بۆچی ئۆجەلان نەگەشتە هۆڵەنداو لە كینیا دەستگیر كرا؟

چیرۆكی دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجالان لەزاری پارێزەرەكانیەوە

بۆچی ئۆجەلان نەگەشتە هۆڵەنداو لە كینیا دەستگیر كرا؟

964 خوێندراوەتەوە

" بریتا بولەر" ئافرەتێک لای کوردەکان بەگشتی وکوردانی باکور بەتایبەت ئافرەتێکی خۆشەویستە.
ئەو ئافرەتەی کە بێ جیاوازی رەگەزو نەتەوەو زمان بەرگری دەکات لە سەرکردەیەکی کورد ئەویش (عەبدوڵا ئۆجەلانە).
بریتا بولەر ژنەپارێزەرێکی ھۆڵەندییەو دەیەوێت کەیسەکەی ئۆجەلان بگەینێ بە کەناری سەرکەوتن، ئەم ژنە پارێزەرە کتێبێک دەنوسێ‌ بەناوی (گەشتە بێ ئاکامەکانی سەرکردەیەک).

 
لەم کتێبەدا بولەر زۆر راستی‌و چیرۆکی خۆی دەگێرێتەوە لەگەل ئۆجەلاندا، سەرەتای دەستپێکردنی کارەکەی بریتا بولەر لە پەیوەندیەکی تەلەفونیەوە دەبێت‌و بەمجۆرە ئەو سەرەتایە باسدەكات:" سەرلەبەیانیەكی رۆژێكی یەكشەمەی مانگی دیسەمبەر بوو لە رێگابووم کە بەرێکەوتبوم بۆ ئەلمیلۆ دەچوم بۆ سەردانی یەکێک لەموەکیلەکان کە دەستبەسەربوو لە بنکەی پۆلیس، کاتێک تەلەفونێکم بۆ ھات ھەلمگرت گوێم گرت زانیم، دەنگەكە دەنگی كەسێك بوو بە ناوی (محەمەد عەلی)، یەكێك بوو لە كۆنتاك پێرسۆنەكانم لە كەناڵی (MED TV) کە پێشترکارم لە دۆسیەی کەنالی مەد تیڤی کردوبوو بەرگریم لێدەکرد".


(بولەر) دەڵێت بەھۆی ئەزموونەوە ئەوەم دەزانی كاتێك كوردەكان تەلەفۆن بۆ كەسێك دەكەن هەرگیز ناوی خۆیان ناڵێن، پاش ھەواڵ پرسین پێموت چیت بۆ بکەم؟ محەمەد ئەوەی لەبیر هێنامەوە كە لە دوا كۆبونەوەم لەگەڵیاندا لە شاری برۆكسل باسی بابەتێكیان كردووە لەگەڵما: مەبەستم تەلەفزیۆنی مەد تی ڤی نییە، شتەكەی تر دەڵێم كە پێم گوتیت. بۆیە ئەوەش شارەزا بووبووم کە کوردەکان ھەرگیز بابەتەکانی خۆیان لەترسی گوێڕاداری و چاودێری ناڵێن و بەھێما قسەدەکەن.


بە هەرحاڵ لەو باوەڕەدابووم كە زانیم مەبەستی چییە، چونكە پاش ئەوە بوو كە سەركردەی پەكەكە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ١٢ی نۆڤەمبەری ١٩٩٨ دا لە رۆما دەستگیركرا . بولەر دەڵێت پاش گفتوگۆکردن بڕیارماندا بۆ بەرگریکردن لە کەیسی ئۆجەلان تیمێکی نێودەوڵەتی لەپارێزەران دروست بکەین. ژنە پارێزەرەکەی ئۆجەلان درێژە بەباسەکە دەدات‌و دەڵێت:"راستەوخۆ پاش ئەوەی ئاشكرا بوو ئۆجەلان لە رۆما دەستگیركراوە، توركیا بەفەرمی داوای لە دەوڵەتی ئیتالیا كرد كە ئۆجەلانی رادەست بكات. (بریتا بولەر )دەڵێت دەبوایە سەردانی ئۆجەلان بکەین‌و گفتوگۆی لەگەڵ بکەین ڕێگامان بەرەو (OSTIA)کە دەکەوێتە دەرەوەی ڕۆما شوێنەی كە ئۆجەلانی تیادا دەستبەسەركرابوو بڕی.


پاش گەیشتمان بە ئادرەسەكەی ئۆجەلان (90 VIA MALE) خانویەكی یاسایی كە هیچ سەرنجێكی رانەدەكێشاو لەریزی كۆمەڵێك خانووی دیكە بوون كە بۆ پشوودان و حەوانەوە تەرخان كرابوون، لە لایەن پۆلیسی ئیتالیەوە زۆر بە توندی خرابووە ژێر كۆنترۆڵەوە، هیچ كەس بۆی نەبوو لەو جادەوە هەروا بێت و بڕوات، جا ئیتر نەمدەزانی كە داخۆ ئیتالیەكان لەئۆجەلان دەترسان یان لە تورکیا، بەس دیاربوو لە ھەردوولا دەترسان، پاش پشکنین‌و رێکارەکانی پۆلیس، حسێن‌و عەلی چونە سەرەوە بۆ ئەوەی ئاپۆ لە گەیشتنی ئێمە ئاگاداربكەنەوەو نامەكەی (جۆن) یشی بدەنە دەست، پاش چەند خولەكێك رێگا بە ئێمەش درا كە بچینە سەرەوە، ئۆجەلان لەسەر قادرمەكان بۆ بەخێرھاتنی ئێمە وەستابوو.


بولەر دەڵێت:" لەدوای گفتوگۆکردن ئۆجەلان وتی: ئێوە لە ئێستا بەدواوە پارێزەری منن، ئێوە خۆتان چی بەباش دەزانن ئەوە بكەن. ھاوکات(بولەر) دەڵێت (ئۆجەلان )پێی وتین: لە یادی نەكەن ئەمە مەسەلەیەكە پەیوەست نییە بە خودی خۆمەوە، ئەمە مەسەلەو چارەنووسی میللەتەكەمە، مەسەلەی كورد دەبێت چارەسەر بكرێت، من لەبەر ئەوە هاتومەتە ئەوروپا، ئەوروپیەكان دەبێت لەوە تێبگەن کە پرسی کورد پرسی ئەوروپاشە.


لەدرێژەی باسەکەدا ژنە پارێزەرەکە باسی چۆنیەتی ھاتنی ئۆجەلان دەکات بۆ ئیتاڵیاو نھێنیەک باس دەکات‌و دەڵێت:ئ ۆجەلان لەسەر رەزامەندی ئەوان تەنانەت خودی سەرۆک وەزیرانیش ڕووی لەو وڵاتە کرد . لەدوای ئەو فشارانەی کردیانە سەر حکومەتی ئیتاڵیا لەلایەن چەندین وڵاتەوە حکومەتی ئیتاڵیا فشارێکی زۆری خستە سەر ئۆجەلان تاوەکو ئەو وڵاتە جێبھلێت . بۆیە لەدوای ئەو فشارانەش ئۆجەلان خۆشی حەزی نەدەکرد لەو وڵاتە بمێنێتەوەو میوانێکی بێزراو بێ. بولەر لەکتێبەکەیدا وتویەتی: بانک کلۆس وەزیری دەروەی یۆنان داوای کۆبونەوەیەکی کرد لە ئۆجەلان دوای دیاریکردنی کات‌و شوێن لە جیاتی خۆی وەفدێکی دەزگای ھەواڵگری ناردە لای ئۆجەلان، دوای ئەوە ئۆجەلان وەک گیراوێک مامەڵەی لەگەڵدا کرا. ھاوکات (جۆن ) یش کە یەکێکە لە پارێزەرەکان و ھاوکارەکانی بولەرو لەگەڵ ئۆجەلان دایە لە یۆنان، تازە لە ژوانێكی خۆی لەگەڵ ״ BABIS STAVRAKAKIS ״بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری یۆنان گەڕابۆوە، جۆن رۆژێك لەوەو پێش بەڵێنێكی لە ״STAVRAKAKIS״ وەرگرتبوو كە ئەوان بۆ مەسەلەی رۆشتنی ئۆجەلان یئامادەكاریان رێكخستووەو ئامادەن لەو بارەوە لەگەل ئۆجەلان گفتوگۆبکەنئ پلانەکە تاوتوێ بکەن، بەڵام بەڵێنەکەیان نەھێنایە دی.


پاشان(جۆن)دەڵێت پێیان راگەیانم كە لە كاتژمێر دوونیوی پاش نیوەڕۆ فڕۆكەیەكی تابیەت لە فڕۆكەخانەی سەربازی ئەسینا ئامادە كراوەو دەبێت دەستبەجێ ئۆجەلان لە یۆناندا نەمێنێت. ئۆجەلان راستەوخۆ لە لایەن دەزگای هەواڵگری یۆنانەوە بەرەو فڕۆكەخانەكە براوە. پارێزەرەکانی ئۆجەلان باسی رێکەوتنێک دەکەن لەگەڵ دەزگای ھەواڵگری یۆنان‌و دەڵێن: فڕۆكە تایبەتە یۆنانییەكە بە پێی رێكەوتنەکە هەموو نەفەرەكان راستەوخۆ بەرەو شاری › MINSK› لە روسیای سپی دەبات، پاشان لەو شارەوە فڕۆكەیەكی دیكەی تایبەت كە جۆن پێشتر ئامادەی كردووە لە ›RIGA › ی پایتەختی لاتیفیاوە بەرەو " رۆتەردام" دەكەوێتەرێ.
پارێزەرەکەی ئۆجەلان دەڵێت بەپێی نەخشەکان بوایە دەبوایە ئۆجەلان بگەشتنایە رۆتەردام لە ھۆڵەندا، (تیس )کە بەھەمان شێوە ئەویش یەکێکە لە پارێزەرەکانە ئەوەی رونكردەوە كە باشتروایە دەزگاكانی راگەیاندن لە فڕۆكەخانە ئامادەییان هەبێت و ئاگادار بكرێنەوە، بۆئەوەی رێگری بکات لە ھەولەکانی ھۆڵەندا بۆ فشار خستنە سەر ئۆجەلان‌و وریای مامەڵەکردنبن


لەگەڵیدا، ئەمەش بێگومان لە قازانجی ئێمەیە، (بولەر )دەڵێ ئەو شەوە فرۆکەخانەکە جمەی دەھات لە ھەموو لایەکەوە رۆژنامەنوس بوو، جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆری کوردەکان ھاتبوون بۆ بەخێرھاتنی سەرۆکەکەیان ئاھەنگیان دەکرد. پارێزەرەکانی ئۆجەلان دەڵێن پاش چەندین چاوەروانی کاتژمێر بوو بە دووی شەو بەڵام فرۆکەکەی ئۆجەلان نەگەیشتە رۆتەردام و تەلەفونێکم بۆ ھات لە (فکتۆری )پارێزەر کە لەگەل ئۆجەڵان بوو رایگەیاند کە حکومەتی ھۆڵەندا رێگەی نەداوە بە ئێمە تاوەکو بەرەو ھۆڵەندا بێین.


ژنە پارێزەرەکە باسی نھێنیەکی تری ئەو شەوەمان بۆ دەکات کە بۆچی نەیان ھێشت ئۆجەلان بێت بۆ ھۆڵەندا:" پاش بەدواداچوونم بۆ دەرکەوت کە ئەو شەوە حکومەتی ھۆڵەندا ئاسمانی ولاتەکەی بەڕووی ھەموو فرۆکەیەکی تایبەتدا داخستبوو، ئەمەش لای ئێمە جێی سەرسوڕمان بوو، چونکە بریارێکی وا تەنھا لە حاڵەتی ھەبوونی ھەڕەشەو ئەگەری ھێرشی تیرۆرستی دەدرێت.


(بریتا بولەر )دەڵێت شەوی ١٦/١٥ ی مانگی فێبەروەری، بە زەنگی تەلەفۆنی رۆژنامەنوسێك لە خەو رابووم، رۆژنامەنوسەكە لێی پرسیم: - ئایا دەتوانن ئەوە پشتڕاست بكەنەوە كە ئۆجەلان لە باڵوێزخانەی نەیروبی لەلایەن توركیاوە دەستگیركراوەو بەرەو توركیا براوە؟ وەڵامم دایەوە گوتم هیچ شتێك لەو بارەوە نازانم و تەلەفۆنەكەم داخستەوە وتەلەفونم بۆ (جۆن )کرد - راستە ئەوەی كە دەیبیستم؟ توركیا ئۆجەلانی دەستگیر كردووە؟ جۆن ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە بەڵێ ئۆجەلان لە باڵوێزخانەی یۆنان بووە لەنایرۆبی و لە باڵوێزخانەكەدا بەزۆر دەرهێنراوەو براوە.


پارێزەرەکانی ئۆجەلان نھێنی زیاتری دەستگیرکردنی ئۆجەلان باس دەکەن و دەڵێن: دەزگای هەواڵگری یۆنان فڕۆكەیەكی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە ئامادە دەكات بەو هیوایەی لە رۆژی ١ ی فێبروەری ١٩٩٩ كاتژمێر دەونیوی شەو لە دۆرگەی كۆرفو بەرەو نایرۆبی بفڕێت. پاشان بەپێی وتەی دەزگای هەواڵگری، باڵوێزی یۆنان لەو وڵاتە لە فڕۆكەخانە پێشوازی ئۆجەلان دەكات و راستەوخۆ دەیگوێزێتەوە بۆ نێو باڵوێزخانەكە، كەمێك بەر لە ئەنجامدانی گەشتەكە " تزۆڤاراس" داوای پاسپۆرتی یئۆجەلان و هاوەڵەكانی دەكات گوایە دەبێت فیزەی وڵاتی كینیای لێبدەن، بەڵام ئەم كارە مەبەستێكی دیكەی لە پشتەوەیە دوایی بۆیان ئاشکرا بووە کە فۆتۆکۆپی پاسپۆرتەکانیان فاکس کردوە بۆ پۆلیسی کینیا بەئامانجی ئەوەی لەگەڵ گەیشتنیان ئۆجەلان و ھاوڕێکانی دەستگیربکەن.
بــــەڵـــام بەپێی وتەکانی ئۆجەلان ئەو فڕۆکەیەی ئەوی بردووە کۆمەڵی کەسێ باڵا بەرزی چاوشین و قژ زەردی تێدابووە بەتیمی دەزگای ھەوالگری ئەمریکا و ئیسرائیل ناوی بردون.


ڕووداوێکی سەیر روودەدات کە یارمەتی ئۆجەلان دەدات، سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە بەرەو دۆرگەی كۆرفو بۆ ناو فڕۆكەخانە سەربازیەكە براوە، روداوێك روودەدات‌و ئۆتۆمبیلەكەی یئۆجەلان خۆی دەكێشێت بە یەكێك لە باڵەكانی فرۆكەكە، ئەم فڕۆكەیە كە لەجۆری (فاڵكۆن) دەبێت بەهۆی ڕووداوەكە زیانی بەردەكەوێت، بەڵام ئۆجەلان سەلامەت دەبێت، بۆیە هەروەك بە كینیا راگەیەنرابوو فڕۆكەكە ناتوانێت لە كاتی خۆیدا و بەپێی پیلانەكە بفڕێت، بەڵكو پاش شەش كاژێری دیكە فڕۆكەیەكی دیكە لە جۆرێكی دیكە ئامادە دەكرێت و سەرەنجام ئۆجەلان لەجیاتی ئەوەی سەرلەبەیانی كاتژمێر شەشئ نیو بگاتە نەیرۆبی لە نیوەڕۆدا دەگاتە ئەوێ، پێدەچێت پۆلیسی كینیا لە گۆڕانكارییەكە یٔاگادار نەكرابێتەوە، وێرای ئەوەش پۆلیسی نەیرۆبی چاوەڕێی فڕۆكەیەك لە جۆری فالكۆن دەكەن، بەڵام فڕۆكەی دووەم لە جۆری › CHALLENGER › دەبێت، بەپێی وتەی باڵوێزەكە كینیەكان لەم كەین و بەینەدا سەریان لێتێكدەچێت‌و دڵنیا نابن بۆیە رێگە بە ئۆجەلان دەدەن و دەستگیری ناکەن.


پاش ماوەیەک بەھاوکاری کینیا تورکیا ئۆجەلانی دەستگیرکردووە، تورکیا دەستگیرکردنەکەی ئۆجەلانی پشتڕاست كردەوە، سەرۆك وەزیرانی توركیا (ئەجەویت)لێدوانێكی رۆژنامەوانی لەم بارەوە داو دەستگیركردنەكەی ئۆجەلانی بە كردەوەیەكی سەركەوتوانەو بوێرانەی دەزگای هەواڵگری توركیا ناوبرد كە بەهاوكاری ژمارەیەك دەزگای هەواڵگری دیكە پرۆسەكەی ئەنجامداوە.


پارێزەرەکانی ئۆجەلان دەڵێن لەدوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان پارێزەرەکانی ئۆجەلان بریارماندا بچین بۆ تورکیا تا بزانین لەوێ چی روودەدات و ئۆجەلان چۆنەو چیمان پێ دەکرێ، پاش ئاگادارکردنەوەی چەنین رێکخراو پەیوەندیکردن لەگەڵیان بۆ کاری ھاوبەش‌و لەسەرو ھەمووشیان ئاگادارکردنەوەی باڵوێزی ھوڵەندا لە سەفەرەکەمان بەرەو تورکیا پاش گەیشتنمان بۆ تورکیا ھەر لە ناو فرۆکەکە پۆلیسێک ھاتە ناو فرۆکەکەو وەرەقەیەکی پێ بوو ناومانی خۆێندوەو وتی وەرنە پێشەوە، ئەمە جگە لەوەی کە پێشەوە میدیا و رۆژنامە جیھانیەکانیشمان ئاگادارکردبوو، ئیتر لە فڕۆکەکە کە دابەزین و پۆلیس چواردەوری گرتین وبردینیان بۆ بنکەی پۆلیس، ئیتر میدیاکان‌و رۆژنامەنوسەکان ھەمویان وێنەی ئێمەیان گرت‌و وێنەکانمان لە جیھان بڵاووبونەوەو پۆلیس پێیان راگەیاندین کە ئەوان دەستبەسەرن‌و بەیانی بە ھەمان فرۆکە رەوانەی وڵاتی خۆتان دەکرێنەوە.


ھاوکات بولەر درێژە بەباسەکە دەدات‌و دەڵێت: لە بنکەی پۆلیسی فڕۆکەخانە کە شوێنێکی فراوان بوو رایانگرتین‌و چەندین ھەوڵمانداو باڵیۆزی ھوڵەندامان ئاگادار کردەوەو ئەویش ھات بۆ فرۆکەخانە تا چاوی پێمان بکەوێت و ھەولی خۆی بدات، بەڵام پۆلیس نەیھێشت‌و رێگەیان نەداو ھەوڵەکانی بێسود بوو تەنانەت دوای بیستمان کە مامەڵەی خراپیشیان لەگەل کردووە پۆلیسەکان.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس