پەیامبەرێتی و گەڕانەوە

« سەنتەری گەردوون وەک سەرچاوەی ئۆقرەیی »

پەیامبەرێتی و گەڕانەوە

335 خوێندراوەتەوە

عه‌زیز یاسین

ھۆکاری سەرەکی ئەو میحنەتانەی مرۆڤی ئەم ڕۆژگارەیان گیرۆدەی شەکەتی‌و ماندوێتییەکی بێوێنە کردووە، بریتییە لە دابڕان لە سەنتەری وجود. لەسەرەتای ژیان.


لە ڕووی مەعنەویی و دەروونییەوە مرۆڤ تا ئەندازەیەکی بەرز بوونەوەرێکی تەندروستە، چونکە ھەموو وجودی ئێمە لە مەودایەکی کورت کۆ دەبێتەوە کە سنوورەکانی دڵ تێپەڕ ناکات، دواتر لەگەڵ گەشەکردنی عەقڵ، پەرتەوازەیی و شپرزەیی یەخەمان دەگرێت و بە ئەندازەی دابڕان مەینەتییەکان زەقتر دەبنەوە. لەبەر ئەوەی بەرە بەرە ڕۆحمان لە سەنتەری گەردوون دوور دەکەوێتەوە، واتە ئەو سەنتەرەی ڕەگێکی ئەزەلیی لە نێو حەقیقەتی بوونی ئێمە دایە.
لێرەوە مانای ڕاستەقینەی مەعنەوییەت، بریتییە لە تێپەڕکردنی شتە ڕواڵەتیی و پەرش‌و بڵاوەکان نەوەک ڕەتکردنەوەی ژیان. دەکرێت ژیانێکی شکۆمەندانەمان ھەبێت، بەبێ ئەوەی ون ببین لە نێو یارییەکانی ژیان. پەیامبەرانیش بۆ ئەوە ھاتوون ئەم ڕاستییە بیر ئێمە بخەنەوە.

،،


لە ڕووی مەعنەویی و دەروونییەوە مرۆڤ تا ئەندازەیەکی بەرز بوونەوەرێکی تەندروستە، چونکە ھەموو وجودی ئێمە لە مەودایەکی کورت کۆ دەبێتەوە کە سنوورەکانی دڵ تێپەڕ ناکات، دواتر لەگەڵ گەشەکردنی عەقڵ، پەرتەوازەیی و شپرزەیی یەخەمان دەگرێت و بە ئەندازەی دابڕان مەینەتییەکان زەقتر دەبنەوە

پوختەو ناوەڕۆکی پەیامبەری نازدار «د.خ» لە بنەڕەتدا بریتییە لە گەڕانەوە بۆ سەنتەری گەردوون. ھەڵبەتە ئەم ھەنگاوە شتێکی ئاسان نییە، چونکە بە ئەندازەی نزیکیمان لە سەنتەری وجود، پێویستە دەست بەرداری حەزە ئاژەڵییەکان بین بە تایبەت خۆپەرستی و ژیانکردن لەسەر حسابی کەسانێکی تر. بۆیە دەبینین کۆی ئەو شتانەی فەلسەفەی ئەخلاق ڕەتیان دەکاتەوە، لێکەوتێکی ڕاستەوخۆی پەرش و بڵاوبوونی دەروون و ڕۆحی مرۆڤن لە ئەنجامی دوورکەوتنەوەمان لە سەنتەری گەردوون.

،،

گەشتی گەڕانەوە بەرەو مەرکەزی بوون لە پاڵ دانایی و دڵسۆزیی پێویستی بەوە ھەیە مرۆڤ ددان بە نەزانیی و بێ توانایی خۆیدا بنێت. بەو مانایەی ئەوەی ئێمە دەیزانین یەکسانە بە ھیچ لەبەرامبەر حیکمەت و زانستی زاتی حەق

گەشتی گەڕانەوە بەرەو مەرکەزی بوون لە پاڵ دانایی و دڵسۆزیی پێویستی بەوە ھەیە مرۆڤ ددان بە نەزانیی و بێ توانایی خۆیدا بنێت. بەو مانایەی ئەوەی ئێمە دەیزانین یەکسانە بە ھیچ لەبەرامبەر حیکمەت و زانستی زاتی حەق، نەخوێندەوار دەرکەوتنی پەیامبەری ئیسلام بە پلەی یەکەم سیمبولیزەی ئەم حەقیقەتە دەکات، بەو مانایەی ڕاستە کە پەیامبەر«د.خ» توانای نووسین و خوێندنەوەی نەبوو، بەڵام لە ھەمان کاتدا خاوەنی بەرزترین ئاستی مەعریفە و یەقینی زانستیی بوو، چونکە ئاگاداری ئەوە بوو حەقیقەت لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت. مرۆڤ کاتێک دەزانێت ئاو لە کوێوە ھەڵدەقوڵێت، ئاسان دەزانێت بە کەڵکی خواردنەوە دێت یاخود نە، جۆبارەکان ئاڕاستەی ئاو دەگۆڕن، بەڵام ناتوانن سروشتی ئاو نیشان بدەن.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك