ئازاد قەزاز: گۆڕان دەستی بۆ نەست و زەمینەی ڕۆحی مرۆڤگەلی خۆی نەبرد

"گۆڕان و پارتی و یەکێتی بە یەک نەست بیردەکەنەوە"

ئازاد قەزاز: گۆڕان دەستی بۆ نەست و زەمینەی ڕۆحی مرۆڤگەلی خۆی نەبرد

747 خوێندراوەتەوە


 بەشی دووەم

نووسەرو رۆشنبیرو مامۆستای زانكۆ، ئازاد قەزاز، لەبەشی دووەمی دیدارەكەیدا باسلەو زەمینەیە دەكات كە گۆڕانكاری جەوهەری‌و گرنگی لێبەرهەم دێت، ئەو پێیوایە تاوەكو دەست بۆ كۆ نەستی كۆمەڵگە نەبرێت‌و دەست بۆ گۆڕینی چەمكی خوداو جیهانبینی مرۆڤ نەبرێت گۆڕانكاری بنەڕەتی چرۆ ناكات.

   

دیبلۆماتیك: بۆچی گۆڕانكاری بە گۆڕینی تێڕوانینی كۆمەڵگە بە چەمكەكانەوە دەبەستیتەوەو جەختی لەسەر دەكەیتەوە؟

ئازاد قەزاز: بۆیە دەڵێم گەر واتای خودا بگۆڕیت، لە کۆتاییدا دەسەڵاتیش دەگۆرێت، چونکە ئەوان ئەو خودایەی خۆیان خوڵقاندوویانە، کردویانەتە پاسەوانی کورسی و دەسەڵاتی خۆیان. ئێمەش لە ڕێگەی وشە سازییەوە جارێکیتر مانایەکیتر بۆ خودا لە جیهانی هەست و پاشان بەرەو نەست دەهۆنینەوە، بە هۆی ئەو توانستە ڕۆحیگەرییەی خۆمان کە بە کۆششی خۆمان بەدەستمان هێناوە. کەواتە سەرەتا ئەو زەمینەیە کە وا لە نەستدا دەگۆرێت، بە ئاڕاستەکردنی مێشک بەهۆی واتایەکی نوێوە کە لە ئایدیۆلۆژیایەکی تردا خۆی دەبینێتەوە و پەیوەندی نێوان نیۆرۆنەکانی ناو مێشک بە جۆرێکیتر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، نەوەی نوێ دنیا بەجۆرێک دەبینێتەوە کە باوان لەسەری ڕانەهاتوون، ئیترناتوانن ئەوان بدەنە پێش خۆیان بۆ ماناوەی خۆیان بیانکەنە قوربانی. بەڵام ئەم پرۆسەیە زەمەن دەخوازێت تا ئەو نەستە نوێیە رەنگی خۆی لە زەمینەی جێکەوتا دەداتەوە و هێزێکی نوێ دروست دەکات‌و دەتوانێ ئەو دەسەڵاتە مناڵانەیە لابەرێت. ئیدی زەمینەیەک دروست دەبێت کە ئەم دەسەڵاتەی ئێستا پێی ئاشنا نییەو ناتوانێ بە ئارەزووی خۆی یاری تێدابکات.

 

هەر لێرەوە دەڵێم، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی گۆڕان لەبەرامبەر پارتی ئەوەبوو کە لەزەمینەیەکدا لە گەڵ پارتی ململانێی کرد، هی پارتی خۆیەتی و زەوی و زەمینەی خۆیەتی و هەموو شتەکان لای خۆیەتی. گۆڕان بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ نەستو زەمینەی ڕۆحی مرۆڤگەلی خۆی نەبرد.
گۆڕان‌و یەکێتی سەر بەسەبکەلتووری دەڤەری سلێمانین‌و لەسەر هەمان زەمینە کار دەکەن کە جگە لە ململانێی بەردەوام یان بەشکردنی زەمینەی ڕۆحی و مادی بەردەوام لەنیوان خۆیان‌و دەڤەری بادینان، ناتوانن هیچیتر بکەن، بەڵام هەردوو ئەگەرەکەش بە زیانی بەرژەوەندی باڵای کورد و خەڵکی ڕەش و ڕووت دەگەڕێتەوە. سەرەتای دامەزراندنی گۆڕان، وتارێکی پشتگیریم بۆ نوسین، بەو ئومیدەی گۆڕانێکی بنەڕەتی بێت، ئەوان لەوە تێنەگەشتن، منیش هەر زوو لەوە تێگەشتم کە گۆڕِان و پارتی و یەکێتی بە یەک نەست بیردەکەنەوە، بۆیە گۆرانکاری بنەڕەتی ڕوو نادات. گۆڕانکاری قووڵ و ورد ئەوەیە کە زەمینەیەکی نوێ بێتە ئاراوە و کانییەکی ماریفی و ئەخلاقی ئەوتۆ بخولقێنێ کە ئەوان نەتوانن ئاوی لێبخۆنەوەو سەرنجی خەڵکیش لەو کانییەی ئەوانەوە بەرەو لای خۆیان وەرگێڕن، بەڵام بە مەرجێ نەبنە شەریکە بەش لە گەڵیان، ئەگین هەروەک ئەوانیان لێدێتەوە، هەروەک لە کوردستان بینیمان چۆن چاکسازو گۆڕانخوازو پێشکەوتوو خواز، هەر هەموویان لە یەک سەبەتەی گەندەڵیدا گیریان خوارد. ئەوکاتەی گۆڕان بڕیاری دا بچێتە حکومەتی بنکە فراوانەوە، هاوارم کرد کە گۆڕان بەم بڕیارەی جاڕی مەرگی خۆی داوە، مەخابن کەس نەبوو بە هەند وەریگرێت.

 

،،

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی گۆڕان لەبەرامبەر پارتی ئەوەبوو کە لەزەمینەیەکدا لە گەڵ پارتی ململانێی کرد، هی پارتی خۆیەتی و زەوی و زەمینەی خۆیەتی و هەموو شتەکان لای خۆیەتی. گۆڕان بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ نەستو زەمینەی ڕۆحی مرۆڤگەلی خۆی نەبرد.

 

دیبلۆماتیك: سەبارەت بەدۆخی خراپی ژیان لە كوردستان، چەندە رەخنەت لە دەسەڵات‌و هێزە دەسەڵاتدارەكان هەیە، هێندەش لە هاوڵاتیان نیگەران‌و بێئوومێدی، كۆمەڵگەی كوردی بەم دۆخەوە بەرەو كوێ گوزەر دەكات؟

ئازاد قەزاز: لە پێشەوە ئەوەم درکاند کە دەسەڵاتدارو بێدەسەڵات، لە سەر زەمینەو لە ناو مێژوویەکدا بەندن، لە وێدا نەبیت ئێمە یەکتر نا ناسینەوە. دەسەڵات بەرپرسیارە لە قۆرخکردنی ئەو زەمینەیەی کە هەموو جارێ دەمانترسێنن بەوەی گەر ئەوان نەبن، گورگ هەمووان دەخوات. بە جۆرێکی ئەوتۆ شارەزا بوون لەو تەلبەنەدە مێژووییە دەستکردە، دەزانن چ کاتێ، چ شتێ بجووڵێنن، تا ئێمە بە خۆیانەوە گرێبەن و سۆز و ترسمان تیا بوروژێنن و بمانکەنە قوربانی خۆیان لە پێناو مانەوەی خۆیان. وەک وتمان گۆڕانکاری لەو زەمینەیە جێپێی ئەو دەسەڵاتە لەق دەکات، لەبەرئەوەی شارەزا نییە، ناتوانی بە کارامەیی لەسەر زەمینەیەکیتر گەمەی خۆی بکات.

هێشتنەوەو پاراستنی زەمینەی ئێستا کە دەسەڵات پاسەوانییەتی، هۆکارێکە ڕێگە لە بزاڤ و بزوتنەوەی نوێ دەگرێت. هاوڵاتیانیش ئەو هێزەیان نییە نە لەو زەمینەیە تێبگەن و نە لێشی دەرچن، بەڵکو خۆیان ڕادەستی ئەو ئامانجەی دەسەڵات کرووە کە کۆتاییەکەی لەبەرژەوەندی باڵای کوردو خەڵکی کوردستان نابێت. هاوڵاتیان زۆربەی هەرە زۆری سەر بەو حیزبانەن کە لەو زەمینەیەدا خۆیان دیوەتەوە.


نوخبەی ڕۆشنبیریش شک نابەی کە بەجدی لەو کێشە بنەرەتییە قووڵە بکۆڵێتەوە، تەنها ئاماژە بۆ ڕووکەشی کێشەکان دەکەن‌و زۆرجاریش قسەو سوکایەتیە بەو دەسەڵاتە دەکرێت لەبری کۆڵینەوەی زانستی و بزاڤی جدی بهێننە گۆڕێ.

ئازاد قەزاز


ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە زۆرجار ڕەخنەگران خۆیان دەخەنە سەنگەرێکەوە، ئیتر ناتوانن بابەتیانە بکۆڵنەوە. بۆیە دەبینی دەزگای ڕاگەیاندنی ئەو لایەی ئەو ڕەخنەیە لە خزماتیایەتی، دەنگی دەگەیەنێتە دەرەوە و ئەوەشی کە بۆ هیچ لایەنیان بیرناکاتەوە، تەنها مەبەستییەتی تێگەشتنی خۆی بۆ کێشە ڕاستەقینەکە دەرخات، کەسیان ئاوڕی لێنادەنەوە. کۆمەڵگەی کوردی کە هێندە بێسەروبەر بێت، بێگومان شکستێکیتر چاوەڕوانییەتی، ململانێیەکیتری توند، یەخەی دەگرێت، دابەشبوونی شاراوەی زەمینەی نەست، لەسەر خاکیش خۆی دەرئەخات، بێئومدیی بەرۆکمان بەرنادات.

بە مانایەکیتر، هەرکات ئەوەی بنبەڕەی هاتە سەر بەڕە، ئەوجا قەبارەی کارەساتەکان دەبینین. ئەوەی کە لێرەدا دەیخەمەڕوو بە گوێرەی ئاماژەکانە کە دەیبینم، بەڵام خۆ ئەگەر موعجیزەیەک ڕووبات و ئەم دوو دەسەڵاتە پێکەوە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای کورد کار بکەن، ئەوەیان هیچی لێنازانم (ئومێد دەکەم ئەو موعجیزەیە ڕووبات)، یان هێزێکی دەرەکی بیانبەسێت بەیەکەوەو پاڵیان بنێت، لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆی، ئەوەشیان جارێ نازانم. ناشمەوێ لێرەدا ئەو قسە وتراوانە بڵێمەوە کە داوا دەکات با کورد یەکگرن و هەموو کوردین و کورد واو کورد وا.... هتد، ئەمانە مەوعیزەی سیاسین و دەردی جەستەیەکی پەککەوتە و پەرتەوازەی وەک ئیمڕۆکەی کورد ناخوات. با لە قووڵایی کێشەکە بکۆڵینەوە و وردبینەوە و دیاریبکەین و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، نەک پەردەپۆشی بکەین و ئومیدو هیوای خەیاڵپڵاوانە ببەخشینەوە.

،،

هێشتنەوەو پاراستنی زەمینەی ئێستا کە دەسەڵات پاسەوانییەتی، هۆکارێکە ڕێگە لە بزاڤ و بزوتنەوەی نوێ دەگرێت. هاوڵاتیانیش ئەو هێزەیان نییە نە لەو زەمینەیە تێبگەن و نە لێشی دەرچن، بەڵکو خۆیان ڕادەستی ئەو ئامانجەی دەسەڵات کرووە کە کۆتاییەکەی لەبەرژەوەندی باڵای کوردو خەڵکی کوردستان نابێت. هاوڵاتیان زۆربەی هەرە زۆری سەر بەو حیزبانەن کە لەو زەمینەیەدا خۆیان دیوەتەوە.

 

 
دیبلۆماتیك: بەو پێیەی لە هەرێمی كوردستاندا حیزب " دوو حیزبی دەسەڵاتدار"، دەستیان بەسەر هەموو جوومگەكاندا گرتووەو كۆمەڵگەی كوردی بووەتە كۆمەڵگەیەكی حیزب سالاری، هاوڵاتی چی لەدەست دێت بۆ گۆڕانكاری لە بارودۆخەكەدا، یاخود لەكۆمەڵگەیەكدا كە حیزب هەمووشتێكی مۆنۆپۆلكردبێت، بەرپرسیارێتی هاوڵاتی لە بەرانبەر ئەودۆخە خراپەدا چییە؟

ئازاد قەزاز: دەبێت دەستکاری ئەو زەمینەیە بکرێت کە بەخودایەکی تایبەت و دنیابینی ئایینێکەوە گرێدراوە، ئەگین هەر خەلک دەگۆرێن و ئەوەی دێتە جێیان، وەک پێشووانیان لێدێتەوە. ئەوکات دەبێت بڵێین رەحمەت لە کفن دز.


بەهاری عەرەبی و گۆڕینی دەسەڵاتداران، مرۆڤی ناچار کرد ئاوات بەوانەی پێشوو بخوازێتەوە. ڕەنگە سودێکی ئەم بەهاری عەرەبییە لەوەدا بێت کە مرۆڤ لەمەودوا بۆ گۆڕانکاری، وردتر و قوڵتر بیرکاتەوە، ئەگین گۆڕینی ڕووخسار، بەڵام بە هەمان کردار و رەفتارو بڕیار، جگە لە وێرانە، هیچیترمان بۆ ناهێنێتە بار. ئەو زەمینەیەی کە ئەو دەسەڵاتدارانە گەمەی تێدا دەکەن، نەگۆڕین، تەنها بە زەبری هێز لایانبەریت، هەمیشە ئەو زەمینە جێماوە، تۆوی خۆی بەرهەمدێنێتەوە.


ئەگەر چەمکی خودا لەم بابەتەدا ئاماژە بێت بۆ ئەو نەستە قووڵ و ناخە دوورەی کە ئایدیایەکی ڕەهای لە خۆگرتبێت، ئەوە ئەوکات دەبێت خودایەک لەگەڵ خودایەکیتردا بجەنگێنین، چونکە هیچ کات مرۆڤ دەرەقەتی خودا نایەت. هەر مرۆڤێ بچێتە جەنگێکەوە کە خوا سەرکردەکەی بێت، دەبێت ئەویش خودای خۆی هەبێت بۆ سەرکردایەتی. ئەگین ململانێکە لارەسەنگ دەبێ، گەر مرۆڤەکان هەموویان شکستیش بێنن، ئەوا ئەو خودایە جارێکیتر زیندوویان دەکاتەوە.

،،


ئەگەر چەمکی خودا لەم بابەتەدا ئاماژە بێت بۆ ئەو نەستە قووڵ و ناخە دوورەی کە ئایدیایەکی ڕەهای لە خۆگرتبێت، ئەوە ئەوکات دەبێت خودایەک لەگەڵ خودایەکیتردا بجەنگێنین، چونکە هیچ کات مرۆڤ دەرەقەتی خودا نایەت. هەر مرۆڤێ بچێتە جەنگێکەوە کە خوا سەرکردەکەی بێت

بۆیە دەبێت دەسەڵاتی خودایەک بە خودایەکیتر سنوردار بکرێت، ئەگین کۆتایی نایەت،لەم بۆچوونەدا مەبەستم ململانێیەکی ماریفییە ڕووبدات. سەدام بەزەبری هێز لابرا، بەڵام ئێستا دەیبینی چی هێنرا، ئەو خودایەی ئەوانی وا توڕە کرد داعشی بەرهەمهێنا. ساڵی ٢٠٠٣ کە سەدام ڕووخێنرا هەر ئەوکات لە گۆشەیەکی سایکۆلۆژییەوە دوو وتارم نووسی بەناوی "ئێراق و ئاییندەیەکی ئاڵۆز" و "خودای ناخی موسڵمان لە سەدام دەچێت"، لەوێدا ئاماژەم بەوە داوە کە هێندەی ئێراق بەرەو ئاڵۆزی و نا دیموکراسی ئامادەیە بگەرێتەوە، هێندە ئامادە نییە بەرەو دیموکراسیبوون بچێت.

ئەوەتا هەنووکە بە چاوی خۆمان دەیبینین کە چۆن نە گۆڕین لە ناخەوە، دەبێتە گۆڕانێکی فیزیکی و مرۆڤ زۆر ئامادەیە بچێتەوە سەر دۆخی پێشووی خۆی. کەواتە پێوویستمان بە گۆڕانێکی کیمیکی دەبێت کە گۆڕانێک بێت لەناخەوەو دەسەتبردن بێت بۆ نەستەکۆ و نەستی تاک، کە پێموایە توخمی گرینگی ئەو گۆڕینە دەستبردن بێت بۆ گٶڕینی چەمکی خودا و جیهانبینی مرۆڤی ڕۆژهەڵات، بە تایبەتی جیهانی ئیسلامی، تا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی چرۆ بکات.

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی