دەربارەی بۆلسۆنارۆ و هەڵبژاردنی بەڕازیل و فاشیزمی نوێ

جیهان لەبەردەم هەیمەنەی ڕاسیزم‌و فاشیزم دا

دەربارەی بۆلسۆنارۆ و هەڵبژاردنی بەڕازیل و فاشیزمی نوێ

445 خوێندراوەتەوە

دەروازە
هەموو چركەساتێك، بەربوونەوەو كەوتنی پارتە بەناو جەماوەرییەكان و ئیستەیبلشمێنتەكان لەسەرتاسەری دونیا دەبینین، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، نەمسا، یۆنان، ئیسپانیا، هەنگاریا و هتد، هەموویان باوەشیان بۆ فاشیزم و ڕاسیزمێكی نوێ كردۆتەوە. ماوەیەكی زۆر كەم پێش ئێستا حكومەتی نوێی ڕاسیستیی لە ئیتاڵیا بەهاوپەیمانیی هەردوو پارتی پێنج ئەستێرەی پۆپۆلیست و لیگای دژەپەنابەران و دژە ئەوروپا پێكهات؛ ماوەیەكی كەم پێش ئێستا حكومەتی نەمسا چووە باوەشی كۆنزەرڤاتیڤەكان و فاشیستەكانەوە. لە ئەڵمانیا پارتی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" (نیۆ فاشیست) لە هەڵكشانی بەردەوام دایە و هەمیشەش میدیا و كۆنزەرڤاتیڤەكان بەنزینی زیاتر بە ئاگرەكەدا دەكەن و تەنانەت پارتە بەناو دیموكراتەكانی وەك سەوزەكانیش، لەدوای دوایین هەڵبژاردنەكانی هەرێمی باڤاریا، هێرشیان كردە سەر سیاسەتی پەنابەران، كە پێشتر وەك لایەنگری پەنابەران ناسرابوون. لەناو پارتی چەپیش، فراكسیۆنێك بەرەو جیابوونەوەیە، كە دژی یەكێتیی ئەوروپا و لایەنگری داخستنی سنوورەكان و توندكردنەوەی ڕێسا و یاساكانە لەسەر پەنابەران، بەڕابەرایەتی زارا ڤاگنكنیشت. لەبەریتانیا، دوێنێ هێرشی ڕاسیستەكان بۆسەر خۆپیشاندانەكان، زیاتر لە 20 كوژراوی لێكەوتەوە. هەڕەشەی ئەمجارە لە ئەمریكای لاتینەوە دێت: بەڕازیل. ژایر بۆلسۆنارۆ، لەهەڵبژاردنی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئەو وڵاتەدا، بەڕێژەی 55.1% هەڵبژاردنەكانی بردەوە. لەیەكەم ساتی بردنەوەدا، دۆیچەبانكی ئەڵمانیی پشتیوانیی و پیرۆزبایی خۆیان بۆ نارد و وەك بەرگریكاری بازاڕ ناساندیان. بەڵام بۆلۆسۆناریزمی نوێ چییە و خەسڵەتە فاشیستییەكانی لەكوێدان؟ لەم وتارەدا هەڵوەستەی لەسەر دەكەم.

بۆلسۆنارۆ كێیە؟
ڕۆژی 3ی نیسانی 2017، لە كلوبە هیبرایكا، ڕیۆ دی ژانیرۆ، بۆلسۆنارۆ گوتی: "پێنج منداڵم هەیە. چواریان كوڕن، پێنجەمیان، لاواز بووم و كچ دەرچوو".
كاتێك لە 2016دا، دیلما ڕوزێف، سەرۆكی پێشووی بەڕازیل، بە كودەتای نێونەتەوەیی تۆمەتباركرابوو، ئەندامانی ژووری نوێنەران پێش ئەوەی دەنگەكانیان بژمێردرێت، گوتاریان دا. ئەوان دەربارەی هەموو شتێك قسەیان كرد تەنها دەربارەی هەڵكشانەكانی گەندەڵیی نەبێت كە دژی ڕوزێف ئەنجامیان دا: ئەوان دەربارەی خوا، خێزانی نەریتیی و خێزانەكانی خۆیان دوان. هەرە كۆنەپارێزترینیان بۆلسۆنارۆ بوو، كە دەنگی خۆی پێشكەشكرد "بەیادی كۆڵۆنیل كارلۆس ئەلبێرتۆ بریهانتی ئۆسترا" – بەناوبانگترین ئەشكەنجەدەری وڵاتەكە، كە لەژێر دەستی سی ئای ئەی دا كاری كردبوو و دیكتاتۆرییەتی میلیتاریی دامەزراندبوو (1964-1985). لەو سەردەمەدا زیاتر لە 500 چەپ و كاركسیست ئەشكەنجە دراون و كوژران و خرانە كونجی زیندانەوە، ئەمەش ئەو شەپۆلە دیكتاتۆرییە میلیتارییە بوو كە لەو سەردەمەدا بە پشتیوانیی ئەمریكا لە ئارادابوو، چیلی و ئەرژەنتین. ئەمڕۆ، لەسەروبەندی كەمپینی هەڵبژاردنەكان و هەڵبژاردندا، زۆرینەی هەرە زۆری لایەنگران و هەوادارانی بۆلسۆنارۆ تیشێرتێكیان لەبەركردبوو كە لەسەری نووسراوە: "ئۆسترا دەژی!".


