تاڵەبانی بیرەوەرییەكانی خۆی لە 14 دەفتەردا نوسیوەتەوە

بەشێكی لای بزووتنەوەی ئیسلامی و پارتییە

تاڵەبانی بیرەوەرییەكانی خۆی لە 14 دەفتەردا نوسیوەتەوە

961 خوێندراوەتەوە

جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری كۆچكردوی عێراق، بیرەوەرییەكانی خۆی لە 14 دەفتەردا نوسیوەتەوە،بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەی ئەو دەفتەرانە نیە، هاوڕێیەكی تاڵەبانیش دەڵێت "ئاگادار نیم بیرەوەریی دەستنوسی مام جەلال مابێت، ئەگەریش هەبن حەقە ئەو خوشك و برایانەی لە خێزانی مامن گرنگی پێ بدەن".

 

بەپێی زانیارییەكانی دیبلۆماتیك، بەشێكی ئەو بیرەوەرییە دەستنوسانەی تاڵەبانی، لە پاش رووداوەكانی 31ی ئاب، كەوتۆتونەتە دەست پارتی و بزووتنەوەی ئیسلامیی و لەلایەن ئەو دوو حیزبەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

  

،،

 بۆچی تاڵەبانی تا ئێستا گرنگی بە نوسینەوەی ژیانی خۆی نەداوەو هاوشێوەی سیاسییە كاریگەرەكانی تری جیهان، بیرەوەرییەكانی نەنوسیوەتەوە؟

 

جەلال تاڵەبانی، كە سەركردەیەكی دیارو كاریگەری ناوی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراق بووە، تەواوی وێستگەكانی ژیانی، گرنگی و بایەخی تایبەتی هەیەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانیش، بایەخ بەژیانی ناوبراو دراوەو چەندان نوسەرو رۆژنامەوان و سیاسی دیار، قەڵەمەكانیان بۆ نوسینەوەی وێستگەكانی تەمەنی تاڵەبانی تەرخانكردووە.

بەڵام ئەوەی جێی تێڕامان و پرسیارە، بۆچی تاڵەبانی تا ئێستا گرنگی بە نوسینەوەی ژیانی خۆی نەداوەو هاوشێوەی سیاسییە كاریگەرەكانی تری جیهان، بیرەوەرییەكانی نەنوسیوەتەوە.

ئایا هەرە بەراستی ئەو كارەی نەكردووە، یان یاداشتی رۆژانەی خۆی نوسیوەتەوە و چارەنوسی دیار نییە.

 

 

جەلال تاڵەبانی

 

رەنگە تاكە كەسێك توانیبێتی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوەو گرێكەی كردبێتەوە، مەعد فەیازی رۆژنامەوانی دیاری عێراقی بێت، بەو پێیەی لەكتێبەكەیدا بەناوی (سنوات النار والپلج) تیشكی خستووەتە سەر ئەو باسەو قسەی دڵی هەمووانی لەشێوەی پرسیاردا لەتاڵەبانی كردووە.

ئەو رۆژنامەنووسە، كە ماوەیەكی زۆر لەگەڵ تاڵەبانیدا بووە تا ئەو كتێبەی بەرهەمهێناوە، بەمجۆرە باس لە بیرەوەرییەكانی تاڵەبانی دەكات "كاتێك پرسیارم لە تاڵەبانی كرد، بۆچی هیچ قسەیەكی لەسەر ناكۆكییەكانی لەگەڵ مستەفا بارزانیدا نییەو هەوڵی نەداوە بیكاتە بیروەرییەك، وتی: زیاتر لە 14 دەفتەری تێبینیم هەیە كە لەبارەی كێشەو روداوەكانەوە نوسیومە، ئەوەش هەموو یاداشتەكانمە، بەڵام لەبەرئەوەی كێشە دروست دەكات بۆیە نەمتوانیوە بڵاوی بكەمەوە. وە پێم باشە ئەوە بۆ كاتێكی تر دوابخەم، چونكە ئێمە ئێستا پێویستمان بە یەكڕیزی هەیەو نامانەوێت ناكۆكی و دووبەرەكی دروست ببێت."

 

،،

هێزێكی بزووتنەوە بەسەرۆكایەتی عەبدولقادری برایەتی چونە قەڵاچوالان و دەستیان بەسەر زۆرێك لە بەڵگەنامەو مەلەفی تایبەتی یەكێتی و جەلال تاڵەبانیدا گرت، كە دواتر بەشێك لەو بەڵگەنامانە تەسلیمی پارتی كران.

 

بەپێی زانیارییەكانی دیپلۆماتیك مەگەزین، بەشێكی زۆری ئەو تێبینیانەی تاڵەبانی كە لە 14 دفتەرەكەدا نوسیویەتییەوە، پاش روداوەكانی 31ی ئابی ساڵی 1996 دەست بزووتنەوەی ئیسلامی و پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتوە.

دیبلۆماتیك زانیویەتی ئەوكاتەی یەكێتی كوردستانی بەجێهێشت و بەرەو سەیرانبەن كشایەوە، هێزێكی بزووتنەوە بەسەرۆكایەتی عەبدولقادری برایەتی چونە قەڵاچوالان و دەستیان بەسەر زۆرێك لە بەڵگەنامەو مەلەفی تایبەتی یەكێتی و جەلال تاڵەبانیدا گرت، كە دواتر بەشێك لەو بەڵگەنامانە تەسلیمی پارتی كران."

سەلاح رەشید كە هاوڕێیەكی پێشمەرگایەتی جەلال تاڵەبانی بووەو خاوەنی كتێبی "مام جەلال، دیداری تەمەن"ە بەدیپلۆماتیك مەگەزینی وت "من ئاگاداری هیچ شتێك نیم لەبارەی ئەو 14 دەفتەرەوە، چەندین جاریش لەگەڵ مام جەلال قسەم كردووە، بەڵام حەقە ئەو خوشك و برایانەی لە خێزانی مامن گرنگی پێ بدەن".

 

جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی

 

 
رۆژنامەنوسە عێراقییەكە ئەوەش دەخاتەڕوو كە بەشێكی گرنگی یادەوەرییەكانی تاڵەبانی تایبەتە بەو نوكتانەی كە لەسەر خۆی تۆماركراوە، ئەو لەوبارەوە دەڵێت "تاڵەبانی هەمیشە حەزی بەوە هەبووە گوێبیستی ئەو نوكتانە بێت كە لەسەرخۆی تۆماركراوە، هەركاتێكیش نوكتەیەكی نوێی بیستبێت، دەستبەجێ لەدەفتەرێكدا نوسیویەتیەوە، ئەو هەمیشە پێی دەوتم كە بەنیازە كتێبێك لەسەر نوكتەكانی خۆی بڵاوبكاتەوە."

 

author photo

ڕۆژنامەنووس