سەرۆكی ئەمجارەی پەرلەمان بۆ كێ دەبێت؟

یەكێتی چاوی لە پۆستەكەیە و گۆڕانش بریاری نەداوە

سەرۆكی ئەمجارەی پەرلەمان بۆ كێ دەبێت؟

336 خوێندراوەتەوە

 پارتی دەیەوێت لەگەڵ یەكێتی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان رێك بكەوێت، یەكێتیش چاوەروانە تاكو بزانێت چەند لایەن بەشداری حكومەت دەكەن و چاویشی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەتە، گۆرانیش هێشتا خۆی یەكلای نەكردووەتەوە، یەكگرتوو نەوەی نوێش داوای چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكەن.

 

لەدوای ئەوەی لەڕۆژی 6-11-2018 یەكەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام دەستەی سەرۆكایەتی هەڵنەبژێردرا دانیشتنەكە بەكراوەی بۆ ڕۆژی سێ شەممە دواخرا، و ئەمڕۆش دوو فراكسیۆن جەختیان كردەوە كەدەبێت لە دانیشتنی ڕۆژی سێ شەممەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.

 

 

،،

پارتی بە كورسی دەتوانێ لە پەرلەمان هەندێك حاڵەت تێپەڕێنێت.

 

پارتی حەزی لە شەراكەتە

لەئێستادا تادێت مشتومڕەكان لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان گەرمتر دەبێت و هێمن هەورامی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی حزبەكەی ڕاگەیاند و ووتی:" پارتی بە كورسی دەتوانێ لە پەرلەمان هەندێك حاڵەت تێپەڕێنێت، بەڵام پارتی ئەوەی ناوێ چونكە باوەڕی بە شەراكەتی راستەقینە هەیە".

 

لێدوانەكەی ناوبراو ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە حزبەكەی دەوێت لەرێگەی رێكەوتنێكی سیاسیی دانوستانەوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێك لە لایەنە سیاسییەكان بێت.

 

هێمن هەورامی

 

،،

ئەگەر لە دەسەڵات بین ئامانجمان ئەوەیە ئەم قەیرانە چارەسەر بكەین.

 

 

یەكێتی پاڵێوراوی بۆ پۆستەكان حازر كردووە

هەروەها یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش لەزاری بێگەرد تاڵەبانیەوە كە بۆ ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند و ئەوەی خستەڕوو: " سەرۆكی پەرلەمان و جێگیری سەرۆكی حكومەتمان بەردەكەوێت، یەكێتی بۆ ئەو پۆستانە پاڵێوراوی خۆی هەیە و منیش پاڵێوراوم بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان".


لێدوانەكەی ناوبراو ئاماژەیەكە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لە گۆران كەلە خولی پێشوو یوسف محمد سادق ئەو پۆستەی وەر گرت.

 

گۆران هێشتا دوودڵە

سەبارەت بە هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەكە ووتی:" ئەگەر لە دەسەڵات بین ئامانجمان ئەوەیە ئەم قەیرانە چارەسەر بكەین، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنیش بین بە هەمان رۆحیەتەوە كار بۆ چاككردنی ئەم دۆخە دەكەین و بەرنامە و پلانی خۆمان دەبێت".

 

 

 


هەروەها ئاماژەشی بەوە كرد:" بەڵام لەبارەی ئەوەی بەشداری حكومەت دەكەین یاخود نا، گۆڕان كۆمەڵێك ئۆرگانی هەیە، یەكێكیان فراكسیۆنی گۆڕانە، ئێمە كۆبونەوە دەكەین و بۆچونی خۆمان پێشكەش دەكەین، لەناو بزوتنەوەكەشدا بە راپرسی و راوێژ، رای ئۆرگانەكان وەردەگیرێت".

،،

ئەو دوو فراكسیۆنە داواش دەكەن ڕۆژی سێ شەممە 13-11-2018 دانیشتنی یەكەم تەواو بكەرێت و ئەركی دووەمی جێبەجێ بكرێت بە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵوتن بۆ پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

 

 

ئۆپۆزیسیۆنیش قسەی هەیە

سەبارەت بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و لیستی نەوەی نوێ، ئەمڕۆ یەك شەممە فراكسیۆنەكانی ئەو دوو حزبە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: پێویستە لە دانیشتنی ڕۆژی سێ شەممەدا دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێتەوەو لە دانیشتنی ڕۆژی 6-11-2018 دانیشتنی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن سەرۆكی كاتی پەرلەمانەوە بە كراوەی بەجێهێشت و تەنها ئەركی یەكەمتان بەجێهێنا و ئەركی دووەمیان كە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی بوو جێبەجێ نەكردا.

 
ئەو دوو فراكسیۆنە داواش دەكەن ڕۆژی سێ شەممە 13-11-2018 دانیشتنی یەكەم تەواو بكەرێت و ئەركی دووەمی جێبەجێ بكرێت بە كردنەوەی دەرگای خۆپاڵوتن بۆ پۆستەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

 

هەرچەندە یەكەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان ئەنجام دراوە، بەڵام تاكو ئێستا دانیشتنەكە بەكراوەیی ماوەتەوە لایەنە سیاسییەكان رێك نەكەوتون بۆ دابەشكردنی پۆستەكان و دیاریكردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

 

author photo

دبلۆم لە راگەیاندن

ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان