چیرۆكی هاوسەرگیری تاڵەبانی و هێرۆ ئیبراهیم

گرێبەندی نێوانیان قورئان بووە

چیرۆكی هاوسەرگیری تاڵەبانی و هێرۆ ئیبراهیم

2361 خوێندراوەتەوە

هاوسەرگیری نێوان جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری كۆچكردوی عێراق و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، جیاوازترینی ئەو چیرۆكانەیە كە بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری نوسراوەتەوە. لەم راپۆرتەدا دیپلۆماتیك مەگەزین، بەكورتی ئەو چیرۆكە بۆ خوێنەرانی دەنوسێتەوە.

 

بریاری تاڵەبانی بۆ هاوسەرگیری
جەلال تاڵەبانی، كە لەسەرەتای تەمەنی لاوێتیدا تێكەڵی كاری سیاسی بووە، بیری لەوە نەكردووەتەوە هاوسەرگیری ئەنجامبدات، زیاتر خۆی بۆ كاروباری سیاسی تەرخانكردووەو ئەوەش بووەتە بەشێكی گرنگ لەژیانی، لەوبارەوە موعید فەیاز، رۆژنامەنوسی دیاری عێراقی لەكتێبەكەیدا بەناوی (سنوات النار و الپلج) دەڵێت "تاڵەبانی پێی وتم كە هیچ كات بیری لەوە نەكردووەتەوە هاوسەرگیری بكات، بەلام حزب زۆریان لێكردووەو داوایان كردووە بیر لەژن هێنان بكاتەوە."
هەروەها دەڵێت "مەكتەبی سیاسی پارتی داوایان لێكردم، هێرۆی كچی ئیبراهیم ئەحمەد بخوازم، بۆیە منیش بریارمدا بیخوازم و بیكەمە هاوسەری خۆم، هەرچەند پێشتر ئاشنای بوم بەو پێیەی زۆرجار دەچومە ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد."

 

مەكتەبی سیاسی بۆ خوازبێنی ناردووە
جەلال تاڵەبانی، لەساڵی 1973 شاندێكی مەكتەبی سیاسی ناردووە بۆ ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد لە بەغدا، بۆ داوا كردنی هێرۆ ئیبراهیم، پاش گفتوگۆ، ئیبراهیم ئەحمەد رازی دەبێت بە پێشكەشكردنی كچەكەی بە تاڵەبانی، كە لەودەمەدا هێرۆ یبراهیم خوێندكاری بەشی دەروناسی بووە لە زانكۆی موستەنصەریەی بەغدا.

 

قورئانێك گرێبەندی نێوانیان بووە
لەبارەی شێوازی مارەكردنەوە، موعید فەیاز دەڵێت "تاڵەبانی لەوبارەوە پێی وتم كە پاش رازی بوونی باوكی، قورئانێك بووە گرێبەندی هاوسەرگیریمان، چاوەڕێم كرد تا خوێندنەكەی كۆتایی دێت، پاشان هاوسەرگیرمان كرد."

 

ئاهەنگی هاوسەرگیری
لەبارەی شوێن و چۆنیەتی ئاهەنگی هاوسەرگیریەوە، فەیاز دەڵێت "تاڵەبانی ئەوەی وت كە لەیانەی (صەید) لەبەغداد ئاهەنگی هاوسەرگیری كراوەو چەندین كەسایەتی بەشداریان تێدا كردووە.

 

صەدام دیاری ناردووە
ئەو رۆژنامەنوسە عێراقییە لە كتێبەكەیدا دەڵێت "جەلال تاڵەبانی لەو كەسانە نییە كە راستییەكان بۆ بانگەشە یان بۆ ساختەكاری بگۆڕێت، ئەو دانی بەوەدانا كە صەدام بەبۆنەی هاوسەرگیرییەوە ئۆتۆمبێلێكی بە هێرۆ خانی هاوسەری بەخشیوە."

 

پێناسەی هێرۆ ئیبراهیم بۆ هاوسەرگیرییەكە
بەپێی وتەی فەیاز، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد لەبارەی هاوسەرگیرییەكەوە دەڵێت "هاوسەرگیری و ژیانی من و تاڵەبانی، وەك ژیانێك بووە لەناو جانتایەكی گواستراوەدا، چونكە هەمیشە ئاوارەو دەربەدەر بوین و بەهۆی پێشمەرگایەتیەوە ماوەی حەوانەوەمان نەبووە."

 

author photo

ڕۆژنامەنووس