لەیادی 100 ساڵەی شۆڕشی ئەڵمانیادا

هەنگاونان بەسەر چیمەنەكەدا

لەیادی 100 ساڵەی شۆڕشی ئەڵمانیادا

258 خوێندراوەتەوە

نووسینی: پێشڕەو محەمەد

دەروازە
چەندین نوكتە هەن باس لەوە دەكەن كە ئەڵمانەكان هەرگیز ناتوانن شۆڕش بەرپا بكەن، یەكێك لە نوكتەكان دەڵێت: "ئەڵمانەكان ناتوانن شۆڕش بەرپا بكەن، چونكە شۆڕشگێڕان دەبێت بەسەر چیمەنەكاندا بڕۆن؟". نوكتەیەكی دیكە دەڵێت: "ئەڵمانەكان بۆیە ناتوانن شۆڕش هەڵبگیرسێنن، چونكە چوونە ناو چیمەنی پەرلەمان (بوندستاگ) قەدەغەیە"، نوكتەیەكی دیكە كە دراوتە پاڵ لینین و لەناو شەقامی ئەڵمانیدا زۆر باوە، بەڵام لەڕاستیدا، لەوە ناچێت هەرگیز لینین قسەیەكی وای كردبێت و لەهیچ بەڵگەنامەیەكیشدا تۆمار نەكراوە و سەرەڕای ئەوەش، بەڕوانین لە هەلومەرجی ئەوكاتی هاتوچۆی گشتیی و مردنی زووی لینین، ئەم دانەپاڵە بەتاڵ دەبێتەوە؛ بەڵام بەهەرحاڵ نوكتەكە دەڵێت: "ئەڵمانەكان بۆیە ناتوانن شۆڕش بكەن، چونكە كاتێك دەیانەوێت بچن وێستگەی قیتارێك بگرن، سەرەتا دەچن تكتی قیتاڕ دەكڕن". سەرەڕای ئەمانە، ڕێك سەد ساڵ پێش ئێستا شۆڕش لە ئەڵمانیا هەڵگیرسا، بزووتنەوەی كرێكاریی ڕژایە شەقامەوە هەم بۆ خستنی دەسەڵاتی قەیسەر و هەمیش سەرمایەداران. لە 9ی نۆڤەمبەری 1918، مانگرتنی گشتیی لە بەرلین دەستیپێكرد و پاشان بە ناوچەكانی دیكەدا بڵاوبووەوە.


بۆرژوازیی ئەڵمانیی هەمیشە ئاراستەیەكی دووڕووی هەبووە بەرانبەر بە شۆڕشی نۆڤەمبەری 1918. لەكاتێكدا ئەو شۆڕشە دەریخست كە جەنگ، دەسەڵاتی فەرماندە باڵا سەربازییەكان و پاشایەتیی دەبوو كۆتایی پێبێت، لەهەمانكاتدا، ئەوە شۆڕشێكیش بوو لەنیوەی ڕێگا وەستا. ئەمەش بووە هۆی سەرهەڵدانی كۆماری ڤایمار و دەستووری بۆرژوا دیموكراتیی كە نە بۆرژوازیی ناوخۆیی، نە كۆنەپارێزە پاشایەتیخوازەكان و نە كرێكارانی شۆڕشگێڕیش دەیانویست. بەڵام ئەم كۆمارە بەرهەمی شۆڕشێكی كۆمەڵایەتیی شكستخواردوو بوو.


بۆیە، پێویست بە سەرسامبوون ناكات كە سۆسیال دیموكراسیی خێرا لەژێرناوی "پاراستنی كۆمار"دا هاوپەیمانیی لەگەڵ دژەشۆڕشگێڕەكان بەست، هەمان ئەو دژەشۆڕشگێڕانەی دواتر بناغەی نازیزمیان دانا.

،،

 پێویست بە سەرسامبوون ناكات كە سۆسیال دیموكراسیی خێرا لەژێرناوی "پاراستنی كۆمار"دا هاوپەیمانیی لەگەڵ دژەشۆڕشگێڕەكان بەست، هەمان ئەو دژەشۆڕشگێڕانەی دواتر بناغەی نازیزمیان دانا


نیشانە سەرەتاییەكانی شۆڕشەكە بە هەڵسانی كەشتیوانان لە شاری كیل و سەربازانی بەرەكانی جەنگ دەستیپێكرد و بە مانگرتنی گشتیی لە بەرلین بووە سەرهەڵدانی مەشخەڵی شۆڕش، هەروەها چەندین خۆپیشاندان و مانگرتن و خەباتی كرێكاران لە سەرەتای 1917ـەوە دەستیپێكردبوو. لە تەفسیر و لێكدانەوەی سۆسیال دیموكراتیی و لیبراڵەكاندا، پاڵنەر و ئامانجەكانی چینی كرێكار، سۆسیالیست و شۆڕشگێڕەكان، بەرنامەیەكی لەبنچینەدا بێ ئومێدانەی كەمینەیەك بوو. بەڵام ئایا بەڕاست شۆڕشەكە و ئامانج و پاڵنەرەكانی پشتەوەی چی بوون؟


هەر لە 1890ـەوە بزووتنەوەی كرێكاریی ئەڵمانیی چەندین ڕێپێوان و مانگرتنی گەورەی لە ڕۆژی 1ی ئایاردا ڕێكدەخست. لە 1915 شتێكی ئەوتۆ ڕووینەدا، و هیچ پلانێكیش بۆ 1916 لەئارادا نەبوو. مافی خۆپیشاندان كرابووە قوربانیی "ئاشتی و ئاساییشی مەدەنیی" و لەنێوان دەسەڵاتدارە میلیتارییەكان و بیرۆكراسییەكانی یەكێتیی كرێكارییدا ڕێككەوتن ئەنجامدرابوو. ئیمپریالیزم و جەنگیش پاساوێكی دیكەی گەورە بوون. لەم كورتە نووسینەدا دەرفەتی ئەوەم نییە لەسەر كۆی ڕووداوەكان، پێشینەكان و دیبەیت و مشتومڕە تیۆرییەكانی ناو ئەنتەرناسیۆنال و پارتەكانی دیكە بدوێم، بەڵام هەوڵدەدەم هێڵە سەرەكییەكانی شۆڕشەكە دیاریبكەم. بەهیوای ئەوەی لەداهاتوودا دەرفەتی گونجاوتر بۆ ئاوڕدانەوە لەو مێژووە گرنگە بێتەئاراوە، كە بێگومان دەبێتە وانەیەكی گرنگیش بۆ شۆڕشگێڕانی ئەمڕۆ.

 

ئیمپریالیزم، جەنگ و چینی كرێكاری ئەڵمانیی
جەنگی یەكەمی جیهان بەئاسانی كارەكتەر و خەسڵەتی سەردەمی ئیمپریالیستیی پێوەبوو و ئەم خەسڵەتەش بەئاسانی دەركەوت. ئەم جەنگە، دەكرێت بڵێین، یەكەم جەنگی جەماوەریی پیشەسازیی بوو، دەرەنجامی چەكە پێشكەوتووەكان، كۆڵۆنییەكان و خەباتی نێوان قۆرخكارەكان و دەوڵەت نەتەوەكان بوو بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕی جیهانیی. لەكاتێكدا ملیۆنان كەس بەهۆی نەبوونیی و دەرمانەوە كەم ئەندام دەبوون، جەماوەری برسیی لەهەڵكشانی ملیۆنیی دابوو، سگهەڵگوشین گەیشتبووە دواڕادە، كەچی جەنگی كریدیتەكان و بانك و مۆنۆپۆلیستەكان ئەم وێرانكارییەی سێ بەرابەر بەرزكردەوە. ئەم ڕاستییەی جەنگ، سەرهەڵدانی كاولكاریی و بەدبەختیی، بەتەنها بۆ دەرەوەی ئەڵمانیا نەبوو، بەڵكو لەسەرووی هەموویەوە "ناوخۆی وڵاتەكەشی" كاولكردبوو، هەروەها وادەردەكەوت هەموو "فەرمانی سەربازیی" بەهێز، لەسەر لم بونیاد نرابێت. لەكاتێكدا ناسیۆنالیزم و شۆڤینیزم كاریگەریی لەسەر بەشێكی گەورەی پرۆلیتاریا و جووتیاری ئەوروپا لە 1914 دانابوو، ئەزموونی جەنگ ئەم وشیارییەی هەژاند و بەشێكی گەورەشی لەناو برد.


ئەنتەرناسیۆنالی دوو (1889-1914) تەسلیمی شەپۆلی شۆڤینیزمی نەتەوەیی لەكۆنتڕۆڵ دەرچوو ببوو لە ئابی 1914دا. بڕیارنامەكانی كۆنگرەی ئەنتەرناسیۆنال لە شتوتگارت (1907)، كۆپنهاگن (1910)، و بازل (1912) بە بەردەوامیی ئەوەی دووبارە كردبووەوە كە هەنگاوی قورس دژی ڕوودانی جەنگ دەگرنە بەر، بەڵام كاتێك ڕووبەڕووی كارەساتەكە بوونەوە، بێتوانابوون لەهەر جۆرە كردەوەیەك. بەپێچەوانەوە، پارتە ڕابەرەكانی سۆسیال دیموكراسیی لە ئەوروپا و ئەنتەرناسیۆنالدا بوونە "بەرگریكارانی نیشتمانی باوك"، بوونە لایەنگرانی چالاكی "ئاشتیی كۆمەڵایەتیی" و یەكێتیی موقەدەس لە ماوەی جەنگدا.


بەرژەوەندییەكانی جەماوەر و خەباتی چینایەتیی لەهەر كەرتێكی سەرەكیدا، جگە لە ڕووسیا و سڕبیا، كرانە قوربانیی ئامێر و چەك و تەقەمەنییەكانی جەنگ و بەرژەوەندییەكانی ڕژێمە ئیمپریالیستییەكەی خۆیان. نەیارانی جەنگ، وەك بەلشەڤییەكان لەڕووسیا یان باڵی چەپی نزیك و دەوروبەری ڕۆزا لۆكسمبۆرگ لەناو سۆسیال دیموكراسیی ئەڵمانیا، پارتی كاری سەربەخۆ لە بڕیتانیا، كەمینەیەكی بچووكیان پێكهێنا، كە خۆی لەلایەكەوە لەنێوان ئەنتەرناسیۆنالیستە شۆڕشگێڕەكاندا دابەشببوو و لەلاكەی دیكەوە هێزە ئاشتیخوازەكان یان ئەو هێزانە هەبوون كە بەدوای ئاشتبوونەوە لەگەڵ سۆسیال دیموكراسییدا دەگەڕان. بۆیە ئیمپریالیزم پێشتر لە دەستپێكی جەنگدا جەژنی سەركەوتنی گێڕابوو، واتا لەناوبردنی ئەنتەرناسیۆنال سەركەوتنی سەرەكیی و یەكەمی ئیمپریالیزم بوو.

،،

هەركە جەنگ دەستیپێكرد گەلێك لەدەستدان و زیانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. ئابڵوقەی هێزی دەریایی بڕیتانیا و جەنگی ژێردەریایی ئەڵمانیا برسێتییەكی گەورەی بۆ ناوخۆ هێنا

هەركە جەنگ دەستیپێكرد گەلێك لەدەستدان و زیانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. ئابڵوقەی هێزی دەریایی بڕیتانیا و جەنگی ژێردەریایی ئەڵمانیا برسێتییەكی گەورەی بۆ ناوخۆ هێنا، لەگەڵیدا ڕەتكردنەوەی ئیمپریالیزم و جەنگ هەڵكشانی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. پاڵنەرە گەورە و زەحمەتەكانی بەرهەمهێنان لەسەر هێزی كار، هەڵگرتنی مافە دیموكراتییەكان، حەواڵەكردنی "كێشەسازەكان" بۆ بەرەكانی جەنگ، بەشێكی ژیانی ڕۆژانەی چینی كرێكاری ئەڵمانیی بوون. سەرجەمی بەرهەمهێنان خرابووە خزمەتی هەوڵ و كەرەستەی جەنگییەوە. بەڵام كرێكاران بەشێوەیەكی فراوان ناڕەزایەتییان دەربڕی و دژی جەنگ ڕاپەڕین، بۆ نموونە، لەبەرلین مانگرتنێكی جەماوەریی لە پیشەسازیی چەك لە كانوونی دووەمی 1918دا ڕوویدا. لەكاتێكدا هەلومەرجەكانی ژیانی چینی كرێكار و هەروەها جوتیاران و بەشە دیارەكانی وردەبۆرژوازیی شاریی بەشێوەیەكی بەرچاو و فراوان وێرانتر ببوو، سەرمایەی گەورە و خاوەندارێتیی زەویی گەورە هەمیشە بەدوای بەرهەمهێنانی قازانجی گەورەترەوە بوون.


بۆ زۆرینەی گەورەی دانیشتووان، جەنگ مانای شەڕێكی دەستەویەخەی ڕۆژانە بوو بۆ پەیداكردنی نان، خەڵوز و مووچە، لەكاتێكدا خاوەن زەوییە گەورەكان و سەرمایەدارەكان لەڕێگای بەرزكردنەوەی نرخی بەرهەمەكانی خەڵكی هەژار و كرێكارەوە، بەردەوام لە دەوڵەمەندبووندا بوون. داهاتی ڕاستەقینە 40% دابەزی، بڕی بەكاربردنی كالۆری لە ڕۆژدا لە 3400 لە دەستپێكی جەنگدا دابەزی 1000 لە 1917دا. لە هەمانكاتدا، ڕێساكانی تەندروستیی و سەلامەتیی بەرزكرانەوە، كاری ڕۆژ بەرزبووەوە بۆ 14 سەعات و تەنانەت 17 سەعات لە ڕۆژدا. نەك تەنها چینی كرێكار و جووتیاران كەوتنە ناو كارەسات و بەدبەختییەوە، بەڵكو هەروەها داهاتەكانی چینی ناوەڕاستی خوێندوو (خزمەتكارانی كەرتی مەدەنیی، كارمەندان) بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزین.


لەهەمانكاتدا، قازانجەكانی كۆمپانیا گەورەكان هەڵدەكشا. 16 گرنگترین كۆمپانیاكانی ئاسن و كانی خەڵوز لەتوانایاندا بوو قازانجەكانیان لە 1917دا بۆ بڕی 800% بەرز بكەنەوە. وەك ڕۆزا لۆكسمبۆرگ باسی دەكات "قازانجی پشكەكان هەڵدەكشێن و پرۆلیتاریاش دادەكشێت". ئەم بەرەوپێشچوونانە خاڵێكی وەرچەرخانی كۆمەڵایەتیی بۆ ڕاپەڕینی پرۆلیتاریی خوڵقاند. لەڕوانگەی سیاسییەوە، سەرگەردانیی و ڕادیكاڵیزەبوونی جەماوەر لە هەمانكاتدا، دواجار لەدابەشبوونی پارتی سۆسیال دیموكراتدا ڕەنگی دایەوە. لە 1916، پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا، دوای دەركردنی ئەو ئەندامانەی سۆسیال دیموكراسیی لە ڕایشتاگ، كە دەنگیان بە كریدیتەكانی جەنگ نەدابوو، لە 1917 ئەندامەكانیان گەیشتە 120 هەزار ئەندام بەراورد بە 240 هەزار ئەندامی چواردەوری فریدریش ئێبەرتی پارتی سۆسیال دیموكرات.


"گروپی ئەنتەرناسیۆنال" لەچواردەوری كاڕڵ لیبكنیشت و ڕۆزا لۆكسمبۆرگ لە 1914 دامەزرابوو، بەڵام تا 1916 وەك گروپێكی چالاك لەناو سۆسیال دیموكراتدا مابووەوە. گروپەكە، كە بە كۆمەڵەی سپارتاكوس ناسرا، هاوشان لەگەڵ "چەپە ڕادیكاڵەكان"ی دیكە، پێشڕەوایەتیی چالاك، و دوژمنایەتیی شۆڕشگێڕانەی جەنگی گرتەبەر. ئەمانە بوونە هۆی مانگرتنی گشتیی لە بەرلین كە پاشان شۆڕشی لێكەوتەوە.

  

سەرهەڵدانی كۆمەڵەی سپارتاكوس


بەر لەدەستپێكردنی، ڕوون و ڕاشكاوترین ڕوانگەی شۆڕش و هەروەها پرسیاری دەبێت چی بكرێت، لە ڕێكخەرانی ئەو گروپەوە هات كە لەدەوری ڕۆزا لۆكسمبۆرگ كۆببوونەوە. بەدرێژایی جەنگ ئەوان تۆڕێكی ڕادیكاڵیان لەڕێگای بڵاوكردنەوەی جۆرنالێك بەناوی دی ئەنتەرناتسیۆنالە دامەزراند و هەروەها ناردن و بڵاوكردنەوەی چەندین نامەی پڕوپاگەندەیی ژێرزەمینیی، كە تەنها ئیمزای "سپارتاكوس"ی بەسەرەوە بوو.


لەژێر ڕابەرایەتیی ڕۆزا لۆكسمبۆرگی درەوشاوە و هەورەبروسكە و كاڕڵ لیبكنیشتی بێ ئەندازە جەماوەریی، ئەم گروپە لەڕێگای لێدانی توند لەڕابەرایەتیی پارتی سۆسیال دیموكرات خۆی جیاكردەوە، واتا لەو پارتە جیابووەوە كە پشتیوانیی جەنگی گەورەی كردبوو و گروپەكە دەستیكرد بە شیكاریی ئەو پرسیارەی كە بەشێوەیەكی كارەساتبار سۆسیال دیموكراسیی بەرەو كوێ ملی ناوە. جەوهەری پەیامەكەیان بەدرێژایی جەنگ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆڵی جەماوەری كرێكاران بوو لەناو تیۆر و پراكتیكی سۆسیالیستیدا.


بۆ پارتی سۆسیال دیموكرات، ئەم جەماوەرەی كرێكارانی ئاسایی پێویست بوو وە پارێزەر خزمەتكار بن، پشتیوانیی لە گوێگرانی پاسیڤی سیاسەتە پەرلەمانتارییەكە بكەن، ببنە كۆكەرەوانی دەنگ كە دەكرا جار و بار ڕووبدات، ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە هەڵبژێردراوان دەرببڕن. بەپێچەوانەوە، گروپی سپارتاكوس جەختی لەسەر كردەی دەستەجەمعیی كرێكارانی پشت بەخۆبەستوو دەكردەوە، وەك مانگرتنە جەماوەرییەكان. ئەوان هەمیشە لە نامەكانیاندا جەختیان لەم ڕستەیە دەكردەوە: "تەنها یەك ڕزگاركەری پرۆلیتاریا بوونی هەیە: ئەویش پرۆلیتاریا خۆیەتی". پێداگریی و جەختكردنەوەكانیان لەسەر خۆپیشاندانەكانی شەقام و خێرایی لە بانگهێشتكردن بۆ كردەی ڕادیكاڵ، ئەوانی بردە ناو ململانێ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی شۆڕشگێڕیی بازاڕ (واتا یەكێتییە كرێكارییەكان) لەسەرەتای دەستپێكردی شۆڕشدا كردەوە.

،،


بەر لەدەستپێكردنی، ڕوون و ڕاشكاوترین ڕوانگەی شۆڕش و هەروەها پرسیاری دەبێت چی بكرێت، لە ڕێكخەرانی ئەو گروپەوە هات كە لەدەوری ڕۆزا لۆكسمبۆرگ كۆببوونەوە. بەدرێژایی جەنگ ئەوان تۆڕێكی ڕادیكاڵیان لەڕێگای بڵاوكردنەوەی جۆرنالێك بەناوی دی ئەنتەرناتسیۆنالە دامەزراند و هەروەها ناردن و بڵاوكردنەوەی چەندین نامەی پڕوپاگەندەیی ژێرزەمینیی، كە تەنها ئیمزای "سپارتاكوس"ی بەسەرەوە بوو.


ئەگەرچی ڕابەرانی سۆسیال دیموكرات هەوڵیاندابوو سەری هەر ڕاپەڕینێك بپەڕێنن، بەرەبەیانی شۆڕش هەمیشە بە ئاماژەكردن بۆ فیلیپ شایدەمان، ڕابەری سۆسیال دیموكرات دیاریدەكرێت كە لە پەنجەرەی ڕایشتاگەوە كۆماری ئەڵمانیای ڕاگەیاندبوو. بەڵام دووەم ڕاگەیاندن لە 9ی نۆڤەمبەرەوە، كاڕل لیبكنیش ئاراستەی قەرباڵغییەكەی كرد: "هاوڕێیان من كۆماری ئەڵمانیای سۆسیالیستیی ئازاد ڕادەگەیەنم، كە هەموو ئەڵمانەكان لەخۆدەگرێت، لەم كۆمارەدا كەس چیتر خزمەتكار نابێت، هەر كرێكارێك دروست بەرانبەر بەكارەكەی كرێیەكی دروست وەردەگرێت. پاشایەتیی سەرمایەداریی، كە ئەوروپای خستۆتە ناو ئاگر و خوێنەوە، تێكدەشكێت".


لەساتی شۆڕشدا، گروپی سپارتاكوس یەك تا دوو هەزار ئەندامی هەبوو، تۆڕێكی چالاكوانانی چینی كرێكار، ڕابەرانی لاوان، و ڕۆشنبیران، كە چالاكیان لەناو پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا دەكرد. سەرەڕای بچووكیان لە قەبارەدا، هەموو توێژە چالاكەكانی ئەندامانی ئەم پارتە، بە یەكێتییە كرێكارییە سەربەخۆكەشەوە، باوەڕیان بە شیكارییەكانیان لەسەر هەلومەرجەكە هەبوو، ئەگەرچی هەمیشە دەرەنجامە ستراتیژییەكانیان لەگەڵ یەكتردا بەش نەدەكرد.


كەوتنی پاشایەتیی و كۆتایی جەنگ
ئەو هەلومەرجانەی لەسەرەوە باسكران، هەروەها ئەو ڕابەرایەتییە تازەی سەریهەڵدا، بووە هۆی ئەوەی لە لە 9ی نۆڤەمبەری 1918، ڕاپەڕینی جەماوەریی لەلایەن پرۆلیتاریای بەرلینەوە پاشایەتیی قەیسەر ڤیلهێلمی دووەم لەناوبەرێت و كۆتایی بەجەنگ بهێنێت. بنەماڵەی هۆهنتسۆلەن نزیكەی 500 ساڵ دەبوو حوكمڕانیی بەرلین، پروسیا و ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیای كردبوو. ڕۆژنامەنووسێكی بەرەی بۆرژوازیی شۆڕشی وەك داڕمان و كەوتنێكی لەناكاو وەسفكردبوو: ڕۆژی دواتر، تیۆدۆر ڤۆڵف دەنووسێت كە پێش ڕاپەڕینەكە "پێدەچوو ڕێكخراوێكی میلیتاریی گەورە هەموو شتێك لەباوەش بگرێت، لە ئیدارە گشتییەكان و وەزارەتەكاندا بیرۆكراسیەتێكی بەڕادەیەك توند سەریهەڵدا. بەرەبەیانی دوێنێ هەموو شتەكان هێشتا لەشوێنی خۆیان بوون... دوانیوەڕۆی دوێنێ هیچ شتێك نەمابووەوە". كەچی شۆڕش شتێكی لەناكاو نەبوو وەك دەردەكەوێت: ڕۆژ بەڕۆژ بەهۆی ناكۆكییە ڕوولەگەشەكانی ناوەوەی سەرمایەداریی ئەڵمانیی بۆ چەندین دەیە، دەتەقییەوە.


ئەمڕۆ، شۆڕشی نۆڤەمبەر بەفراوانیی لەبیركراوە. وەك دەگوترێت شۆڕشە شكستخواردووەكان زوو فەرامۆش دەكرێن. زۆرینەی خەڵكی ئەڵمانیا ئاگایان لە زاراوەكانی وەك "شۆڕشی ئەڵمانیی" یان "جەنگی ناوخۆیی ئەڵمانیی" نییە. كەچی ڕووداوەكانی كۆتایی 1918 و 1919 خاڵێكی وەرچەرخان بوون نەك تەنها لە ئەوروپای ناوەندیی، بەڵكو لەكۆی مێژووی مرۆڤایەتیدا. بۆ نموونە، شۆڕشەكە كۆتایی بە پاشایەتیی هێنا، كۆتایی بەجەنگ هێنا، ئەو كۆمارە دیموكراتییەی ئەمڕۆ لیبراڵەكان و سۆسیال دیموكراتەكان و تەنانەت بەشێكی زۆری كۆنزەرڤاتیڤەكانیش وەك نموونەی دیموكراسیی ئەوروپا سەیری دەكەن، بەهۆی شۆڕشەوە بەدیهات، بەڵام مخابن هەمان ئەو هێزانەی هاووپەیمانیان لەگەڵ هێزە دژەشۆڕشگێڕەكاندا كرد، شۆڕشیان لەناوبرد، و تۆوەكانی نازیزم لەناو ئەو هێزانەوە چەكەرەی كرد، كە ئەوروپا و جیهانیشی لەگەڵ خۆیدا بردە ناو ئاگر و خوێنەوە. وەك واڵتەر بنیامین دەڵێت: "فاشیزم، دەرەنجامی شكستی شۆڕش بوو". بەڵێ، یادەوەریی مێژوویی ئەڵمانەكان، ئەم چەمكانەی لەبیركردووە، كاتێك مێژووی ئەڵمانیا دەنووسرێتەوە بەشانازییەوە باس لە سەرهەڵدانی كۆماری دیموكراتیی ڤایمار دەكرێت، بەڵام هەرگیز باسی هۆكارەكانی ناكرێت، چی بوونە هۆی كۆتایی جەنگ و كەوتنی پاشایەتیی خاوەن ئاگر و ئاسن؟ وشەی شۆڕش، لە میمۆری ئینسانی ئەمڕۆ دەرهێنراوە و سەرهەڵدانی كۆمارەكەش، بەدەستێكی غەیبی و نادیار سپێردراوە.

،،

ڕایشی ئەڵمانیی و هاوپەیمانەكانی نەیاندەتوانی جەنگەكە ببەنەوە. مانگرتنەكانی كانوونی دووەم لە نەمسا ئەوەی دەرخست ئیپمراتۆریەتی هابسبۆرگی هاوپەیمان لەناوەوە ڕووی لەتەقینەوە و هەڵوەشان بوو. سەرەڕای ئاشتی سەپێنراوی برێست-لیتۆڤسك، كە مانای داگیركردنی ئۆكرانیای دەبەخشیی لەلایەن ئەڵمانیاوە، شۆڕشی ڕووسیی هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی بە خۆرئاوای ئەوروپادا دەكرد.

شۆڕش بەردەوام دەبێت


ڕوودانی شۆڕشی نۆڤەمبەر ماوەیەكی زۆر بوو نیشانەكانی دەركەوتبوون، و ئەوەش نەك تەنها لە فۆرمی ناڕەزایەتیی جەماوەریی و شەكەتبوونی چینی كرێكار و دانیشتووان بەدەست جەنگەوە. لە نیسانی 1917، شەپۆلێكی مانگرتنەكان خواستی بەرزكردنەوەی بڕی نان و خۆراكیان كردبوو. لە كانوونی دووەمی 1918، مانگرتنێكی سیاسیی جەماوەریی لەلایەن ستیواردە شۆڕشگێڕەكان (ئەنجوومەنە كرێكارییە سەربەخۆكان) ڕێكخرا، بەتایبەت لە كارگە چەكسازییەكانی بەرلین، و سەرتاپای وڵاتی هەژاند. ئەو مانگرتنەی دووەم، لەژێر هەلومەرجێكی نایاساییدا ڕێكخرا، نەك تەنها خواستی كۆمەڵایەتیی بەڵكو خواستە سیاسییەكانی وەك ئاشتیی دەمودەست بەبێ هیچ مەرجێكیان بەرزكردەوە یان داوای هەڵگرتنی دۆخی نائاسایی سەردەمی جەنگیان كرد. تەنانەت لەڕێگای ئەم خەباتەوە كۆتاییان بەناردنی زیاتری خەڵك بۆ بەرەكانی جەنگ هێنا، ئیدی وردە وردە نیشانە و سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕیی ڕوونتر دەبووەوە.


لەهەمانكاتدا، ئەوەش ڕوون بوو كە ڕایشی ئەڵمانیی و هاوپەیمانەكانی نەیاندەتوانی جەنگەكە ببەنەوە. مانگرتنەكانی كانوونی دووەم لە نەمسا ئەوەی دەرخست ئیپمراتۆریەتی هابسبۆرگی هاوپەیمان لەناوەوە ڕووی لەتەقینەوە و هەڵوەشان بوو. سەرەڕای ئاشتی سەپێنراوی برێست-لیتۆڤسك، كە مانای داگیركردنی ئۆكرانیای دەبەخشیی لەلایەن ئەڵمانیاوە، شۆڕشی ڕووسیی هەڕەشەی بڵاوبوونەوەی بە خۆرئاوای ئەوروپادا دەكرد.


بەڵام فەرماندەیی باڵای سوپا، واتا ناوەندی ڕاستەقینە و فیعلیی دەسەڵات بەدرێژایی جەنگ، قەیسەر و شازادەكانی تەنها وەك دیمەنێكی ڕازاوە بەكاردەهێنا، و دواجار دەستیكرد بە پروپاگەندە بۆ زۆرینەی پەرلەمانیی پارتی پێشڕەو، پارتی سەنتەر و سۆسیال دیموكراتەكان، لەم ڕێگایەوە دەیویست بەهەر نرخێك بێت خۆی بەدەستەوە نەدات. بەڵام لە سێپتێمبەری 1918، ئەریش لودندۆرف، بەرپرسی ستراتیژیی-سیاسیی ڕابەرایەتیی سوپا و كۆنەپارێزی ئەڵمانیی، ناچاربوو بە داننان بەوەی كە چیتر ناكرێت بەر بە شكست بگیرێت، بەڵام بڕیارێك دەركرا تا دڵنیایی بدات كە "شەرمەزار"ی ئاشتییەكی كاتیی و هەلومەرجە ئاشتییە

كوشندەكانی هەموو هاوپەیمانان، دەبێت لەلایەن حكومەتێكی مەدەنییەوە قبوڵ بكرێت. فەرماندەیی باڵای سوپا و لودندۆرف پشتیوانییان لەم پێشنیارە كرد، و بانگی پارتی سۆسیال دیموكراتیان كرد حكومەت پێكبهێنێت كە پاشان بووە خاوەن شانازییەكی گوماناویی بۆ دانووستان لەسەر ئاشتیی كاتی كە بۆ ئەمەش نەیدەتوانی خۆی لە "بەرپرسیارێتی"یەكە بدزێتەوە. دواتر ئەمە بووە بنەما بۆ ئەفسانەی "خەنجەر لە پشتدان"، كە بەم پێیە سوپا لە مەیدانەكەدا بووە هێزێكی لەشكست بەدەر و بەجۆرێك مایەوە كە پەرلەمانتاران، "مەدەنییەكان" و سۆسیال دیموكراتەكان نەیاندەتوانی پشتی تێبكەن، چونكە هەر پشت تێكردنێك، ترسی خەنجەر لەپشتدانی بەدواوە بوو.


لەڕاستیدا، بۆ سۆسیال دیموكرات قورسبوو هیچ شتێك بەرانبەر بە سەرمایەداریی ئەڵمانیی بكات. دوو لە ڕابەرە دیارەكانی سۆسیال دیموكراسیی، فردریش ئێبەرت و فیلیپ شایدەمان، بەباشیی ئاگایان لەوە بوو كە نەك تەنها جەنگ و پاشایەتیی كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو ڕووداوەكان چواردەوری ئەوانیش بتەنێت وەك چۆن ئەوان چواردەوری قەیسەر و شازادەكانیان تەنی.

 

،،

 بۆ سۆسیال دیموكرات قورسبوو هیچ شتێك بەرانبەر بە سەرمایەداریی ئەڵمانیی بكات. دوو لە ڕابەرە دیارەكانی سۆسیال دیموكراسیی، فردریش ئێبەرت و فیلیپ شایدەمان، بەباشیی ئاگایان لەوە بوو كە نەك تەنها جەنگ و پاشایەتیی كۆتایی نەهاتووە، بەڵكو ڕووداوەكان چواردەوری ئەوانیش بتەنێت وەك چۆن ئەوان چواردەوری قەیسەر و شازادەكانیان تەنی

 

بڵاوبوونەوەی شۆڕش
ڕاپەڕینی كەشتیوانانی ڤیلهێلمشافن و كیل لە 3-11ی نۆڤەمبەر و فراوانبوونی شۆڕش بە سەرجەمی وڵاتدا تەنها لەمیانەی چەند ڕۆژێكدا، ئەوەی دەرخست ئەو ترسەی سوپا و بەرەكانی دیكە لە سپاردنی حكومەت و پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی بە سۆسیال دیموكراتەكان دەرخست. سەربازان چیتر نەیاندەویست ئاگر و ئاسن بگرنە جەماوەر و كرێكارانی خۆپیشاندەر و بۆیە شۆڕش سەرجەمی شارەكانی گرتەوە. سەربازان، كەشتیوانان و كرێكاران ئەنجوومەنەكانی نوێنەرایەتیی خۆیان لەسەر فۆرم و تەقلیدكردنەوەی سۆڤێتەكانی كرێكارانی ڕووسیا پێكهێنا. كە پاشان بە بۆیەكەمجار زاراوەی كۆماری دیموكراتیی شوراكان (Räterepublik oder Rätedemokratie) هاتە ناو زمانی ئەڵمانییەوە.


ڕابەرایەتیی سۆسیال دیموكراتی نزیك لە ئێبەرت و شایدەمان دەیانزانی ناتوانن كۆنتڕۆڵی بناغە جەماوەرییەكەیان بكەن و لەهەمانكاتدا شۆڕش لەڕیشە هەڵبكێشن، كاتێكیش ئەم دوو ڕابەرە "ئیعتباری شۆڕشگێڕیی"یان بەخۆیان بەخشیی، بۆ ئەوە بوو هەوڵیاندا خۆیان بخەنە سەرووی بزووتنەوەی شوراییەوە. حكومەت لەماوەیەكی كەمدا ناچاربوو دەسەڵاتی حكومەتیی بەناوی شوراكان یان ئەنجوومەنەكانەوە پیادە بكات دەنا هەڕەشەی لەدەستچوونی دەسەڵاتەكەی لەلایەن جەماوەرەوە لەئارادا بوو. بۆیە سۆسیال دیموكرات لەژێر فشاردا بوو بۆ خەبات و تێكۆشان یان ڕێكخستنی زۆرینە بەناوی ئەنجوومەنەكانی كرێكاران و سەربازان. لەبەرئەوە ڕابەرانی بەشێوەیەكی زۆر وریایانە مانۆڕیان كرد بۆ ڕاكێشانی پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا بۆ ناو هاوپەیمانیی لەپێناوی هەبوونی دڵنیایی لەلایەن بەرەی چەپەوە. پاشان تەنانەت كاڕڵ لیبكنیشتیشیان بانگهێشت كرد بۆ بەشداریكردن، بەڵام بێگومان ئەو ڕەتیكردەوە، بەباشی دەیزانی حكومەتی سۆسیال دیموكرات چی لەهەگبەدایە و بەتەمای چییە. لە ئەنجوومەن و شوراكاندا سۆسیال دیموكرات پشتی بە زۆرینەی خۆی لە دەزگاكانی یەكێتییە كرێكارییەكان و لەڕووی سیاسییەوە سەربازانی دواكەوتوو بەستبوو.


پاشان هەموو شارەكانی دیكە چوونە پاڵی ڕووداوەكانەوە، ئەو ڕووداوانەی لە بەرلین ڕوویاندابوو. شوراكان دەسەڵاتی ڕەسمییان وەرگرت، بەشێوەیەكی پراكتیكی وەك كۆمیتەی سۆسیال دیموكرات و پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا. بۆیە سۆسیال دیموكرات لەناوەڕاستی نۆڤەمبەری 1918دا گەیشت یەكەم سەركەوتنە سیاسییەكانی خۆی. ئەم هەڵوێستە دەسەڵاتی خۆی لە هەڵبژاردنەكانی كۆنگرەی شورای ڕایش یەكخست، كە لە 16ی دیسەمبەردا بەسترا. لە 489 نوێنەر، 405 نوێنەری كرێكاران و 48 نوێنەری ئەنجوومەنی سەربازان، 288یان ئەندامانی سۆسیال دیموكرات و 90یان ئەندامانی پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیا بە 10 ئەندامی كۆمەڵەی سپارتاكوسیشەوە. نە لیبكنیشت و نە ڕۆزا لۆكسمبۆرگ هەڵنەبژێردران و تەنانەت مافی قسەكردنیشیان لێسەندرایەوە.

 

شكستی شۆڕش
بە تێگەیشتن لەم هەلومەرجە، سپارتاكیستەكان بڕیاریاندا چیتر لەناو پارتی سۆسیال دیموكراتی سەربەخۆی ئەڵمانیادا نەمێننەوە. بۆیە لە یەكەم ڕۆژی ساڵی 1919 پارتی كۆمۆنیستی ئەڵمانیا دامەزرا، بەرنامەی حزبەكە لەلایەن ڕۆزا لۆكسمبۆرگەوە نووسرا و لە سەرەتادا لاواز بوو و كەموكورتیی پێوە دیاربوو، و تەنها توانی 10 هەزار ئەندام بەدەست بهێنێت. هەڵەكانی بەرنامە، تێنەگەیشتن لە بارودۆخەكە، و ئاراسەكردنی هەلومەرجە شۆڕشگێڕییە، و دەستپێشخەری بەتایبەت كاڕڵ لیبكنیشت لە ڕووداوەكان، پێویستی بە لێكۆڵینەوەیەكی دوور و درێژ هەیە، تەنانەت پارتەكە حەفتەیەك پێش ئەوەی بكەوێتە ناو خەباتی شۆڕشگێڕییەوە، هێشتا بەرنامەی سیاسیی خۆی نەناساندبوو. بەڵام لەلایەكی دیكەوە، هەركە شۆڕشگێڕان پارتی نوێیان دامەزران، سۆسیال دیموكراتەكان، دەستیانكرد بە كۆكردنەوەی پەیكەرەكانی سوپا بۆ بەرگریكردن لە "نەزم و ڕێسای كۆمار". دوای ئەوەی ئاشتیی لە 11ی نۆڤەمبەر ڕاگەیەنرابوو، سوپاكان توێنرابوونەوە. پاشان فرایكۆرپس، ئەو سوپایەی بووە پشتیوانیی سەرەكیی هیتلەر لەداهاتوودا، سوپایەكی كۆنەپارێزی دژەبەلشەڤیی، ئەركی لەناوبردنی شۆڕشەكەی پێسپێردرا و ڕۆزا و كاڕڵ لە 15ی كانوونی دووەمی 1919 گیران و تیرۆر كران و خرانە ڕووبارێكەوە لە بەرلین. ئەگەرچی شۆڕش هەر بەردەوام بوو، بەئاسانیی دانەمركایەوە.


سەرچاوەكان
1. Chris Harman, The Lost Revolution; Germany 1918 – 1923, Haymarket Books, London and Chicago, 2011.
2. Pierre Broué, The German Revolution, 1917-1923, translated by John Archer, Historical Materialism, Brill, Leiden and Boston, 2005.
3. John Rose, Luxemburg, Müller and the Berlin workers‌ and soldiers‌ councils, http://isj.org.uk/luxemburg-muller-and-the-berlin-councils/
4. Sebastian Haffner, Der Verrat, Verlag 1900 Berlin, 2005.
5. Ralf Hoffrogge, Richard Müller: der Mann hinter der Novemberrevolution, Karl Dietz Verlag Berlin GmbH 2008.

 

author photo

نووسەرو وەرگێڕ لەبواری فیكری سیاسیی، ئابووریی و بیری چەپ.
تا ئێستا 34 كتێبی نووسراو و وەرگێڕدراوی بڵاوكردۆتەوە.
 سەرقاڵی خوێندنی زانستە سیاسییەكانە لە بەرلین.