كاپتنێكی سەربازیی خانەنشینكراو، بۆلسۆنارۆ خۆی وەك بیركەرەوەی سیاسیی قورسكردنی سزا لەسەر تاوان دەبینێت و كاتێك وەك سەرۆك بگاتە بڕازیلیای پایتەخت، دەست دەكات بە لەناوبردنی هەرچی تاوان و گەندەڵییە. ئەگەرچی خۆی وەك ئەنتی ئیستەیبلشمێنت لەقەڵەم دەدات، بەڵام زیاتر لە 26 ساڵە لە كۆنگرەی نەتەوەییە. بەڵام لەڕاستیدا ئەو وەك چەكبەدەست و تەقەكەر ناسراوە، لە 1ی سێپتێمبەری 2018، لەسەروبەندی كەمپینی هەڵبژاردن گوتی: "وەرن با تەقە لە هەموو ئەندامانی پارتی كرێكاران بكەین". پارتی كرێكاران (Partido dos Trabalhadores) پارتێكی چەپی بەڕازیلییە كە تاكە ڕكابەری بۆلسۆنارۆ بوو، ڕێژەی 44%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا. كەسێكی كۆنزەرڤاتیڤی "ئینجیلیی" (بانگەشە بۆ خێزانی نەریتیی بەگوێرەی بەشەكانی ئێڤائەنجلیكانیزم دەكات)، و لایەنگری سەرسەختی خاوەن زەوییە گەورەكانە. بەڵام وەك دژەژن بەناوبانگە و دەیان سوكایەتیی لە دەربڕینەكانیدا، ڕاستەوخۆ بە ژن دەكات و تەنانەت لە ساڵی 2000دا، لە ڕۆژی 14ی شوبات، لە حەفتەنامەی ڕێڤیستا ستۆیەدا دەڵێـت: "هەرگیز لەژنەكەی پێشوومم نەداوە. بەڵام چەندینجار بیرم لەوە كردۆتەوە تەقەی لێبكەم و بیكوژم". دژە ئێل جی بی تی و هۆمسۆسێكسوالەكان و لە فۆلها دی ساوۆ پاولۆ، 19ی ئایاری 2002، هەروەها بەرانبەر بە نوێنەرێكی ژن لە كۆنگرێس، دەڵێت: "لەبەرئەوەی زۆر ناشرینی، نامەوێت دەستدرێژیی سێكسیست بكەمە سەر". لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا دەڵێت: "نامەوێت ململانێ یان جیاكاریی بكەم، بەڵام ئەگەر ببینم دوو پیاو یەكتر ماچ دەكەن لەسەر شەقام، دەچم دەیانكوتم و دەیانكوژم". تا سەر ئێسقان دژی خەڵكی ڕەشپێست و لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی 2018، لە پرۆگراما ڕۆدا ڤیڤادا دەڵێت: "ئێمە چ قەرزێكی مێژوویی ئەم خەڵكە ڕەشپێستانەمان لەسەرە؟ من هەرگیز نەمكردوونەتە كۆیلە. پرتوگالییەك هەرگیز پێنانێتە خاكی ئەفریقاوە. ڕەشەكان لەلایەن ڕەشەكان خۆیانەوە هەناردە كراون". دژەكۆمۆنیستێكی سەرسەخت و سەرجەمی كەمپینی هەڵبژاردنەكەی، دەیگوت كۆمۆنیستەكان لەناودەبەین و شەقامەكانی بەڕازیل لە كۆمۆنیستەكان پاك دەكەینەوە. تەنانەت بەجۆرێك ستایشی ئۆگۆستۆ پینۆشە دەكات، كە كودەتای بەسەر حكومەتی سۆسیالیستیی سەلڤادۆر ئالەندە لە چیلیدا كرد، بەڵام لەو لاشەوە ڕەخنەی لێدەگرێت كە بۆچی كۆمۆنیستی زیاتری نەكوشتووە، 80 هەزار كەم بووە، و دەڵێت: "پینۆشە دەبوو زیاتری بكووشتایە". حەزی لە ئازاردان و ئەشكەنجەی خەڵكانە: "من عاشفی ئەشكەنجەدانم و هەمووشتان ئەمە دەزانن"، لە 23ی ئایاری 1999، پرۆگراما كامێرا ئابێرتا. هەروەها دەڵێت: "من لایەنگری ئەشكەنجە دانم و خەڵكیش هەروەها". سەدان دەربڕین و بۆچوونی دیكەی لەم چەشنە، بەڵام بۆ ئەوەی كەسایەتیی بۆلسۆنارۆ بناسن، پێموایە ئەوەندە كافی بێت[1].


كێ پشتیوانیی لە بۆلسۆنارۆ دەكات؟
 دەربارەی زلهێزەكان لەپشتی بۆلسۆنارۆوە
چەند دەقە دوای ئاشكراكردنی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردنەكەی بەڕازیل، دۆناڵد ترەمپ پیرۆزبایی لێكردو پشتیوانیی خۆی بۆ ڕاگەیاند، و گوتی: "ئەركی قورسمان لەسەرشانە بەیەكەوە ئەنجامیان بدەین". و هەر هەمان شەو "دۆیچە بانك"ی ئەڵمانیی، پیرۆزبایی لێكرد و وەك باشترین كەسی بازاڕی ئازاد وەسفیان كرد. ئەمە جگە لە كۆمسیۆنی ئەوروپا، سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی، بانكی جیهانیی، و ڕێكخراوی بازرگانیی ئازادی جیهانیی و واڵ ستریت.
بناغەی بۆلسۆنارۆ بەشێوەیەكی بەهێز لەسەر چینی باڵا وەستاوە، كە بەشێوەیەكی نەریتیی ئەم چینەی بەڕازیل تا ئەمڕۆ دەنگیان بۆ پارتە ناوەڕاست و ڕاستەكان داوە و لەچەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر ڕادیكاڵ بوونەتەوە و بلۆكی بەهێزی ئینجیلییان پێكهێناوە و یەكێكیش لەو داوایانەی لە بۆلسۆنارۆ هەیان بووە، دەبێت پاكتاوی كۆمۆنیزم، هۆمۆسێكسوالیتە بكات و دەوڵەتی سیكۆلار هەڵبگرێت و ئایین بگەڕێنێتەوە ناو دامەزراوە دەوڵەتییەكان. ئەمە سەرەڕای داوا سەرەكییەكانیان لەسەر پاراستنی سەرمایەی گەورەی ئەم چینە.


ئەگەر باسی چینی ناوەڕاست بكەین، لەوانەیە گومانی ئەوە بكرێت، كە ئەرێ چینی ناوەڕاست لە بەڕازیل هەیە.؟ بەڵێ ئەم چینەش ڕۆژ بەڕۆژ لە هەڵكشاندایە و ڕۆڵێكی زۆر گرنگیشیان گێڕا لە كەمپینی هەڵبژاردنی بۆلسۆنارۆدا. لە بەڕازیل نزیكەی 30 ملیۆن كەس سەر بە چینی ناوەڕاستن. هەموو داتا و ئامارەكانی دوای هەڵبژاردنیش پیشانی دەدەن كە چۆن ئەم چینە بەڕێژەیەكی گەورە دەنگی بۆ كاندیدە كۆنزەرڤاتیڤەكان و بۆلسۆنارۆ داوە. چینی ناوەڕاست لە سەرتاپای ئەمریكای لاتیندا، پشتیوانیی لە كاندیدە كۆنزەرڤاتیڤ و ڕاستڕەوەكان دەكات، كە لە وتارێكی دیكەدا، ئەگەر دەرفەت دروست ببێت، دەگەڕێمەوە سەر ئەم پرسە.
خواستی ڕاستڕەوەكان بۆ دەستەبەری تاكەكان ئەوەیە كە دەڵێن دەستێوەردانەكانی حكومەت لە كاروباری بازاڕدا، هۆكارەكانی قەیرانەكانی ئەم دواییانە و بەربوونەوەی چینی ناوەڕاستە بەرەو خوارەوەی كۆمەڵگا و بوون بە توێژی هەژاران، ئەمەش وایكردووە كە چۆن نزیكەی 30 ملیۆن چینی ناوەڕاست، ئومێدیان بەوە هەبێت دەنگ بە بەرەی كۆنزەرڤاتیڤ و ڕاستڕەوەكان بدەن. بەڵام لە ڕاستیدا چینی كرێكاری بەڕازیل، كە خۆی لە نزیكەی 100 ملیۆن كەس دەدات، گەورەترە لە چینی ناوەڕاست، كێشە و تراژیدیای ڕۆژگار ئەوەیە، بەشێكی ئەم چینەش لە پشتی بۆلسۆنارۆوە ڕاوەستاوە.


پێنج ئەكتەری سەرەكیی بەخێرایی هاتن پشتیوانیی لە سەركەوتنی بۆلسۆنارۆ بكەن. یەكەم، سەرمایەی دارایی، هەم لەبەڕازیل و هەم لەئاستی نێودەوڵەتیدا، كە ماوەیەكی زۆربوو فشاریان خستبووە سەر حكومەتەكەی لولا دا سیلڤا (سەر بە پارتی كرێكاران)، كە پرەنسیپ و بەرنامەكانی سگهەڵگوشینی ئابووریی پیادە بكات. نزیكی كۆتایی كەمپینەكە، ئەم سەرمایەدارانەی سەر بە سەرمایەی دارایی بلۆكێكیان دروستكرد بەناوی: "پشكی بەڕازیل بەرز دەبێتەوە ئەگەر بۆلسۆنارۆ هەڵبژاردن بباتەوە". دۆناڵد ترەمپ بە قورسی پێی لەنێو مەیدانەكەیە، چەندین جار و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا هێرشی كردووەتە سەر حكومەتەكەی لۆلا (پارتی كرێكاران) بەهۆی دانانی ڕێسا و یاساكانی لەسەر بازرگانیی دەرەكیی و ناوخۆیی، بۆلسۆنارۆ دڵخوازی ترەمپ بوو، چونكە بەجۆرێك لەجۆرەكان، بەڵێنی ڕاستەوخۆی هەڵگرتنی ئەم ڕێسایانەی داوە. پلانی بۆلسۆنارۆ بریتی بوو لە كۆتاییهێنان بەپارێزبەندییەكانی كرێكاران، گەڕاندنەوە و هەموواركردنەوەی دووبارەی یاسای خانەنشینیی، كورتكردنەوەی مافە مەدەنییەكان و پێدانەوەی قەرزی دەرەكیی بەڕازیل. یەك ڕۆژ دوای بردنەوەی بۆلسۆنارۆ، لەیەكەم خولگەدا، بلۆكی "پشكەكانی بەڕازیل" دڵخۆشیی خۆیان دەربڕی و "هەلهەلەی سەرمایەگوزاریی" دەرەكیان لێدا. هەروەها كەرتی پیشەسازیی كشتوكاڵیی و خاوەن زەوییە گەورەكانیش پشتیوانییان لە بۆلسۆنارۆ كرد. هەر لەسەرەتای حكومەتەكەی لۆلاوە، بۆلسۆنارۆ دژی ڕیفۆرمی زەویی وەستایەوە و بزووتنەوەشی بەگەڕخست


دووەم ئەكتەر، بەشی قەزایی و دادوەریی بەڕازیل ڕۆڵێكی سەرەكییان گێڕا. دادگاكان ڕۆڵی سەرەكییان ەبوو لە تۆمەتباركردنی دیلما ڕوزێف و پاشان ڕایانگەیاند كە خەڵك ناتوانن دەنگ بۆ كاندیدەكانیان بدەن. لۆلا دا سالیڤا نەك تەنها لەلایەن دادگاكانەوە چوونە دەرەوەی لێ قەدەغەكرا، بەڵكو هەروەها ڕێگاشی لێگیرا لەسەروبەندی كەمپینی هەڵبژاردنەكانەوە، پەیوەندیی بە ڕابەرانی پارتی كرێكارانەوە بكات، ڕێگای لێگیرا پەیامی گشتیی بۆ پشتیوانیكردن لە كاندیدی پارتی كرێكاران، فێرناندۆ هەداد بنێرێت و تەنانەت مافی دەنگدانیشی لێسەندرایەوە، لەكاتێكدا دەنگدان بۆ هەر هاووڵاتییەكی بەڕازیلی، بەپێی دەستووری وڵات، ئیجبارییە. بەگوێرەی دۆكۆمێنتە بڵاوكراوەكانی ویكلیكس بێت[2]، سەرانی دادگا، وەك سێرگیۆ مۆرۆ، كە لۆلا دا سیلڤا و دیلما ڕوزێفیان تۆمەتبار كرد، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و سی ئای ئەیەوە مەشقی پێكراوە.


سێیەم، تۆڕی ڕاگەیاندن و تەلەڤزیۆنی گلۆبۆ، سەرەكیترین و گرنگترین تۆڕی تەلەڤزیۆنی بەڕازیل، بەكراوەیی و بەئاشكرا كەمپینی هەڵبژاردنیان بۆ بۆلسۆنارۆ كرد. ئەم تەلەڤزیۆنە لەژێر دیكتاتۆرییەتی سەربازییدا دامەزرا، بەجۆرێكیش بوو، هیچ كەسێك لە بەڕازیل نییە سەیری نەكات، تاكە كەناڵی ئیجباریی سوپایە. ئەم كەناڵە بەرنامەكانی بەپێی زەوق و سەلیقەی خەڵك ڕێكخستوون، هەر لە ئۆپێراوە بیگرە تا كارتۆنی منداڵان و بەرنامەكانی خواردن دروستكردن و هەواڵەكان و فیلمە زنجیرییە زۆر بەربڵاوەكان بەخۆڕایی پەخش دەكرێن.


چوارەم، كڵێسای ئینجیلیی، بەئاشكرا پشتیوانیان لە بۆلسۆنارۆ كرد و ڕایانگەیاند كە دەنگ دژی "شەیتانی كۆمۆنیست، هەداد" دەدەن و چەندین كەمپینی چەكداریی و كەمپینی چالاكوانانەشیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەتس ئەپ و فەیسبووك دژی پارتی كرێكاران و هەداد بەگەڕخست. لە كۆنگرێسدا، كڵێسای ئینجیلیی 90 كورسیی و ئەندامیان هەیە.


پێنجەم، گرنگترین بەشی پشتی سەركەوتنی بۆلسۆنارۆ، سوپای بەڕازیلە – كە پێش 30 ساڵ بەهۆی پارتی كرێكارانەوە لە دەسەڵات دوورخرابووەوە. سەرۆكی سوپا، ئێدواردۆ ڤیاس بۆواس، چەندین كەمپینی دژی لۆلا دا سیلڤا و پارتی كرێكاران و چەندین كەمپینی پشتیوانیی بە ئاشكرا بۆ بۆلسۆنارۆ ڕێكخستبوو. هەر بەپێی بەڵگەنامەكانی ویكلیكس، بۆواس، لەلایەن سی ئای ئەیەوە مەشقی پێكراوە و لەژێر پشتیوانیی و سەپۆرتی ئەمریكادا بووە.

قەیرانی بەڕازیل
بەڕازیل كەوتووەتە ناو قەیرانێكی قوڵی داراییەوە كە لە چوار ساڵی ڕابردووەوە دەستی پێكردووە و بارودۆخێكی بەرچاو و گەورەی بێكاریی و ترس لە داهاتووی لای خەڵك دروستكردووە. لە مانگی ئازاردا، ڕێژەی ئەوانەی كاریان لەدەستدا گەیشتە 13.3% هاوشان لەگەڵ بێكاریی گەورەی ڕابردوو. سەرمایەداران بەدوای ڕێگایەكدا دەگەڕێن بۆ بەرهەمهێنانی قازانج لە بارودۆخێكدا كە تەنانەت ئابووریی بەڕازیل گەشەیەكی ئەوتۆی نەكردووە، لەنێوان مانگی حوزەیران تا ئاب تەنها 0.3% گەشەی ئابووریی بەخۆوە بینیوە. ئێستا ئەوان دەیانەوێت ئەم قازانجە لە گیرفانی چینی كرێكار دەربكێشن.


سەركەوتنی بۆلسۆنارۆ دەرەنجامی جوڵەیەكی دوور و درێژی باڵی ڕاستڕەوی بەڕازیلە بۆ سەپاندنی زیاتری بەرنامەی سگهەڵگوشینی ئابووریی وەك "چارەسەر"ێك بۆ قەیرانی دارایی. یەكەم دەركەوتەی ئەم هەنگاوەش ئەو كودەتا دامەزراوەییە بوو دژی دیلما ڕوزێف كە لەلایەن جێگرەكەیەوە، میشایل تیمەر، خاوەن میدیای ڕاستڕەو و لقی دادوەریی، ڕێكخرابوو. دادگاكان بەردەوام بوون لە چالاكییە ڕاستڕەوییەكانیان و لولا دا سیلڤایان لەهەموو شتێك قەدەغە كرد. ئەو لەلایەن ئەم دادگایانەوە بڕیاری 12 ساڵ زیندانیی بۆ بڕدراوەتەوە.


لولا دا سیلڤا بێگومان ئەگەر ڕێگای پێدرابا دووبارە هەڵبژاردنەكانی دەبردەوە. ئامار و ڕاپرسییەكان دەیسەلمێنن كە ڕێژەی دەنگدان بە دا سیلڤا لە ئاستی باڵادا ماوەتەوە. بەڵام لە زینداندا، ڕێژەكانی دابەزی، ڕابەرایەتییەكەی گواستەوە بۆ فێرناندۆ هەداد، كە بەگشتیی سیاسییەكی نەناسراوی پارتی كرێكاران بوو. سەرەڕای ئەمەش ڕێژەی 44.5%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا.


لولا دا سیلڤا، سیاسییەكی خۆشەویست بوو، چونكە نوێنەرایەتیی ساتێكی خۆشگوزەرانیی ئابووریی دەكرد كاتێك چینی كرێكاری بەڕازیل گەیشتبوو بە كاڵا و كرێدیتی زیاتر، هەروەها بەڕێژەیەكی كەم دەستی بە بەرنامەی خۆشگوزەرانیی كۆمەڵایەتیی گەیشتبوو. هەروەها ئەمە ساتێك بوو كە قازانجێكی گەورەشی بۆ سەرمایەداران هەبوو – تەنانەت لولا دەڵێت سەرمایەداران و خاوەن بانكەكان پێشتر هەرگیز قازانجێكی وەها گەورەیان بەدەست نەهێنابوو! بەڵام هێشتا بەهۆی سەپاندنی بەرنامەكانی سگهەڵگوشینەوە لەلایەن پارتی كرێكارانەوە وەك قەیرانی دارایی كە بەرۆكی بەڕازیلی گرتووە، وێنەی پارتەكە ناشرین ببوو. ستراتیژییەتی پارتی كرێكاران هەڵەبوو كە لە بەشی دواتردا باسی دەكەم. ستراتیژییەتێكی میانڕەو و ناوەندگیر و دانوستان لەگەڵ سەرمایەداران و باڵی ڕاست. لەڕاستیدا، هەداد وەك یاریدەدەری لولا دا سیلڤا دانرابوو، ئەویش بەهۆی هەڵوێستە میانڕەوییە سیاسییەكانییەوە.

سیاسەتی هاوپەیمانیی، ڕێگایەك بەرەو باڵی ڕاست
مێژووی سیاسیی بەڕازیل لە پانزە ساڵی ڕابردوودا دەكرێت وەك ململانێكانی دەسەڵات لەنێوان پێكدادانی هاوپەیمانەكان سەیر بكرێت. لەنێوان 1999 تا 2005، لولا دا سیلڤا و پارتی كرێكاران "هاوپەیمانێتیی دۆڕاوان"یان دامەزراند، چەترێكی ئەو گروپانەی تەنها شتی هاوبەشی نێوانیان ئەزموونی دۆڕاندنەكانیان بوو لەبندەستی نیۆلیبرالیزمدا. ئەمەش چینی كرێكاری ناڕێكخراو و شاریی دەگرێتەوە، بەتایبەت كرێكارانی دەستیی پسپۆڕ و كرێكارانی فەرمانگەكان، ڕێژە نزمەكانی خزمەتگوزاریی كۆمەڵایەتیی و كەرتەكانی چینی ناوەڕاستی پسپۆڕ و پرۆفیشناڵ؛ بەشە گەورەكانی چینی كرێكاری ناڕەسمیی؛ دەیان سەرمایەداریی بەرجەستە و دیار، بەتایبەت لەنێوان بۆرژوازیی ناوخۆییدا؛ و ئۆلیگارشە ڕاستڕەوەكان، خاوەن زەوییەكان و سیاسەتمەدارانی لۆكاڵیی لە هەرێمە هەژاراترەكاندا.
لەنێوان ساڵی 2005 تا 2013، لولا دا سیلڤا و دیلما ڕوزێف "هاوپەیمانیی براوەكان"یان بەڕێوەبرد كە لە سەردەمی ئیدارەی پارتی كرێكاراندا ئەم گروپانە براوەی مەیدانەكە بوون. ئەم گروپانەش بۆرژوازیی ناوخۆیی، بەشە هەرە ڕەسمیی و سەرەكییەكانی كرێكاران، بەشە گەورەكانی چینی كرێكاری ناڕەسمیی دەگرتەخۆی. بەپێچەوانەی هاوپەیمانیی دۆڕاوانەوە، هاوپەیمانیی براوەكان سەرێكی زۆر بچووكی هەبوو – كە بووە هۆی لە دەستدانی لایەنگرانی پارتی كرێكاران بۆ بۆرژوازیی ناوخۆییكراو (internationalized)، میدیای باڵادەست و چینی ناوەڕاست.


دوای لابردنی لولا دا سیلڤا لە حوكم و جێگرتنەوەی بە دیلما ڕوزێف، ئەم ئیدارەیەش دەستیكرد بە بەدەستهێنانەوەی بناغەی پشتیوانییەكانی و لەنێوان 2013-2014 پشتی بە "هاوپەیمانێتییەكی پێشكەوتووخواز" بەست كە بەگشتیی لەلایەن چینی كرێكاری ڕەسمیی ڕێكخراوەوە بەدەستهاتوو؛ هەروەها پشتیوانیی چینی كرێكاری هەژاری ناڕێكخراو، گروپە چەپەكان كە خۆیان لەناو پارتەكان ڕێكخستبوو، بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان و ڕێكخراوە ناحكومییەكان پشتیوانیی هاوپەیمانییەتەكەی دیلما ڕوزێف بوون.


دووبارە، هاوپەیمانێتییەكە لەسەرەوە بەرتەسك ببوو و لەخوارەوە فراوان بوو. ئەمەش بەس بوو بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی ڕوزێف لە 2014دا، بەڵام پشتیوانیی هەژاری ناڕێكخراو ببووە هۆیەك بۆ ئەوەی نەتوانێت لەدەسەڵات بمێنێتەوە. ساڵانی دواتر بوونە هۆی ئەوەی هاوپەیمانێتییەكە لاواز و كۆن ببێت.
بەپێچەوانەوە، ئۆپۆزیسیۆنی بەرەی ڕاستڕەو، دەستە دەستە خۆیان ڕێكدەخست و گەشەیان بە "هاوپەیمانێتیی نیۆلیبراڵ" یان "هاوپەیمانێتیی خاوەن ئیمتیازەكان"ی چینی نوخبە دەدا. ئەم هاوپەیمانێتییەش بۆرژوازیی ناوخۆیی، بەشی هەرە گەورەی چینی ناوەڕاستی شاریی، و سەرمایەگوزارانی بچووك وناوەڕاست، میدیای باڵادەست، و بەشەكانی چینی كرێكاری ناڕەسمیی دەگرتەوە – زۆرینەیان سوودێكی زۆریان لە حكومەتی پارتی كرێكاران وەرگرتبوو و بەڵام پاشان خۆیان لەدەوروبەری بەشە ئینجیلیی و كڵێساییە ڕاستڕەوە كۆنزەرڤاتیڤەكان ڕێكخستبوو.


هەڵكشانی بەردەوامی ئەم هاوپەیمانێتییە بەهۆی پشتیوانیی بەشێكی گەورەی جەماوەری خەڵكی هەژار، بەشێك بوو لە پرۆسەیەكی گەورەتری لەناوبردنی دیموكراسیی. ئەم پرۆسەیە هەوڵی لەناوبردنی هەر فەزایەكی سیاسیی دەدات لەڕێگای ئەوەی كە زۆرینە كۆنتڕۆڵی دەوڵەت دەكات یان لەناوبردنی هەر ئامرازێكی سیاسیی، چونكە ئەم هاوپەیمانێتییە بەڕێژەی 55% دەنگی بەدەستهێناوە و بردوویەتییەوە.

فاشیزمی نوێ لە بەڕازیل
بۆلسۆنارۆ بێ پێچ و پەنا فاشیستێكی تازەیە. ئەو فاشیستێكە كە لە ساتی مێژوویی خۆیدا سەریهەڵداوە – واتا دوای سەقامگیربوونەوەی سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد لە یەكێتیی سۆڤێتی ستالینیی و چینی ماویستیدا. بۆلسۆنارۆ تەواو ترسناكە. تەنانەت كە هێشتا پارتێكی سیاسیی فاشیستی سەرتاسەریشی بونیاد نەناوە. هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا كە زۆرینەی دەنگدەرانی فاشیست نین. ئەوەی گرنگ و بەرچاوە ئەوەیە، كە ڕابەرایەتییەكی ناوكیی فاشیستیی لەدروستبوون دایە.
بێگومان، فاشیزمی نوێ كۆپییەكی ڕاستەوخۆی فاشیزمی ڕابردوو نییە. فاشیزم، بۆ ماركسیستەكان، لەبنچینەدا فۆرمێكی سیاسیی دژەشۆڕش بوو كە وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر بە هەڕەشەی شۆڕشی كرێكاریی سەرتاسەری ئەوروپا كە ئیلهامی لە شۆڕشی ئۆكتۆبەر وەرگرتبوو، ئەم فاشیزمەی ڕابردوو سەریهەڵدا. هەموو پارتە فاشیستییەكان بەرگرییان لە زەروورەتی ڕژێمێكی تۆتالیتاریست دەكرد. سڕینەوەی ئازادییە دیموكراتییەكان كە تێكەڵی حكومەتە هەڵبژێردراوەكان كرابوو، ئامرازێك بوو بۆ لەناوبردنی ڕێكخراوەكانی چینی كرێكار.


كەچی هێشتا فاشیزمی ئیتاڵیی كۆپییەكی ڕاستەوخۆی فاشیزمی ئەڵمانیی نەبوو (سەرەڕای باوەڕە دژەجولەكەییەكەی)، یان فرانكۆییزم لە ئیسپانیا (كە لەسەر هێشتنەوە و پاراستنی پاشایەتیی دامەزرابوو)، یاخود سالازاریزم لە پرتوگال (بە كاتۆلیسیزمە كوشندەكەیەوە). هەموو ئەمانە تایەبتمەندیی خۆیان هەبوو. بەڵام سەرەڕای جیاوازییە لاوەكییەكانیان، هەموویان شایستەی ئەوەن لەیەك ڕیزبەندیدا ڕێكبخرێن: فاشیزم.


ڕوون و ئاشكرایە ئێمە ئێستا لەنێو هەمان هەلومەرجی دەیەی 1930دا ناژین، دوای كارەساتی جەنگی یەكەمی جیهان، سەركەوتنی شۆڕشی ئۆكتۆبەر و قەیرانی گەورەی ئابووریی 1929. لەسەروبەندی قەیرانی ئابووریی جیهانیی 2008ـەوە، ئێمە هەمان جوڵەی هێواشی 1930 دووبارە ناكەینەوە. بۆ نموونە، چیتر مەترسییەكی گەورەی وەك شۆڕشی ئۆكتۆبەر هەڕەشە لەسەر دەرەنجامەكانی قەیرانی ئابووریی جیهانیی ناكات، تا بەم ئاسانە هەمان هەلومەرجی دەیەی 1930 دووبارە ببێتەوە، و وەك كاردانەوەیەك بەرانبەر بە چینی كرێكاری جیهانیی، كە ئیلهامی لەم شۆڕشە وەرگرتبوو، دەسەڵات تەسلیمی میلیتاریزمی فاشیستەكان بكاتەوە، هیچ نەبێت، ئێستا نیشانەكانی ئەم پڕیشكە كەمترن بەراورد بەو سەردەمە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئاستی جیهانیدا، ئێمە دەستوپەنجە لەگەڵ هەڵكشان و بەهێزبوونی ڕاستڕەوی توندڕەودا نەرم دەكەین، كە لە چەندین وتاری پێشوومدا باسمكردوون و خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە سەریان.


نیۆفاشیزم (فاشیزمی نوێ) لە وڵاتانی نیمەچەگەسەندوو و تازەگەشەسەندووی وەك بەڕازیل ناتوانێت كۆپییەكی هەمان فاشیزمی دەیەی 1930 ئەوروپا بێت. لەهەنگاوی یەكەمدا، فاشیزم چیتر وەك وەڵامێك بەرانبەر بە هەڕەشە و مەترسیی شۆڕشی كرێكاریی، لە گەورەبووندا نییە. بەپێچەوانەوە، ئەم فاشیزمە لە ئەزموونی كەرت و بەشە دیاریكراوەكانی چینی ناوەڕاست لە 14 ساڵی ڕابردووی حكومەتی پارتی كرێكاران و سازشە چینایەتییەكانییەوە دێت لەبندەستی ڕابەرایەتیی لویز ئیناچیۆ لولا دا سیلڤا و پاشان دیلما ڕوزێف، پێش تۆمەتباركردنی لە 2016 لەلایەن دادگاوە. ئەمەش خۆراكی خۆی لە داكشانەوەی ئابووریی و خەسڵەتەكانی دواكەوتوویی كۆمەڵایەتیی چوارساڵی ڕابردووەوە وەرگرتووە، مەترسییەكی كوشندە لە مێژووی ئێستادا.


ڕەوتی دژەپارتی كرێكاران لە پێنج ساڵی ڕابردوودا دەستیپێكردووە و بەرەو پێشەوە چووە و ئەمەش بەتایبەت فۆرمێكی دژەچەپگەراییە لە بەڕازیل، هاوشێوەی ڕەوتی دژەكۆمۆنیزم لە دەیەی 1930دا. ئەگەرچی پێویستە جەخت لەسەر ئەوەش بكەینەوە كە بەشە ڕابەرایەتییەكانی بۆرژوازیی ئەم پشتیوانییەیان لە فاشیزم بەو هۆیەوە نەكردووە كە دەستوپەنجە لەگەڵ مەترسیی شۆڕش لە بەڕازیلدا نەرم دەكەن، چونكە ستراتیژییەتی پارتی كرێكاران، ستراتیژییەتی سازش و هاوپەیمانێتیی چینایەتیی بووە وەك لەسەرەوە باسم كردووە. تەنها لە چەند حەفتەی ڕابردوودا، زۆرینەی گەورەی بۆرژوازیی پشتوانیان لە گیرالدۆ خۆزێ ڕۆدریگێز دو ئالكمین فیلهۆ كرد، كاندیدی سەرۆكایەتیی بەرەی ناوەڕاست (سێنتەریست)ی پارتی سۆسیال دیموكراتی بەڕازیل.


بۆلسۆنارۆ كەسێكی بەهێزە. كاندیدییەكەی دەربڕین و دەركەوتەی بزووتنەوەی بەشە تەواو كۆنەپارێزەكانی چینی ناوەڕاستە، لەلایەن پشتیوانیی كەمینەیەكی فراكسیۆنی بۆرژوازیشەوە، كە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە لێكترازابوون. ئەمەش دیسان بەپێچەوانەی پشتیوانیی سەرجەمی كەرتە جیاواوزەكانی بۆرژوازیی لە ئەوروپا، لە پارتە فاشیستییەكان. بەڵام لێرەدا، بۆرژوازیی ناوخۆییش لەپشتی بۆلسۆنارۆوە وەستاوە، كە باسم كرد و نابێت لەبیرمان بچێت.

چەپ
دیاردەی بۆلسۆناریزم تەنها دیاردەی تاكەكەسێك نییە: ئەم دیاردەیە نیشانەی سەرهەڵدانی ڕۆحی زەمانە (zeigeist)ی كۆنزەرڤاتیڤە لە سەردەمی وەرچەرخانە قوڵە ئابووریی، سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكاندا.


ئێستا تەحەدایەك لەبەردەمی چەپەكانە و تەحەدایەكی گەورەشە. یەكەم و گرنگترینیان، پێویستە چەپ دان بە كێشەكانی لەگەڵ مۆدێلی گەشەی لولایستا (ڕێبازی لولا دا سیلڤا لە پارتی كرێكاران)دا بنێت، كە بووە هۆی لەجەماوەریخستنی بەڕادەیەكی پارتی كرێكاران و بووە هۆی جێگۆڕكێی بەرەی چەپ لە بەرەی دەستەجەمعیی مافە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەرەو خۆگونجاندنی دارایی تاكەكەسیی.


هەروەها چەپی شۆڕشگێڕ دەبێت دەستبكات بە ڕەخنەگرتن لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانیی چینایەتیی لولا دا سیلڤا و پاشان هەڵە ستراتیژییەكانی دیلما ڕوزێف. ئەگەرچی پێویستە باسی ئەوەش بكەین كە جەماوەریبوونی لولا پەیوەندیی بە كەسایەتیی كاریزمایی ئەو و سەردەمی گەشەی ئابوورییەوە هەبوو، نەك بەهۆی پارتی كرێكارانەوە.


چەپ، پێشتر لە بەڕازیل دابەش ببوو، بەدەست لەدەستدان و دۆڕانێكی گەورەوە دەیناڵاند دوای تۆمەتباركردنەكەی دێلما بە گەندەڵیی لەلایەن دادگاوە لە حوزەیرانی 2016دا. سەرەڕای بردنەوەی بۆلسۆنارۆ و سەركەوتنی بۆلسۆناریزم، بەڵام دەرفەتێكی گەورە هاتۆتە بەردەمی چەپە شۆڕشگێڕەكانەوە بۆ ڕێكخستنەوەی دووبارەی چینی كرێكاری شاریی و دەوروبەر و خەڵكی هەژار و بێكاران، دووبارەنەكردنەوەی ستراتیژییەتی هەڵەی لولا دا سیلڤا و دیلما ڕوزێف. ڕادیكاڵكردنەوەی گوتاری دژەسەرمایەداریی و ئاشكراكردنی زیاتری كارەساتەكانی بەرنامەی سگهەڵگوشینی ئابووریی، هاوپەیمانێتیی بۆلسۆنارۆ لەگەڵ سی ئای ئەی، سندووقی دراوی نێودەوڵەتیی، بەرزكردنەوەی باج لەسەر كرێكاران، بڕینی زیاتری خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكان و بڕینی خانەنشینیی و بەتایبەتیكردنی نەخۆشخانەكان و پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا و هتد. هەموو ئەمانە دەرفەتێكی گەورەن لەبەردەستی چەپدا.

پەراوێزەكان:
1) نۆیەمی، دەیڤد و كارلۆس، لە كۆكردنەوە و وەرگێڕانی قسەكانی بۆلسۆنارۆ لە ئیسپانییەوە بۆسەر زمانی ئینگلیزیی، یارمەتیان دام و سوپاسیان دەكەم. هەروەها بلانكا، چەند وتەیەكی ناو گفتوگۆكانی بۆلۆسۆناری لە ئیسپانییەوە كردبوو بە ئەڵمانیی و بۆی ناردم، سوپاسی ئەویش دەكەم.
2) https://www.brasildefato.com.br/english/
3) Bolsonaro: Mit Einschüchterungen, Lügen und der Hilfe des Finanzkapitals zum Präsidenten https://www.klassegegenklasse.org/bolsonaro-mit-einschuechterungen-luegen-und-der-hilfe-des-finanzkapitals-zum-praesidenten/
4) Wer stoppt Bolsonaro? Brasilien und die Faschistiche Gefahr, https://www.marx21.de/bolsonaro-brasilien-praesidentschaftswahl-faschismus/
5) Jair Bolsonaro denies he is a fascist and paints himself as a Brazilian Churchill https://www.theguardian.com/world/2018/oct/30/jair-bolsonaro-denies-he-is-a-fascist-brazilian-churchill
6) Fascism has arrived in Brazil – Jair Bolsonaro‌s presidency will be worse than you think https://www.independent.co.uk/voices/jair-bolsonaro-brazil-election-results-president-fascism-far-right-fernando-haddad-a8606391.html

 

author photo

نووسەرو وەرگێڕ لەبواری فیكری سیاسیی، ئابووریی و بیری چەپ.
تا ئێستا 34 كتێبی نووسراو و وەرگێڕدراوی بڵاوكردۆتەوە.
 سەرقاڵی خوێندنی زانستە سیاسییەكانە لە بەرلین.