سه‌ره‌تایه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له‌ سلێمانی

سه‌ره‌تایه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له‌ سلێمانی

464 خوێندراوەتەوە


ئومێد قه‌ره‌داخی
دروستبوونی سلێمانی ده‌توانین وه‌ك په‌ره‌سه‌ندنێكی مێژووی گرنگ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵگای كوردیدا ته‌ماشای بكه‌ین، ئه‌م گرنگیه‌ش به‌ بڕوای من ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ سلێمانی وه‌ك شار له‌ دایك بوه‌، سلێمانی بریتی نه‌بوه‌ له‌ گردبوونه‌وه‌یه‌كی ژماره‌یه‌كی به‌رفراوان له‌ هاولاتیان له‌ ناوچه‌یه‌كی دیاركراو ، به‌ڵكو بریتی بوه‌ له‌ بیناكردنی شارێك كه‌ ره‌گه‌زه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی شاری مۆدێرنی تێدابوه‌ ، له‌ سلیمانیدا بۆ یه‌كه‌مجار جوتیاره‌كان به‌شێكی گرنگی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان پێكناهێنن، مۆدێلی شاری لادێنشین كه‌ له‌ كوردستاندا باڵاده‌ست بوو كۆتایی هات، به‌ڵكوو سێ چینی كۆمه‌ڵایه‌تی نوێ له‌ سلێمانیدا سه‌رهه‌ڵئه‌دات ئه‌وانیش چینی پیشه‌گه‌ره‌كان و بازرگانه‌كان ، چینی ده‌سه‌ڵاتداران و فه‌رمانبه‌رانی میری، چینی پیاوانی ئایینی


له‌ باری په‌ره‌سه‌ندنی مێژوییه‌وه‌ ده‌ركه‌وتنی چینی پیشه‌گه‌ر و بازرگان هه‌نگاوێكی گرنگ بوه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌ی ئابووری و فراوانبوونی بازار، ئه‌م چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگای خۆرئاوایدا رۆڵی گه‌وره‌ی بینیوه‌ و هه‌م به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی گه‌شه‌ پێداوه‌ و هه‌میش ده‌رگای له‌ رێگای بازرگانییه‌وه‌ ئابووری بوژاندۆته‌وه‌ و ئاڵوگۆر و گه‌شه‌ی كه‌لتوویشی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ ، هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وتنی چینی فه‌رمانبه‌رانی میری و نوخبه‌ی خوێنده‌وار و رۆشبیر گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوه‌ ، چونكه‌ ئه‌م چینه‌ به‌ پێی هه‌لومه‌رجه‌ مێژوییه‌كه‌ی خۆی له‌لایه‌ك نوێنه‌رایه‌تی بزووتنه‌وه‌یه‌كی رۆشنبیری و نوخبه‌یه‌كی خوێنده‌واری كردوه‌ كه‌ تێكه‌ڵ به‌ كاركردنی دام و ده‌زگای فه‌رمی میری بوه‌ ، له‌لایه‌كی دیكه‌ هاوشانی چینی بازرگان و پیشه‌گه‌ره‌كان توانیویه‌تی كه‌ڵكه‌ڵه‌ی نوێی فیكری و هۆشیاری بهێنێته‌ ناو كۆمه‌ڵگای كوردییه‌وه‌ و تێز و بۆچوونی نوێ گه‌ڵاڵه‌ بكات

،،

له‌ باری په‌ره‌سه‌ندنی مێژوییه‌وه‌ ده‌ركه‌وتنی چینی پیشه‌گه‌ر و بازرگان هه‌نگاوێكی گرنگ بوه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌ی ئابووری و فراوانبوونی بازار، ئه‌م چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگای خۆرئاوایدا رۆڵی گه‌وره‌ی بینیوه‌ و هه‌م به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی گه‌شه‌ پێداوه‌ و هه‌میش ده‌رگای له‌ رێگای بازرگانییه‌وه‌ ئابووری بوژاندۆته‌وه‌ و ئاڵوگۆر و گه‌شه‌ی كه‌لتوویشی هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌


چینی سێیه‌م له‌ شاری سلێمانی بریتی بوه‌ له‌ پیاوانی ئایینی ، ئه‌توانین هه‌م ته‌ریقه‌تی قادری و خودی رابه‌رایه‌تی شێخ مارفی نۆدێ وه‌ك ده‌زگای فه‌رمی ئایینی میرایه‌تی بابان ته‌ماشا بكه‌ین ، هه‌م ده‌ركه‌وتنی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستی مه‌ولانا خالیدی نه‌قشبه‌ندی له‌ شاری سلێمانیدا و فراوانبوونی موریده‌كانی به‌ به‌شێك له‌ چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ له‌قه‌ڵه‌م بده‌ین، ده‌ركه‌وتنی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی له‌ نێو خودی چینی ئایینی شاری سلێمانیدا، به‌ریه‌كه‌وتنێكی ئایینی و سیاسی توندی له‌ نێو خودی ئه‌م چینه‌دا هێنایه‌ ئاراوه‌ ، كه‌ ئه‌م به‌ریه‌كه‌وتنه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ په‌ره‌سه‌ندنی هۆشیاری و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌شاری سلێمانی خیراتر و به‌رفراوانتركرد.


دروستبوونی سلێمانی به‌م پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ، سه‌ره‌تایه‌كی گرنگ بوو له‌ ده‌ستپێكی په‌ره‌سه‌ندنێكی مێژووی به‌رفراوان له‌ ته‌واوی كوردستاندا، چونكه‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌ هه‌ره‌ بنه‌ره‌تییه‌كانی كوردستان ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ شاری به‌م پێكهاته‌ مۆدیرنه‌وه‌ نه‌بوه‌، شاره‌كان له‌ كوردستاندا كه‌مبوون ، ئه‌وه‌شی هه‌بوه‌ پتر شارێك بوه‌ جوتیاره‌كان پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی بوون ، شاری تێكه‌ڵبوه‌ له‌ لادێنشینی ، شارێك دام و ده‌زگای میرایه‌تی تیادا نه‌بوه‌ و فه‌رمانبه‌ران و نوخبه‌ی خوێنده‌وار وه‌ك چینێكی نوێی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رنه‌كه‌وتوون، بزووتنه‌وه‌ی ئایینیش وه‌ك چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن تێز و وزه‌ی ململانێ بوونی نه‌بوه‌، بۆیه‌ ئه‌و شارانه‌ نه‌یانتوانیوه‌ رۆڵی گرنگ بببین له‌ دروستكردنی په‌ره‌سه‌ندنی مێژویی و بگره‌ له‌ هێنانی كورد بۆ نێو ئه‌و گفتوگۆ و جوڵانه‌وانه‌ی له‌دنیای تازه‌دا بوونی هه‌یه‌، لێره‌دا گرنگی سلێمانی وه‌ك شارێكی نوێ له‌ جوڵاندنی ره‌وتی گه‌شه‌ی مێژوویی ده‌ر ئه‌كه‌وێت


له‌سه‌رده‌می نوێدا یه‌كێك له‌ ده‌ركه‌وته‌ نوێیه‌كان له‌ شاره‌كاندا بریتی بوه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی فكر و بزوتنه‌وه‌ی ناسیرنالیستی ، بیگومان ناسیۆنالیزم یه‌كێكه‌ له‌ له‌ ئایدۆلۆژیاكانی سه‌رده‌می نوێ، له‌ باری مێژوییه‌وه‌ گه‌شه‌ی ناسیۆنالیزم په‌یوه‌سته‌ به‌ گه‌شه‌ی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نوێیه‌كانه‌وه‌ كه‌ ته‌نها و ته‌نها له‌ شاره‌كاندا ده‌ر ئه‌كه‌ون و گه‌شه‌ ئه‌كه‌ن ،چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نوێیه‌كانی وه‌ك پیشه‌گه‌ره‌كان و فه‌رمانبه‌ران و نوخبه‌ی رۆشنبیر و خوینده‌واره‌كان ، پێشره‌وی گه‌شه‌ و فراوانبوونی بیری ناسیۆنالیزم بوون، له‌ كوردستاندا له‌ سلێمانیدا ئه‌م چینه‌ كۆمه‌ڵایتیه‌ نوێیانه‌ بوونی هه‌بوو، دواتریش بوون به‌ باشترین زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی له‌ كوردستاندا ، زۆر جار ئه‌وه‌ ئه‌گوتریت كه‌ سلێمانی سه‌رچاوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی بوه‌ ، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ وه‌ك دروشمێكی سیاسی خراوه‌ته‌ روو ، به‌ڵام له‌ رووی شیكاری مێژوییه‌وه‌ ئه‌و راستیه‌ روون ئه‌بێته‌وه‌ كه‌ بۆچی سلێمانی سه‌رچاوه‌ی بیری نه‌ته‌وایه‌تی و سه‌رچاوه‌ی شۆرش و خه‌بات بووه‌ .

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سلێمانی له‌ بنه‌ره‌تدا شار بوه‌ و پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كه‌ی رێگه‌ی ئه‌وه‌یداوه‌ بیری ناسیۆنالیستی تیایدا له‌دایك ببێت، بۆیه‌ له‌ ساته‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی ده‌ركه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه‌ له‌ جیهانی ئیسلامیدا ، ئه‌م بزووتنه‌وه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ش له‌ سلێمانی له‌ دایك ئه‌بێت ، له‌ سلیمانی یه‌كه‌م حكومه‌تی كوردی و ، یه‌كه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پاشایه‌تی عێراق و ،یه‌كه‌م جوڵانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی له‌دایك ئه‌بێت، دواتریش ره‌نگدانه‌وه‌ی به‌س ته‌واوی كوردستانه‌وه‌ ئه‌بێت ، ته‌نانه‌ت بیری نه‌ته‌وه‌ییش له‌ سلێمانییه‌وه‌ ئه‌گات به‌ ته‌واوی كه‌سایه‌تییه‌ گرنگه‌كانی كورد، ته‌نانه‌ت خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فای بارزانیش ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ سلێمانی ژیاوه‌ به‌ راده‌یه‌كی زۆر كاریگه‌ر بوه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌ و بیری نه‌ته‌وه‌یی سلێمانی و ئه‌م كاریگه‌ریه‌ش له‌ قۆناغه‌كانی دواتردا ده‌ر ئه‌كه‌وێت .

،،

له‌سه‌رده‌می نوێدا یه‌كێك له‌ ده‌ركه‌وته‌ نوێیه‌كان له‌ شاره‌كاندا بریتی بوه‌ له‌ ده‌ركه‌وتنی فكر و بزوتنه‌وه‌ی ناسیرنالیستی ، بیگومان ناسیۆنالیزم یه‌كێكه‌ له‌ له‌ ئایدۆلۆژیاكانی سه‌رده‌می نوێ، له‌ باری مێژوییه‌وه‌ گه‌شه‌ی ناسیۆنالیزم په‌یوه‌سته‌ به‌ گه‌شه‌ی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نوێیه‌كانه‌وه‌ كه‌ ته‌نها و ته‌نها له‌ شاره‌كاندا ده‌ر ئه‌كه‌ون و گه‌شه‌ ئه‌كه‌ن ،چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نوێیه‌كانی وه‌ك پیشه‌گه‌ره‌كان و فه‌رمانبه‌ران و نوخبه‌ی رۆشنبیر و خوینده‌واره‌كان ، پێشره‌وی گه‌شه‌ و فراوانبوونی بیری ناسیۆنالیزم بوون

بێگومان ئه‌م تێزه‌ی من بۆ شیكاركردنی گرنگی پێگه‌ی سلێمانیه‌ له‌سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌ی ناسیۆنالیستی كوردیدا نه‌ك بۆ شانازیكردن به‌ ناسیۆنالیزمه‌وه‌
دیسانه‌وه‌ ئه‌كرێت له‌ روانگه‌ی تێگه‌یشتن له‌ ریشه‌ی سروشتی كاركردنی گروپ و چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ سلێمانیدا له‌وه‌ تێ بگه‌ین كه‌ بۆچی كاریگه‌رترین گرووپی ماركسیستی( كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران ) سه‌ركرده‌ دیار و كاریگه‌ره‌كانی له‌ سلیمانیدا بوه‌ ، به‌دلنیاییه‌وه‌ ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ بوون و زیندویتی چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌م شاره‌دا ، هه‌م چینی نوخبه‌ی خوێنده‌وار ، هه‌م چینی پیشه‌گه‌ر و چینه‌ ئایینه‌كان ، كه‌ تێكرا له‌ ئه‌نجامی قۆناغه‌ نوێیه‌كانی گه‌شه‌ی ئابووری و هزری و كرانه‌وه‌ به‌رووی به‌هاكانی دنیای نویدا، جورێك له‌ ململانێی چینایه‌تی دێته‌ ئاراوه‌ و ئه‌مه‌ش زه‌مینه‌ بۆ له‌دایكبوونی یه‌كێك له‌ كاریگه‌رترین گرووپه‌ ماركسیسته‌كانی كوردستان خۆش ئه‌كات كه‌ دواتر و له‌ ژێر ناوی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بۆ زه‌مه‌نێكی درێژ كارایی به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورده‌وه‌ هه‌بوو .


له‌ قۆناغی ئێستاشدا دیسانه‌وه‌ به‌هۆی پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ ئابوورییه‌ سیاسیه‌كه‌یه‌وه‌ ، رۆڵی گه‌وره‌ی بینیوه‌، له‌ روانگه‌ی تێگه‌یشتن له‌ دروستبوونی سلێمانیه‌وه‌ له‌وه‌ تێ ئه‌گه‌ین بۆچی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی ئه‌هلی له‌ سلێمانیه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵئه‌دات؟ بۆچی یه‌كه‌م ته‌له‌فزیونی ئه‌هلی له‌ سلێمانی له‌دایك ئه‌بێت؟ بۆچی یه‌كه‌م قه‌واره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ سلێمانی سه‌رهه‌ڵئه‌دات؟ بۆچی سلیمانی ناوه‌ندی گه‌رمترین ململانێی سیاسی و كه‌لتوورییه‌ له‌ كوردستاندا؟ بۆچی سلێمانی زیاتر له‌ هه‌ر شوێنیكی تر باوه‌شی بۆ به‌هاكانی نوێیه‌كان و شێوه‌ ژیانی مۆدێرن كردۆته‌وه‌ ؟ زۆر رۆڵی دیكه‌ی پێشره‌وانه‌ی سلێمانی

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك