فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی:    لە كۆنگرە، سەرۆكێكی بێ دەسەڵاتی پرۆتۆكۆڵی بۆ یەكێتی هەڵدەبژێرین

"ئۆپۆزسیۆن فەشەلی هێنا"

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی: لە كۆنگرە، سەرۆكێكی بێ دەسەڵاتی پرۆتۆكۆڵی بۆ یەكێتی هەڵدەبژێرین

1805 خوێندراوەتەوە

 

پێ دەچوو ئەو بارانە بەخورەی كە لە دەرەوەی كافتریاكە دەباری، میوانەكەمانی دوا خستبێت، بۆیە دوای چاوەروانیمان فەرید ئەسەسەرد لەگەڵ هاورێكەیدا دەركەوتن، دوای دانانی كڵاوە تەرەكەی لەسەر كورسییەكەی تەنیشتی سوپاسی چاوەروانی كردین و بەزەردەخەنەیەكەوە ووتی:"حەقی ئەوەی چاوەروانیتان كردووم، قسەی باشتان بۆ دەكەم".

 

سەرەتای گفتو گۆكەمان لەبابەتی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەستی پێكرد، كە بریارە ماراسۆن و سەردانی لایەنەكان بۆ لای یەكدی لەمرۆژانەوە دەست پێ بكات.!

 

 

 

،،

كاتێك لایەنێكی وەك پارتی نیوە زاید یەكی كورسییەكانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنێت، ناتوانێ بەتەنها حكومەت رابگەیەنێت، چونكە هێشتا یەكگرتنەوەیەكی ریشەیی لە هەرێم نەهاتۆتە ئاراوە كە یەك حزب بتوانێ لە زاخۆ تا كفری حكومی تەواوەتی بكات.

 

پرسیاری سەرەكیشمان ئەوەبوو: یەكێتی و پارتی بۆچی نە لەگەڵ یەك، و نەبێ یەكیش نایانكرێت؟

 

" حوكمی تاك حزبی لە كوردستان تا 30 ساڵی دیكەش مەحاڵە"


فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی كە وەك پیاوێكی ستراتیژی و رۆشنبیر ناسراوە بەمشێوەیە دەستی بە قسەكانی كردو گووتی" بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان، و كاریگەری ئاسەوارەكانی شەری ناوخۆو حكومەتی دوو ئیدارەیی، ئەوە دەخوازێت كە یەكێتی و پارتی پێویستیان بەیەك بێت و نەتوانن بەبێ یەك بیر لە پێكهێنانی حكومەت بكەنەوە".

 

"كاتێك لایەنێكی وەك پارتی نیوە زاید یەكی كورسییەكانی پەرلەمانیش بەدەست بهێنێت، ناتوانێ بەتەنها حكومەت رابگەیەنێت، چونكە هێشتا یەكگرتنەوەیەكی ریشەیی لە هەرێم نەهاتۆتە ئاراوە كە یەك حزب بتوانێ لە زاخۆ تا كفری حكومی تەواوەتی بكات". ئەسەسەرد وایگووت.

 

،،

ئەگەر یەكێتی نیشتمانیش پەنجا زاید یەكی كورسییەكانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت بەهەمانشێوە ناتوانێ بەتەنها حكومەت تەشكیل بكات، چونكە ناتوانێ دەسەڵاتی بەسەر هەموو پارێزگاكاندا هەبێت و كەس گوێی لێ ناگرێت.

 

 

ئەو زۆرتر لەسەر قسەكانی رادەوەستێت و باوەری وایە هەتاكو 30 ساڵی دیكەش پێ ناچێت هیچ حزبێك لە كوردستان بتوانێ بە تەنها حكومەت پێك بهێنێت.

دەشڵێت:" ئەگەر یەكێتی نیشتمانیش پەنجا زاید یەكی كورسییەكانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت بەهەمانشێوە ناتوانێ بەتەنها حكومەت تەشكیل بكات، چونكە ناتوانێ دەسەڵاتی بەسەر هەموو پارێزگاكاندا هەبێت و كەس گوێی لێ ناگرێت".

 

 

 

،،

نیوەی هەرێم بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوەیە نیوەكەی دیكەشی لای پارتییە، بۆیە ناكرێت لەسەر ئەساسی كورسی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكرێت، دەبێت لەدەرەوەی ئیستیحقاقی ئینتخابی پۆست و پلەی خۆی لە حكومەت وەر بگرێت.

 

 

 


"ئۆپۆزسیۆن فەشەلی هێنا"


سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت و بەشداری یەكێتی نیشتمانی و پشكەكانی لە كابینەی داهاتوو ئەندامەكەی سەركردایەتی ئەوەی بۆ دیپلۆماتیك ئاشكرا كرد، كە یەكێتی مەرجی خۆی هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت و لەگەڵ پارتی لەمبارەوە قسەی خۆی كردووە.

 
"نیوەی هەرێم بەدەست یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوەیە نیوەكەی دیكەشی لای پارتییە، بۆیە ناكرێت لەسەر ئەساسی كورسی مامەڵە لەگەڵ یەكێتی بكرێت، دەبێت لەدەرەوەی ئیستیحقاقی ئینتخابی پۆست و پلەی خۆی لە حكومەت وەر بگرێت".ئەندامەكەی سەركردایەتی وایووت.

 

هەروەها دەشڵێت:" لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن و دەرەوەی دەسەڵات دەبێت هێندەی كورسییەكانیان پشكیان هەبێت لە حكومەت".

 

 

 

 
سەبارەت بە ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆن بوون لە پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان فەرید ئەسەسەرد پێی وایە ئۆپۆزیسیۆن فەشەلی هێناوە و دەبێت رێگەی دیكە تاقی بكەنەوە.

 
" لە سەرەتادا ئۆپۆزیسیۆن پێی وابوو لەناو حكومەت بێت سەنگ و قورسایی نییە، بەڵام ئێستا بەپێچەوانەوە پێی خۆشە لەحكومەت بێت و لەوێ سەنگ و قورسایی خۆی دەربخات". ئەسەسەرد وایووت

 

ئەو پێشی وایە لایەنەكانی ئۆپۆزیسیۆن زانیاریان لەسەر ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆنی هاوچەرخ نەبووە رێساكانیان تێكداوە و بەهەڵە كارەكەیان كردووە، لەوەدا كە بەناوی رەخنەگرتن لە حكومەت كەلتووری جوێن و قسەی نەشیاویان بڵاو كردووەتەوە.

 

 

،،

لەماوەی 7 ساڵی رابردوو بەتایبەت دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال، هیچ كاتێك هێندەی ئەمرۆ یەكێتی یەكریزو تەبا نەبووە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو سەركەوتنەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا یەكێتی بەدەستی هێناوە، بۆیە زمانی یەكتر تۆمەتبار كردن گۆراوە بۆ دەستخۆشی كردن.

 

 

 


"كێشەكانی یەكێتی چارەسەر نەكراون"

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی راستگۆیە لەوەی كە پێی وایە یەكێتی بە جەستەیەكی پر لەكێشەوە دەچێتە نێو كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام ئەوەش ئاشكرا دەكات كە لە ئێستادا ئارامییەك باڵی كێشاوە بەسەر ناوخۆی یەكێتیدا، و كێشەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان سڕ كراون.!

 
بۆیە دەڵێت: " لەماوەی 7 ساڵی رابردوو بەتایبەت دوای نەخۆش كەوتنی مام جەلال، هیچ كاتێك هێندەی ئەمرۆ یەكێتی یەكریزو تەبا نەبووە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ئەو سەركەوتنەی كە لە هەڵبژاردنەكاندا یەكێتی بەدەستی هێناوە، بۆیە زمانی یەكتر تۆمەتبار كردن گۆراوە بۆ دەستخۆشی كردن".

 

بەڵام دان بەوەشدا دەنێت كە كێشەكانی یەكێتی بە تیمارێكی موسەكین چارەسەركراون و بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و پێ دەچێت لەناكاو بتەقنەوە.

 

 

 

،،

بریار نییە كەسی یەكەم لەنێو ماڵی مام جەلال بێت، پاڤڵ تاڵەبانیش دەتوانێ وەك ئەندامەكانی دیكە خۆی كاندید بكات و دواتر كۆنگرە بریاری لەسەر دەدات.

 

 

 

" لەكۆنگرە سكرتێری گشتی ناهێڵین"

ئەو دێتە سەر باسی كۆنگرەو پێی وایە كاتێكی گونجاوە لە سەركردایەتیدا، بریار لەسەر رۆژی كۆنگرە بدەن، بۆیە ئەوە رادەگەیەنێت كە :" هەرچەندە كێشەكان چارەسەریش نەكرابن بەڵام ئەمرۆ هەلێكی زێرینە بریار لەسەر كۆنگرە بدەین، چونكە پێ دەچوو لەماوەی رابردوو بە پەرتەوازەیی بچینە ناو كۆنگرە بەڵام ئەمرۆ بەیەكریزی دەچین و ترسی هەڵوەشانەوەی یەكێتیمان نییە".

 

دەشڵێت:" ئامادەكاریمان كردووە بۆ كۆنگرە و پرۆژەمان هەیە بۆ چارەسەركردنی زۆرێك لە كێشەكان"

 

فەرید ئەسەسەرد باس لە پرۆژەكەیان دەكات و لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ئەوەی كورت كردەوە كە لە كۆنگرەی یەكێتیدا، دەیانەوێت چی بكەن ئەوانیش:

 
یەكەم: پۆستی سكرتێری گشتی ناهێڵن و شتێك نامێنێ بەناوی (سكرتێری گشتی یەكێتی).
دووەم: كەسی یەكەم لە كۆنگرە دیاری دەكەن.
سێیەم: سەرۆكێكی بێ دەسەڵاتی پرۆتۆكۆڵی بۆ یەكێتی هەڵدەبژێرن.
چوارەم: سیستەمی پەرلەمانی پەیرەو دەكەن و لەرێگەی ئەنجومەنێكی گشتیەوە كارەكانیان دەكەن.
پێنجەم: رێز لە پیرەكان دەگرن و سوود لە ئەزموونەكانیان وەر دەگرن بەڵام لە شوێنی تایبەت و لەبەرامبەردا هەندێ دەمووچاوی گەنج دەهێننە پێشەوە.

 

،،

 سەرۆكێك هەڵدەبژێرین كە تەنها رەمزی یەكێتی نێو یەكێتی بێت، و دەسەڵاتەكانی تەنها تەشریفاتی بن.

 

 

لە وەڵامی پرسیارێكی ((دیپلۆماتیك مەگەزین)) دا، ئایا كەسی یەكەم بریارە لەنێو ماڵی مام جەلال بێت و لە نێو ماڵی مام جەلالیش بۆ پاڤڵ تاڵەبانی بێت؟


ئەسەسەرد ووتی: " بریار نییە كەسی یەكەم لەنێو ماڵی مام جەلال بێت، پاڤڵ تاڵەبانیش دەتوانێ وەك ئەندامەكانی دیكە خۆی كاندید بكات و دواتر كۆنگرە بریاری لەسەر دەدات".

 
ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد ئەوان وەك یەكێتی دەیانەوێ خۆیان لە میراتی حزبە تەقلیدییە كۆمۆنیستەكان رزگار بكەن و سەرۆكی حزب هەموو شتێك نەبێت بۆیە دەڵێت:


"سەرۆكێك هەڵدەبژێرین كە تەنها رەمزی یەكێتی نێو یەكێتی بێت، و دەسەڵاتەكانی تەنها تەشریفاتی بن".

 

 

 

،،

 دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی پەیوەندیەكانی باش بكات و هەماهەنگ بن، چونكە نەفەسێك هەیە لە بەغدا دەیەوێ كێشەكان چارەسەر بكات.

 

 


" چوار ساڵی داهاتوو، چوار ساڵی ئارامی دەبێت"


ئەو دێتەوە سەر باسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێوان یەكێتی و پارتی، پێی وایە حكومەتێكی بەهێز پێك دەهێنرێت، و هەوڵی تەواو ئەدرێت چوار ساڵی داهاتوو خزمەتی هاوڵاتیان بكرێت.

 
"دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی پەیوەندیەكانی باش بكات و هەماهەنگ بن، چونكە نەفەسێك هەیە لە بەغدا دەیەوێ كێشەكان چارەسەر بكات".

 
ئەسەسەرد لەكۆتایدا ئەوەش ناشارێتەوە كە ئەگەر تەواوی خاكی عێراق بكەوێتە دەست حكومەتی ناوەندی و مامەڵەیەكی نا درووست بكات، ئەوا ئەوكاتە بەپێچەوانەوە داهاتوویەكی گەش چاوەروانمان ناكات.

 

ساتی تەواوبوونی دیمانەكەمان لەگەڵ فەرید ئەسەسەرد

 


لە 1ی حوزەیرانی ساڵی 1975 یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر دەستی جەلال تاڵەبانی و كۆمەڵێك لە هاورێكانی لە سوریا لە رێگەی دەركردنی بەیاننامەیەكەوە راگەیەندرا.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان