بەدیعە دارتاش: بە دەست خۆم نەبووە کە ھاوسەرگیریم نەکردووە

بەدیعە دارتاش: باوكم كە ساڵانیكی زۆر شیوعی بوو، لەكۆتایی تەمەنیدا بوویە كەسێكی خواناس

بەدیعە دارتاش: بە دەست خۆم نەبووە کە ھاوسەرگیریم نەکردووە

876 خوێندراوەتەوە

هونەرمەند بەدیعە دارتاش، لە دراماو فیلمەکاندا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەیە، بۆنی ژنی قارەمان و چاکسازو پەروەردەکاری کوردی لێوە دێ‌و وێنای ژنی ڕابردوی کوردمان بۆ دەکا، ژنێک کە ھەمیشە بە گژ ستەم و ستەمکاراندا چۆتەوەو بەرگری لەستەملێکراوان و مافخوراوان کردووە، ئەو تا ئێستا بە تەنھایەو وەک خۆی دەڵێت، ھونەر بۆتە ھۆکاری ئەوەی کە ھاوسەرگیری نەکات. لەم دیداریەدا كە یەكێك لە زنجیرە دیدارەكانی "گروپی گوڵنارە" باس لە ژیانی خۆیی و خێزانەکەی دەکا، کە باوکی یەکێک بووە لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی حیزبی شیوعی و زۆر سەرسام بووە بە لینین و ستالین، بە جۆرێک کە بەردەوام ڕەسمی ئەو دوو کەسەی ھەڵواسیوە.. بەڵام لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا دەگەڕێتەوە بەرەو ئیسلام و دەبێتە کەسێکی خواناس و خواپەرست، تەنانەت وەسییەت بۆ کچەکەشی دەکا کە پابەند بێ بە ئیسلامەوەو ڕێگای خواپەرستی‌و حیجاب پۆشی بەرنەدا.

بەدیعە دارتاش کێیە، کەی‌و لە کوێ لەدایک بووە؟ گروپی گوڵنار بەم پرسیارە لەگەڵ ئەودا كەوتوونەتە گفتوگۆو ئەو وتوویەتی:" ساڵی ١٩٤٦ لە گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانی لەدایکبووم، خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی و ئامادەییم لە سلێمانی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٦٨ چووم بۆ بەغدا، لەبەر ئەوەی نمرەم کەم بوو نەدەکرا لە ھەموو کولیەیەک وەربگیرێم، بەڵام ڕووم کردە ئەکادیمیای ھونەرە جوانەکانی بەغدا، لە بەشی شانۆ، ئەویش بە ڕێکەوت مامۆستا ئیبراھیم جەلالی ڕەحمەتیم دی، لەو کاتەدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ خوێندکاراندا دەکرد، کە ھات بۆلام زۆر موجامەلەی کردم، منیش گوتم نازانم ئێرە کوێیەو دەبین بە چی و چەند بەشە.؟! گوتی: بەشی ئێمە بەشی شانۆیە، پەلی گرتم و بردمییە ژوورەوە، کە بردمییە ژوورەوە کتێبێکی دایە دەستمەوەو گوتی بیخوێنەرەوە، ئەوسا چونکە خوێندنی ئێمە عەرەبی بوو، قسەکردنیشمان بە عەرەبی زۆر باش بوو، کە ھاتمەوە بۆ سلێمانی، باوکم شیوعی بوو، مێشکێکی زۆر کراوەی ھەبوو، شیوعی ئەو سەردەمە زۆر ڕۆشنبیر بوون، وەکو ھی ئێستا نەبوون تەپیو بن، باوکم گوتی: زۆر گرنگە تۆ لەو بەشە وەرگیراوی، تۆ دەبیت بە دایکی ئەو میللەتە، تۆ دواڕۆژێکی زۆر ڕوونت دەبێ و، لەو قسانە، زۆری ھاندام.! کەس و کارم کەزانیان گوتیان: ئەیەڕۆ بۆ کولەی دەھۆڵ و زوڕنا چوویت.؟! ھەر کەسەو جۆرە تانەیەکی تێدەگرتم.! باوکم گوتی: گوێیان مەدەرێ.! پێیان بڵێ لە کولیەیەکی تر وەرگیراوم.! باوکم لەگەڵ ئەوەی کە نیمچە خوێنەوارییەکی ھەبوو، بەڵام ژێر زەمینێکمان ھەبوو تا نیوە شەوان، لەگەڵ فەتاح بێسارانی چاپخانەیەکیان دانابوو، پەیژەیەکی دەنا بەکۆڵییەوەو دەیگوت وا من دەڕۆم، دەچوون ئەو بەیانانەی کە چاپیان دەکردن، بە دیوارەکاندا دایان دەکوتان.! کە ڕۆشتمە کولیەکە تەنھا من بووم وەک کچ لە بەشی شانۆ.! لەگەڵ کچێکی عەرەب.! مەسیحی بوو، ناوی سومەییە بوو، ڕەسمەکانیشم ماون، دوو منداڵی ھەبوون لەگەڵ خۆیدا دەیھێنان، عەرەب زۆر بە کەمی دەھاتنە ئەو کولیەیەوە، کورد زۆر لە عەرەب کراوەتر بوو".


هونەرمەند بەدیعە دارتاش لەبارەی پەیوەندی سۆزدارییەوە لە ژیانیدا دەڵێت:" ھیچ گەنجێک نییە لە ژیانیدا کە تموحی نەبێ لە قۆناغێکی ژیانیدا، منیش وەک خۆم دەگونجێت خەڵک بووبێ تەمەننای ئەوەم کردبێ کە بۆ یەک ببین، وە خەڵکیش ھەبووە تەمەننای کردووە کە من بۆ ئەو ببم، ھی واش ھەبووە پێی گوتوم، گوتوومە نا.! خۆشم نازانم ھۆکار چی بووە.؟! کە تەخەڕوجم کرد ئەوەندەیان پێگوتم تۆ وایت و تۆ وایت.! غروورێکم تووش بووبوو، خۆشم ھەستم بە جوانی خۆم نەدەکرد".


سەبارەت بەكاریگەری باوكی وەك كەسێكی شیوعی لەسەر ئەو و خێزانەكەیان، دارتاش وتوویەتی:" ئەوەی ڕاستی بێت زۆر بێزار بووین، باروودۆخمان زۆر خراپ بوو، باوکیشم زۆر خراپ خووی دابوویە، ئێمەش منداڵ بووین، دەھاتەوە دەیگوت خێرا نانێکم بدەنێ و چایەک لێبنێن، ئێستا دێن دەمگرن، ئەم ئێوارەیە حیزب گوتویەتی خۆت تەسلیم بکە، جا تۆش منداڵ بیت و بەبەرچاوی خۆتەوە کەلەپچە بکەنە دەستی باوکتەوەو بیبەن، ئێمەش بە گریان ھێندە دوای کەوتبووین بۆ بەردەرکی سەراو دەیانبردە ژوورەوە، ژیانمان بوو بوو بەوە، بە تەواوەتی بێزار بووین، ئیشیشی پێنەدەکراو ئێمەش فەقیر بووین".


ئەو كە بەوتەی خۆی لەمنداڵیدا هەژار بوون، سەبارەت بە هەژاری دەڵێت:" هەژاری بۆ منداڵ زۆر ناخۆشە، ئاخ ئێستاش بۆ ئەو منداڵانەی کە نازیان نییەو ھەژارن جەرگم دەسووتێ، کە منداڵ نەیبوو و چاوی لە دەستی ھاوڕێکەی بوو کە شتێک دەکڕێ و دەیخوا، ئیدی ئەوە مەئەساتە، مەرگە".

،،

ئەو كە بەوتەی خۆی لەمنداڵیدا هەژار بوون، سەبارەت بە هەژاری دەڵێت:" هەژاری بۆ منداڵ زۆر ناخۆشە، ئاخ ئێستاش بۆ ئەو منداڵانەی کە نازیان نییەو ھەژارن جەرگم دەسووتێ، کە منداڵ نەیبوو و چاوی لە دەستی ھاوڕێکەی بوو کە شتێک دەکڕێ و دەیخوا، ئیدی ئەوە مەئەساتە، مەرگە".


وەكو بەدیعە دارتاش دەڵێت، باوكی وەسیەتی بۆ كردوون كە منداڵەكانی توخنی سیاسەت نەكەون:" زۆرینەی وێنەی ستالین‌و لینینی ھەڵواسیبوو و ھەڵیگرتبوون، لە سەقفەکەدا پێی دەشاردینەوە، ئێمەش ئەو خووەمان گرتبوو و فێر بوو بووین، بەڵام باوکم وەسیەتی بۆ کردین گوتی ھیچکامتان توخنی سیاسەت نەکەون، ھەتا ماون لە سیاسەت نزیک مەکەونەوە، چونکە بەڕاستی سیاسەت بێ بارە.! ئەویش لە چییەوە لەبەر چاوی کەوت.؟! خۆی ھێندە دەگیراو ئازاد دەبوو، جار و دووجار نەبوو، کوڕێکی ھاوڕێی ھەبوو چوار منداڵی ھەبوون، ئەویش لەگەڵ خۆی گیرا، باوکم چوو گوتی بە حیزب مانگی نیو دینار ببڕنەوە بۆ ماڵ و منداڵەکەی، گوتبوویان: وەڵا نیمانە.! باوکیشم گوتبووی: باشە ئەی ئەگەر من سبەی دوو سبەی گیرام، ئەو منداڵانەم لە برسا بمرن.؟! ئیدی لەوێوە وازی لێھێنان".

سەبارەت بە نازناوی دارتاش كە كەی‌و چۆن بوویە نازناوی، ئەو دەڵێت:" وشەی دارتاشم لەلا زۆر پیرۆزە، لەبەر چی، بە ڕەحمەت بێ بەڕێوەبەرێکی ئافرەتمان ھەبوو لە ئامادەیی کچانی سلێمانی، ست درەخشانی شێخ حەفید، من ناوم بەدیعە عبداللە حەسەن، مامۆستایەکی تریش ناوی بەدیعە مەحوی بوو، دراوسێمان بوو، ھەردووکمان جێگری ست درەخشان بووین، ڕۆژێکیان گوتی: بەدیعە.! ھەردووکمان گوتمان بەڵێ.! گوتی: بەدیعە دارتاش تۆ ناڵێم، بەدیعە مەحوی دەڵێم.! لەوساوە نازناوی دارتاش بەسەرما بڕا".


بەدیعە دارتاش، ئاماژە بەوە دەكات كە باوكی پاش ساڵانێكی زۆر وازی لە شیوعییەت هێناوەو بووەتە كەسێكی پاند بە ئیسلام‌و ئەمیشی هانداوە بۆ نوێژكردن:" دوای ئەوەی کە ھاوڕێیەکی گیراو داوای نیو دینار مانگانەی کردبوو بۆ ماڵ و منداڵەکەی و نەیاندابوویە، ئیدی ئەویش وازی لێھێنان، وەسیەتی بۆ ئێمەش کرد ھەتا ماوین سیاسەت نەکەین، سێ حیزب داوایان لێکردووم بچمە پەرلەمان، لەسەر وەسییەتەکەی باوکم نەمکردووە.! بچمە ژێر ڕکێفی حیزبێکەوە بڵێ ئەوە بکەو ئەوە مەکە.! چۆن شتی وام پێ قبووڵ دەکرێ.؟! باوکم لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا گەڕایەوە بۆ ئیسلام و موسڵمان بوو، شەوان لە تاو زیکرو قورئان خوێندنی باوکم خەبەرم دەبوویەوەو نەیدەھێشت بخەوم.! بەردەوام خەریکی عیبادەت بوو، ساڵانی ھەشتاکان بوو، ڕۆژێک گوتی: "بەدیعە وەرە.! تۆ ھەموو شتێکت ڕەفز کرد، تۆ خوشک و براکانت گەیاندە زەواج و ماڵی خۆیان، من زۆر لە تۆ ڕازیم، خوداش ھێندە لێت ڕازی بێت، ئەو زەمانە جلی کچانە تەنوورەی کورت بوو، گوتی: ئەو تەنوورەیەت درێژ بکەوە، زۆریشت لێناکەم، بە ئارەزووی خۆت، ئەگەریش دەتوانی نوێژ بکەو جلەکانت با شەرعیانە بن.! منیش بەڵێنم بە باوکمدا.! بە نەوزادی براشمی گوتبوو، ئەویش الحمدللە ھەر بەردەوامە. ئەوەش فەزڵی خودا بوو کە باوکێکی وای پێ بەخشیبووین، وێنەی نەبوو و نابێتەوە".


بەدیعە دارتاش باس لە پەیوەندی خۆیشی بە ئیسلام‌و پەرستشەكانەوە دەكات‌و دەڵێت:" ڕەمەزانان زۆر زۆر باشم، کاتەکانی تر باشم بەس لە خۆم ڕازی نیم، عیبادەتە ئاساییەکانم ھەیە، لە نوێژە فەرزەکان و تەسبیحات. ھەمیشە دەڵێم خودایە سەربەرزی نێو کۆمەڵگەم بکەی، زۆرجار خەڵوەتم ھەیەو دەچمە خەڵوەتەوە بۆ دوعا کردن و دەگریم.. بەردەوام قورئان دەخوێنمەوە، دەیانجار، بیست جار، زیاتر خەتمی قورئانی پیرۆزم کردووە".

،،

بەدیعە دارتاش باس لە پەیوەندی خۆیشی بە ئیسلام‌و پەرستشەكانەوە دەكات‌و دەڵێت:" ڕەمەزانان زۆر زۆر باشم، کاتەکانی تر باشم بەس لە خۆم ڕازی نیم، عیبادەتە ئاساییەکانم ھەیە، لە نوێژە فەرزەکان و تەسبیحات. ھەمیشە دەڵێم خودایە سەربەرزی نێو کۆمەڵگەم بکەی، زۆرجار خەڵوەتم ھەیەو دەچمە خەڵوەتەوە بۆ دوعا کردن و دەگریم.. بەردەوام قورئان دەخوێنمەوە، دەیانجار، بیست جار، زیاتر خەتمی قورئانی پیرۆزم کردووە".


ئەو بەو تەمەنە زۆرەوە هێشتا تەنهایەو پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام نەداوە، دەربارەی ئەنجامنەدانی پرۆسەی هاوسەگیری، بەدیعە دارتاش دەڵێت:" باوەڕم بە قسمەت و نسیبە، بەخوا بە دەست خۆم نەبووە، خۆشم لەو مرۆڤانە نەبووم ھەوڵ و ھەڵپەم بۆی ھەبێت، ئەگینا ئەوەندەی من لەگەڵ پیاواندا ھاوڕێ بووم، لەگەڵ کچاندا وا نەبووم، بەڵام پەشیمانیش نیم، ژیانی خۆمم زۆر خۆشدەوێ".


ئەو ئاماژەش بەوە دەكات كە هونەر یەكێك لەهۆكارەكان بووە كە نەچێتە ناوپرۆسەی هاوسەردارییەوە :" بەڵێ بێگومان ھونەر ھۆکار بوو، بەڵام ھونەر بۆشاییەکی گەورەشی لە ژیانما پڕ کردەوە".


ئەو باس لە هەوڵی حیزبی بەعس بۆ دەستەمۆكردنیان‌و كردنیان بە بەعسی دەكات‌و دەڵێت:" لە پەیمانگا ھەوڵی زۆریان لەگەڵ داین، بە کۆمەڵ دەیانبردین بۆ ڕێکخراوەکانی خۆیان، بە سەعات قسەیان بۆ دەکردین، دەبێ ببن بە بەعسی و کارمان بۆ بکەن و لەو قسانە، کۆتا جار کڵاوەکەی کێشا بە مێزەکەداو گوتی بۆ مەگەر کەسێک ھەیە ئێستا بڵێ من نابمە بەعسی.؟! وای دەزانی ھەموومان قەناعەتمان کردووەو دەبینە بەعسی.! ئێمەش ھەناسەمان تیا نەمابوو، کەسیش نەیدەوێرا قسەیەک بکاو بەرپەرچی بداتەوە، ئەویش ھەستا بە تووڕەیی چووە دەرەوەو ھەزار جنێوی پێداین.! بە کۆمەڵ زۆر ھەوڵمان لەگەڵ دراوە. بەڵام وەک خۆم ئەوەی من کردوومە، ھەر بە ئیشی پێشمەرگە دەچوو، ئیشی زۆر گەورەم کردووە بۆ گەلەکەم".

،،

بەدیعە دارتاش ڕەخنە لە هونەرمەند ئەحمەد سالار دەگرێت‌و دەڵێت بەداخەوە كە خۆی هەڵواسیوە بە حیزبدا،" زۆر بەداخەوە کە خۆی ھەڵواسی بە حیزبدا، ھونەرمەند موڵکی ھەموو میللەتە، نابێ خۆی ھەڵواسێ بە حیزبدا، حەیف بۆ ئەو ھونەرمەندانەی خۆیان دۆڕاند".


دەربارەی ئەوەی كە مەرگی كێ لەژیانیدا زۆر ئازاری داوە، بەدیعە دارتاش وتوویەتی:" دایکم و باوکم، بەتایبەتتر باوکم.
بۆ کاک نەوشیروان زۆر ئازارم چەشت، زۆر زۆر، خوا لێی خۆش بێت، ھیچ پەیوەندییەکیشم لەگەڵی نەبووەو ڕووبەڕووش نەمدیبوو".


بەدیعە دارتاش ڕەخنە لە هونەرمەند ئەحمەد سالار دەگرێت‌و دەڵێت بەداخەوە كە خۆی هەڵواسیوە بە حیزبدا،" زۆر بەداخەوە کە خۆی ھەڵواسی بە حیزبدا، ھونەرمەند موڵکی ھەموو میللەتە، نابێ خۆی ھەڵواسێ بە حیزبدا، حەیف بۆ ئەو ھونەرمەندانەی خۆیان دۆڕاند".


هاوكات ڕەخنە لە بەیان زەریفی دەگرێت‌و ئاماژە بەوە دەدات كە بەیان‌و هاوڕێكانی كۆمیدیایان كردووەتە مەهزەلو خەریكی پارە پەیداكردنن، ئەو دەڵێت:" ئێمە پێویستمان بە کۆمیدیا ھەیە، بەڵام بەیان و دەستەکەی کۆمیدیایان کرد بە مەھزەلە، ئەمانە کۆمیدی نین، بەڵکو ختووکەی جەماوەر دەدەن، کۆمیدی نین، ئەمانە پارە پەیدا کەرن، بەس پارە پەیدا دەکەن".


سەرباری ئەوەی كەوەكو خۆی دەڵێت هیچ پەوەندییەكی لەگەڵدا نەبووە، بەڵام سەرسامی خۆی بە كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا دەردەبڕێت‌و بەمجۆرە وەسفی دەكات:" نەوشیروان موستەفا، لوتکەی ئەخلاق، لوتکەی ڕای جوان، لوتکەی بەرزێتی و سەربڵندی، لوتکەی ھەموو شتە جوانەکان، لوتکەی ھەژاردۆستی کە بە چاکەتێکی شڕەوە دەچووە دیوەخان و کۆبوونەوەکانەوە، حەیف و مەخابن ئەو ڕۆشت و خەڵکێکی تر مانەوە".

دارتاش كە ساتی هێنانەوەی تەرمەكەی بۆ سلێمانی لەیادە، بەمجۆرە سەبارەت بە شێخ مەحموودی حەفید دەدوێت‌و دەڵێت:" ھەزار ڕەحمەتی خوای لێبێت، ئەو شەوەم بیر دێت کە تەرمەکەیان ھێنایەوەو گوللە یەک بەر تەرمەکەی کەوت. بەداخەوە کە قارەمانی وامان بۆ درووست دەبێت و لە پڕ چەوسێنەرێک درووست دەبێ و لەناوی دەبا، دوای ئەو، ئەو گڕو کڵپەی شۆڕشە دامرکایەوە".

 

author photo

گروپی گوڵنار، ده‌سته‌یه‌ك گه‌نجی خوێنده‌وارو ڕۆژنامه‌نووسن‌و هه‌رجاره‌و دیدار له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی، یان ڕۆشنبیری،

یان هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن‌و " دیبلۆماتیك مه‌گه‌زین" هه‌فتانه‌ یه‌كێك له‌ دیداره‌كانی ئه‌وان بڵاو ده‌كاته‌وه‌