نەوشیروان مستەفا ئەمین لە بیرەوەرییەكاندا باس لە وەدەكات كە مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەیەكدا قسەكانی بە ڤیدیۆ تۆماركردوەو پاشان داویەتی بە سەركردایەتی حیزبەكانی دیكە.
لە نامیلكەی كێشەی پارتیو یەكێتی، بیرەوەرییەكانم لە پەراوێزی هەڵبژاردنی یەكەمدا، كە ساڵی (1995) لە هانكۆ لە فینلاند چاپكراوە، نەوشیروان مستەفا لە لاپەڕە 11و 12و 13دا بەسەرهاتێكی خۆیو مەسعود بارزانی بەم جۆرە دەگێڕێتەوە.
" كۆنگرەی یەكێتی لە سلێمانی ئەكرایەوە، كاك مەسعود بارزانی بانگكرابوو، بۆ ئامادەبون لە كۆنگرەدا هاتە سلێمانی. لەگەڵ مام جەلال چووین بۆ پێشوازی لێكردنی. لەگەڵی چوینە بارەگای لقی سلێمانی، دوای گەڕانەوەم بۆ كوردستان ئەوە جاری یەكەم بوو بیبینم، هەواڵی دەرەوەی لێپرسیم: منیش بۆم باسكرد:
- كورد لە دنیادا دۆستی زۆری پەیداكردوە.
ئەو قسەیەی كە ئەڵێ دەوڵەتانی رۆژئاوا رێگا بە كورد نادەن لە ئۆتۆنۆمی زیاتر وەربگرێ قسەیەكی كۆنە.
- دۆستەكانی دەرەوە، بەو مەرجەی پارێزگاری یەكێتی ئەرزی عێراق بكرێ، مانیعیان نیە كورد لە ئۆتۆنۆمی زیاتر هەرچی پێ وەرئەگیرێ بە دەستی بهێنێ.
نەوشیروان مستەفا
لەسەر هەڵبژاردنو جۆری بەشداربوونی پارتیو یەكێتیو حزبەكانی تر رەئی منی پرسی، ووتم لەبەرئەوەی كورد لەم قۆناغەدا پێوویستی بە "ئیستقرار" هەیە، "ئیستقراری سیاسی، ئابووری، نەفسی" چاكتروایە دوو حیزبە گەورەكە "مونافەسەی" یەكتر نەكەنو پێكەوە ئەركو ئۆباڵی ئەم قۆناغە چارەنوس سازەی مێژووی كورد هەڵبگرن.
پرسی: رەئی خۆت چی یە؟ لەناو قسەكانم ووتم:
هەموو دۆستەكانی دەرەوە هەڵبژاردنیان پێ باشە.
- یەكێتیو پارتی بە لیستێكی هاوبەش بەشداری هەڵبژاردن ببن.
- لە تێكڕای 100 نوێنەرەكە، با 35 نوێنەریان یەكێتیو 35 نوێنەریان پارتی دایان بنێنو 30 نوێنەرەكەی تر رێككەوتن لە بەینی هەردوولا لە كەسانی شارەزای سەربەخۆ هەڵبژێردرێن. بۆ ئەوەی هەر كات ئەو دوو فراكسیۆنە ناكۆك بوون لە دەنگدان، بێ لایەنەكان هاوسەنگی یەكە راست بكەنەوە.
مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانی
ئەوكاتە حوكمی بەرەی كوردستانیو مافی ڤیتۆی ئەندامەكانی، كوردستانی توشی پاشاگەردانی كردبوو. بۆ قانیع كردنی كاك مەسعود زۆرم بەهانە هێنایەوە. كاك مەسروری كوڕی كاك مەسعود، كە ئێستا لە واشینتۆنە، بە خۆیو كامێرایەكی ڤیدیۆوە هەمیشە لەگەڵ باوكی دا بوو. هەموو ئەم قسانەی لە "بارەگای سلێمانی" دەستم پێ كردو لە ئوتێلی "ئەبو سەنا" تەواوم كرد بە كامێرای ڤیدیۆ گرتبوی.
لەناو قسەكانم دا باسی ئەوەم كردبوو كە هەڵبژاردنی گشتیو ئەو لیستە هاوبەشە یەكێتیو پارتی لە "ئیبتیزازی" حیزبە بچوكەكان رزگار ئەكا. هەندێ قسەی تریشم كرد. كەچی بۆ هاندانی ئەو حیزبانە دژی من وێنەیەكی ئەم شریتە ڤیدیۆیەی بە سەركردایەتی هەموو حیزبەكان دابوو.