زیاد لە حه‌وت هەزار کەس لەدانیشتوانی گوندێك له‌ناكاو خه‌ویان لێده‌كه‌وێت

تووشی خه‌وبردنه‌وه‌ی له‌ناکاو بوون‌و شه‌ش ڕۆژو شه‌ش شه‌و ده‌خه‌ون

زیاد لە حه‌وت هەزار کەس لەدانیشتوانی گوندێك له‌ناكاو خه‌ویان لێده‌كه‌وێت

414 خوێندراوەتەوە

گوندی "کالیتشی" لەوڵاتی کازاخستان بۆتە جێی سەرنجی تەواوی زاناکانی جیهان، بەهۆکاری ئەوەی دانیشتوانی ئەو گوندە جیاواز دەخەون، کالیتشی دەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای "کازاخستان" بەدوری 230 کم هاوسنوری وڵاتی ڕوسیایە، دانیشتوانی ئەم گوندە لەکاتی کارکردن‌و شۆفێریکردن‌و دەوامی ئاسایی ڕۆژانەو بازاڕو شوێنە گشتییەکان، تەنانەت هەندێجار لەکاتی گفتوگۆیەکی ئاساییشەوە لەناکاو خەو دەیانباتەوە.

 

ماوەی خەوتنی دانیشتوانی ئەم گوندەیە ئەوە نییە بەتەنها چەند چرکەیەک یان چەند کاتژمێرێک‌و ڕۆژێک‌و دوان‌و شەوێک‌و دوان بێت، بەڵکو هەندێ جار دەگاتە شەش ڕۆژو شەش شەو.
بەگوێرەی وتەی دانیشتوانی ئەم گوندە، ئەوان لەساڵی 2010 ڕوبەرووی ئەم خەوبردنەوەیە لەناکاوە بونەتەوە، بۆیەکەم جاریش لەهەمان ساڵ کاتێک "لیبۆف لایبۆکا" ئەبێتە جێی تێڕامان‌و سەرنجی هاوڕێکانی، کاتێ لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتون‌و لەناکاو خەو دەیباتەوەو ڕوومەتەکانی دەکەوێتە سەرمێزەکە، دوای هەوڵێکی زۆری هاوڕێکانی بەڵام ناتوانن خەبەری بکەنەوەو ماوەی خەوتنەکەی 4ڕۆژ دەخایەنێت، دوایی ئەم ڕووداوە ئەبێت بەدیارەدەو بەخێرایی ئەم حاڵەتە ده‌گمه‌نه‌ سەرسوڕهێنەرە لەنێو دانیشتوانی گوندەکەدا بڵاو دەبێتەوە‌و ژمارەیان دەگاتە 629 کەس، دواتر ڕێژەی ژمارەی توشبوان بەدیاردەی خەوبردنەوەی لەناکاو دەگاتە 680 کەس، ئیتر هەندێک لەم کەسانەش لەماوەی خەوتنەکەشیاندا توشی سەکتەی دەماغ‌و دەمارەکانی مێشکیش دەهاتن.

 

دوای لێکۆلینەوەی پزیشکی‌و زانستی پشکنین بەهیچ جۆرێک نەگەیشتن بەئەنجام، کار دەگاتە ئەوەی لەهەندێ کات‌و حاڵەتدا کاریگەری کردووه‌ته‌ سەر پڕۆسەی پەروەردەو زۆرجار خوێنکارەکان‌و مامۆستاکان لەکاتی وانە وتنەوەداو گوێگرتندا لەناکاو خەو دەیبردنەوە، وەنەبێ تەنها مرۆڤی ئه‌و گونده‌ ڕوبەرووی ئەو دیاردەیە بووبێتەوە، تەنانەت هەندێ لەگیاندارەکانی وەک پشیلەو سەگ‌و پەلەوەریش توشی هەمان دەرد دەهاتن، دوای ئەوە زانایان پشکنین‌و لێکۆلینەوەی زانستیان لەسەر 7000 کەس وەرگرت، بەنمونە بەبەراورد لەژینگەوکەش‌و هەوایشەوە، کارگەیشتە ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ئەم وڵاتە دیاردەکەی گەڕاندەوە بۆبەرگە هەواو بەهەڵمبوون‌و پیسبوونی ئاوهەوای ناوچەکە لەو وەرزەدا، بەڵام دەرکەوت چوار وەرزی ساڵ هەمان کێشە هەیە، دوای تەواوبوونی لێکۆلینەوە زانستییەکان، زاناکان ڕوداووی خەوبردنەوەکەیان گەڕاندەوە بۆ پیسبوونی هەوای ناوچەکە بە ماددەی "یۆرانیۆم"‌و بەهەمان شێوە کەوتنە لێکۆڵینەوە کەئاخۆ پەیوەستە بەپرسەکانی بابەتی ماددەی ناوەکیەوە، یان شتیتری لەپشتەوەیە.

 

 له‌ئەنجامدا دەرکەوت کە ڕێژەی یەکە ئۆکسیدی کاربۆن لەهەوادا زۆر لەوە زیاترە کە هەیە، بۆیە دەرکەوت دیاردەکە پەیوەندی تێکچوونی هاوسەنگی ڕێژەی بوونی ئۆکسجین‌و دوانە ئۆکسیدو یەکە ئۆکسیدەوەیە، له‌دوا چارەسەردا گەیشتن بەوەی دانیشتوانی ناوچەکە لەوێ بگوازنەوەی بۆشوێنێکی لەبارتری کەش‌و هەوا، ئەنجامی پشکنینە زانستی‌و پزیشکییەکان دەریخست لەنێوان سێ ئەگەری ئەم توشبوانە بەدیاردەی خەوبردنەوەی لەناکاو یه‌كێك لەمانەی خوارەوەبووه‌:
- ئەگەری یەکەم ئەوەیە کەدانیشتوانی گوندەکە توشبوون بەکاریگەریە نەرێنییەکانی بەرهەمهێنانی ماددەی یۆرانیۆم، کەلەوانەوە نزیکبووە، ئەگەر چی کانەکانی بەرهەم هێنانی تایبەت بە ماددەی یۆرانیۆمیش لەو ناوچەیە دورخرابونەوەو تێکدرابوون لەدوای تەواوبونی شەڕی یەکێتی سۆڤیەتیشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی تەندروستی کازاخستانیش ڕەتی کردەوە پەیوەندی بەوەوە بووبێت، بویە بەئەگەرێکی لاواز هەژمار کرا.


- زاناکان بەوەرگرتنی عەینەی چەند هەزار کەسێک بۆیان دەرکەوت کەجەستەی توشبوان کرداری هەواگۆڕکێیان لەنێو جەستەیان بەبەراورد لەگەڵ کەش وهەوا وکەسی ئاساییەوە بەڕێژەی 10 هێند یەکە ئۆکسیدی کاربۆن هەیە.

- كۆمه‌ڵه‌ی سێیەم لەو باوەڕە دابوون کە ئەمانە تووشی "هیستریای بەکۆمەڵ" بووبێتن، کە بەئەگەرێکی باوەڕپێکراو دادەنرا لای زۆرینە، کەئەویش بەسێ قۆناغ بووە:

ئـ ـ قۆناغی سەرەتا بەپێکەنین دەستی پێکردووە.
بـ ـ قۆناغی دووه‌م بوە بەگریان.
ج ـ قۆناغی سێیه‌م چوونەتە نێو دنیای خەوبردنەوەوه‌.

سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:

- سایتی ئه‌لحه‌یات
- سایتی ئه‌لمناره‌
- سایتی رۆتانا
- سایتی ویكیپیدیا