لیستی هاوبەش بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، ئەو دەستپێشخەرییەی لە نیوەی ڕێگادا پەکی کەوت

دیپلۆماتیک مەگەزین، بەشێکی کۆنووسی گفتوگۆکانی نێوان نوێنەرانی حزبە کوردییەکان لە کۆبوونەوەکەی چوارشەممەی هەولێردا بڵاودەکاتەوە

لیستی هاوبەش بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، ئەو دەستپێشخەرییەی لە نیوەی ڕێگادا پەکی کەوت

1355 خوێندراوەتەوە

کۆنووسی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەی نێوان حزبە کوردییەکان کە ڕۆژی  چوارشەممە  لەسەر داوای حزبی زەحمەتکێشان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، دەست (دیپلۆماتیک مەگەزین)  کەوتووە، لێرەدا  بەپێویستی دەزانێت هەندێک بەشی گفتوگۆکان بڵاوبکاتەوە,

کۆبوونەوەکە بۆ ئەوە بوو سەرجەم لایەنە کوردییەکان  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکاندا پێکەوە بەشداری بکەن، هەرچەندە سەرجەم لاینەکان لەو کۆبوونەوەدا مەبدەئین لەسەری ڕێکەوتن، بەڵام ڕۆژی دواتر (٨ی شوبات) جارێکی تر کۆبوونەوە بۆ ئەوەی دەرچەی یاسایی بۆ بەشداریکردنیان پێکەوە تاوتوێ بکەن، بەڵام بەهۆی نەهاتنی وەفدی یەکێتییەوە کۆبوونەوەکە هەڵگیرا و هیچ ئەنجامێک بە دەست نەهات.

واتە پرۆژەی بەشداری لایەنە کوردییەکان پێکەوە لە ناوچە جێناکۆکەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە نیوەی ڕێگادا پەکی کەوت و لە کۆبوونەوەی دووەمیدا هیچ لێ سەوز نەبوو.

WANA SA
نەخشەکە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە جێناکۆکەکان نیشان دەدات

"عەبادی خەریکی خەڵەتاندن و فرتوفێڵە"

هەموو لایەنەکان دەستخۆشیان لە زەحمەتکێشان کردووە بۆ دەستپێشخەرییەکەی و لە کۆبوونەوەکەدا، کاکەمین نەجار، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوە کردووە، بۆشایی زۆر لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بۆیە وەک پارتی لەگەڵ ئەوە بوون لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٢ی ئایاردا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ئەنجام بدرێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی هاوڵاتیانە.

پاشان دەڵێت، عەبادیی و بەغداد لەگەڵ کورد ڕاست ناکەن و خەریکی خەڵەتاندن و فرتوفێڵە، بەغداد دەیەوێت دەست بەسەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵەشدا بگرێت، ئەوان بۆیە ڕازیبوون لەسەر گفتوگۆکردن لەسەر کەمکردنەوەی بودجە لە ١٧% وە بۆ ١٢% قبوڵ کردووە، تاوەکو قەسەیان نەیەتە سەر و بەوە تۆمەتبار نەکرێن ئەوان ڕێگرن لە ڕێکەوتنی هەولێر و بەغداد، وەک پارتیش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیش گفتوگۆیان لەسەر ئەمە کردووە.

هەر لەوێدا، نوێنەرەکەی پارتی دەڵێێت پێیباشە، پەیامێک بە ناوی ئەم حزبانەوە ئامادە بکرێت و ڕادەستی عەبادی بکرێت، تێیدا داواکارییەکانی کورد بخرێتە ڕوو دەربارەی چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەگەڵ بەغداد، هەروەها داواش دەکات لایەنەکان لە میدیاکانەوە هەڵمەتی توند دژی یەکتر نەکەن، هەرچەندە کاتی ئەوە بەسەرچووە کە هاوپەیمانێتی پێبکبهێنن، بەڵام دەتوانن بەرامبەر بەغداد هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت، دەشڵێت پارتی بۆیە بڕیاریدا لە کەرکوک بایکۆتی هەڵبژاردن بکات، چونکە بە تەنها مایەوە بۆ هەڵبژاردن و ئەگەر لیستی هاوبەش هەبووایە ئەو بڕیارەمان نەدەدا.

WENA K
شاری کەرکوک

"ئەگەر بە هەڵبژاردن کەرکوک بدۆڕێت کارەساتە"

سەعدی ئەحمەد پیرە، کە لەگەڵ ڕێبازی بێرکۆتی وەک نوێنەری یەکێتی بەشداربوون، ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ پارتی باسی ئەوەیان کردووە لە ناوچە جێناکۆکەکان یەک لیستی کوردیی هەبێت، پێیوابووە ئەو کورسیانەی ئێستا کورد هەیەتی لەو ناوچانەدا (٢١ کورسی)، ئەمجارە ناتوانن هەمان کورسی بهێننەوە ئەگەر هەر لایەنێک بە جیا بەشداری بکات بۆ هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق.

،،

سەعدی ئەحمەد پیرە:  ئەگەر کورد کەرکوک بە هەڵبژاردن  بدۆڕێنێت کارەساتە، ئەوە  زۆر خراپترە لەوەی بە هێز داگیر بکرێت  و لە دەست کورد دەربهێندرێت، بۆیە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان پێویستمان بە لیستی هاوبەشە.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی وتووە، ئەگەر بۆ هەموو کوردستان نەتوانن یەک لیستی هاوبەشیان هەبێت، ئەوا بۆ ناوچە جێناکۆکەکان پێویستیان بە لیستی هاوبەشە، دواتریش دەتوانن پێکەوە لە بەغدا هەماهەنگی بکەن، دەشڵێت ئەگەر کورد کەرکوک بە هەڵبژاردن  بدۆڕێنێت کارەساتە و زۆر خراپترە لەوەی بە هێز داگیر بکرێت و لە دەست کورد دەربهێندرێت، بۆیە پێشنیازەکەی د. قارەمان بە پەسەند دەزانن.

 

"پارتی پەلەی کرد"

لێرەدا، جەلال جەوهەر نوێنەری بزوتنەوەی گۆڕان، باسی بارودۆخی کەرکوک دەکات و دەڵێت بڕیارەکەی پارتی بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لە کەرکوک بەپەلەی تێدا کراوە و نەدەبوو ئەو بڕیارە بدەن، چونکە کە بایکۆت دەکەیت دەبێت جێگرەوەکەی بۆ خەڵکی کەرکوک بخەیتەڕوو.

قارەمان شێخ بزێنی، نوێنەری هاوپەیمانی (بەرهەم ساڵح) یش، ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی کەرکوک وەک جاران بڕوایان بە حزبەکان نەماوە، هەروەها هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە بڕیارەکەی پارتی بۆ کەرکوک پەلەکردنی تێدا بووە، بۆیە پێشنیاز دەکەین، لیستی بچوک نەمێنێت و هەموو لایەنەکان بچنە ناو لیستی ئاشتی کورستانی و  لیستی نیشتیمان کە ئێستا تۆمار کراون لە کۆمسیۆن.

،،

قارەمان شێخ بزێنی، نوێنەری هاوپەیمانی (بەرهەم ساڵح):  خەڵکی کەرکوک وەک جاران بڕوایان بە حزبەکان نەماوە،، بۆیە پێشنیاز دەکەین لیستی بچوک نەمێنێت و هەموو لایەنەکان بچنە ناو لیستی ئاشتی کوردستانی و  لیستی نیشتیمان کە ئێستا تۆمار کراون لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

بەڵێن عەبدوڵا، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی زەحمەتکێشان دەڵێت، دەتوانن لە کەرکوک سوود لە لیستی نیشتیمان وەربگرن، یان ناوەکەی بگۆڕن و هەر حزبێک لە هاوپەیمانێتیەکەدا لیست و کاندیدی خۆی داخڵ بکات.

 

"تووشی شەڕی مشک و پشیلە بووین لەگەڵ بەغدا"

بەهمەن حسێن، نوێنەری حزبی زەحمەتکێشانیش، ئاماژە بەوە دەکات ئەوەی لە دەستیان چووە، ڕۆیشت و دەبێت هەوڵی ئەوە بدەن بزانین دەتوانن چی ڕزگار بکەن، چونکە لەگەڵ بەغداد تازە تووشی شەڕی مشک و پشیلە بوون و ئەوەش زۆر درێژەی دەبێت.

AHMA
شارۆچکەی دوزخورماتوو، بەشێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان

،،

بههمەن حسێن، نوێنەری حزبی زەحمەتکێشان: دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین بزانین دەتوانن چی ڕزگار بکەین، چونکە لەگەڵ بەغداد تازە تووشی شەڕی مشک و پشیلە بووین و ئەوەش زۆر درێژەی دەبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری ١٠ لایەنی کوردستانی بەشداربوون، ئەوانیش:

١ـ پارتی دیموکراتی کوردستان.

٢ـ بزوتنەوەی گۆڕان.

٣ـ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

٤ـ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.

٥ـ کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان.

٦ـ هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی (بەرهەم ساڵح)

٧ـ حزبی شیوعی کوردستان.

٨ـ حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.

٩ـ حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان.

١٠ـ پارتی کرێکاران و جوتیارانی کوردستان

 

 

 

author photo

ماستەر لە پەیوەندیە گشتییە سیاسییەکان

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە بواری لێكۆڵینەوەی سیاسيی