باران یا خۆی شیرین دەکا، یان ڕێگەی لێهەڵەبووە؟

ئەمساڵ باران بەنرخی زوو پیاسە دەکا

باران یا خۆی شیرین دەکا، یان ڕێگەی لێهەڵەبووە؟

203 خوێندراوەتەوە

ماجيد خةليل

ساڵانێکە لوتەلایەو لایەک لێرە ناکاتەوە.
تا قەیرانە ئابورییەکە قوڵتربووایە ئەویش قورستر خۆیدەپێوا.
لەبیرمە لە کۆڕەوەکەدا حەشری دەکرد، هێندەی سەدام کەوتبوو بەڕقا.
ڕەوی ملوێنی وەک ڕەشمارێکی تۆقیو تاوی دەدایە سنوورەکانی ئێران و تورکیا.
وەک ڕەشمارێکی بێخشپەو بێکەس بەرببوویە چیاو چۆم و چارەی خۆ نەنوسراوی خۆی.
کۆڕەوی کورد و کۆستی کەوتوی ڕاپەڕین ڕێگەی دابوویە بەر کێو و تەڵانی ئەم وڵاتە.


چ دەردناک و دژوار بوو تا چاو بڕکا پیرەژەن و پیرەمێردی لەرزۆک، تا چاو تێربێ زاڕۆی زەرد ڕەنگ و برسی، تا چاو ڕێکا گەنجی فیرارو فەوتاو.
ڕێک لەم کاتا، بارانم بینیوە بە پێلەقە بێشکەی ساوای شێلاوە، بارانم دیوە پاڵی بە پیرەمێردەوە ناوەو گەوزاندویەتی، بارانم دیوە پەلی ڕوباری گرتووەو پێکەوە بە قاقایان کەپرە برنجەی ماڵە هەژارانیان لولداوە.


ئەم ساڵ بترازێ، بەس لەو ساڵا، ساڵی کۆڕەو، باران هاتو ئاوی کردە ژێر هەموومان.
ئیتر نەهات، تاوتاوێ چەند سەربازێکی سەرتاشراوی خۆی دەهێنا، بەهارانێک بێ زەوق و زین دەهاتەوەو هەرزوو دەڕۆی.
لەو هەموو سەفەرانەیدا نە تەوقەیەکی تەڕی لە پرچی کانی دەداو نە سەرپۆشێکی سازگاری دەدا بەسەر ڕوبارداو نە قاتو بیجامەیەکی سەوزی دەهێنا بۆ پێدەشت و نە ملپێجێکی سپی دەچنی بۆ شاخ و نە ماچێکی کچانی ئێرەی دەکردو نە دەستی دەهێنا بەسەر زەرنەقوتەیەکی کەچەڵدا.


وەک ئەوەی نەبای دیبێ نەباران، وەک ئەوەی نە کۆڕەوی دیبێ و نە زەویە وشکەڵاتووەکانی ویلایەتی برسییەتی، ئەم ساڵ نە نزایەک کراو نە مەلایەک بەرماڵی دابەکۆڵیداو نە سۆفیلەیەک مژنی بە هەورە گرمەی گریانێکەوە کرد.


ئەم ساڵ نە تەقەی لە دەرگای زەوی داو نە پەنجەی تاوێکی نا بەدەرگایەکی حەوتەوانەی ئاسمانا.
ئەم ساڵ وەک ئەوەی ئەو نەبووبێ، بەڕوویەکی ڕوناکەوە، بە لێوێکی سوری سیحراویەوە، بە بلوێرێکی پڕ لە ئاوازی تەڕی قالە مەڕەوە، بە پێڵاوێکی وەرزشی تیژەوە زوو زوو بە کۆڵانەکانی ئێرەدا تێدەپەڕێ.


ئەم ساڵ باران زۆر خۆمانەیە، ئەم ساڵ باران هاتووەو دەڵێ ئێمە ئامۆزاین.
ئەم ساڵ خوێنی باران بۆ دەمارەکانی ئێرە دەشێ، ئەم ساڵ باران بەزمانێکی کوردی پەتی قسان دەکاو ڕێک دەڵێی حاجی قادری کۆییەو دەڵێ:
"خوڕەی بەهارییە شاخ و داخی وڵات
پڕە لە لالەو نەسرین و نێرگز شەهلا"


باوەڕتان هەبێ مەشکوکم لەم بارانە. ئاخر سەیر نییە لەم سەردەمی وڕێنەو وشکی و وازهێنانە لە ئەخلاقدا، لەم سەردەمی دزی و دژی و دەمدرێژییەی خیانەتی خاکدا، لەم سەردەمی کەلەپوتی و کەڵکەڵەیەی کەریەتیدا، لەم سەردەمی سترانی باڵای پیاوسالاری و پاتاڵییەدا، باران بەتۆنی سەردەمی هێمنی مهابادی لێبخوڕێ.
ئاخر سەیر نییە باران وابزانێ هێمن ماوەو ئێسەیش دەڵێ:
"بەلەنگێزەو بەباران
کەوی بەفری نیساران"
ئەم ساڵ یان من هیچم نەزانیوە، یان ڕێی هەڵەکردووە، یاخۆ تایەکی ناوەخت هەڵیپێچاوەو بەوڕێنەی گۆرانیەکی مەزهەری خالقیەوە یادی ئێرەی کردووە.
ئەمساڵ باران بەنرخی زوو پیاسە دەکا، تاوەکانی لۆچێک لە تەوێڵیاندا نیە، دەنگی وەکو شوکروڵای بابان و پەروینی موشیری نەواری یادەوەریمان لێدەدا. ئەمساڵ باران بەشێنەیی دێ، یەک تاڵ پرچی نەوەریوە، ڕێک چواردە ساڵە، باڵای ڕێک و چاوی هەنگوین دەپرژێنێ. ئەمساڵ باران گیرفانی پڕە لە خێرو پڕە لە ڕازی ڕابردوو. ئەمساڵ باران پشتوێنێکی هەجیجی بەستووەو بەتەزبیحێکی قەزوانی کوردانەوە، زیکری:
"وەروێ وارێنە وەروە وەرێنە" دەکا


بەڵێ ئەمساڵ باران ڕۆح سوک و ڕووخۆش و خوێن شرینە، قەد وا نەبووە. دەڵێم نەکا خەونێ بێ و ئەو نەبێ، دەڵێم نەکا دواجاربێ و نەیەتەوە، دەڵێم نەکا یادی کەمەندی و سەید عەلی و ماملێ و عوسمانەی کردبێ، دەڵێم نەکا یادی سۆپای دارو شەوچەرەی مەژگەو مێوژی بنارێکی کردبێ. دەڵێم نەکا و هەزاران نەکای تر، دەڵێم نەکا غازی سپلێت قۆڵی بڕیبێ و سۆزی بۆ لوتی زۆپایەکی دارین جۆشابێ. دەڵێم نەکا ماڵە قوڕینەیەکی عەیار دڵی بردبێ و هاتبێ سۆراخی کا.
دەڵێم نەکا هەنارێ داوی دەنکەکانی بۆ دانابێ و بۆ ئەمساڵ بەخۆی و تەرزەو کڕێوەو بەفرو چەخماخەو نمەی شیرین و تەمێکی ڕیش سپییەوە هاتبن تا تکاکاربن بەریدا.


دەڵێم نەکا سمۆرەیەکی چاو سرکی ئەو هەورامانە سوچی گوێزێکی نیشاندابێ و هاتبێ شارۆی کا.
نا، من بیناسم باران بۆ خۆیەتی، ئەوەتانێ مشکی زریانی لەسەرەو کڵاشی بەفری لەپێدایەو پشتوێنی نمەیەکی لاسامەی بەستووەو کەواکەیشی پەلکەزێڕینەیەکی ئەسڵەو پوزەوانەکانیشی یەک پارچە هەوری گوڵگوڵینە و ڕدێنی بەستەڵەک و هێدفۆنی کزەبایەکی لە گوێدایە. ئەوەتانێ حالیەن دەبارێ. دەبارێ و دەبارێ. زۆر سەیرە، باوەڕتان بێ مەگەر حەفتاکان هێندە میهرەبان و مەگەر هەشتاکان هێند خاکی بوبێ

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك