانی بەرژەوەندی باڵای کورد و خەڵکی ڕەش و ڕووت دەگەڕێتەوە. سەرەتای دامەزراندنی گۆڕان، وتارێکی پشتگیریم بۆ نوسین، بەو ئومیدەی گۆڕانێکی بنەڕەتی بێت، ئەوان لەوە تێنەگەشتن، منیش هەر زوو لەوە تێگەشتم کە گۆڕان و پارتی و یەکێتی بە یەک نەست بیردەکەنەوە، بۆیە گۆرانکاری بنەڕەتی ڕوو نادات. گۆڕانکاری قووڵ و ورد ئەوەیە کە زەمینەیەکی نوێ بێتە ئاراوە و کانییەکی ماریفی و ئەخلاقی ئەوتۆ بخولقێنێ کە ئەوان نەتوانن ئاوی لێبخۆنەوە و سەرنجی خەڵکیش لەو کانییەی ئەوانەوە بەرەو لای خۆیان وەرگێڕن، بەڵام بە مەرجێ نەبنە شەریکە بەش لە گەڵیان، ئەگین هەروەک ئەوانیان لێدێتەوە، هەروەک لە کوردستان بینیمان چۆن چاکساز و گۆرانخواز و پێشکەوتوو خواز، هەر هەموویان لە یەک سەبەتەی گەندەڵیدا گیریان خوارد. ئەوکاتەی گۆڕان بڕیاری دا بچێتە حکومەتی بنکە فراوانەوە، هاوارام کرد کە گۆڕان بەم بڕیارەی جاڕی مەرگی خۆی داوە، مەخابن کەس نەبوو بە هەند وەریگرێت.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی