گۆڕان مەرجی خۆی بۆ بەشداریكردن لەحكومەت ئاشكرا دەكات

"لەبارەی بەشداری لە حكومەت مەرج نیە لەگەڵ كۆمەڵ یەك بڕیارمان هەبێت"

گۆڕان مەرجی خۆی بۆ بەشداریكردن لەحكومەت ئاشكرا دەكات

1050 خوێندراوەتەوە


هەرچەندە بڕیارەكەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رەتدەكەنەوە، بەڵام ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان مەرجی بزوتنەوەكە بۆ بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت ئاشكرا دەكات. سەرۆكی جڤاتی گشتیش دەڵێت: مەرج نیە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی بەشداری لەحكومەت یەك بڕیارمان هەبێت.

 

،،

تەزویرێكی زۆرمان لێكراوەو ئەنجامەكان قبوڵ ناكەین.

 

 
دوێنێ‌ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، تانەو سكاڵای سەرجەم لایەنەكانی لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی 30ی ئەیلولی هەرێمی كوردستان رەتكردەوەو ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەسەندكرد. سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت: تەزویرێكی زۆرمان لێكراوەو ئەنجامەكان قبوڵ ناكەین.

د.رەئوف عوسمان - سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان

 

 
د.رەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دیپلۆماتیك مەگەزین ئاماژەی بەوەكرد، دابەزاندنی رێژەی دەنگەكانی گۆڕان بەشێكی زۆری پەیوەندی بەو تەزویرە زۆرەوە هەیە كە لێمان كراوە.

 
"خەڵك بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردنی كردوەو بێ‌ هیوا بوە لەوەی پەرلەمان بتوانێ‌ چارەسەری كێشەكان بكات، چونكە پەرلەمان داخراوە، چارەكە موچە دراوە بەخەڵك، هاوڵاتیان لە دۆخ و گوزەرانێكی خراپدا بون، هەموو ئەمانە وایكرد خەڵك بێ‌ هیوا ببن و بایكۆتی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن"، د.رەئوف عوسمان وایووت.


سەرۆكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ژمارە دەنگە؛ دەنگی بزوتنەوەی گۆڕان نییەو تەزویرێكی زۆرمان لێكراوە، بۆیە ئەنجامەكان قبوڵ ناكەین.

،،

جڤاتی نیشتیمانی بڕیار لەسەر چونە حكومەت دەدات

 

 
سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان، بۆ پرسی بەشداری بزوتنەوەكە لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، تائێستا بزوتنەوەی گۆڕان هیچ بڕیارێكی لەبارەی بەشداریكردن لەحكومەت نەداوەو ئەم پرسە لە كۆبونەوەی جڤاتدا یەكلایی دەكرێتەوە، "جڤاتی گشتی گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكات و دواتر جڤاتی نیشتیمانی بڕیار لەسەر چونە حكومەت دەدات".

 
لەبارەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، كە چەند كۆبونەوەیەكی هاوبەشیان پێكەوە ئەنجامداوە، د.رەئوف عوسمان دەڵێت "لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی هاوكاری یەكترین و متمانەمان لەنێواندا هەیە".

  

،،

مەرج نیە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی بۆ بەشداری لە حكومەت، یەك بڕیارمان هەبێت

 

 
ئەوەشی خستەڕوو، مەرج نیە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی بۆ بەشداری لە حكومەت، یەك بڕیارمان هەبێت، بەڵام راوێژ و گفتوگۆ لەنێوانماندا بەردەوامە.

 
سەرباری ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بەراورد بە هەڵبژاردنی 2013ی پەرلەمانی كوردستان، نیوەی كورسیەكانی لەدەستداوەو ئێستا خاوەنی 12 كورسی پەرلەمانی كوردستانە، ئاڕاستەیەك لەناو بزوتنەوەكەدا پێی باشە "گۆڕان بەشداری لەحكومەتدا بكات".

 
ئەوان پێیانوایە بۆ ئەوەی گۆڕان بەرنامە سیاسیەكەی و ئەو بەڵێنانەی بەخەڵكیدا بتوانێت جێبەجێی بكات، پێویستە بزوتنەوەكە بەشداری لە حكومەتدا بكات.

 
هاوكات جەبار جەلال ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ دیپلۆماتێك مەگەزین وتی: ئامانجی دروستبوونی حزبی سیاسی بۆ چوونە دەسەڵاتە، بۆئەوەی لەو رێیەوە بتوانێت بەرنامە چاكسازی و خزمەتگوزاریەكانی جێبەجێ‌ بكات و خزمەتی زیاتری خەڵك بكات.

 

جەبار جەلال - ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان

 
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "ئەگەر كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم؛ خزمەتگوزار و دادپەروەر بێت و، حكومەتی هاوڵاتی و بەگژداچونەوەی گەندەڵی بێت، هەقە هەموو لایەك پشتیوانی بكات".

 

،،

ئەگەر بەرنامە سیاسی و پڕۆژە چاكسازیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەكارنامەی حكومەتی نوێدا جێی بكرێتەوە، پشتیوان و بەشدار دەبین

 

 
لەبارەی بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، جەبار جەلال ئاماژەی بەوەكرد "ئەگەر بەرنامە سیاسی و پڕۆژە چاكسازیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەكارنامەی حكومەتی نوێدا جێی بكرێتەوە، پشتیوان و بەشدار دەبین".

 
لەئێستادا پرسی چونە دەسەڵات لای بزوتنەوەی گۆڕان مشتومڕێكی زۆری لێكەوتۆتەوە، هەندێك بە "مەرگی سیاسی" بزوتنەوەكەو هەندێكی دیكەش بە "دەرچەی چارەسەر" بۆ رەوینەوەی رەخنەكانی خەڵك ناوی دەبەن و پێیانوایە لەو رێیەوە بزوتنەوەكە دەتوانێت بەرنامە سیاسیەكانی و پاكێجەكانی چاكسازی لە بەرژەوەندی خەڵك لەحكومەتدا جێبەجێ‌ بكات.