توركیا تەنگی بەیەكێتی هەڵچنیوە و یەكێتیش بە تەڤگەری ئازادی

"لەو حزبانە رەسمی ترین كە دەیانەوێت یاساغمان بكەن"

توركیا تەنگی بەیەكێتی هەڵچنیوە و یەكێتیش بە تەڤگەری ئازادی

758 خوێندراوەتەوە

 ئەندام پەرلەمانێكی تەڤگەری ئازادی: تەڤگەری ئازادی، خاوەنی كورسییە لە پەرلەمانی عێراق، كەس ناتوانێ یاساغی بكات.

 

بەهۆی دواكەوتنی كردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان بەرووی توركیا لەرێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، یەكێتی ناچار دەبێت كە هەندێ بریاری سیاسی لە بەر دڵی توركیا بدات. تەڤگەری ئازادیش رایدەگەیەنێت: "سەركردەكانی یەكێتی دوو روون لەگەڵمان"

 

 

 

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەرێگەی فەرمانێكەوە ئاسایش و هێزە ناوخۆییەكان ئاگادار دەكاتەوە، كە هەستن بە جێ بەجێكردن و داخستنی ئەو بارەگاو شوێنانەی كە مۆڵەتی یاساییان نییە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە.

 

سەبارەت بەم بریارەو و بەئامانجگرتنی تەڤگەری ئازادی وەك پارتێكی سیاسی نزیك لە فكری پەكەكە كە ئەمرۆ لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی كورسییەكن، یوسرا رەجب كە ئەندامی پەرلەمانی عێراق و (ئەندامی بەرێوەبردنی تەڤگەری ئازادی)یە، لەگەڵ دیپلۆماتیك مەگەزین وتوێژ دەكات.

 

 

،،

"ئێمە راستە تەرزی فكری لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە وەر دەگرین، بەڵام بەهیچ شێوەیەك سێبەری كەس نین و سەربەخۆین و پارتێكی سیاسین خاوەنی ستراتیژ و ئەجێندای تایبەت بەخۆمانین".

 

 

یوسرا رەجەب كەمەر

 


"ئێمە سێبەری كەس نین"


یوسرا رەجەب، وەك سەركردەیەكی دیار لە حزبی تەڤگەری ئازادی كە لە ساڵی 2014 خۆیان راگەیاندووە، ئاماژە بەوە دەكات، ئەوان بە بیانووی نزیكیان لە پەكەكەو سێبەری قەندیل لە هەرێم رووبەرووی كێشە دەبنەوە.

 
"ئێمە راستە تەرزی فكری لە عەبدوڵا ئۆجەلانەوە وەر دەگرین، بەڵام بەهیچ شێوەیەك سێبەری كەس نین و سەربەخۆین و پارتێكی سیاسین خاوەنی ستراتیژ و ئەجێندای تایبەت بەخۆمانین".

 
زانیارییەكان باس لەوە دەكەن كە یەكێتی لەرێگەی بافل تاڵەبانی لە بەغدا لەگەڵ چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا كۆبوونەتەوە و لەسەر كۆمەڵێك شت رێك كەوتوون تاكو گەشتە ئاسمانییەكان بۆ توركیا لەرێگەی فرۆكەخانەی نێو دەوڵەتی سلێمانییەوە بكرێنەوە.


"ئێمە ئاگاداری زانیارییەكی لەو بابەتە نین، بەڵام دەزانین كۆمەڵێك رێكاری یاسایی توند گیراوەتە بەر بۆ داخستنی بارەگاكانمان" یوسرا وایووت.

 

 

 

،،

بۆیە دوای چوار ساڵ بەناچاری داوامان لە حكومەتی ناوەندی كرد كە مۆڵەتمان پێ بدات، لە 19/1/2018 بە رەسمی بووین بە پارتێكی سیاسی و بەردەوام بووین لە چالاكیەكانمان.

 

 
ئەو ئەندام پەرلەمانی تەڤگەری ئازادی باس لە دامەزراندن و مۆڵەتەكەیان دەكات، كە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە وەریان گرتووە و دەڵێت:" ئێمە لە ساڵی 2014 وە دامەزراوین، چەندین جار داوای مۆڵەتمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە بەڵام نە بە نەخێر نە بە بەڵێ وەڵامیان نەداوینەتەوە".


"بۆیە دوای چوار ساڵ بەناچاری داوامان لە حكومەتی ناوەندی كرد كە مۆڵەتمان پێ بدات، لە 19/1/2018 بە رەسمی بووین بە پارتێكی سیاسی و بەردەوام بووین لە چالاكیەكانمان". یوسرا وایگووت.

 
"ئێمە لەوانە رەسمی ترین كە یاساغمان دەكەن"
ئەندامەكەی تەڤگەری ئازادی باس لەوە دەكات دوای چوار ساڵ كە حكومەتی كوردی وەڵامی نەداینەوە بەردەوام بوین لە چالاكییە سیاسییەكانمان، بەڵام هیچ قسەیەكیان نەدەكرد، و بەپێی یاساش دوای 60 رۆژ بە نەخێر وەڵام نەدرایتەوە دەتوانی وەك حزب كارەكانت بكەیت.

 

"ئێمە لەو حزبانە رەسمی ترین كە ئێستە داوای داخستنی بارەگاكانمان دەكەن، چونكە ئەوان لە سەرەتاوە كە هاتن لە شاخ بوون و بەرێگەی دەستوری (وەك ئێمە) درووست نەبوون، وە ئێستە ئێمەش لەو حكومەتە ناوەندییەوە مۆڵەتمان وەر گرتووە كە مۆڵەتی داوە بە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش و یەكێتی و پارتی رۆژانە لاف و گەزافی پێوە لێ دەدەن". ئەندامەكەی تەڤگەری ئازادی وایگووت.

 

ئەو دەشڵێت: بەپێی ئەو یاسایەی كە مۆڵەتی داوە بە تەڤگەری ئازادی دەتوانێ لە خاكی سەرتاسەری عێراق بنكەو بارەگای خۆی هەبێت، كوردستانیش بەشێكە لە عێراق و كەس ناتوانێ یاساغمان بكات.

 

 

،،

" ئەوان لە قەندیل لەگەڵ هەڤاڵان پەیوەندیان زۆر خۆشە و دەست لەسەر سنگن بۆیان، بەڵام لێرە ( لە سلێمانی) لەگەڵ ئێمە خراپن و دەیانەوێت یاساغمان بكەن".

 

 

"ئێمە بەردەوام دەبین و هێز نییە بێدەنگمان بكات"
یوسرا بەردەوام دەبێت لە قسەكانی و ئەوە ناشارێتەوە كە ئاسایش لە چەند شوێنێك هاتوونەتە سەر بارەگاكانیان و داوایان كردووە داخرێن بەڵام دەشڵێت:" ئێستا تەڤگەری ئازادی خاوەنی كورسی پەرلەمانییە و دەیان هەزار ئەندامی هەیە و مۆڵەتی رەسمی هەیە، بۆیە كەس ناتوانێ بەئاسانی یاساغی بكات".

باس لەوەش دەكات سەركردەكانی یەكێتی دوو روویان هەیە لە مامەڵە كردن لەگەڵ سەركردەكانی پەكەكە و سەركردەكانی تەڤگەری ئازادی، بۆیە دەڵێت:" ئەوان لە قەندیل لەگەڵ هەڤاڵان پەیوەندیان زۆر خۆشە و دەست لەسەر سنگن بۆیان، بەڵام لێرە ( لە سلێمانی) لەگەڵ ئێمە خراپن و دەیانەوێت یاساغمان بكەن".

 

 

 

سەبارەت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئەوان چ كێشەیەكیان لەگەڵ توركیا هەیە تاكو لێرە یاساغ بكرێن، یوسرا گوتی:"ئێمە كێشەمان لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك نییە، دژی توركیاش نین، ئەو كەسانەشی بۆ موجامەلەی توركیا دەیانەوێت ئێمە دابخەن ئەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە و دەبێت ئەم كارە رابگرن".

 

(تەڤگەری ئازادی) كە ساڵی 2014 دامەزراوە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق لە 12ی ئایار لەگەڵ نەوەی نوێ یەك لیستیان درووست كرد و توانیان كورسییەكی پەرلەمانی ببەنەوە.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان