بڕیاری دادگای یەکێتیی ئەوڕوپا لەبارەی نایاساییبونی دانانی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا

لێکدانەوەکانی دوو حقووقزانی کورد مەحموود شاکار و شاهین توجەر

بڕیاری دادگای یەکێتیی ئەوڕوپا لەبارەی نایاساییبونی دانانی پەکەکە لە لیستی تیرۆردا

195 خوێندراوەتەوە

وەرگێڕانی: حەسەن قازی

 بەشێک لە بەرنامەی 'ئوێزگور گوێندەم" لە تێلێڤیزۆنی میدیا هابەر ( بە زمانی تورکی) یەکشەمە شەو ١٨ی نۆامبری ٢٠١٨ سەبارەت بە بڕیاری دادگەی گشتی ژمارە ٣ی یەکێتیی ئوڕووپا ( دیوانی عەداڵەت) لەمەڕ پووچەڵ کردنەوەی زەمینەی حقووقی دانانی ناوی پ.ک.ک لە لیستی ڕێکخستنە تێڕۆریستییەکاندا. مۆدێڕاتۆر: سەلیم گونەنج

مۆدێڕاتۆر سەلیم گونەنج : بینەرانی خۆشەویست لە بەرنامەیەکی تایبەتی ' ئوێزگویر گویندەم ' لەگەڵتانین . لەم حەوتوویەش دا ئەو ڕووداوە سەرەکیانە هەڵدەسەنگێنین کە مۆری خۆیان بە ڕۆژوڤەوە ناوە. پێشوەچوونێکی داغ بریتییە لە بڕیاری دیوانی عەداڵەتی یەکێتیی ئوڕووپا سەبارەت بە هەبوونی پ.ک.ک لە لیستی ڕێکخستنە تێڕۆریستییەکان دایە. لە دانیشتنی ١٥ی نۆامبر دا دادگە بڕیاری خۆی ئاشکرا کرد و داوخوازی پارێزەرەکانی پ.ک.ک ی سەبارەت بە هەموو مادەکان پەسند کرد و هەموو ئەو سۆنگانەی کە لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ی شووڕای ئوڕووپا هێنابوویە گۆڕێ پووچەڵ کردەوە. ئەوە بڕیارێکی گرینگە و وێدەچێ بڕیارێک بێ کە بۆ ماوەی دوورو درێژ قسەی لە سەر بکرێ. چونکە ئەو بڕیارە ئاکامی سیاسی و حقووقی لێ دەکەوێتەوە. لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ میوانەکانم لەو بڕیارە دەکۆڵینەوە . لە بەڕێز شاکارەوە دەست پێ دەکەین .بەڕێز شاکار ئێوە چەند داخویانییەکتان لەو بارەیەوە داوە بەڵام دەمەوێ هێندێک دوور و درێژتر لە بارەی ئەو بڕیارەوە بدوێین. ئێوە ڕاتان گەیاند ئەوە بڕیارێکی زۆر گرینگە. ئەگەر ئەو پێواژۆیە کورت بکەنەوە چۆنی باس دەکەن ؟

مەحموود شاکار: ئەمن ئەو بڕیارەی کە لە ١٥ی نوامبر دا دراوە بە گرینگ دەزانم. یەک لە هۆیەکانی کە بەگرینگی دەزانم پێوەندی هەیە بە لیستی تێڕۆرەوە. یانی ئەو ئاکامانەی کە لیستەی تێرۆری ئوڕووپا بوویەتی و ئەو تەئسیراتەی کە کردوویە و ئەو ئاکامە سیاسیانەی کە لێی کەوتوونەتەوە.


ئەگەر ئەوانە لە بەرچاو بگرین ئەو بڕیارە گرینگە چونکە هەتا ئێستا بە پێی ئەو لیستەیە حەول دراوە هێرش و پەلامار بۆ سەر گەلی کورد مەشڕووعییەتی پێ بدرێ. تەنانەت کاتێک تورکیاش باسی هێرشەکانی بۆ سەر گەلی کورد دەکا بەتایبەتی هێڕشەکانی ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ بە ئوڕووپای دەگوت پ.ک.ک لە لیست دایە. یانی بە گشتی دژایەتی بە دژی داوخوازە سەرەتاییەکانی گەلی کورد و مافی ژیانی هەمووی بە ڕێگای ئەو لیستە ڕا پاساو دەدرێ. هەڵبەت لە پشت گەڵاڵە کردنی ئەو لیستە دا ئیرادەیەکی سیاسی هەیە بەڵام ئەو ئیرادە سیاسییە بە پێی فۆرماتی ئەو لیستەیە و ئەو لیستی تێڕۆرە خۆی دەردەبرێ. یانی لە جێدا زۆر حقوقزانی ئوڕووپایش یانی زۆر حقووقزانیش کە دۆزی کورد دەزانن چییە نایانەوێ خۆیان لەو باسە بدەن چونکە ئەوە باسە زۆر نیگەرانی پێوەیە. یانی کاتێک باسی دۆزێکی تێرۆر دەکرێ لە جێدا کۆمەڵانێکی بەربڵاویش دەسڵەمێنێتەوە ، لەو ڕوانگەیەوە لەگەڵ دیاردەیەک ڕووبەڕووین کە لە قانوونی تێ دەپەڕێنێ. جا بەو بڕیارە، ئەو گوتنە ، نەک لیستەکە خۆی ، ئەو سیاسەتەی کە لە سەر بنەمای ئەو گوتارەی تێڕۆر هەڵنراوە بە بۆچوونی من زۆر سست دەبێ و یەکەم جارە بڕیارێکی ئاوا ئەو گوتارە دەشکێنێ و دەکرێ ئەو لیستەیە بێ مانا بکا. دەتوانێ ئەو لیستەیە پووچەڵ بکا، دیارە ئەو بڕیارە بە مانای دەرخستنی پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر نییە ، چونکە هەر شەش مانگ جارێک ئەو پێواژۆیە دووپاتە دەبێتەوە و ئەوە بەردەوام دەبێ. بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ ئەو لیستە دا جاری یەکەمە بەو بڕیار دانە لەجێدا تەئسیر و گرانایی ئەو لیستەیە پووچەڵ بووەتەوە و هەڵوەشاوە و هەبوونی ناوی پ.ک.ک لە لیستەکە دا وەکوو زەمینەیەکی حقووقی لە ئارا دا نەماوە. ئیرادەی سیاسی دەتوانێ لە سەر ئەوە بەردەوام بێ و پ.ک.ک لەو لیستە دا بهێڵێتەوە بەڵام بنەمای حقووقی ئەوە ڕووخاوە و ئەو لیستە لە پێوەندی لەگەڵ دۆزی کورد دا بەو بڕیارە مەشڕووعیەتی خۆی لە دەست داوە . لەو ڕوانگەیەوە ئەمن هەتا بڵێی بە گرینگی دەزانم و دەبوو لە سەرەتا دا گوتبام ئەویش ئەوەیە کە ئەو جۆرە بڕیارە حقووقییانە بە سەری خۆیان چەندی گرینگیش دەبن بڵا ببن ، بەڵام تەئسیرەکانی دەکرێ دە کردەوە دا دەبێ پێش بخرێ. یانێ ئەو بڕیارە لە مێکانیزمە سیاسییەکان دا، لە مێکانیزمە دێمۆکڕاتیکەکاندا، یانی لە کۆمەڵ دا لێک بدرێتەووە و مەغدورەکانی ئەو لیستەیە لێی بدوێن پێم وایە گرانایی ئەوەندەی دیکەش زیاتر دەبێ.


سەلیم گونەنج : یانی دەتوانین بڵێین کە هەڵوێستی هێزە سیاسییەکان بەهێزتر دەکا
مەحموود شاکار: بەڵێ. بە لێبڕاوییەوە هەڵوێستی ئیرادەی سیاسی بەهێزتر دەکا


سەلیم گونەنج: یانی ئیرادەی سیاسی کورد


مەحموود شاکار: بەڵێ دەستی کراوەتر دەبێ و ئیدی چبڕ چارەنووسێکی دیاریکراو و نەگۆڕ و نەڕووخ و گۆتنی تێڕۆر لە بەرانبەرمان دا نییە ، کە لە ئوڕووپا و لە ڕٶژئاوا لە ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١وە بەم لایەوە گوتنی تێڕۆر شتێک بووە کە هەری زۆر دەکار دەکرێ و ئەوە بە دژی گەلی کورد زۆر بە خراپ دەکار کرا ، لە بەرانبەر مافی سەرەتاییەکانی گەلی کورد و ئەو قەتڵی عام و کوشتارەی کە لە گەلی کورد کراوە ، کرێمینالیزە کردنی بزووتنەوەی کورد هەمووی هەر لە سەر بنەمای ئەو گوتارە هەڵنراون. یانی بە ئاسایی لە قانوون دا شتێکی هێندە گەورە نییە یانی چوونە ناو لیستی تێڕۆڕ لە ڕووی تێکنیکییەوە دەست بەسەر داگرتنی ماڵوموڵکە بەڵام لەوەی تێ پەڕاند و کاردانەوەی کۆمەڵی و سیاسی لێ کەوتەوە. دوا جار لە ١٠ ی فێورییەی ٢٠١٤ دا کە پ.ک.ک خرایەوە ناو لیست بەڕێزان مراد قەرەییڵان و دوڕان کاڵکان بە ڕێگای گرووپێک لە پارێزەرانی هولەندییەوە ئەو داوخوازییەیان بۆ دادگەی عەداڵەت بەرز کردەوە ، ئێمە لەتەک گرووپێک لە دۆستانی پارێزەر گرووپێکی ڕاوێژکارمان ڕێک خست چونکە پێویست بوو پارێزەرەکان لە نزیکەوە بارودۆخی تورکیاش بزانن و لەو ڕووەوە لە ئاکامی کارێکێ هاوبەش دا ئەو کارە گەیشتە ئەو نوختەیە . لەکاتێکدا دۆز بە دژی بڕیاری ١٠ی فێورییەی ٢٠١٤ بەردەوام بوو ، لیست هەر شەش مانگ جارێک تازە دەکرایەوە .


سەلیم گونەنج : یەکەم موڕاجەعە لە ١٠ی فێورییەی ٢٠١٤ دا کرا ؟مەحموود شاکار: بەڵێ. لە دژی ئەو لیستە بە ووردی لە١ی مای ٢٠١٤ دا موڕاجەعە بە دادگە کرا، یانی ئەو دواخوازە لە ١ی مای ٢٠١٤ لە مەحکەمە کرا و ئعتراز کرا و دۆز کرایەوە. بە دوای ئەوە دا هەر شەش مانگ جارێک درێژ کرایەوە و دیسان ئعتراز کرا بەو درێژ کردنەوانە و بە دوای ئەوە دا ئەو ئعترازە شێوەی دۆسییەی بەخۆیەوە گرت وا بزانم تا ١ی ی ئووتی ٢٠١٧ تا کاتی دوایین لیست. لە دژی ئەو لیستەش ئعتراز کرا. لە ١٦ی ئاوریلی ٢٠١٨ مەحکەمە لە لووگزامبورگ دانیشتنێکی ڕێک خست ، مەحکەمە گوێی لە قسەکانی ( زارەکی) هەر دوو لا گرت . پرسیاری لە هەر دوولا کرد و هەر دوو لا ووڵامیان داوە و لە جێدا لەوێ پێواژۆی دۆزەکە کۆتایی هات. لە ١٦ی ئاوریلی ٢٠١٨ دا مەحکەمە ڕایگەیاند بەلەبەرچاو گرتنی ئەو ماوەیەی کە لە داوخوازی پێڕاگەیشتن تێ پەڕێوە ئیدی دەبێ دۆسییەکە یەکلا کاتەوە و بڕیار بدا. مەحکەمە گوتی ناچارم دۆسییەکە کۆتایی پێ بدەم چونکە دەبێ بڕێار بدەم ، و دواجار ئەوە سەرەتی پێدانی مەحکەمە بوو یانی درێژە کێشانی دۆزەکە لە نێوان ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ ، چونکە هەتا لیست تازە کرابایەوە و ئعترازی پێ کرا با پێواژۆی دادگەش درێژتر دەبووەوە دواجار مەحکەمە لە مەڕ ساڵانی نێوان ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ی ئەو دۆسییەیە بڕیاری خۆی دا .


سەلیم گونەنج : لە مەڕ پێواژۆی لەوەو بەدواوە پرۆسێدووری حقووقی کراوەیە ئیدی.


مەحموود شاکار: بەڵێ کراوەیە. هەڵبەت کە وایە ، وەک ئەوەی کە هەتا ئێستا کراوە دەکرێ هێندێک ئەوە قووڵ بکەینەوە بەڵام ئەمە بڵێم لە سەرتاوە کاتێک کە لە ١٠ی فێورییەی ٢٠١٤ یەکەم موڕاجەعە بە مەحکەمە کرا ، ئەو هۆ سەرەکییەی شووڕای یەکێتیی ئوڕووپا بۆ پاساوی بڕیارەکەی بۆ مەحکەمەی دەهێناوە ئەوە بوو ، پێم وایە ٨٧ ڕوداوی کە لە کوردستان قەوماو بوون ڕیزی کرد بوو واتە لە نێوان ساڵانی٢٠٠٣ تا ٢٠١٠ ، دیارە ئەو ڕووداوانەی کە لە ڕۆژنامەکانەوە وەریان گرتبوون. ئێمە دوای ئەوەی ئەو سۆنگەنامەمان خوێندەوە، یەک بە یەک لەو ڕووداوانەمان کۆڵییەوە . ئەو ڕووداوانە هێندێکێکان لە لایەن کۆنترگریلاوە ئەنجام درابوون ، یان لە لایەن عەسکەری تورکەوە کرا بوون و بەشێکیشیان بریتی بوون لە تێکهەڵچوونەکانی نێوان گریلا و عەسکەر و ئێمە بۆچوونی خۆمان سەبارەت بە سۆنگەنامەی شووڕا دەربڕی . بەڵام خۆیان ئیدی لە کاتی هێنانە گۆڕی لیستی دواتر ئەوەیان کێشایەوە دواوەوە، ئەوەیان بەکار نەهێنا و دەستیان کرد بە پتەو کردنی ئارگومێنتەکانی خۆیان. بڕیاری مەحکەمەی فەڕانسەیان هێنا گۆڕێ، بڕیاری ئینگلیستان و ئەمریکا و ئەوانەیان زیاد کرد بۆ سەلماندنی هێشتنەوە ناوی پ.ک.ک لە لیست دا. بەو شێوەیە بە بڕیارەکانی فەڕانسە، ئینگلیستان و ئەمریکا سۆنگەنامەیەکی دیکەیان ئامادە کرد. دیارە لە بەرانبەر ئەوانەشدا ئارگومێنتی پێویست هاتە گۆڕێ و مەحکەمەش ١٤ هۆی سەرەکی پووچەڵ کردەوە. شووڕا هەر شەش مانگ جارێک لیستی خۆی ڕادەگەیێنێ و ئەگەر تەماشای ئارگومێنتەکانیان دەکەی هەتا بڵێی سادە و ساکار و زۆر بانەکی ن. چونکە سیستمێکی دامەزراو لە گۆڕێ دا بوو یانی کاتێک کە ئعترازیان پێ کرا ناچار مان هەڵوێستێکی جیدی بگرن ، بۆ نموونە یەکێک لە ڕووداوەکانی ٨٧ ئەوە بوو، هەر وا لە بەر دەیڵێم با بڵێین لە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٠٦ دا لە باشووری ڕۆژهەڵات تێکهەڵچوونێک ڕوویدا، یانی نە جێگاکەی دیار بوو ، نە تاریخەکەی ، نە ڕوداوێکی کۆنکرێت.


سەلیم کونەنج: دیارە وا بزانم ئەوە لە ڕووی حقووقییەوە بە هێند وەرناگیرێ.؟


مەحموود شاکار: نا ، بە هێند ناگیرێ. یانی پووچەڵ کردنەوەی زۆر سەخت نەبوو. ئەوە لە بەر ئەوە دەڵێم چونکە زێهنییەتێکی ئەوەندە ڕۆنیشتوو هەیە کە ئیرادەی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ تێڕۆر دا ئەوەندە خۆی ئاسوودە دەبینێ کە کاتێک تەماشای هۆ وسونگەی دەکەین کە لایەنێکی پێ دەخەنە لیستی تێڕۆر ، دەبینین هۆیەکان تا بڵیی ساکارن. لە زانیاری ڕۆژنامەکانەوە کۆ کراونەتەوە، و شتێکە لەو ڕووداوانە بەرهەم هاتووە کە نە تاریخ و نە شوێنیان دیارە. جا بۆیە سەرکەوتن لە ئاست ئەوە لە ڕوانگەی حقووقییەوە بووە هۆی تێکچوونی هێندێک لە نۆڕمەکانیان . دیارە مەحکەمە گشت هۆیەکانی بەرپەرچ دایەوە بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەو بڕیارەش نەدرابا تەنێ ئعتراز کردن و هەڵوێست دەربڕین لە ئاست ئەو تاوان وەپاڵ دانە ئەوە خۆی لە خۆیدا وەک بەرتەک نیشاندان لە بەر ئەو مێکانیزمە گرینگ بوو. دیارە بڕیارەکە بە گشتی زۆر گرینگ بوو.


