ڕەگ‌و ڕیشەی خۆ فرۆشی لەناو كورددا

دیاردەی خۆفرۆشی و نەبوونی لێپرسینەوە لە مێژووی کورددا

ڕەگ‌و ڕیشەی خۆ فرۆشی لەناو كورددا

531 خوێندراوەتەوە

بەشی یەکەم

بەر لە بیست ساڵ، بە هۆی شەڕی براکوژی و دەستێکەڵکردنی حیزبەکان لە گەڵ داگیرکەرانی کوردستانا، بەشێکی زۆری خەڵك هیچ هیوایەکیان نەما بەو هەمووپارت و ڕێکخراوانەی لە سەر گۆڕەپانی سیاسی وڵات کاریان دەکرد. ئێمەش چەند دۆست و برادەرێك، کە لە بیروبۆچوون و لێکدانەوەدا لە یەکەوە نزیك بووین، لە دوای بیرکردنەوە و گفتوگۆی زۆر، کە ساڵێکی خایاند بڕیارماندا ڕێکخراوێك لە چەشنی ئەوەی کە جولەکەکان لە کاتی خۆیدا دروستیان کرد، دابمەزرێنین. ناومان لێنا "ڕێکخراوی جیهانی کورد". ئەم ئەزموونە سەرنەکەوتووە دەگێڕمەوە بەڵکو خەڵکانێك لە ئێمە باشتر و بەتواناتر بتوانن ڕۆژێك لە ڕۆژان بەدیبهێنن، هێشتا بارەکە وەك ئەو ڕۆژانەیەو هەر لە کەوانەی نەفرەتی جەلالی و مەلاییدا کورد دەسووڕێتەوە، ئەگەر کورد خۆی لەم بارە ڕزگار نەکات، ئەوا دەکرێت دەیان ساڵی دیکەش هەر لەم بارەدا ژیان بەسەر بەرێت.

 

چەند خاڵێکمان کرد بە بنەما بۆ کارەکانمان:

یەکەم: لە باری داراییەوە تەنها پشت بە خۆمان ببەستین و یارمەتی لە هیچ لایەنی سیاسی، دەوڵەت و ڕێکخراوی بیانی و کوردستانی قەبوڵ نەکەین، بۆ ئەم مەبەستە هەر یەکەمان مانگانە دەوری سەد دۆلارمان لە سندوقی ڕێکخراوەکە دادەنا.


دووەم: هەموو دۆستان بە دوور و درێژی ژیاننامە و مێژووی سیاسی خۆیان دەگێڕایەوە و نەدەبوایە کەس هیچ زانیارییەك لە هاوڕێکانی بشارێتەوە. ڕەخنەکانمان دەبوایە تەنها ڕوو بە ڕوو بن و کەس بۆی نەبوو لە پاشملە لە سەر هاوڕێکانی قسە بکات.


سێیەم : دوژمنایەتی هیچ پارت و ڕێکخراوێکی کوردستانی ناکات، تەنها کاری ئەوە دەبێت ڕێگەی دروست و نموونەی باش و جیاواز لەو حیزبانە پێشکەش بەگەلی کوردستان دکات.


چوارەم: شێوازی کارکردن بە نهێنی دەبێت و تەنها چوار پێنج کەس بە ئاشکرا و بە ناوی ڕێکخراوەکەوە کار دەکەن و پەیامەکانی بڵاودەکەنەوە و پەیوەندی بە دزگاکانی میدیا و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە دەکەن. ئەم خاڵە کاتێکی زۆری پێویست بوو، دەمانزانی بەلای خەڵکەوە سەیر دەبێت لەم سەردەمەدا و ئێمە لە ئەوروپاوە باسی کاری ژێرزەمینی بکەین. ئێمە ئەمەمان بەلاوە گرنگ بوو بۆ ناوەوەی وڵات بۆ ئەوەی داگیرکەران و پارتە دەسەڵاتدارەکان نەتوانن کارەکە لە بار ببەن. بڕیارماندا یەك دوو برادەر بنێرینەوە بۆ وڵات بۆ ئەوەی لەوێ دەست بە دامەزراندنی ژێرخانی ڕێکخراوەکە دابمەزرێنن.


پێنجەم : کەس بە تەمای ئەوە نەبێت ناو دەربکات، بەڵکو ئامادە بێت لە پێناوی نەوەکانی داهاتوودا کار بکات. خۆی لە سەر ئەوە ڕابێنێت کە ئەگەری ئەوە زۆرە ئێمە بەرهەمی کارەکەی خۆمان نەبینین.


شەشەم: بۆ تێگەیشتن لە دۆزی کورد و دانانی ستراتیژی دروست و واقێعی دەبوایە چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ئامادە بکەین، کە ئەمانەی خۆراوە هەندێ لە گرنگترینیان بوون:


١. هەڵسەنگاندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە دوا ساڵەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. ئەو ئەرکە بە من سپێردرا و لێکۆڵینەوەیەکم لەو بارەیەوە ئامادە کرد.


٢. لێكۆلێنەوەیەك لە سەر دیاردەی خۆفرۆشی و لێنەپرسینەوە لە کۆمەڵگە و بزاڤی کوردیدا. برادەرێکی دیکە ئامادەی کرد. ئێستاش لە دۆسێی ئەو ڕێکخراوەدا لە لای من پارێزراون.


٣. لێکۆڵینەوەیەك لە بارەی بونیادی خێڵەکی کۆمەڵگەی کورد و دابەشبوونی جوگرافی و کاریگەری نەرێنی ئەم فاکتەرانە لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان.
٤. هەندێ لێکدانەوەی دیکە لە بارەی کەسایەتی کورد، دیاردەی خۆ بەکەمزانینی مرۆڤی کورد، پێگەی ژنان لە کۆمەلگەی خێڵەکی و دواکەوتووی کوردستاندا، پرسی ئابوری کوردستان، پرسی لۆبیکردن لە ناوەندە گرنگەکانی جیهان ...هتد.


لە دوای ساڵێك لە کارکردن و ئامادەکاری بۆمان دەرکەوت، کە ڕێکخراوەکەمان زۆر نابات تووشی شکست دێت. بە باشمان نەزانی ڕایبگەیەنین و بەشیوەیەکی دۆستانە لێك جودا بووینەوە و هەر یەکەیان ڕێگەیەکیان بۆ خۆیان هەڵبژارد و دەتوانم بڵێم زۆربەیان بەسەر حیزبەکانی کوردستاندا دابەشبوون. ئێستاش کە یەك دەبینین دەڵێن خۆزگە وازمان لەو کارە نەهێنایە و بەردەوام بووینایە.

،،

 لێکۆڵینەوەیەك لە بارەی بونیادی خێڵەکی کۆمەڵگەی کورد و دابەشبوونی جوگرافی و کاریگەری نەرێنی ئەم فاکتەرانە لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان.
٤. هەندێ لێکدانەوەی دیکە لە بارەی کەسایەتی کورد، دیاردەی خۆ بەکەمزانینی مرۆڤی کورد، پێگەی ژنان لە کۆمەلگەی خێڵەکی و دواکەوتووی کوردستاندا، پرسی ئابوری کوردستان، پرسی لۆبیکردن لە ناوەندە گرنگەکانی جیهان ...هتد.


ئەم باس و خواسە جارێکی دیکە خۆیان سەپاندەوە، کاتێك خانمێکی ڕۆژنامەوانی هۆڵەندی تەلیفۆنی بۆ کردم و هەندێ پرسیاری سەبارەت بە دیاردەی خۆفرۆشی لە مێژووی کوردا لێکردم. هەندێك سەخت بوو هەموو ڕاستییە تاڵەکانی بۆ بگێڕمەوە. لە هەمان کاتدا پرسیارە زیرەکەکانی هەندێ بیرۆکەی لە لا دروست کردم لەم بارەیەوە، کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەم. دەزانم خوێنەری ئەوروپایی تاقەتی ئەوەی نیە چیرۆکی دوورو درێژ لە بارەی ئەو جۆرە شتانەوە لە لای گەلێکی بێدەرەتانی وەك کورد بخوێنێتەوە، بۆیە لە هەموو قسەکانمان چەند بیرۆکە و ڕستەیەكی لە وتارەکەیدا خستۆتە ڕوو.


ڕەنگبێ کەم بابەت ئەوەندەی دیاردەی خۆفرۆشی و خیانەت لە مێژووی کوردا باسکرا بن. بۆ زۆربەی باسەکانیش، ئەمانەی ئەم پەنجا ساڵەی دواییان لێدەرچێت، بەڵگەی تەواو و باوەڕ پێکراو لە بەر دەستدا نین. کاتێك پەردە لە سەر گەنجینەی نهێنییەکانی ڕژێمی سەدام لادرا، هەندێ زانیاری لە بارەی چەند ناوێکەوە ئاشکرا کران. هەموو دەزانین ئەوە بەشێکی زۆر کەمی ڕاستییەکانە. زۆر خەڵك بە ناڕەوایی دەستیان بەسەر ئەو بەڵگەنامانەدا گرت و جار جار بۆ مەبەستی تایبەت دزە بە هەندێکیان دەکرێت و ئەوی دیان دیزە بەدەرخۆنە کران. ئەمێریکاش دەستی بە سەر بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکاندا گرت و بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکاریان دێنێت. ئەم باسانە تایبەتن بە باشوری کوردستان و دەوڵەتی عیراق. نابێ گومانمان لەوەش هەبێت کە گەنجینەی نهێنییەکانی ئێران، تورکیا و سوریاش بەڵگەی زۆریان سەبارەت بە خۆفرۆشانی کوردی باشور و بەشەکانی دیکەی کوردستان گرتبنەخۆ. بە سایەی سەری حیزبەکانیشەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەم گەنجینانە دەوڵەمەند ترو هەمەچەشنە تر دەبن.

 


بۆ خۆم لێکۆڵینەوەی زانستی و هەمەلایەنەم سەبارەت بەم دیاردەیە لە مێژووی کوردا بەرچاو نەکەوتووە.


باس لەو توێژینەوانە دەکەم کە جێگەی متمانە بن و لە سەر بنەمای فاکت و بەڵگەنامە بنیات نرابن، نەك بریتی بن لە لێکدانەوە و بۆچوون. هەڵبەتە ناڵێم هیچ نەنووسراوە، بەڵکو دەڵێم ئەوەندەی من ئاگادار بم توێژینەوەی زانستی نەکراوە. ئەم باری لێنەکۆڵینەوە لە دیاردەکە وای کردووە زۆر کەس باوەڕ بەو جۆرە بۆچوونە بێنن، گوایە مرۆڤی کورد بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی خۆفرۆش و خیانەتکارە. هەر کەسێکیش ئەم قسەیە دەکات بایی ئەوەندە نموونەی لە بەردەستدایە بۆچوونەکانی پێیان پشتڕاست بکاتەوە. باوەڕم بەوە نیە هیچ مرۆڤێك بە سروشت خۆفرۆش بێت، بۆیە دەبێت بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەم دیاردەیە لە بارودۆخ و مەرجی مێژوویی، سیاسی، بونیادی کۆمەڵایەتی، ئاینی کورد و جوگرافیای وڵاتەکەی بگەڕێین. ئەم وتارە کورتە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە لە کۆمەڵگای کوردی و بەتایبەتی لە باشوری کوردستان. بیرۆکەکان بریتین لە دید و بۆچوونی نووسەر، دەکرێت هەندی ڕاستییان تێدا بن و دەشکرێت مایەی لێکدانەوەی جیاواز و مشتومڕ بن. ئەم جۆرە وتارانە ناتوانن جێگەی لێکۆڵینەوەی زانستی هەمەلایەنەی دوور لە مەبەستی سیاسی بگرنەوە. هەرچەندە نموونەی مێژوویی زۆر بۆ ئەم بۆچوونانەی باسمکردوون لە بەردەستدان، بەڵام لەم کاتە کارەساتبارەدا بە باشی نازانم ئاماژە بە هیچ ناو و ڕێکخراوێك بکەم. ڕەنگبێ لە کاتی خوێندنەوەی ئەم جۆرە وتارانەدا هەر کەسێك چەندین ڕووداو و ناو و کردەوەی بەبیردا بێت.


پێموایە پێگەی جوگرافی کوردستان، دابەشبوونی بە سەر دوو دەوڵەت یا زیاتردا لە سەردەمی مێژوویی جیاوازدا لایەنێکی ئەم دیاردەمان بۆ ڕووندەکەنەوە. لە ململانێی نێوان دەوڵەتاندا هەمیشە ئەمیان هەوڵیداوە پیاوی خۆی لەو دیوی سنوورەکان هەبێت. هەڵبەتە ئەوی بەرامبەریش هەمان کاری کردووە. ئەمە زۆر بە زەقی لە سەردەمی عوسمانی و سەفەوی و خێزانە دەسەڵاتدارەکانی دواتری ئێراندا دەبینرێت.

،،


پێموایە پێگەی جوگرافی کوردستان، دابەشبوونی بە سەر دوو دەوڵەت یا زیاتردا لە سەردەمی مێژوویی جیاوازدا لایەنێکی ئەم دیاردەمان بۆ ڕووندەکەنەوە. لە ململانێی نێوان دەوڵەتاندا هەمیشە ئەمیان هەوڵیداوە پیاوی خۆی لەو دیوی سنوورەکان هەبێت.


مێژووی میرنشینە کوردییەکان سەدان نموونەی ئەم بەر و ئەو بەری میرانی کوردمان دەخاتە بەردەست. لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەشکردنی کوردستان لە نێوان چوار دەوڵەتدا، کێشەکە قووڵتر بووە و دیاردەکە زیاتر تەشەنەی کردووە. ململانێی نێوان عیراق و ئێران لە سییەکانی سەدەی بیستەمینەوە بازاڕی خۆفرۆشی لە هەردوو دیوی کوردستان جۆشداوە. لە دەسپێکدا سەرۆك هۆز خێڵەکان و دواتریش سەردارانی حیزبەکان جێگەی میرەکانیان گرتەوە. ململانێی تورکیا و سوریا، تورکیا و ئێران و عیراق و سوریا و بەکارهێنانی هێزە کوردییەکان بۆ بەرژەوەندی ئەم یا ئەویان لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا کەرەستە و مەتریاڵی زۆر دەخەنە بەردەم توێژەر و پێویستییان بەوە نیە زۆریان لە سەر بڕۆین. ئەم فاکتەرە لە ئێستاشدا ڕۆڵێکی گەورە لە ڕووداوەکاندا دەبینێت لە سەر هەردوو ئاستی نێوخۆیی و دەرەکی. هیچ هێزێکی کوردستانی ناتوانێت لافی ئەوە لێبدات کە جۆرێك لە هاوسەنگی هەیە لە پەیوەندییەکانیا لە گەڵ دەوڵەتانی داگیرکەردا. لەو پەیوەندییانەدا ئەو هەمیشە پاشکۆ و ملکەچی سیاسەتەکانی ئەوانە، بە تایبەتی ئەوەی ئەودیوی سنوور. هەروەها هیچ یەکێکیان ناتوانن گەرەنتی ئەوە بدەن، کە سەرباری ئەو پەیوەندییە نا هاوسەنگ و ناتەندروستە، لە ئاستی هەرە باڵایاندا پیاوانی ئەو دەوڵەتانە تەراتێن ناکەن. ڕەنگبێ کەم کەس هەبن لەم بارەوە چیرۆکی جۆرا و جۆرێن نەبیستبێت.


جۆری پەیوەندی حیزبەکانی کوردستان لە گەڵ دەوڵەتانی داگیرکەردا نموونەیان لە دونیادا کەمە. ئەوەی باوە حیزبێكی سۆسیالیست، کۆمۆنیست، لیبیراڵ، سۆسیال دیموکرات، ئیسلامی...تاد پەیوەندی دۆستایەتی و هەماهەنگی لە گەڵ حیزبە هاوچەشنەکانیدا لە وڵاتانی دیکە هەبێت. ئەوانەی لای ئێمە هەمیشە پەیوەندییان لە گەڵ دەزگا نهێنییەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر هەبووە و هەیە، لەم ساڵانەی دواییشدا لە گەڵ حکومەتەکانی ئەو دەوڵەتاندا. مرۆڤ لەوە تێدەگات پارتێکی کۆمۆنیستی کوردستانی پەیوەندی بە پارتە کۆمۆنیستەکانی عیراق و تورکیا و ئێرانەوە هەبێت. بەڵام دەبێت پارتێکی بە ناو سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە چیدا هاوبەش بێت لە گەڵ سیستەمێکی تیۆکراتی دیکتاتۆر و مەزەبیدا؟. دەتوانین لەوەش تێبگەین برایانی موسوڵمانی کوردستان دڵیان لە گەڵ حیزبەکەی ئەردۆگاندا بێت، بەڵام گروپێکی توندڕەوی ئیسلامی سوننی کوردستان لە گەڵ دەوڵەتی ویلایەتی فەقیهی توندڕەوی شیعە مەزەبدا چی کۆی دەکاتەوە؟. بەهەمان شێوە پارتێك هەم دیموکرات و هەم کوردستانی بێت، دەبێت چی هەبێت لە گەڵ حیزبێکدا کە دان بە هەبوونی کوردا نانێت و ستەمی دونیای لێدەکات؟. مرۆڤ دەتوانێت ئەوە بڵێت کە لە سەر ئاستی هەموو کوردستان هیچ پارتێکی سیاسی نیە جۆرێك لەم پەیوەندییە ناکۆک، ناتەندروست و پڕ لە گومانانەی نەبێت.
نەبوونی دەوڵەت و قەوارەی سیاسی خاوەن سنووری دیاریکراو و سەروەری تەواو پێناسەی خۆفرۆشی و خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی زۆر ئاڵۆزتر کردووە. چەمکی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانی لە کوێ دەسپێدەکات و لەکوێ تەواو دەبێت؟. لە بەشی دووەمی ئەم وتارەدا تیشك دەخەمە سەر ئەم پرسەو چەند پرسێکی دیکە.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد