سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی:      ئاساییە كۆمەڵ بەشداری حكومەت بكات

"كۆمەڵ و گۆران ناتوانن بە ئاسانی بریار بدەن"

سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی: ئاساییە كۆمەڵ بەشداری حكومەت بكات

396 خوێندراوەتەوە

 

بابەتی پێكهێنانی حكومەت، دەبێتە ویردی سەر زمانی ئەو حزبانەی مەیلی بەشداری كردنیان هەیە، گۆران و كۆمەڵیش تاكو ئێستا لەمبارەوە هیچ بریارێكی رەسمیان نەداوە، سەركردەیەكی كۆمەڵیش ئەوە رادەگەیەنێت: ئەگەر حزبەكەی بریار بدات بەشدارى حكومەت بكات، زۆر ئاساییە.

 
هەفتەی پێشوو پارتی و یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەوەیان بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن ئاشكرا كرد كە هەردووكیان دەست دەكەن بە پێكهێنانی حكومەتێكی تۆكمە و سەردانی لایەنە سیاسییەكانیش دەكەن.

 
سەبارەت بەم بابەتە زانا رۆستایی، سەركردە لە حزبی كۆمەڵی ئیسلامی، بۆ دیپلۆماتیك مەگەزین دەدوێت و ئەگەرەكانی بەشداریكردنی حزبەكەی لە كابینەی نوێی حكومەت دەخاتە روو.

زانا رۆستایی، سەركردە لە كۆمەڵی ئیسلامی

 

 

،،

پێم باشە كۆمەڵ و گۆرانیش بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت نەكەن، لەبەرامبەردا ببنە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا، بەڵام ئەگەر بریاریش بدەن بەشدار بن ئاساییە، چونكە حزبی سیاسین و مافی خۆیانە.

 

 

"ئاساییە كۆمەڵ و گۆران بەشداری حكومەت بكەن"

سەركردەكەی كۆمەڵ ئەوە ناشارێتەوە كە زۆر ئاساییە حزبەكەی بریاری ئەوە بدات كە بەشداری حكومەت بكات، بەڵام ئەوەش رادەگەیەنێت كە پێی باشە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا بوونی هەبێت.

 
"پێم باشە كۆمەڵ و گۆرانیش بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەت نەكەن، لەبەرامبەردا ببنە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا، بەڵام ئەگەر بریاریش بدەن بەشدار بن ئاساییە، چونكە حزبی سیاسین و مافی خۆیانە". رۆستایی وایگووت.

 

هەروەها دەشڵێت: " پێم باشە ئەو حكومەتە بۆ یەكێتی و پارتی جێ بهێڵرێت، تاكو ئەگەر كارێكی باشی كرد دەست خۆشی لێ بكەین ئەگەر كارێكی خراپیشی كرد ئاگاداری بكەینەوە".

 

ئەو باس لەوەش دەكات یەكێتی و پارتی دەیانەوێ بەبەشداری كردنی هەموو حزبەكان لە كابینەی نوێ، هەموان تێوەبگلێنن لە گەندەڵییەكان و كارە خراپەكان لەخۆیان دوور بخەنەوە.


بۆیە حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات ئاگادار دەكاتە كە نزیكایەتی لەگەڵ یەكێتی و پارتی باجدانی دەوێت و دوای چوار ساڵی دیكە لە هەڵبژاردندا هاوڵاتیان سزایان دەدەن.

 

،،

لە پەیرەو پرۆگرامی ناوخۆی كۆمەڵدا ئەوە هاتووە لە بابەتی بەشداریكردن و بەشداری نەكردنی حزب لە كابینەكانی حكومەتدا دەبێت لە كۆنفرانسێكی گشتی ناوخۆیدا بریار بدرێت كە ئایا بەشداری بكەن یاخود نا؟ بۆیە بریاردان ئاسان نییە و ناتوانن بەپەلە بریار بدەن.

 

 

"كۆمەڵ و گۆران و ناتوانن بریار بدەن"

سەبارەت بە بریار نەدانی گۆران و كۆمەڵ كە تاكو ئێستا ماونەتەوە و خۆیان یەكلای نەكردووەتەوە ئایا بەشداری حكومەت دەكەن یاخود نا؟

سەركردەكەی كۆمەڵ دەشڵێت: " گۆران لە ئێستادا ناتوانێ بە ئاسانی بریار بدات و چاوەرێ دەكات هەتاكو بزانێت ئەندام و هەڵسوراوەكانی چی دەڵێن لەمبارەوە، هەرچی كۆمەڵی ئیسلامیشە بەهەمان شێوەی گۆران بریاردان تیایدا ئاسان نییە".

 

 

 

 

"لە پەیرەو پرۆگرامی ناوخۆی كۆمەڵدا ئەوە هاتووە لە بابەتی بەشداریكردن و بەشداری نەكردنی حزب لە كابینەكانی حكومەتدا دەبێت لە كۆنفرانسێكی گشتی ناوخۆیدا بریار بدرێت كە ئایا بەشداری بكەن یاخود نا؟ بۆیە بریاردان ئاسان نییە و ناتوانن بەپەلە بریار بدەن".

 

لەكۆتایدا هەرچەندە زانا رۆستایی بە شتێكی نۆرماڵی دەزانێت ئەگەر حزبەكەی بەشداری حكومەتیش بكات، بەڵام ئەوەش ئاشكرا دەكات كە پێشبینی ئەوەی كردووە كە كۆمەڵ پێ ناچێت بەشداری حكومەت بكات و ئەگەری زۆرە ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێكی كارا.

 

لە هەفتەكانی داهاتوودا یەكێتی و پارتی سەردانی لایەنەكان دەكەن تاكو كێكی حكومەتیان لەگەڵدا دابەش بكەن و بۆ ماوەی چوار ساڵی دیكە كابینەیەكی نوێ پێك بهێنن.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان