كورد لە كاتژمێری سفردا، ناكۆكیەكانیان لە ناوچە جێناكۆكەكان سفر دەكەنەوه ؟

كورد لە كاتژمێری سفردا، ناكۆكیەكانیان لە ناوچە جێناكۆكەكان سفر دەكەنەوه ؟

5785 خوێندراوەتەوە


ئەمڕۆ هێزە كوردستانیەكان لە شاری هەولێر كۆبونەوە، هاوڕابون لەسەر ئەوەی لە ناوچەكوردستانیە كێشە لەسەرەكان بە یەك هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكەن.

رێباز بیركۆتی، بەشداربوی كۆبونەوەكە لە وەفدی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە "دیپلۆماتیك مەگەزین" ی ڕاگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا هەموو هێزەكان هاوڕابون لەسەر ئەوەی بە یەك هاوپەیمانی لە ناوچە كوردستانیە كێشەلەسەرەكان بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بكەین.

وتیشی، گەشبینم كە هەموو هێزەكان ئالیەتێك دەدۆزنەوە و كورد لەو ناوچانە بەیەك لیست بەشداری دەكات.

hawzen
هاوژین عومەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان


لای خۆشیەوە هاوژین عومەر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بە "دیپلۆماتیك مەگەزین" ی ڕاگەیاند، ئێستا تەنها هاوپەیمانی كورد لەو ناوچانە هەبێت لیستی "نیشتیمانە" كە لە گۆران و كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پێكهێاتوە، بۆیە وەك كۆمەڵی ئیسلامی پێمان باشە ئەو هاوپەیمانیە فراوان بكرێت و هێزەكانی تریش بێنە ناو ئەو هاوپەیمانیەوە.


لە ناوچە جێناكۆكەكان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان هەریەكەیان بە لیستی سەربەخۆ ناویان لە كۆمسیۆن تۆماركردوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەپێچەوانەوە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموكراسی هاوپەیمانیەكیان بەناوی " نیشتیمان" پێكهێناوە.


پێشتر پارتی دیموكراتی كوردستان بریاریدابو لە كەركوك و خورماتو بەشداری هەڵبژاردن نەكات، بەڵام ئامادەیە ئەگەر یەك لیستی كوردستانی هەبێت لەتەواوی ناوچە جێناكۆكەكان بە كەركوك و خورماتوشەوە بەشداری بكات.

xasraw
د.خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان


لەوبارەیەوە د. خەسرەو گۆران، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "دیپلۆماتیك مەگەزین" ی وت، پارتی هەر لە سەرەتاوە پێی باش بوە كورد لەو ناوچانە یەك دەنگ بێت و یەك هاوپەیمانی هەبێت، بەڵام گۆران و كۆمەڵ و هاوپەیمانیەكەی د. بەرهەم ساڵح هەرزوو هاوپەیمانیەكیان پێكهێنا و چاوەڕێی هێزەكانی تریان نەكرد.


وتیشی، راستە پارتی پێشتر بڕیاریداوە لە كەركوك و خورماتوو بەشداری هەڵبژاردن نەكات بەڵام ئەم بریارە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە كە پارتی پێیوابوە پێویستە كورد یەكگرتو بن لەبەرامبەر بەغدا، ئەگەر بەشداری بكەن بەیەك هاوپەیمانی بێت، ئەگەرنا هەموو هێزەكان بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن لەو دوو ناوچەیە، ئەوەش بەرامبەر ئەو لەشكركێشیەی كرایە سەر ئەو ناوچانە و ئەو دۆخە ناهەموارە سەربازییەی لەو ناوچانە سەپێنراوە.

وابڕیارە لە 12-5 ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، پێكهێنانی هاوپەیمانیش كۆتایی هاتوە و دوا وادەش بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان یانزەی ئەم مانگەیە، ئەوەش كێشەیەی بەردەم كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی هێزە كوردستانیەكان بو، كە چۆن و بە چ میكانیزمێك لە هاوپەیمانێتیەكدا كۆببنەوە لەكاتێكدا وادەی هاوپەیمانێتیەكان كۆتایی هاتوە.

وابڕیارە سبەینێ‌ جارێكی تر هێزە سیاسیەكان لە هەولێر كۆبنەوە بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانێتیە.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو