بۆچی حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌ كۆماری مهابادی جێهێشت‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێراق؟

سیخوڕ بوو یان ناكۆكی له‌گه‌ڵ قازی محه‌مه‌د دا هه‌بوو؟

بۆچی حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌ كۆماری مهابادی جێهێشت‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێراق؟

1690 خوێندراوەتەوە

حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌ كه‌ یه‌كێكبوو له‌ ئه‌فسه‌ره‌ پله‌ باڵاكانی سوپای كوردستان له‌كۆماری مهاباد، چوار مانگ پێش ڕووخاندنی كۆماره‌كه‌، ماڵئاوایی له‌ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د كردو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێراق. له‌م راپۆرته‌دا هۆكاره‌كانی پشت ماڵئاواییه‌كه‌ی حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌ ده‌خه‌ینه‌ڕوو، چه‌ند زانیارییه‌ك له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌ پێده‌ده‌ین .

 

كۆماری مهاباد له‌ به‌رواری 2ی كانونی دوه‌هی ساڵی 1946 راگه‌یه‌نراو پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌و كۆماره‌ دیاریكرا، كه‌ ئه‌وه‌ش بووه‌ ڕۆژێكی مێژوویی له‌ بزاڤی رزگاریخوازی گه‌لی كوردو خۆشحاڵی هه‌موو كوردێكی دنیای به‌دوای خۆیدا هێنا، بۆیه‌ زۆرێك له‌تێكۆشه‌رانی كورد له‌ته‌واوی پارچه‌كانی تری كوردستان، ڕوویان له‌و كۆماره‌ كردو له‌وێ له‌ژێر ئاڵای ده‌وڵه‌تی كوردیدا، درێژه‌یان به‌خه‌باتی خۆیاندا.

،،

به‌كر حه‌وێزی ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵا له‌كۆماری مهاباد پێیوایه‌ كه‌ سیخوڕی هۆكاری سه‌ره‌كی بووه‌ له‌رۆشتنی حه‌مه‌ڕه‌شید خان، به‌ڵام یه‌كێك له‌نه‌وه‌كانی خانی بانه‌، ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

یه‌كێك له‌و تێكۆشه‌رانه‌ش حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌ بوو، كه‌ ڕۆڵێكی گرنگ‌و كاریگه‌ری هه‌بوو له‌ كۆماره‌كه‌دا، به‌ڵام هه‌ڵوێستی ناوبراو و به‌رامبه‌ر كۆماره‌كه‌و بریاری به‌جێهێشتنی ده‌وڵه‌ته‌ كوردیه‌كه‌، زۆر پرسیاری دروستكردووه‌، كه‌ ره‌نگه‌ لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو وه‌ڵامی پێویستیان پێ نه‌بێت، بۆیه‌ لێره‌دا به‌كورتی هۆكارو نهێنیه‌كان ده‌خه‌ینه‌ڕوو.


حه‌مه‌ڕه‌شید خان كوڕی قادر خان كوڕی عه‌بدوڵلا به‌گ كوڕی بارام به‌گ كوڕی سلێمان به‌گی بانه‌یه‌، ساڵی 1898 له‌گوندی شیوه‌ گوێزانی سه‌ربه‌دۆڵی شلێری ناوچه‌ی پێنجوێن له‌دایكبووه‌. ته‌مه‌نی منداڵی له‌ گونده‌كه‌یان به‌سه‌ر بردووه‌و به‌هۆی ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێیدا بووه‌، هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌سپسواری ڕاهێناوه‌و كاری له‌سه‌ر به‌كارهێنانی جۆره‌كانی تفه‌نگ كردووه‌و بووه‌ته‌ سوارچاكێكی لێهاتوو. هه‌ربۆیه‌ پاش مردنی باوكی رۆڵی كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ناو بنه‌ماڵه‌كه‌یداو به‌رێوه‌بردنی بنه‌ماڵه‌كه‌ی خستۆته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی، ئه‌و له‌ته‌مه‌نیدا چوار ژنی هێناوه‌و دوو كوڕو سێ كچی بۆ دنیا به‌جێهێشتووه‌.
حه‌مه‌ڕه‌شید خان له‌ناو كۆماری مهاباددا پله‌ی ژه‌نه‌ڕاڵی پێدراوه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌و رۆڵه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆماره‌كه‌دا هه‌یبووه‌، به‌ڵام پێش چوار مانگ بله‌روخانی كۆماری مهاباد، ناوبراو له‌سێبه‌ری ده‌وڵه‌تی كوردی دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌و ڕیزی سوپای كوردستان جێده‌هێڵێت، كه‌ بۆ ئه‌مه‌ش رای جیاوازو دژبه‌یه‌ك هه‌یه‌.


به‌كر حه‌وێزی ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵا له‌كۆماری مهاباد پێیوایه‌ كه‌ سیخوڕی هۆكاری سه‌ره‌كی بووه‌ له‌رۆشتنی حه‌مه‌ڕه‌شید خان، به‌ڵام یه‌كێك له‌نه‌وه‌كانی خانی بانه‌، ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌.

ره‌ئیس به‌كر حه‌وێزی، له‌ریزی سوپای كورد له‌كۆماری مهاباد، به‌مجۆره‌ چیرۆكی رۆشتنی حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت:" له‌نێوان رێگه‌ی سه‌را- سه‌قز، سه‌یته‌ره‌یه‌كمان دانابوو بۆ پشكنینی خه‌ڵكی، رۆژێك ماشێنێك له‌سه‌قزه‌وه‌ بۆ سه‌را ده‌ڕوات، له‌كاتی پشكنیندا له‌گیرڤانی یه‌كێكیاندا نامه‌یه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر له‌شكر هومایۆنیه‌وه‌ بۆ حه‌مه‌ڕه‌شید خان نوسرابوو. هه‌روه‌ها هه‌ندێك كه‌لوپه‌لیشی به‌دیاری بۆ ناوبراو تێدا بوو، كابرایان هێنایه‌ لام بۆ قاراوا. هه‌رچه‌نده‌ نامه‌كه‌ به‌ ئاسایی نوسرابوو، به‌ڵام به‌ ئاشكرا تێبینی ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ نهێنیه‌ك له‌نێوان هه‌ردووكیاندا هه‌بوو. هومایۆنی ئومێدی سه‌ركه‌وتنی بۆ خان كردبوو. هه‌ر بۆیه‌ كۆپیه‌كی نامه‌كه‌م كردو دامه‌وه‌ ده‌ستی كابراو وێنه‌یه‌كیشم نارد بۆ پێشه‌وا، سه‌ركرده‌ی سه‌یته‌ره‌كه‌ كه‌ سه‌عید ئاغا بوو به‌نهێنی تێمگه‌یاند كه‌ له‌وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی هومایۆنی گه‌لێك وریا بێت، جا چ ژن بێت یان پیاو به‌وردی بپشكنرێت."

،،

ئه‌وه‌ی گومانی زیاتری له‌سه‌ر حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌ به‌جێهێشتووه‌، وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی ناوبراوه‌ بۆ هومایۆنی، كه‌ له‌لایه‌ن به‌كر حه‌وێزیه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌


به‌پێی گێڕانه‌وه‌ مێژوییه‌كان، سه‌رله‌شكر هومایۆنی یه‌كێكبووه‌ له‌ ئه‌فسه‌ره‌ پله‌ باڵاكانی سوپای شای ئێران و له‌سنوری سه‌قزدا رۆڵێكی گه‌وره‌و كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌دژایه‌تی كۆماری كوردی مهاباد، هه‌روه‌ها هۆكار بووه‌ له‌ شه‌هید كردنی فه‌رمانده‌ نانه‌وازاده‌ كه‌ یه‌كێكبووه‌ له‌ ئه‌فسه‌ره‌كانی كوردو باوه‌ڕپێكراوی قازی محه‌مه‌د.
ئه‌گه‌رچی نه‌وه‌یه‌كی حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌، باسی ئه‌و نامه‌یه‌ ده‌كات كه‌ هومایۆنی بۆ خانی ناردووه‌، به‌لام ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ خان سیخوڕی كردبێت، ئه‌و پێیوایه‌ كه‌ نامه‌كه‌ بۆ ده‌ربڕینی هاوخه‌می بووه‌ به‌ كوژرانی نانه‌وازاده‌، كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر كه‌ یه‌كێكه‌ له‌نه‌وه‌كانی حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌، له‌كتێبه‌كه‌یدا به‌ناوی (حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌) به‌مجۆره‌ باسی نامه‌كه‌ ده‌كات "سه‌رتیپ هومایۆن فه‌رمانده‌ی له‌شكری چواری هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌نامه‌یه‌كدا بۆ حه‌مه‌ڕه‌شید خان ئاوا فرمێسكه‌ تیمساحاویه‌كانی رشت " به‌داخێكی بێ سنوره‌وه‌ دوێنێ ئاغای نانه‌وا زاده‌ له‌ ئه‌نجامی ڕوداوی فرۆكه‌ له‌ كه‌لیخان خانه‌ی به‌جێهێشت و له‌م روداوه‌ دڵنه‌واییتان ده‌كه‌م."


ئه‌وه‌ی گومانی زیاتری له‌سه‌ر حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه‌ به‌جێهێشتووه‌، وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی ناوبراوه‌ بۆ هومایۆنی، كه‌ له‌لایه‌ن به‌كر حه‌وێزیه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ حه‌وێزی ده‌ڵێت:" ماوه‌ی ده‌ ڕۆژێك به‌سه‌ر نامه‌كه‌ی هومایۆنیدا تێپه‌ڕی كردبوو، رۆژێك له‌سه‌یته‌ره‌كه‌وه‌ كابرایه‌كی پیری سه‌رسپی، پشتێن سه‌وزی باڵا به‌رزیان هێنایه‌ بنكه‌ی قاراوا، ناوی شێخ مه‌لا حسێن بوو. زۆر به‌وردی پشكنیبوویان، شانه‌یه‌ك به‌سه‌رو ریش و مووه‌كانی بان باڵیدا دێنن، هه‌رله‌بن باڵیدا نامه‌یه‌كی لولدراو وه‌ك ئاغزه‌ جگه‌ره‌ ده‌دۆزنه‌وه‌، كاتێك كه‌ كردمه‌وه‌ دیتم وه‌ڵامی حه‌مه‌ڕشید خانه‌ بۆ هومایۆن، گه‌لێك به‌سه‌رو پۆته‌ڵاكی شێخ مه‌لا حوسێندا هاتمه‌ خواره‌وه‌و پێموت:" ئه‌رێ مه‌لا تۆ به‌ به‌رگی مه‌لایه‌تی خیانه‌ت‌و خۆفرۆشی ده‌كه‌یت؟ مه‌لا ده‌بێت نمونه‌ی نیشتیمانپه‌روه‌ری بێت، پێموایه‌ خوێندوته‌وه‌ كه‌ " حب الوگن من الایمان"، ئایا كوردستان نیشتمانی تۆ نییه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌ی بۆچی خیانه‌تی لێ ده‌كه‌یت؟ پاشان مه‌لا سوێندی خوارد كه‌ جارێكی دیكه‌ كاری واناكات. ده‌ستبه‌جێ وێنه‌یه‌كم له‌نامه‌كه‌ نوسیه‌وه‌و ناردم بۆ پێشه‌وا، پاشان هێزێكم نابردو له‌دوره‌وه‌ ئابڵوقه‌ی گوندی سه‌ریاندا بۆ ئه‌وه‌ی خان هیچ ده‌رفه‌تێكی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌بێت. تا فه‌رمانێك له‌كۆماری مهاباده‌وه‌ دێت."


به‌پێی گێڕانه‌وه‌كانی به‌كر حه‌وێزی، به‌هۆی ئه‌و نامه‌یه‌وه‌ پێشه‌وا قازی فه‌رمانی دوورخستنه‌وه‌ی حه‌مه‌ڕه‌شید خان ده‌رده‌كات له‌پۆسته‌كه‌ی، هه‌ربۆیه‌ ناوبراویش دوچاری ئیحراجی و نیگه‌رانی ده‌بێت و داواده‌كات هه‌رچۆنێك بێت له‌ مهاباد بڕوات و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ عێراق، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت:" پاش سێ رۆژ مه‌لا مسته‌فا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ قاراواو به‌درێژی مه‌سه‌له‌كه‌م بۆ گێڕایه‌وه‌، ئه‌ویش فه‌رموی:" حه‌مه‌ڕه‌شید خان مه‌سه‌له‌كه‌ی وا بۆ پێشه‌وا هۆنیوه‌ته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ ئه‌وه‌ پیلانێكه‌و تۆ داتناوه‌و له‌به‌ر خاتری من بووه‌، تا ئه‌و له‌م مه‌یدانه‌دا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌مێنێ و من جێگه‌ی بگرمه‌وه‌. پاشان مه‌لا مسته‌فا ئاگاداری كردم كه‌ ده‌یه‌وێت بچێته‌ سه‌را بۆ دیده‌نی حه‌مه‌ڕه‌شید خان، به‌ڵام من ئه‌و چونه‌ییم به‌ باش نه‌زانی، چونكه‌ ئه‌ترسام خیانه‌ت له‌ مه‌لا مسته‌فا بكات. به‌لام مه‌لا مسته‌فا چووه‌ سه‌راو پاشان گه‌ڕایه‌وه‌و وتی:" ئه‌و كابرایه‌ ڕووخاوه‌، ئه‌ڕواته‌وه‌ بۆ عێراق، رێگای بۆ چۆڵ بكه‌، نامه‌وێ كوشتاری لێ بكرێ، هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانم كه‌ تاوانه‌كه‌ گه‌وره‌و ئاشكرایه‌. منیش وتم گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت بڕوات، به‌ڵام له‌ مهاباد بێ تاوانی خۆی بسه‌لمێنێت و بدرێته‌ دادگا، به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا رێگه‌ی نه‌دام، بۆیه‌ ناچار بووم رێم بۆ حه‌مه‌ڕشید خان چۆڵكردو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێراق."

،،

كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، پێیوایه‌ كه‌ حه‌مه‌ڕه‌شید خان ناكۆكی شێوازی خه‌باتی له‌گه‌ڵ پێشه‌وادا هه‌بووه‌، بۆیه‌ بریاری رۆشتنی داوه‌ له‌ مهاباد، ئه‌و له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت:" دوا سه‌فه‌ری جه‌نه‌ڕاڵ حه‌مه‌ڕه‌شید خان بۆ مه‌هابادی پایته‌خت كۆمه‌ڵێ رازی گه‌وره‌ی به‌جێهێشت، سه‌فه‌رێك بۆنی ماڵئاوایی كردنی لێده‌هات


له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كه‌یوان ئازاد ئه‌نوه‌ر، پێیوایه‌ كه‌ حه‌مه‌ڕه‌شید خان ناكۆكی شێوازی خه‌باتی له‌گه‌ڵ پێشه‌وادا هه‌بووه‌، بۆیه‌ بریاری رۆشتنی داوه‌ له‌ مهاباد، ئه‌و له‌وباره‌وه‌ ده‌ڵێت:" دوا سه‌فه‌ری جه‌نه‌ڕاڵ حه‌مه‌ڕه‌شید خان بۆ مه‌هابادی پایته‌خت كۆمه‌ڵێ رازی گه‌وره‌ی به‌جێهێشت، سه‌فه‌رێك بۆنی ماڵئاوایی كردنی لێده‌هات. زۆری نه‌برد ناكۆكی كه‌وته‌ نێوان پێشه‌واو جه‌نه‌ڕاڵی ناوبراو له‌سه‌ر شێوازی كارو خه‌باتگێڕی و چاره‌ی خۆ نوسین و كێشه‌ی گفتوگۆی نێوان ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و مه‌هابادو فه‌رمانڕه‌وایه‌تی سه‌رده‌م و بارودۆخی سیاسی مه‌هه‌بادو ئاینده‌كه‌ی، ئه‌م تێڕوانینه‌ له‌ ئاینده‌ی كۆماری مه‌هابادو شێوازی گفتوگۆی سه‌رانی كۆمار له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی تاران، دواجار ئاسه‌واری خراپی له‌سه‌ر ئاینده‌ی كۆمار به‌جێهێشت، سێ به‌ڵگه‌نامه‌ سوربوونی پێشه‌وا ده‌رده‌خات سه‌باره‌ت به‌ نه‌رمی هه‌ڵوێستی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌وڵه‌كانی ده‌رده‌خات تا جه‌نه‌ڕاڵ حه‌مه‌ڕه‌شید خانی قه‌ناعه‌ت پێ بكات به‌پێی ویستی كۆمارو بۆچونه‌كانی كاربكات، كه‌ دواتر ئه‌و بۆچوونانه‌ به‌زیانی كۆمار ته‌واو بوون."


حه‌مه‌ڕه‌شید خان، له‌ 1ی ئابی ساڵی 1946، واته‌ پێش چوار مانگ له‌روخانی كۆمار، مهابادی جێهێشت و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێراق. كه‌ تا ئێستا ته‌نها ئه‌و دوو بۆچونه‌ له‌سه‌ر هۆكاره‌كانی رۆشتنی ناوبراو هه‌یه‌و ده‌كرێت خوێنه‌ری كورد به‌پێی لێكدانه‌وه‌و تێڕامان له‌رووداوه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌، راستی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بۆ ده‌ربكه‌وێت و هه‌ردو هۆكاره‌كه‌ بدات له‌ بێژنگی راستی.

 

author photo

ڕۆژنامەنووس