…………..
مەحموود شاکار: ئەمن پێم وایە لە ساز کردنی لیست دا دەکرێ هێدێک دەورێ تورکیاش هەبوو بێ . چونکە کاتێک لیست ئامادە دەکرێ ووڵاتانی سێهەمیش تەئسیری خۆیان هەیە. دیارە تورکیا لە پێواژۆی ئەو دادگەیە دا لایەنێک نییە، بەڵام بە ئاسایی لایەنە. شتێکی ئاوا هەیە ، ئەویش هەبوونی گوتنێکی تێڕۆڕە کە ڕۆنیشتووە. بە ساڵانە ئەوە هەیە لە ساڵی ٢٠٠٢ وە پ.ک.ک لە لیست دایە و ئەوە هەر جارەی کە لیست تازە کراوەتەوە بەردەوام بووە و بووە بە پێواژۆیەکی ئۆتۆماتیک ، ئەو پێواژۆیە بە سەری خۆی پێواژۆیەکی ئۆتۆماتیکە ، ئێستا بەو موداخەلە حقووقییە مەسەلەکە کەمێک گەیوەتە نوختەیەکی جیدی. هەتا ئێستا ئعترازەکە تەئسیرێکی وای نەببوو. یانی لە ساڵی ٢٠١٤ ئعتراز کرا بەڵام دوا جار هێنانی ناوی پ.ک.ک بۆ ناو لیستەکە لە بەر ئەوەی لە گەڵ ئعترازی جیدی بەرەوروو نەهات بە هاسانی دەکرا، بەڵام مەحکەمە بە بێ ئەوەی ڕوداوەکان لەبەرچاو بگرێ بەرپەرچی دانەوە یانی ڕایگەیاند ئێمە ناتوانین لەو بەڵگانە بکۆڵینەوە کە لە ووڵاتێکی سێهەمەوە هاتوون. ڕایگەیاند خاوەنی ئەو تواناییە نییە یەک بە یەک لەوانە بکۆڵێتەوە. لە جێدا یەکێک لە ئاکامە لایەکییەکانی گرینگی دیکەی ئەو بڕیارەش ئەوەیە کە پێشی تورکیا گیرا کە لە نموونەی ئاوا دا وەک لایەنی سێیەم بێتە ناو پێواژۆی ئەوتۆ. چونکە لە تورکیا ئەوە چۆن هەڵدەسووڕێ گەلۆ بە پرۆسەی داوەریدا تێ دەپەڕێ یان نا و لە جێدا دادگە گوتی ئەوەمان بۆ تاقی ناکرێتەوە. لەوەی دواوە ئەو بەڵگانەی لە تورکیاوە بە دەست مەحکەمە بگا بەو بڕیارە ئیدی بایەخیان نامێنێ. ئەوە لەو دادگایانەی کە لە ئورووپا دەکرێن لە ڕووی کۆمەڵییەوە زانینیان باشە یانی ئەگەر لە هەر ووڵاتێکی ئوڕووپایی لە سەر بنەمای ئەو زانیارییانەی تورکیا لە بەر دەستی دێنێ دادگەیەک بەڕێوە بچێ، دادگە دەتوانێ بڵێ ئەو بەڵگانە تاقیی نەکراونەتەوە یانی پڕۆسەی محاکەمە لەوێ عادڵانە نەبووە ئەوەش دەکرێ دەسکەوتێک بێ کە لە برێارەکە دا نەنووسراوە.

 
سەلیم کونەنج: بەڕێز توجەر ئێوەش ئەو پێواژۆیەتان لە نزیکەوە شۆپاندووە، لە ناوی دا بوون ئێوە هەم لەمەڕ بڕیارەکە چ دەتوانن بڵێن و هەر وەها خۆتان بڕیارەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟


شاهین توجەر: بەر لەوەی کە باسی لێکدانەوەی خۆم بکەم ، باشتر وایە کە بینەران باشتر بزانن باسی چی دەکەین. دەمەوێ هێندێک بە کورتی باسی لیستەکە بکەم. داخودا ئەم لیستە چییە ؟ چونکە کە دەڵێین لیست ئی وا هەیە دەزانێ چییە و ئی واش هەیە ڕەنگە بە ووردە ڕیشاڵ نەزانێ چییە. جا بۆیە دەمەوێ زۆر بە کورتی باسی لیستەکە بکەم . لە دوای ئەوەی لە ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ هێرش کرا بۆ سەر ئەمریکا. ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی پەسند کرد، لە ٢٨ ی سێپتامبری ساڵی ٢٠٠١ دا. بڕێارێک درا لەو بڕیارە دا گوترا کە ئێمە بۆ خەبات بە دژی تێڕۆریزم دەبێ ستراتێژییەکی هاوبەشمان هەبێ و بە دژی کەسان و ڕێکخستنان ، بە تایبەتی لە ڕووی داراییەوە دەبێ هێندێک سزای پێش گێڕەوە لە بەر چاو بگرین. لەو بارەیەوە بڕیار درا و پێم وایە سێ مانگ دوای ئەوە یەکیتیی ئوڕووپا لە مانگی دیسامبر دا بەڵگەیەکی حقووقی دەرخست کە پێی دەگوترێ هەڵوێستی هاوبەش و بە پەسندی ئەو بەڵگەیە هەمان هەڵوێستی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانی وەخۆ کرد. لە بەر ڕووناکایی ئەو بڕیارە لە ٢٧ی دیسامبری ساڵی ٢٠٠١ دا ئەساسنامەیەک گەڵاڵە کرا، بە پێی مادەی ٢ی ئەو ئەساسنامەیە دەبوو لیستێک ئامادە بکرێ و لەو لیستەدا ناوی کەسان و ڕێکخستنە تێرۆریستەکان دەستنیشان کرا و گوترا یەکێتیی ئوڕووپا بۆیە هەیە دەست بە سەر مالوموڵکی ئەو جۆرە کەس یان ڕێکخستنانە دا بگرێ. لەو چوارچێوەیە دا لە ساڵی ٢٠٠١ دا لیستێک ئامادە کرا . لەو لیستی یەکەمە دا ناوی پ.ک.ک نییە. لە ساڵی ٢٠٠٢ ، لە ٢ی مانگی فێورییەی ٢٠٠٢ دا ، پ.ک.ک خرا ناو لیستەکە. یانی لە پێوەندی لەگەڵ لیستی تێڕۆری یەکێتیی ئوڕووپا دا بە پێی ئەساسنامەی یەکێتیی ئوڕووپا بۆ ئەوەی ناوی کەسێک یان ڕێکخستنێک بخرێتە ناو لیستەکە، دەبێ مەرجەعێکی سەڵاحییەتدار لەو بارەیەوە بڕیارێکی دابێ. بە لانی هەرە کەمەوە مەرجەعێک. لە هەلومەرجی ئاسایی دا لە بەڵگەکانی یەکێتیی ئوڕووپا دا، کاتێک زاراوەی مەرجەعی سەڵاحییەتدار یانی ئیدارەی سەڵاحییەتدار بە کار دەهێندرێ لە جێدا بە مانای مەرجی سەڵاحییەتداری یەکێک لە دەوڵەتەکانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپایە. دواجار یەکێک لە مەرجەعە سەلاحییەتدارەکانی یەکێک لە ووڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئوڕووپا ، لە هەلومەرجی ئاسایی دا دەبێ دادگە هەبێ ، بەڵام هەر دادگە نییە جار جار ئەوە دەتوانێ مەرجەعێکی ئیداریش بێ. دەبێ بڕیارێکی مەرجەعێکی ئاوا هەبێ ، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو بڕیارە دا پێواژۆیەک هەیە، دەبێ داوخوازینامە پێشکێش بکرێ . لەو پێوەندییە دا مەرجەعی سەڵاحییەتدار شووڕای یەکێتیی ئوڕووپایە. شووڕا ئەو بڕیارە دەدا ، لێی دەکۆڵێتەوە و ئەگەر زانیارییەکانی ناو بڕیارەکە بە جیدی بزانێ یانی ئەو بڕیارەی کە لە مەڕ کەس یا ڕێکخستنەکە بە جیدی بزانێ، ئەو دەمێ دەکرێ بڕیار بدا لە سەر لێ زیاد کردنی ناوی ئەو کەسە یان ڕێکخستنە لە لیستەکە.


سەبارەت بە پ.ک.ک یەکەم بڕیار لە ئینگلیستانەوە دێ. لە جێدا بە پێی پێداویستی حقووقی ناوخۆیی لە ساڵی ٢٠٠٠ دا ئەگەر هەڵە نەبم بڕیارێکی ئیداری وەزیری کاروباری ناوخۆی بریتانیا هەیە ، بریتانیا سەبارەت بە تێرۆریزم قانوونێکی هەیە و بە پێی ئەو قانوونە بڕیارێک دراوە، ئەو بڕیارە بەڕێوە دەچێ و لە سەر بنەمای ئەو قانوونە ناوی کەس و ڕێکخستنان دەخرێنە ناو ئەم لیستەیە.


سەلیم کونەنج: ڕەنگە وەبیر هێنانەوە لە جێی خۆی دابێ. یانی لەو سەردەمە دا لە سێپتامبری ١٩٩٩ وە پ.ک.ک ئاگر بەسی ڕاگەیاند بوو و هێزە چەکدارەکانی کێشابووەوە دەرەوەی سنووری تورکیا، یانی ئەو پێواژۆیەی کە باسی دەکەین.


شاهین توجەر: بەڵێ. پێم وایە ئەو بڕیارە سێ ساڵ دوای ئەو پێواژۆیە دەرچوو، ڕاستە ئەوە هۆی واق ووڕمانی هەموو کەس بوو لەو سەروبەندی دا. بەڵام ئەو بڕیارەی بریتانیا لە لیستەکە دا نانووسرێ یانی هەر وەک بڕێک بەر لە ئێستا مەحموود شاکاریش گوتی لە یەکەم قۆناخەکاندا، لە سەرەتاوە ، بۆ ماوەیەکی درێژ ئەگەر ناوی کەسێک یان ڕێکخستنێک بخرابا لیستەوە ، ئەوە بڕیارێکی سەمبۆلیک بوو، یانێ بە بێ ئەوەی لێی قووڵ بووبێتنەوە یان بە ووردی لێیان کۆڵیبێتەوە بە بێ هێنانە گۆرێ هۆ و سۆنگە ئەو بڕیارانە دراون. دواتر دیوانی عەداڵەتی ئوڕووپا هێندێک بڕیاری دا لەو پێوەندییە دا. بە دوای ئەوانە دا بوو کە شووڕای ئوڕووپا حەولی دا هێندێک هۆ و سۆنگە لە هۆکاری بریارەکانی زیاد بکا. لیست لیستێکی ئاوایە و هەر وەک گوتمان لە ساڵی ٢٠٠٢وە پ.ک.ک لە ناو ئەو لیستە دایە. وەکوو پێشتر گوترا لە ساڵی ٢٠٠٤ دژی ئەو بڕیارە دۆزێک کرایەوە و لەو بارەیەوە مەحکەمە لە سەر ئەو دۆزە بڕیارێک دەدا، زۆر بە کورتی ڕەنگە ڕوونکردنەوەیەک لەو ڕووەوە بەجێ بێ. ئەو داوخوازە ، ئەو داوخوازەی کە لە لایەن پارێزەرەکانەوە کراوە، داوخوازێک نییە بۆ دەرخستنی ناوی پ.ک.ک لە لیستەکە. چونکە ناوی پ.ک.ک یان کەسان یان رێکخستنەکانی دی بۆ هێنانە ناو لیستەکە و لە لیست دا ڕاگرتن برێیارێکی سیاسی یە. مەرجەعی سەڵاحییەتداری یەکێتیی ئوڕووپا واتە شووڕای ئورووپا بڕیارێکی ئیداری یان بڵێین بڕیارێکی سیاسی داوە. دواجار لەو بارەیەوە داوخواز ئەوە نەبوو کە پ.ک.ک لە لیست دەربهێندرێ. لە ڕووی حقووقییەوە شتێکی ئەوتۆ لە بەر چاو نەگیراوە ، بەڵام لە بەر ئەوەی کە ئەوە واتە هێنانە ناو لیست هەڵسووڕانێکی ئیدارییە ، لەبەر ئەوەی ئەو هەڵسوورانە ئیدارییە بە پێچەوانەی قانوونەکانی یەکێتیی ئوڕووپا بووە دەکرێ بۆ پووچەڵ کردنەوەی بڕیارێکی ئاوا داخوازنامە پێشکێش بکرێ و ئەو دۆزەش لە جێدا لەو بارەیەوەیە.


لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ دواخوازی پووجەڵ کردنەوەی بڕیارەکە دۆزێک کرایەوە ، و بە درێژ بوونەوەی دۆزەکە لەبەر ئەوەی کە هەر شەش مانگ جارێک لیستەکە تازە دەکرایەوە ، هەر شەش مانگەی جارێک بە دژی بڕیارە نوێیەکە ئعتڕاز کرا و لە تاریخی دانیشتنە دا لە ١٨ی ئاوریلی ٢٠١٨ دادگە ئیدی بڕیارێکی دا و بۆ گەیشتن بە بڕیارێک ، دوایین بڕیاری کە پووچەڵ کراوەتەوە ئی ساڵی ٢٠١٧ یە. لە بەڕ ئەو بڕیارەی کە داویە بڕیارەکانی دواتری پووچەڵ نەکردووەتەوە دەنا دادگە لە ساڵی ٢٠١٤ دوو بڕیار، ٢٠١٥ ، ٢٠١٦ ، ٢٠١٧ لە سەر یەک ١١ بڕیاری پووچەڵ کردەوە واتە ئەو ماوانەش کە بڕیارەکە درێژ کرابووەوە. دوا جار داوخوازی پارێزەرەکان بۆ پووچەڵ کردنەوەی بڕیارەکان هەموویان لەلایەن دادگەوە قەبووڵ کران . مڕۆڤ بییەوێ و نەیەوێ ئەو پرسیارەی بە زەین دا دێ، ئەویش ئەوەیە کە لە گەڵ پووچەڵ کرانەوەی ئەو هەموو بڕیارانە بۆچی پ.ک.ک هێشتا ناوی لە لیستەکە دا ماوەتەوە؟ دیارە ئینسانەکان زۆر مەعقوولە پرسیارێکی ئاوا بە جێ دەپرسن. دیارە لێرە دا ئەو پرێنسیپە دێتە ناوەوە حقووق و سیاست و ئەو سنوورەباریکەی کە لە نێوان سیاسەت و حقووق دا هەیە. بە داخەوە لە ڕووی حقووقییەوە مەحکەمە سەڵاحییەتی تەنێ هەر ئەوەیە لەوە بكۆڵێتەوە داخودا ئەو هەڵسووڕانە ئیدارییە لەگەڵ حقووق گونجاوە یان نەگونجاوە و بەو ئەرکە سنووردارە.

دادگە ناتوانێ سەبارەت بە شتێک لە دادێ دا بڕیار بدا. لە سەر بڕێارێک دەکۆڵێتەوە کە دراوە بۆ ئەوەی بزانێ ئەوە بە پێی حقووق دروست بووە یان نەبووە. بەڵام سەبارەت بە بڕیارێکی کە لە دواتر دەدرێ دادگە ناتوانێ بڕیارێک بدا. ئەوە بۆیە دەڵێم لەو ڕوانگەیەوە دەڵێم ، هێندێک پێشتر باسم کرد. هێنانی ناوی کەس و ڕێکخستنان بۆ ناو لیست بڕیارێکی سیاسی یە. تەگبیرێکی پێش گێڕەوە و بڕیارێکی ئیدارییە کە شووڕای ئوڕووپا داویەتی. هەر شەش مانگ جارێک درێژ دەکرێتەوە، یانی ئەگەر ئەمڕۆش پووچەڵ بکرێتەوە یانی ئەگەر ئێستا داوخوازییەک پێشکێش بکرێ ، دادگە دەتوانێ برێاری ساڵی ٢٠١٨ ش پوچەڵ کاتەوە، ئەگەر تەماشای ناوەرۆکی بڕیارەکە بکەین بە ئیحتیمالی زۆر دەتوانین بڵێین دەتوانێ ئەو بڕیارەش پووچەڵ کاتەوە،


سەلێم گونەنج: دەتوانێ وەک نموونە بڕیارەکانی پێشوو بە نموونە بێنێتەوە.


شاهین توجەر: دەتوانێ ئەوە بکا، بەڵام دادگە سەبارەت بە ساڵی ٢٠١٩ ناتوانێ هیچ بڕێارێک بدا. لە لیست دەرخستن بە مانای بڕیار دانە سەبارەت بە ساڵی ٢٠١٩ و دواتر بە کردەوە. بە داخەوە دادگە سەڵاحییەتێکی ئەوتۆی نییە بۆیە دادگە سەبارەت بە دەرخستنی ناوی کەس و ڕێکخستنان لە لیست بڕیار نادا ، بەڵام سەبارەت بەو هۆ و سۆنگانەی کە بوونەتە هۆی ئەوەی ناوی کەس یان رێکخستنێک بکەوێتە ناو لیستەکە، و لە سەر کافی نەبوونی ئەوانە، دەتوانێ بڕیار بدا.
.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك