بۆچی کۆبوونەوەی هێزە كوردستانییەكان لە هەولێر شكستی هێنا ؟

بۆچی کۆبوونەوەی هێزە كوردستانییەكان لە هەولێر شكستی هێنا ؟

1938 خوێندراوەتەوە


كۆبونەوەی هێزە كوردستانیەكان لەهەولێر بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی عێراق دا بەیەك هاوپەیمانی ئەنجام نەدرا و ئامادەنەبونی وەفدی یەكێتی لەكاتی خۆیدا شكستی بە كۆبونەوەكە هێنا.


دوێنی لەسەر ئاستێكی باڵا هێزە كوردستانیەكان لەهەولێر كۆبونەوە و رێكەوتن" مەبدەئیەن" كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان بە یەك هاوپەیمانی بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكات، بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكیش وابڕیاربو بەرپرسانی دەزگا و دامەزراوەكانی هەڵبژاردنی حیزبەكان ئەمڕۆ لەهەولێر كۆببنەوە، بەڵام كۆبونەوەكە نەكرا.


وابریاربو كۆبونەوەكە كاتژمێر 10 ی سەر لەبەیانی بكرێت، بەڵام وەفدی یەكێتی لەكاتی خۆیدا ئامادە نەبون.


كۆكردنەوەی هێزەكان لەهەولێر و پێكهێنانی هاوپەیمانی هێزە كوردستانیەكان، پێشنیاری حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بو.


سەبارەت بە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ بەڵێن عەبدوڵا، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بە " دیپلۆماتیك مەگەزین" ی راگەیاند، كۆبونەوەكە بەهۆی نەهاتنی وەفدی یەكێتی لەكاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا، هەرچەندە پێشوەخت ئاگاداربون لە وادەی كۆبونەوەكە.وتیشی، ئەم بابەتە دانەخراوە و لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆئەوەی جارێكی تر هێزەكان كۆبكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندی بە هەموو لایەنەكانەوە دەكەنەوە.

تەئكیدیشی كردەوە سەرەڕای ئەوەی كات زۆر كەم لەبەردەستدا ماوە، بەڵام بێ‌ ئومێد نەبون و ئەگەر ئیرادەیەك هەبێت دەتوانن بگەنە ئەنجام.


سەبارەت بە ئامادەنەبونی وەفدی یەكێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە "دیپلۆماتیك مەگەزین" ی وت، یەكێتی هۆكاری شكستی كۆبونەوەكە نیە، راستە وەفدەكەمان لەكاتی خۆیدا ئامادە نەبوە، بەڵام ئامادەبوانی كۆبونەوەكەیان ئاگادار كردوە كە هەر بڕیارێك بدەن یەكێتیش پێیەوە پابەند دەبێت و هاوكات وەفدی یەكێتیش دوای ئاڤادار كردنەوەیان بەرێگاوە بون بۆ شوێنی كۆبونەوەكە بەڵام دیارە پێش گەیشتنی وەفدەكەمان هێزەكان رۆیشتون.

kobwnawa


هاژە سلێمان، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی حیزبی شیوعی كوردستان بە "دیپلۆماتیك مەگەزین" ی وت، تاوەكو كاتژمێر یانزە و 30 خولەك چاوەڕێی وەفدی یەكێتی بون بەڵام نەهاتون، دواتر وەفدی هەرسێ‌ لایەنی گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی شوێنی كۆبونەوەكەیان بەجێهێشتوە.


هەر لەوبارەیەوە، د. خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە وادەی خۆیدا ئامادەی كۆبونەوەكە بون، وتی، پارتی بەرپرسیار نیە لەوەی ئەمرۆ رویدا و ئامادەشە بۆ پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانیە.

xasraw goran


وابڕیارە لە 12-5 ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، پێكهێنانی هاوپەیمانیەكانیش كۆتایی هاتوە و دوا وادەش بۆ پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان یانزەی ئەم مانگەیە، ئەوەش گرفتێكی گەورەی بەردەم هەوڵەكانە بۆ بەشداریكردنی كورد لەو هەڵبژاردنەدا وەك یەك هاوپەیمانی، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەمڕۆ رویدا و ئەو كاتە كەمەی لەبەردەست ماوە پێناچێت هێزە كوردستانیەكان بگەن بەرێكەوتن.

 

author photo

بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندن 

ئەزمونی ١٢ ساڵ كاركردن لە میدیای نوسراو، بینراو و بیسراو