عەبدولرەزاق شەریف:   گرێنتی نییە پارتی دەرمان نەكاتەوە، بەڵام ئەگەریش هەیە گۆڕان بەشداری حكومەت بكات

"هیچكاتێك هێندەی ئێستا ئۆپۆزسیۆن پێویست نەبووە"

عەبدولرەزاق شەریف: گرێنتی نییە پارتی دەرمان نەكاتەوە، بەڵام ئەگەریش هەیە گۆڕان بەشداری حكومەت بكات

825 خوێندراوەتەوە

 هەرچەندە وەرزی سەرماوسۆڵە دەستی پێكردووە، بەڵام ماراسۆنی یەكێتی و پارتی بۆ بەردەم بارەگای ئەو حزبانەی كە دەیانەوێ لە كێكی حكومەت بخۆن پێ دەچێت دۆخەكە گەرمووگور بكات، ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆرانیش پێی وایە بەشێك لە گۆرانخوازان حەزیان لە حكومەت و دەسەڵاتە.

 

عەبدولرەزاق شەریف ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆران، لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ سایتی دیپلۆماتیك مەگەزین باس لە ئەگەرەكانی بەشداری كردنی گۆران دەكات لەحكومەت و ئەوەش ناشارێتەوە هیچ گرێنتییەكیان دەست نەكەوتووە كە جارێكی دیكە پارتی دەریان نەكات.

 

 

،،

ئۆپۆزسیۆن دەبێت سەیرێكی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی بكات ئینجا دەزانێت كە خەڵكی چۆن سزای داون، بۆیە باشترە رێگەی شەقام بەر نەدات و لەگەڵ ترپەكانی دڵی خەڵكیدا بێت.

 

 

"هیچكاتێك هێندەی ئێستا ئۆپۆزسیۆن پێویست نەبووە"


ئەندامەكەی گۆران دان بەوەدا دەنێت كە ئەزموونی ئۆپۆزسیۆن بوون لە هەرێمی كوردستان لە چوار ساڵی رابردوو سەركەوتوو نەبووە بەڵام ئەوەش دەڵێت كە :" ئەمرۆ لە هەموو كاتەكان زۆرتر دەنگی نارازی و تورەیی شەقام هەیە، بۆیە پێویست بە ئۆپۆزسیۆنێكی كاراو بەهێز دەكات".

 

هەروەها دەشڵێت:" ئۆپۆزسیۆن دەبێت سەیرێكی ژمارەی دەنگ و كورسییەكانی بكات ئینجا دەزانێت كە خەڵكی چۆن سزای داون، بۆیە باشترە رێگەی شەقام بەر نەدات و لەگەڵ ترپەكانی دڵی خەڵكیدا بێت".

 
ئەو پێی وایە ئۆپۆزیسیۆن بۆ دەسەڵات هەمیشە پێویستە بۆ ئەوەی چاودێری كارەكانی بكرێت، تاكو لە یاساو رێساكان لا نەدات.

 

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆران، باس لەوە دەكات گۆران بۆ چوونە نێو حكومەت لەبەردەم سێ دیالۆگی سەرەكیدایە ئەوانیش:


یەكەم: دیالۆگ لەگەڵ دۆستەكانی

"وەك وەفایەك بۆ ئەوەی كە لەماوەی رابردوودا كاری لەگەڵ هەندێ دۆستیدا كردووە لەسەروی هەموشیانەوە كۆمەڵی ئیسلامی، گۆران دەبێت قسەیان لەگەڵ بكات و ئاگاداریان بكاتەوە لە ئەگەری بەشداریكردن و بەشداری نەكردنی لە كابینەی داهاتوودا".

 

،،

گۆران دەبێت لەگەڵ تیمەكانی خۆی قسە بكات كە بۆ پێكهێنانی حكومەت تەشكیلیان دەكات، تاكو داواكاری مەرجەكانی خۆی بگەیەنێتە یەكێتی و پارتی.

 

 

دووەم: دیالۆگ لەگەڵ تیمەكانی حكومەت


"گۆران دەبێت لەگەڵ تیمەكانی خۆی قسە بكات كە بۆ پێكهێنانی حكومەت تەشكیلیان دەكات، تاكو داواكاری مەرجەكانی خۆی بگەیەنێتە یەكێتی و پارتی".

 

سێیەم: دیالۆگ لەگەڵ ناوخۆی گۆران


" بۆ ئەوەی بزانرێت رێكخستنەكانی گۆران لەگەڵ ئەوەدان بەشداری حكومەت بكەین یاخود نا؟ دەبێت قسەیان لەگەڵ بكرێت و حساب بۆ رایان بكرێت".

 

 

ئەو سەركردەی گۆران پێی وایە دوای ئەم سێ دیالۆگە ئینجا گۆران بەرچاوی روون دەبێت كە ئایا باشە بەشداری حكومەت بكات یاخود نا؟ بۆیە دەشڵێت:" تا دوای ئەم سێ دیالۆگە ناتوانین هیچ قسەیەكی كۆتایی لەبارەی بەشداریكردن لە حكومەت بكەین".

 

 

 

 

 

"بەشێك لە گۆران لەگەڵ بەشداریكردنە لە حكومەت"

عەبدولرەزاق شەریف ئەوە ناشارێتەوە كەوا لەگەڵ دەنگی نارازی بۆ بەشداریكردن لە حكومەت، دەنگێكی دیكەش هەیە كە پێی باشە بچنە حكومەت.
" بەشێك لە سەركردەكان و گۆرانخوازان پێیان باشە گۆران بەشداری لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات".عەبدولرەزاق وایووت

 

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی هیچ گرێنتییەكیان لە دەسەڵات و بەتایبەت پارتی وەرگرتووە بۆ ئەوەی رێكەوتنی سیاسیی بۆ پێكهێنانی حكومەت جارێكی دیكە نەشكێنن و گۆران و وەزیرەكانی نەنێردرێنەوە ماڵەوە، سەركردەكەی گۆران وتی:" لەم وڵاتەدا هیچ گرێنتییەك نییە، ئەوەی گرێنتی دەدات تەنها هاوڵاتییە".

 

 

،،

تاكو ئێستە هیچ بەڵێنێكیان لەمبارەوە وەر نەگرتووە و برواشیان بە بەڵێنی پارتی و یەكێتی نییە چونكە دوای چەند رۆژێك بەڵێنەكەیان دەشكێنن.

 

 
هەروەها دەشڵێت:" هیچ زەمانێك نییە پارتی جارێكی دیكە دۆخەكە تێك نەدات و لە ئەگەری بەشداریكردنی گۆران لە حكومەت، وەزیرەكانی رەوانەی ماڵ نەكرێنەوە".

 
ئەوەش ناشارێتەوە تاكو ئێستە هیچ بەڵێنێكیان لەمبارەوە وەر نەگرتووە و برواشیان بە بەڵێنی پارتی و یەكێتی نییە چونكە دوای چەند رۆژێك بەڵێنەكەیان دەشكێنن.

 

بزووتنەوەی گۆران لە خولی پێشووی پەرلەمان بە 24 كورسی پەرلەمانییەوە بەشداری لەكابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، پێ دەچێت ئەمجارە تەنها بە 12 كورسییەوە بەشداری لە حكومەت بكات، كە تاكو ئێستا هیچ بریارێكی رەسمی لەمبارەوە نەداوە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان