كوشتنی ئه‌حمه‌د ئاغای زێباری‌و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان مه‌لا مسته‌فاو عه‌بدولكه‌ریم قاسم

كه‌ی‌و بۆچی په‌یوه‌ندی نێوان مه‌لا مسته‌فاو عه‌بدولكه‌ریم قاسم تێچكوو؟

كوشتنی ئه‌حمه‌د ئاغای زێباری‌و تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان مه‌لا مسته‌فاو عه‌بدولكه‌ریم قاسم

752 خوێندراوەتەوە

جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی کۆچکردوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ لەلاپەڕە ۱٥٦ ـ ۱٥۷ ـ ۱٥٨دا، بەرگی یەکەمی یاداشتەکانیدا باس لەکوشتنی ئه‌حمه‌د ئاغای زێباری دەکات لەلایەن مه‌لا مستەفاوە، هەروەها باس لەسەرەتای تێکچوونی نێوان پەیوەندیەکانی مه‌لا مستەفای بارزانی‌و عه‌بدولکه‌ریم قاسم دەکات.

   
مام جه‌لال ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت:" مەلا مستەفا دوو سێ کەسی لەپیاوەکانی خۆی نارد، ‌(نەگەی نەبی سەر ئاسن و عیسا سوار ومەلا حەسەن) ئەمانە، دوایی بوون بەموڕافیقی بارزانی، چون لەموسڵ ئەحمه‌د ئاغای زێباریان کوشت، هەرکە ئەویان کوشت حکومەتیش فەرمانی گرتنی ئەوانی دەرکرد، ئێمە وەکو پارتی پێمانوابوو کەدەبێ ئەمانە بدرێن بەدادگا، لەڕێی دادگاوە چارەسەری کێشەکە بکرێت، مامۆستا برایم ئه‌حمه‌د ئامادەیی خۆی نیشاندا وەک پارێزەرێک بەرگریان لێبکات، کۆمەڵێک پارێزەری تریش ئامادەبوون کە بەرگریان لێبکەن".


مام جه‌لال زۆرتر ده‌رباره‌ی كوشتنی ئه‌حمه‌د زێباری دواوه‌و وتوویه‌تی:" مەلا مستەفا بەڕێگایەکیتر چارەسەری کرد، من خۆم شاهێدی کارەساتەکەم، کاتێ کەریم قاسم تەقەی لێکرا ئێمە چوین بۆلای بۆنەخۆشخانە، من لەگەڵ مەلا مستەفا بووم، کە چوینه‌ ژوورێ عه‌بدوله‌کریم قاسم چاک بووبوویەوە، خۆشحاڵ بوو بەهاتنەکەی مەلا مستەفا، دانیشت و باسی کارەساتەکە کرا، مەلا مستەفا باسی ئەوەی کرد کە خەڵک گیراون، کەریم قاسمیش وەک سەرۆکی دەوڵەت‌و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران قسەی کرد، وتی:"ئەوە تاوانێکە کراوەوکوژراو هەیە، پێوویستە لەڕێی دادگاوە چارەسەر بکرێت، بابزانین دادگا چی بڕیار دەدات"
مەلا مستەفا وتی: " وەڵا من کردومە، من ئەوانەم ناردووە"


کەریم قاسمیش ووتی:" نا مەلا مستەفا تۆ نەتناردوون، تۆ پیاویت کاری واناکەیت، تۆ دۆستی منیت، تۆ دژی یاسا ئیش ناکەیت، بێگومان ئەو کۆنە گەنجانە کۆنە ڕقیان لەدڵدا بوو، مەلا مستەفا لەسەری ڕۆیشت‌و وتی:" نەخێر من ناردومن، ئەگەر ئەو گەنجانە ئەوەیان کردبێت، ئەوە من پێم کردوون".

به‌ بڕوای مام جه‌لال پرسی كوشتنی ئه‌حمه‌د ئاغا سه‌ره‌تای تێكچوونی نێوان عه‌بدولكه‌ریم‌و مه‌لا مسته‌فا بووه‌و ده‌ڵێت:" کەریم قاسم قیژاندی بەسەر مەلا مستەفادا، یەکەم جاربوو من کەریم قاسم ببینم بەتوڕەیی، وتی "تۆ نەتناردوون".


زۆر بەتوڕەییەوە وەڵامی دایەوە، بەڕاستی مەلامستەفا چاوەڕێی ئەمەی نەدەکرد کە کەریم قاسم بقیژێنێ بەسەریدا، مەلا مستەفا مات بوو، بەڵام زۆری پێناخۆشبوو، وتی:" قانون‌وعەدالەت هەیە، عەدالەت لەسەروو هەموو کەسێکەوەیە ئەوانە ئەدرێن بەدادگا".

" به‌ بۆچونی خۆم ئەمە سەرەتای تێکچوونی پەیوەندی نێوان مەلا مستەفا وعه‌بدولکه‌ریم قاسم بوو". مام جه‌لال وا ده‌ڵێت.

ئاماده‌كاری كتێبی " دیداری ته‌مه‌ن" سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوه‌ پرسیار ده‌كات‌و مام جه‌لال ده‌ڵێت:" ئەوە ئەو ڕۆژانە بوو کە کەریم لە (راس القریە) تەقەی لێکرا، لەدوای ئەوە عەشائیری زێباری‌و هەندێ عەشائیر هاتنە لای عه‌بدولکه‌ریم قاسم‌و وتیان، ئەچەوسێنرێینەوە، بارزانیەکان ئەمانکوژن، گلەییان کرد بوو، کە عه‌بدولکه‌ریم قاسم چەکی داوە بەبارزانی بەڵام بەوانی نەداوە.

پەیوەندی نێوان قاسم‌و ئەو کوردانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوکاتەی کەقاسم لەدژی بزوتنەوەکەی بارزانی لەساڵی ۱۹٤٥ ئامری ڕەتڵی جاشان بووە، جاشەکانی زێباری، هەرکی، سورچی، کاتی خۆی، شەڕی بارزانیان کردووە، لەبەر ئەوە لەو ساڵەوە ئەیناسین‌و ئەیانناسی، هاتبونە لای گوتبویان" لەکاتی خۆیدا ئێمە لەژێر قیادەی تۆدا بەیەکەوە ئیشمان کردووە.


" ئەوانیش کردبوویان بەهەرا، ئەخورێین‌و ئەکوژرێین، هەڕەشەیان لێدەکرێت‌و ئیبادە دەکرێن لەلایەن بارزانیەکانەوە، عه‌بدولکه‌ریم قاسمیش ۱۰۰ پارچە چەکی دابوە زێباریەکان‌و گوتبوی ئەو چەکانە بۆپارێزگاریکردن لەخۆتانە".

بەخشینی ئەم چەکانە مەلامستەفای زۆر توڕەکردبوو، وایدەزانی عه‌بدولکه‌ریم قاسم وا بەئاسانی بەجاشەکان نایگۆڕێتەوە، بەڵام دوای ئەوە وردە وردە بوە هۆی تێکچوونی پەیوەندیەکانی نێوان مەلامستەفا وعه‌بدولکه‌ریم قاسم.


سەرچاوە:

دیداری تەمەن
پێگەی فوڕات
پێگەی خالیدیە
پێگەی مەعریفە
ویکیپیدیا