چیرۆکی نوێژەکەی مام جەلال و مەلا عوسمان عەبدوالعزیز

کێ قامەتی نوێژەکەی کردووە

چیرۆکی نوێژەکەی مام جەلال و مەلا عوسمان عەبدوالعزیز

3524 خوێندراوەتەوە

ساڵی (1989)، وەفدێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەسەرکردایەتی مام جەلال سکرتێری گشتی یەکێتی، سەردانی سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەکەن لەشاری سنەو لەوێ‌ لەدەفتەری سەرەکی شێخ عوسمان عەبدولعەزیزی رابەری گشتی بزووتنەوە وەفدی هەردولا کۆبوونەوەو گفتوگۆ دەکەن.

سەردانی وەفدی یەکێتی دوای درووستبوونی هەندێک بارگرژی‌و ناکۆکی هاتووە کە لە دووساڵی رابردووتردا لەنێوان ئەو دوو هێزە چەپ‌و ئیسلامییەدا درووست بوو بوو، هەر بۆیە پێدەچێت سەردانەکە بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بووبێت‌و بەوتەی عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز، ئەوە دووەمین سەردانی مام جەلال بووە بۆ لای باوکی‌و بزوتنەوەی ئیسلامی‌و لەو سەردانەشدا کە مام جەلال لەدوای شێخ عوسمانەوە نوێژ دەکات.

ئەو وێنەیە ماڵی شێخ عوسمان عەبدولعەزیزە لەشاری سنەو، بە وتەی عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ عوسمان، لەو سەردانەدا مام جەلال، مام رۆستەمی لەگەڵدا بووە.

،،

ئەو وێنەیە ماڵی شێخ عوسمان عەبدولعەزیزە لەشاری سنەو، بە وتەی عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ عوسمان، لەو سەردانەدا مام جەلال، مام رۆستەمی لەگەڵدا بووە.

دوای گفتوگۆی نێوان مام جەلال‌و شێخ عوسمان عەبدولعەزیز، یان لەکاتی گفتوگۆکەدا کاتی نوێژی نیوەڕۆ دێت‌و نوێژی بەکۆمەڵ دەکەن، هەرچەندە مەلا عەلی برای مەلا عوسمان‌و شێخ محەمەد بەرزنجی و چەند مەلایەکی دیکەش لەوێ دەبن، بەڵام مام جەلال قامەت بۆ نوێژەکە دەکات‌و نایەڵێت ئەوان قامەت بکەن، "ئەم وێنەیەش وێنەی نوێژە بەکۆمەڵەکەیە".

پێشمەرگەیەکی دێرینی بزوتنەوەی ئیسلامی کەئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان شێخ عوسمان‌و مام جەلال بووە، باسی لەوە کرد کە دوای تەواوبوونی نوێژەکە شێخ محەمەد بەرزنجی بەمام جەلالی وتووە ئەگەر "ئەلفێکت بۆ زیاد بکەین دەبیتە ئیمام"، مەبەستی لەوە بووە ئەگەر پیتی "ئەلف" بخرێتە بەردەمی ناوی"مام" ئەوا دەبێتە "إمام"، هەرچەندە دەشگوترێت ئەم قسەیە لەقسەی مەلا عەلی دەچێت، چونکە ئەو پیاوێکی سوعبەت چیبووەو چەند جاری تریش سوعبەتی لەگەڵ مام جەلال کردووە.

عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز دەڵێت:" مام جەلال سێجار لەدوای باوکمەوە نوێژی کردووە، یەکەمیان لەساڵی (1989) لەشاری سنە، "ئەوەی لەوێنەکەدا دەبنرێت" دووەمینجاریش لەساڵی (1994) لەمەسیف سەلاحەدین لەکاتی گفتوگۆ بۆ رێکەوتنی نێوان بزوتنەوەو یەکێتی‌و، سێیەمین جاریش لەوەرزی حەجدا لەکێوی عەرەفە".

لەڕیزی نوێژەکەداو لەنێوانی مام جەلال‌و مەلاعەلیدا شێخ دلێری برای شێخ جەعفەر دەبینرێت‌و هەتا ئێستاش زۆرکەس پێیانوایە شێخ دلێر لەناو وەفدی یەکێتیدا بووەو هاوڕێیەتی مام جەلالی کردووە بۆ لای شێخ عوسمان‌و بزوتنەوەی ئیسلامی، بەڵام عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز وتی، شێخ دلێر ئەوکاتە لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامیدا بووەو یەکێک بووە لەکەسە نزیک‌و باوەڕ پێکراوەکانی باوکی‌و زۆرترین پەیوەندی‌و گفتوگۆکانی نێوان بزوتنەوەو حیزبەکانی دیکە لەسەردەمی شاخدا لەڕێگەی شێخ دلێرەوە سازێنراوە.

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی