چۆن ده‌زانرێت په‌ڵه‌ی داوه‌؟

هه‌قه‌ په‌ڵه‌ چییه‌و كه‌ی په‌ڵه‌ ده‌دات؟

چۆن ده‌زانرێت په‌ڵه‌ی داوه‌؟

906 خوێندراوەتەوە

له‌ كورده‌واریداو به‌تایبه‌ت له‌ناو جوتیاراندا، له‌ ڕۆژه‌كانی سه‌ره‌تای مانگی یازده‌وه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ناوه‌ڕاستی وه‌رزی پاییز، گوزارشته‌كانی ( هه‌قه‌ په‌ڵه‌، په‌ڵه‌ی داوه‌ یان نه‌یداوه‌، بارانی په‌ڵه‌) دێنه‌ به‌رباس.

 

به‌ گوزارشت‌و لێكدانه‌وه‌ی جووتیاران، هه‌قه‌ په‌ڵه‌ ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ بارانی پێوویست بۆ چاندنی ده‌غڵ‌و دان باریبێت‌و زه‌وییه‌ كشتووكاڵییه‌كان بۆ وه‌شاندنی تۆو له‌بار بووبن.


پێنج، یان شه‌شی مانگی یازده‌ی هه‌موو ساڵێك، كه‌ به‌رانبه‌ره‌ به‌ پازده‌ی گه‌ڵاڕێزان‌و ده‌كاته‌ ناوه‌ڕاستی وه‌رزی پاییز، به‌ ڕۆژی هه‌قه‌ په‌ڵه‌ ناو ده‌برێت‌و به‌لای جووتیارانه‌وه‌ ئه‌م ڕۆژه‌ واده‌ی بارینی بڕی پێوویستی باران‌و سازبوونی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانه‌ بۆ چاندن‌و به‌و بارانه‌شی كه‌ له‌م سه‌روه‌خته‌دا ده‌بارێت‌و زه‌وی له‌بارده‌كات بۆ وه‌شاندنی تۆو ده‌گوترێت بارانی په‌ڵه‌.


مه‌رج نییه‌ كت‌و مت بارانی پێوویست له‌م واده‌یه‌دا ببارێت، هه‌ر بۆیه‌ش ده‌سته‌واژه‌ی " هه‌قه‌ په‌ڵه‌"ی بۆ به‌كارهێنراوه‌و دواكه‌وتنی بارینی بڕی پێوویست‌و نه‌دانی په‌ڵه‌ش له‌م به‌رواره‌دا هێنده‌ مه‌ترسیدار نییه‌ بۆ سه‌ر چاندنی ده‌غڵ‌و دان‌و له‌هه‌مان كاتیشدا نه‌دانی په‌ڵه‌ش به‌مه‌رجێك تا ئاستی وشكه‌ ساڵی نه‌چێت، ناكاته‌ سه‌وز نه‌بوونی ده‌غڵ‌و دان، به‌ڵام به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی جووتیاران كه‌وتنی په‌ڵه‌، زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان بۆ وه‌شاندنی تۆو به‌ ته‌واوه‌تی له‌بار ده‌كات.
هه‌روه‌كچۆن ساڵانه‌ ئه‌گه‌ری دواكه‌وتنی په‌ڵه‌دان ده‌كرێت‌و له‌ ساڵانی ڕابردووشدا هه‌ندێكجار ئه‌مه‌ ڕوویداوه‌، هاوكات ده‌كرێت په‌ڵه‌دان بكه‌وێته‌ پێش ئه‌و واده‌یه‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌قه‌ په‌ڵه‌ ناو براوه‌.

،،

 په‌ڵه‌ دان به‌و جۆره‌ش ده‌پێورێت كه‌ ئاو له‌ناو زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا بووه‌ستێت‌و وڵاغ لە دوای باران بارین به‌ناو كێڵگەكه‌دا بڕوات‌و جێی سمەكانی پڕ ئاو ببێت.


جووتیاران په‌ڵه‌دانیان وا دیارییكردووه‌ كه‌ هێنده‌ باران ببارێت كه‌ له‌كاتی كێڵانی زه‌وییه‌كه‌دا تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌می گاسنی پێده‌گات‌و هه‌ڵیده‌گێڕێته‌وه‌ ته‌ڕبووبێت‌و وشك نه‌بێت، هه‌ر به‌پێی لێكدانه‌وه‌كانیشی بارینی بڕی 20 ملیم باران یان زیاتر ئه‌و دۆخه‌ له‌ زه‌وییه‌كه‌دا ده‌ڕه‌خسێنێت‌و جۆرێكیتریش لێكدانه‌وه‌ بۆ زانینی په‌ڵه‌دان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌ 20 – 30 سانتیمه‌تر ته‌ڕ بووبێت‌و ئه‌وه‌ش ئه‌و دۆخه‌یه‌ كه‌ به‌باشی تۆو و گژوگیا ده‌ڕوێت.


جیا له‌و لێكدانه‌وانه‌ش په‌ڵه‌ دان به‌و جۆره‌ش ده‌پێورێت كه‌ ئاو له‌ناو زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا بووه‌ستێت‌و وڵاغ لە دوای باران بارین به‌ناو كێڵگەكه‌دا بڕوات‌و جێی سمەكانی پڕ ئاو ببێت.

بارانی به‌خوڕو لێزه‌مه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، با ڕێژه‌كه‌شه‌ی بگاته‌ 20 ملیم، به‌ دانان‌و كه‌وتنی په‌ڵه‌ دانانرێت، چونكه‌ زۆربه‌ی ئاوه‌كه‌ به‌سه‌ر زه‌ویدا ده‌ڕوات‌و ناچێته‌ ناو خاكه‌كه‌وه‌و تۆو و گیاو ڕووه‌كه‌ جۆراو جۆره‌كان سوودی لێوه‌رناگرن.



هه‌ر به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی جوتیاران، بارینی بارانی له‌سه‌ر خۆو به‌رده‌وامبوونی بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ نێوان 12 بۆ 20 كاتژمێردا بێت، به‌ مسۆگه‌ری په‌ڵه‌دان دروستده‌كات‌و زه‌ویی زۆرینه‌ی بارانه‌كه‌ هه‌ڵده‌مژێت، ئه‌گه‌ر بارینی بارانیش به‌سه‌ر یه‌كه‌وه‌ نه‌بێت‌و نێوانی بارینی بارانێك‌و بارینی دوای خۆی زۆربێت ئه‌وا زه‌وییه‌كه‌ وشك ده‌بێته‌وه‌و با به‌ هه‌ر دوو بارانه‌كه‌ش زیاتر له‌ 20 ملیم باری بێت، به‌ڵام هێشتا دۆخی په‌له‌دانی نه‌ ڕه‌خساندووه‌.

هه‌ژار موكریانی له‌ " هه‌مبانه‌ بۆرینه‌" دا به‌ دێرێكی كورت گوزارشتی له‌ هه‌قه‌ په‌ڵه‌ كردووه‌و نووسیوویه‌تی:" په‌ڵه‌ واته‌ بارانی تێری ده‌غڵ".
شێخ محه‌مه‌دی خاڵ له‌ به‌رگی یه‌كه‌می " فه‌رهه‌نگی خاڵ"دا ده‌ڵێت:" په‌ڵه‌ بارانێكی تێكڕاییه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی پاییزدا ده‌غڵ‌و دان‌و گیای پێ ئه‌ڕوێ‌و جووتی پێده‌كرێت".

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی