بەرپرسیارێتی مێژوویی بەریتانیا لە تراژیدیای سەد ساڵەی کورددا

سیاسەتەکانی بەریتانیا بەرانبەر بەكورد، دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کوردو داگیرکردنی کوردستانی بەرهەمهێنا

بەرپرسیارێتی مێژوویی بەریتانیا لە تراژیدیای سەد ساڵەی کورددا

485 خوێندراوەتەوە

سیاسەتە کۆڵۆنیالییەکانی بریتانیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان بوونە هۆی گەلێ کارەسات و ماڵوێرانی، کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەسەر گەلی کوردا هاتن. ئەو سیاسەتانە لە کاتی یەکەمین شەڕی جیهان و ساڵانی دواتردا دەیان کۆسپ و تەگەرەی نوێیان لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی ئەم گەلەدا دروست کرد، کە تا ئەمڕۆش پێیەوەی دەناڵێت.

 
نەک هەر نەیتوانیوە لە لێکەوتە و شوێنەوارەکانی خۆی ڕزگار بکات، بەڵکو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەبن. بەرهەمی سیاسەتەکانی بریتانیا دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد و داگیرکردنی کوردستان و کردنی بە کۆڵۆنیایەکی نێودەوڵەتی بوو. ئەم بارودۆخە سەدەیەکی تەواوە ژیانی نەتەوەیەکی گەورەی کردووە بە دۆزەخ. کردەوە دژە مرۆییەکانی داگیرکەرانی کوردستان لە بەرامبەر کورد و نیشتمانەکەی بە درێژایی سەدەی ڕابردوو بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو بڕیارە چارەنووسسازانە بوون، کە ئەو ڕۆژانە بریتانیا بە هاوکاری فرەنسا لە سەری ڕێکدەکەوتن. هەڵبەتە تاوانەکانی کۆڵۆنیالیزمی بریتانی پاکانە ناکات بۆ خوێنڕێژی و کاولکاری داگیرکەرانی کوردستان بە درێژایی ئەو ماوەیە، هەروەها گەردنی سەرداران و ڕابەرانی ئەو سەردەمەی کوردیش لە بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی ئازاد ناکات.


ئەمانەی دوایی، وەک پیشەی هەمیشەییان، نە لە ئاست ڕووداو و گۆڕانکارییە مەزنەکانی ناوچەکەدا بوون و نە دەستبەرادی ململانێ و کێبڕکێی خێڵەکی، بنەماڵەیی و ناوچەیی خۆیان دەبوون، بۆیە لە ئەنجامدا نەیانتوانی سود لەو دەرفەتە مێژووییە وەربگرن و زەمینە خۆش بکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، بۆ خۆشیان زۆربەیان بوونە سوتەمەنی ئاگربارانی داگیرکەران .


ئاشکرایە فاکتەری دەرەکی ناتوانێت ئەو ڕۆڵە چارەنووسسازە ببینێت ئەگەر بارودۆخی نێوخۆیی گەلان و وڵاتان هاوکار و لەبار نەبن. بارودۆخی خێڵەکی کۆمەڵگای کوردی، دابەشبوونی و دابڕانی جوگرافی دەڤەر و ناوچەکانی کوردستان لە یەکدی، داتەپینی باری ئابوری کوردستان، ئاستی نزمی هۆشیاری نەتەوەیی و سیاسی و کولتوری کورد و ململانێ و کێبڕکێی سەردارانی لە پێناو بەرژەوەندی تەسکی خێڵەکی و بنەماڵەیی، ئەو فاکتەرانە بوون کە ئەرکی داگیرکەرانی ئەوروپایی و هەرێمییان لە کوردستان ئاسان دەکرد.


دەمێکە کاتی ئەوە هاتووە کورد دان بە هەندێ ڕاستی تاڵی مێژووی خۆیدا بنێت و لەوە زیاتر دڵی خۆی بە چیرۆکی هۆنراوە و هەڵبەستراوی بێ بنەما و بێ بەڵگەی مێژوویی خۆش نەکات. ئەوەی بەشێکی زۆر لە نووسەران و بە ناو مێژوونووسانی کورد دەیکەن بریتییە لە مێژوویەك کە دڵ دەیخوازێ، نەك ئەوەی لە ڕاستیدا ڕوویداوە و قەوماوە. گەلی کورد نە لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی و نە لە دوای ئەو شەڕەش پرۆژەی دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی نەبووە. کۆمەڵێک پرۆژەی دەوڵەتۆکەی لۆکاڵ، ئۆتۆنۆمی، نیمچە دەوڵەتی سەربەخۆ لە ژێر چاودێری ئەم وڵات و ئەو وڵاتدا لە ئارادا بوون، بەڵام هیچ کامیان پرۆژەیەکی گشتگیری نەتەوەیی و نیشتمانی نەبوون، بەو واتایەی هەموو بەشەکانی کوردستان بگرێتەوە. وەک پرۆژە گشتگیرەکە لە ئارادا نەبوو، هیچ یەکێك لەو پرۆژە لۆکاڵیانەش زەمینەسازی بۆ نەکرابوو و کۆڵەکە سەرەکییەکانی بەردەست نەبوون، بۆیە هەموویان لە لانکەدا سەریان نایەوە. نە بەرژەوەندی نەتەوەی کورد بە گشتی، نە هیچ یەكێك لەو پڕۆژە لۆکاڵیانە هاوبەش و هاوئاهەنگ بوون لە گەڵ بەرژەوەندی ستراتیژی یەکێ لە زلهێزەکاندا کە بڕیاریان لە چارەنووسی گەلان دەدا. بۆیە ئەوەی بۆ گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نزیک هەڵکەوت بۆ کورد نەلوا.


کۆمەڵێ سەردار و ڕابەری کوردیش لەم بەشە و ئەو بەشەی کوردستان لە سەر گۆڕەپانەکە لە جموجوڵ و چالاکیدا بوون و هەوڵی ئەوەیان دەدا شتێك بۆ کورد بە دەست بێنن، بەڵام سەرکردایەتییەکی دووربین و خاوەن کارێزما، کە زۆربەی کورد لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە لە هیچ شوێنێکی کوردستان لە ئارادا نەبوو. چالاکی و خەباتی خوێندەواران و ڕۆشنبیرانی کورد لە ئەستەموڵ گیری خواردبوو و کەم کەس لە کوردستان دەیناسین و ئاستی خوێنەواریش ئەوەندە نزم بوو کەس ئاگای لێ نەبوو خەریکی چین و باسی چی دەکەن. نە ئەوانەی ئەستەموڵ و نە ئەوانەشی لە دوای شەڕ گەڕانەوە بۆ باشوری کوردستان توانیان لە گەڵ عەقڵیەت و هەڵس و کەوتی سەردارانی خێڵەکی و ئاینیدا هەڵبکەن، بۆیە لە کۆتاییدا زۆربەی هەرە زۆریان لە دەزگا و ناوەندەکانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان گیرسانەوە و شارەزایی و ئەزموونی کارگێڕی و سەربازی خۆیان خستە خزمەتی ئەو دەوڵەتانەوە.

،،


دەمێک بوو ئینگلیز شارەزایی لە سەر کوردستان پەیداکردبوو و زانیاری زۆری لە بارەی بونیادی کۆمەڵایەتی، هۆز، خێڵ و بنەماڵە دیارەکانێوە کۆکردبووە. گەڕیدە، بازرگان، سیخوڕ و مسیۆنێرەکانیان سەردانی زۆر ناوچەیان کردبوو و پەیوەندییان لە گەڵ سەرەك هۆز و کەسایەتییە دیارەکاندا بەستبوو. بەداخەوە ئەم شارەزایی و زانیارییانەیان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد بەکارنەهێنا، بەڵکو بۆ داگیرکردنی کوردستان و ئاڵۆزکردنی زیاتری ڕەوشی گەلەکەی.


لە خودی کوردستان چارەنووسی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە دەستی سەرەك هۆز، دەربەگ، شێخانی تەریقەت و پیاوانی ئاینییەوە بوو، کە مەودای بیرکردنەوەو ئاگادارییان لە دونیای سیاسەت و دەوڵەتسازی زۆر سنووردار و دواکەتوو بوو و هەر یەکەیان لە ئاوازێك دەیخوێند و چاوی لە دەستی دەوڵەتێک بوو. نە وەک مستەفا کەمال و نە وەک شەریفی مەککە کەسێکیان تێدا هەڵنەکەوت گەلەکەی ئامادە بکات بۆ بەرگری لە نیشتمان و مافە نەتەوەییەکانی. هەمیشە چاویان لە هێزێک بوو یارمەتیان بدات و دەوڵەتیان بۆ دروست بکات و ئەمانیش شانی لێبدنەوە. تەنانەت لە مەشدا زۆر جار مەبەستی سەرەکییان پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان و هۆز و خێل و گروپ و بنەماڵەکانیان بوو. ئەمانە هەندێك لە ڕاستییە تاڵەکانی مێژووی نوێ و هاوچەرخی نەتەوەی کوردن کە زۆر کەم تیشکیان دەخرێنە سەر و زەق دەکرێنەوە.


نابێت ئەو بۆچوونانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردن بەهەڵماندا ببەن و وابزانین ئەم خو و نەریت و خەسڵەتانە تایبەتن بە کورد وەک گەل و کۆمەڵگا. نەخێر ئەم بارودۆخە بەرهەمی ڕەوتێکی مێژوویی دوور و درێژی کۆمەڵگای کوردستانە، کە گرنگترین خەسڵەتەکانی بریتین لە دابەشبوونی سیاسی چەند سەدەیی، دابڕانی جوگرافی دەڤەرەکانی لە یەکدی، شەڕ و جەنگی لە بننەهاتووی نێوخۆیی و دەرەکی، تاڵانکاریی ئابوری، بونیادی کۆمەڵایەتی خێڵەکی و داکەوتوویی کولتوری ...تاد، کە لەم وتارە کورتەدا دەرفەتی ئەوە نیە بە وردی لێیان بکۆڵینەوە.


لە بەرامبەردا بە بێ تێگەیشتن لە ڵۆژیک و شێوازی مامەڵەکردنی بریتانیا لە گەڵ دۆزی کوردا، ئەستەمە بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەو زلهێزە بە وردی بخەینە ڕوو، بۆیە لێرەدا ئاماژە دەکەم بە چەند هێڵێکی سەرەکی تێگەیشتن و هەڵس و کەوتی بریتانیا لە تەك دۆزی کوردا.


دەمێک بوو ئینگلیز شارەزایی لە سەر کوردستان پەیداکردبوو و زانیاری زۆری لە بارەی بونیادی کۆمەڵایەتی، هۆز، خێڵ و بنەماڵە دیارەکانێوە کۆکردبووە. گەڕیدە، بازرگان، سیخوڕ و مسیۆنێرەکانیان سەردانی زۆر ناوچەیان کردبوو و پەیوەندییان لە گەڵ سەرەك هۆز و کەسایەتییە دیارەکاندا بەستبوو. بەداخەوە ئەم شارەزایی و زانیارییانەیان بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد بەکارنەهێنا، بەڵکو بۆ داگیرکردنی کوردستان و ئاڵۆزکردنی زیاتری ڕەوشی گەلەکەی.


بۆ بەرپرسانی بریتانیا لە ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی لە میسۆپۆتامیا "ئەو دەمە هێشتا ناوی عیراقیان بۆی دانەتاشیبوو"، کوردستان یەك کوردستان نەبوو و دۆزی کوردیش یەک دۆز نەبوو. ئەمە تەنها لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە نەبوو، بەڵکو لە سەر ئاستی باشوری کوردستانیش ئەوان چەند کوردستانێکیان دەبینی. بڕیاربەدەستانی باڵای بریتانیا لە میسۆپۆتامیا دەیان جار ئەم بیرۆکەیان لە نامە و نامەکارییە نهێنی و دواتریش لە بیرەوەری و کتێبەکانیاندا دووپات کردۆتەوە. ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتەکانی بریتانیا چ لە سەر ئاستی باشوری کوردستان و چ لە سەر ئاستی ولاتی کوردان بە گشتی. دەبێ ئەوەش لە بیر نەکرێت کە سیاسەتەکانی بریتانیا بەرامبەر بە کوردستان لە کاتی شەڕی جیهانی و ساڵانی دواتردا گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا هات، واتا لە دەسپێکەوە تا کۆتایی هەمان سیاسەت و ستراتیژ و تاکتیک نەبووە، بەڵکو بە پێی ڕووداوەکان نوێ کراونەتەوە و گۆڕانکارییان تێدا کراوە. جیاوازی زۆریش لە نێوان داڕێژەرانی ستراتیژ و سیاسەتەکاندا لە لەندەن و هیندستان و ئەوانەی لە سەر ئەرز و گۆڕەپانی ڕووداوەکان کاریان دەکرد لە ئارادا بوون، بەڵام ئەو جیاوازییانە زیاتر لە سەر شیوازی جێبەجێکردنی سیاسەتە کۆڵۆنیالییەکان بوون نەک گەوهەر و ناوەڕۆکەکانیان. ئەم خاڵەی دوایی زۆر توێژەری کورد و بیانیشی بەهەڵەدا بردووە و وای لە هەندێکیان کردووە باس لە فڵانە ئەفسەر و بەرپرس بکەن، گوایە لایەنگری کورد بووە و هەوڵیداوە دەوڵەتیان بۆ دروست بکات.


لە بەر ڕۆشنایی ئەو خاڵانەی سەرەوە، لەم وتارەدا دۆزی کورد لە چەند ڕەهەند و لە سەر چەند ئاستێکی جیاواز لێکدەدەینەوە. ئەو سەردەمە بریتانیا لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی ناوچەکەدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینی و هێز نەبوو ڕکەبەرایەتی بکات. تێڕوانینی بریتانیا بۆ بەشەکانی کوردستان زۆر جیاواز بوو، پلانە سەرەکییەکانی بۆ هەردوو بەشی ئێرانی و عوسمانی وەک یەک نەبوون. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەرکی بریتانیا ئاسان بوو، چونکە دەمێك بوو باڵادەستی بریتانیا لە ئێران مسۆگەر کرابوو. ئەوەی بابەت و مایەی بگەرە و بەردە بوو کوردستانی عوسمانی بوو، کە لەو ڕۆژانەدا هێشتا نەدەزانرا چارەنووسی چۆن دەبێ و دوایی کرا بە سێ بەشەوە و بە سەر تورکیا، عیراق و سوریادا دابەشکرا.

بریتانیا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا ئاماژەمان بەوە کرد کە سیاسەتی بریتانیا بەرامبەر بە کورد لە هەردوو بەشی عوسمانی و ئێرانیدا هەمان سیاسەت نەبوو. لە بارەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سیاسەتێکی ئاشکرا و بەردەوامی هەبوو، لە کاتێکدا هەڵوێست و تاکتیکەکانی لە بارەی کوردستانی عوسمانییەوە لە پێداچوونەوە و نوێکردنەوەی بەردەوامدا بوون. هۆکاری سەرەکی ئەوە بوو کە بریتانیا دەمێك بوو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی لە ئێران سەپاندبوو. بە پێی پەیماننامەی ٣١ ئابی ١٩٠٧ سەبارەت بە دیاریکردنی ناوچەکانی نفوز و باڵادەستی هەر یەک لە بریتانیا و ڕووسیا لە ئێران، ئەفغانستان و تبت، کە لە سان پیتەربورگ لە نێوان وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و باڵیۆزی بریتانیا لەو وڵاتە مۆرکرا، ئێران بۆ سێ زۆرن دابەشکرا: باشور بۆ باڵادەستی بریتانیا، باکور بۆ ڕووسیا و زۆنێکی بێلایەنیش لە نێوان هەردوولادا بۆ دەسەڵاتی حکومەتی شای ئێران دانرا. باشوری ئێران بۆ بریتانیا لە دوو ڕووەوە زۆر گرنگ بوو، یەکەم دەستگرتن بە سەر نەوتی عباداندا و دووەمیش بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێگای دەریایی بۆ هیندستان. لە ساڵانی شەڕدا بریتانیا ئەوەندی تر پێگەی خۆی لە ئێران قایم کرد. دەرچوونی ڕووسیا لە شەڕ دوای شۆڕشی ئوکتۆبەری ١٩١٧ و شکستی تەواوی دەوڵەتی عوسمانی لە ١٩١٨، هەموو خاکی ئێرانی کرد بە گۆڕەپانی باڵادەستیی بریتانیا. ئەڵمانیا کە ڕکابەرێکی بەهێزی بوو لە ئێران دۆڕاوی شەڕ بوود، فرەنساش بەلاوازی لە شەڕ دەرچوو بوو، بۆیە هیچ هێزێك نەمابوو لە ئێران کێبرکێی لە گەڵدا بکات.


دوای ڕێککەوتننامەی ٩ ئابی ١٩١٩ لە نێوان بریتانیا و حکومەتی ئێراندا، ئەم وڵاتە لە باری واقیعییەوە ببوو بە پارێزراوگەی(محمیە) بریتانی. بریتانیا بە توندی دژی هەر هەوڵێکی نێوخۆیی و دەرەکی بوو دەست بۆ ئێران ببات، یا باس لە گۆڕانکاری لە نەخشەکەیدا بکات. ئینگلیزەکان زوو ئەو پەیامەیان بە گوێی کوردانی ڕۆژهەڵاتدا دا، کاتێك ژمارەیەك لە کەسایەتی و سەرەک هۆزەکانیان لە ڕێوڕەسمی دانانی شێخ مەحمودی حەفیدا بە حوکمدار لە سلێمانی ئامادە بوون. ئەو کەسایەتییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خواستی ئەوەیان دەربڕیبوو کە دەیانەوێت ناوچەکانی ئەوانیش بخرێنە نێو ئەو دەوڵەتە کوردییەوە کە پێیانوابوو بە سەرۆکایەتی شێخ دادەمەزرێت. نوێنەرانی دەسەڵاتی کۆڵۆنیالی بریتانی لە میسۆپۆتامیا بە توندی ئەوەیان ڕەتکردەوە و پێیان ڕاگەیاندن نابێت بیر لە شتی وا بکەنەوە و باشترە بگەڕێنەوە بۆ ئێران. فەرمانڕەوای مەدەنی بریتانیا لە میسۆپۆتامیا ئاڕنۆڵد ویڵسن ئەم سیاسەتەی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئێران لە چەند وشەیەکدا بە ڕاشکاوەیی بەرجەستە کرد، کاتێ وتی "بە هەموو شێوەیەکی گونجاو ئەو هەوڵانەی کورد لە باردەبەین بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتی ئێران"(١).

،،

ئەم بارودۆخە سیاسی و پاشخانە مێژووییە ئەو هەڵوێستەی توندەی بریتانیامان بۆ ڕووندەکاتەوە لە دژی هەموو هەوڵەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات. بە هەمان شێوەش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە: بۆچی لە هەموو ئەو باس و خواسانەی لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی و دواتریشدا لە بارەی دۆزی کورد و دەوڵەتی کوردییەوە دەکران ناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناواندا نەبوو


ئەم بارودۆخە سیاسی و پاشخانە مێژووییە ئەو هەڵوێستەی توندەی بریتانیامان بۆ ڕووندەکاتەوە لە دژی هەموو هەوڵەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات. بە هەمان شێوەش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە: بۆچی لە هەموو ئەو باس و خواسانەی لە ساڵانی شەڕی یەکەمی جیهانی و دواتریشدا لە بارەی دۆزی کورد و دەوڵەتی کوردییەوە دەکران ناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناواندا نەبوو. هەموو کەسێک بۆی هەبوو بپرسێت: چۆن دەبێت باس باسی دەوڵەتی کوردی بێت، کەچی بەشێکی گرنگی کوردستان پشتگوێ بخرێت و نێوی لە ناواندا نەبێت؟. هەر بۆیە دەبینین نە لە ڕێککەوتنامەی سایکس – پیکۆ و نە لە وتووێژەکانی کۆنفرانسی ئاشتی و پەیماننامەی سێڤر(١٩٢٠) باسی ئەم بەشەی کوردستان بە هیچ شێوەیەك نەکراوە. هەوڵەکانی ڕابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لەو سەردەمدا، وەک سمایل ئاغای شکاک "سمکۆ"، مەحمود خانی دزڵی و سەید تاها بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری بریتانیا بێ ئاکام بوون. پشتگیری بریتانیا و ئەمێریکا لە حکومەتی ئێرانی بۆ لە ناوبردنی کۆماری کوردستانی فاکتەرێکی گرنگ بوو بۆ لە گۆڕنانی خەونی کورد لەو بەشەی کوردستان. دەتوانم بڵێم تا ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووش بریتانیا لە هێڵە گشتییەکانیدا هەر ئەم سیاسەتەی پەیڕەو کردووە.


ئەو کاتە هێشتا نەدەزانرا ئاکامی ڕووداوەکانی ئاسیای بچووک (تورکیا) چۆن دەبێت، چارەنووسی ویلایەتی مووسڵیش "تۆ بڵێ باشوری کوردستان" تا ئاستێکی زۆر بەند بوو بەو پێشکەوتنانەوە کە لەوێ دەگوزەران، بۆیە تەنها ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو چارەنووسی لە لای بریتانیا یەکلایی ببووەوە. ئێران بە فەرمی بەشداری لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا نەکردبوو، هەرچەندە کەس گوێی بەوە نەدابوو و ڕێزی لێ نەگرتبوو، بە پێچەوانەوە بەشێکی گرنگی ئەو وڵاتە بە تایبەتی کوردستان و ئازەربایجانەکەی ببوون بە گۆڕەپانی شەڕێکی خوێناوی لە نیوان هەردوو سوپای ڕووسیا و دەوڵەتی عوسمانیدا. هەر لە بەر ئەوەش بوو ڕێگە بە نوێنەرانی ئێران نەدرا لە کۆنفرانسی ئاشتیدا بەشدار بن و لە لێکەوتە و دابەشکردنی دەستکەوتەکاندا شتێکیان بەربکەوێت، هەرچەندە نەخشەی خەیاڵی گەورەیان ئامادە کردبوو. هەموو ئەمانە هۆکاری سەرەکی نەبوون، پرسی یەکلاکەرەوە ئەوە بوو کە باشوری ئێران ساڵانێک بوو کەوتبووە ژێر ڕکێفی بریتانیاوە و ڕێگەی نەدەدا هیچ دەوڵەتێکی دیکە کێبڕکێی لە گەڵدا بکات، بۆیە نە لە کۆنفرانسی ئاشتی و نە لە پەیماننامەی سێڤر بە یەک وشەش باسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەکرا. لە ساڵانی دواتریشدا بریتانیا بەرامبەر بە کوردی ڕۆژهەڵات هەمان سیاسەتی پەیڕەو دەکرد.

بریتانیا و سایکس – پیکۆ

داڕێژەری سەرەکی ڕێکەوتننامەی سایکس – پیکۆ بریتانیا بوو، کە بە هاوکاری فرەنسا و دواتریش بەشداریپێکردنی ڕووسیا مۆریان کرد. ڕووسیا لە دوای ساڵ و نیوێك، واتا دوای شۆڕشی ئوکتۆبەری ١٩١٧، لە شەڕی جیهانی و ڕێککەوتننامەکانیش کشایەوە. دابەشکردنی میراتەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە دوای یەکەمین شەڕی جیهانی، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە لەتوپەتکردنی کوردستانەوە هەبوو، لە سەر ئەرزی واقیع زۆر جیاواز بوو لەوەی لە بەندەکانی سایکس – پیکۆدا هاتبوو. بۆ نموونە لەو ڕێککەوتننامەیەدا باکوری کوردستان بۆ ڕووسیا دانرا بوو. کاتێك ڕووسیا کشایەوە ئەو بەشەی کوردستان "بێ خاوەن" مایەوە و ئەنجامەکەی کێبڕکێ و ململانێیەکی توند بوو لە نێوان بریتانیا و فرەنسا بۆ داگیرکردنی زۆرترین خاکی ئەو بەشەی کوردستان. پێشتر بریتانیا نەیدەویست بە هیچ شێوەیەك و لە هیچ شوێنێک دراوسێی ڕووسیا بێت. هەر لە بەر ئەمە نەک تەنها باکوری کوردستان، بەڵکو بەتەما بوو دەست لە بەشێکی گەورەی باشوری کوردستانیشی هەڵبگرێت. ئامادە بوو لە زێی بچوکەوە بەرەو ژوور تا دوا خاڵی ئەوڕۆی باشوری کوردستان بە پێی سایکس – پیکۆ بخاتە سەر ئەو ناوچانەی کە لە شام بۆ فرەنسا تەرخان کرابوون. لێ هەر لە دوای کشانەوەی ڕووسیا، بریتانیا کەوتە خۆی بۆ ئەوەی لە سنوورەکانی یەکێتی سۆڤییەت لە کەفکاز نزیک ببێتەوە. هەر بۆ ئەم مەبەستە و هەڵبەتە لە بەر نەوتەکەشی فرەنسای ناچار کرد دەست لە ویلایەتی مووسڵ هەڵبگرێت. ئەوەی پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە، کە بریتانیا هەر لەو کاتەوە ئەو سەرزەمینەی لە زێی بچووکەوە، واتا لە سەرووی کەرکوکەوە دەستپێدەکات و تا دەگاتە خوارووی خانەقین و کە دەریاچەیەك نەوتی لە ژێردا بوو و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە زانا جیۆلۆجییەکانی ڕۆژئاوا بە تایبەتی ج. مۆرگانی فرەنسی توانیبوویان سنوورەکانی دیاری بکەن، خستبووە دەرەوەی ئەو بەشەی ویلایەتی مووسڵەوە کە بۆ فرەنسا تەرخان کرابوو. لە ئەڵقەیەکی دیکەدا دێمەوە سەر باسی بریتانیا و کورد و نەوتی کەرکوك، کە بووە هۆکارێکی سەرەکی تراژیدیای کورد لە سەدەی ڕابردوودا و هێشتاش بەردەوامە. هەڵوێستی نامەردانەی بریتانیا لە مەڕ ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کوردستان و دەرکەوتنی بەپەلەی کۆمپانیای نەوتی بریتانی "بریتیش پیتڕۆڵیۆم –British Petroleum " لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک دوای ١٦ ئوکتوبەر بە یەک دوو ڕۆژ بەرجەستەی تەواوی ئەم چیرۆکە دەکەن.


لە باکوری کوردستان بزووتنەوەی کەمالی پلانەکانی بریتانیا و فرەنسای تێکشکاند و هەموو ئەو بەشەی کوردستانی داگیرکرد و سیاسەتێکی کۆڵۆنیالیانەی وێرانکەرانەی تێدا پەیڕەو کرد. لەو ساڵانەشدا کە ململانێ و کێبڕکێیەکی توند لە سەر ویلایەتی مووسڵ (١٩١٨ -١٩٢٥) لە ئارادا بوو، تورکیای کەمالی هەوڵی زۆریدا دەست بگرێتەوە بە سەر باشوری کوردستاندا. هەڵبەتە بریتانیا، کە فرەنسای ناچار کردبوو دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت، ئامادە نەبوو بە هیچ شێوەیەک مل بۆ داخوازیی کەمالییەکان لە بارەی موسڵەوە بدات. نەك هەر ئەوە بەڵکو چاوی بڕیبووە دەڤەری هەکاریش، کە بۆ چەند مەبەستێک دەیویست بیخاتە سەر عیراق: یەکەم بۆ پاڕاستنی باشوری کوردستان و مووسڵ، نزیکبوونەوە لە سنوورەکانی یەکێتی سۆڤییەت لە کەفکاز و گێڕانەوەی ئاسورییەکان بۆ زێدی خۆیان و ئەگەر دەرفەتیش پەیدا بوو قەوارەیەکی ئەتنیکییان بۆ دروست بکات.

،،

لە باکوری کوردستان بزووتنەوەی کەمالی پلانەکانی بریتانیا و فرەنسای تێکشکاند و هەموو ئەو بەشەی کوردستانی داگیرکرد و سیاسەتێکی کۆڵۆنیالیانەی وێرانکەرانەی تێدا پەیڕەو کرد. لەو ساڵانەشدا کە ململانێ و کێبڕکێیەکی توند لە سەر ویلایەتی مووسڵ (١٩١٨ -١٩٢٥) لە ئارادا بوو، تورکیای کەمالی هەوڵی زۆریدا دەست بگرێتەوە بە سەر باشوری کوردستاندا. هەڵبەتە بریتانیا، کە فرەنسای ناچار کردبوو دەست لە مووسڵ هەڵبگرێت


ئا بەو شیوە کوردستانی عوسمانی (باکور، باشور و ڕۆژئاوا) بە شێوازێکی زۆر جیاواز لەوەی لە سایکس – پیکۆ بڕیاری لێدرابوو دابەشکرا و دەڤەرە جیاوازەکانی لێك دابڕێنران. ڕۆژئاوای کوردستانیش، کە لە ڕاستیدا درێژەکراوەی جوگرافی و ئەتنیکی باکوری کوردستان بوو، بە پێی ڕێککەوتنامەی ١٩٢١ لە نێوان فرەنسا و کەمالییەکاندا خرایە ژێر مەندەیتی فرەنسییەوە و بوو بە بەشێك لە سوریای داهاتوو. باکوری کوردستانیش لە دوای سەرکەوتنی کەمالییەکان و پاشگەزبوونەوەی دەوڵەتانی هاوپەیمان لە پەیماننامەی سێڤر کرا بە بەشێك لە تورکیا و ڕووبەڕووی دەیان کارەسات و کوشتار بووە و تا ئێستاش گەلەکەی لە بارێکی سەخت و دژواردا دەژێت. ئەوەی دەبێت لێرەدا بوترێت ئەوەیە ئەگەر بەندەکانی سێڤر جێبەجێ بکرابایەن، ئەوا ئەرمینیا بە پێی ماددەکانی ٨٨ – ٩٣ زۆربەی خاکی باکوری کوردستانی پێ دەبەخشرا.(بڕوانە: نەخشەکەی سێڤر کە لە گەڵ ئەم وتارەدا بڵاوکراوەتەوە و لە کاتی باسکردنی سێڤردا هاوپێچ دەکرێت).


چارەنووسی باشوری کوردستان بە ڕەهایی کەوتە ژێر دەستی بریتانیاوە. پرۆسەی بەزۆر لکاندنی بە عیراقەوە لە یەکەم ڕۆژانی دوای شەڕەوە بوو بە سیاسەتی فەرمی کاربەدەستانی کۆڵۆنیالی بریتانیا لە میسۆپۆتامیای داگیرکراوادا. لەو چەند ساڵەدا واتا لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانییەوە لە ١٩١٨ تا سەرکەوتنی کەمالییەکان و مۆرکردنی پەیماننامەی لۆزان لە ١٩٢٣، هەوڵی لکاندنی بە زۆری ویلایەتی مووسڵ و باشوری کوردستان بە عیراقەوە چارەنووسی کوردی لەم بەشەی کوردستان دیاریکرد. بڕیاربەدەستانی بریتانیا ناچار بوون هەندێ گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانیاندا بەرامبەر کورد و داهاتووی کوردستان بکەن، کە ببوو بە یەکێك لەو پرسە گرنگانەی ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبووەوە چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چ لە لەندەنی پایتەخت.


لەم بارەیەوە ژمارەیەکی یەگجار زۆر نامە و نامەکاری لە نێوان کاربەدەستانی سەربازی و دیپلۆماسی بریتانیا لە ئەستەموڵ، تاران، قاهیرە، بەغدا و وەزارەتەکانی دەرەوە، کۆڵۆنییەکان، کاروباری هیندستان...تاد لە بەردەستدان، کە چیرۆک و وردەکاری ئەو پلان و سیاسەت و پیلانانە دەگێڕنەوە کە لەو ڕۆژانە سەبارەت بە دواڕۆژی کورد و کوردستان دوور لە خواستەکانی گەلەکەی دادەڕێژران.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد