كوردستانى سوور چۆن له‌ به‌ین برا؟

ده‌رباره‌ى کوردستانی سوور

كوردستانى سوور چۆن له‌ به‌ین برا؟

314 خوێندراوەتەوە

 

کوردستانی سوور یا قەزای کوردستان ( بە ڕووسی ئویەزد) یەکەیەکی کارگێری و ئەتنیکی بوو لە ئازربایجانی سۆڤیەتی لە ساڵانی ١٩٢٣ – ١٩٢٩. ئەم هەرێمە ناوچەیەکی فراوانی لە سەر سنوورەکانی ئازربایجان و ئەرمینیا (ئەرمەنستان) گرتبووە خۆ و نەگۆڕنە – قەرەباخی لە ئەرمینیا جودا دەکردەوە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٩٢١ بۆ یەکەمین جار ئەو هەرێمە بە کوردستان نێوبراوە. لە ١٦ تەمموزی ١٩٢٣ بە بڕیاری سەرۆکایەتی کۆمیتەی جێبەجێکاری ناوەندی کۆماری ئازربایجان ئەم هەرێمە پێکهێنرا.

 

کۆمیتەی ناوبراو دەبوایە بۆ چوار جار لە ١٩٢٢-١٩٢٣ کۆببێتەوە تا لە سەر پرسی کوردستانی سور بڕیار بدات. لە نێو ئەنداماندا ناکۆکی لە سەر سنوورەکانی هەرێمەکە لە ئارادا بوو. لە کۆتاییدا هەرێمی کوردستان لەم ناوچانە پێکهات: کەرەکیشڵاک ( قەرەقیشڵاغ)، کەلبەجار، کوباتلی ( قوبادلی)، کوتورلی (قوتورلی)، کوردگاجی ( کوردحاجی) و مورادخانلی. لە کۆتاییدا هەموو هەرێمەکە کرا چوار ناوچە کە: کەلبەجار، لاچین، قوبادلی و زەنگلیان بوون. پایتەختی هەرێمی کوردستان لاچین بوو. لاچین تا ئەو ساڵە بریتی بوو لە ئاواییەک بە ئەبدالیار ناسرا بوو.

،،

بە بۆچوونی توێژەری ئەرمەنی داڤید بابایان ئەمە بۆ ئەوە کرا ڕێژەی کورد لە کوردستانی سور لە ١٠٠% کەم بکرێتەوە بۆ ٧٣% دانیشتوان.

 قەوارەیەکی سیاسی لە سەر خاکی ئازربایجان کە سەد دەر سەدی دانیشتوانی کورد بن مایەی نیگەرانی بوو بۆ کاربەدەستانی وڵات.

 

بەهۆی ئەوەی لە کوردستانی سوردا هیچ باڵەخانەیەکی گونجاو نەبوو بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری دەوڵەتی، بۆیە ناوەندی هەموو دام و دەزگا فەرمییەکانی هەرێمەکە لە شاری شوشێ بوون. ئەوەی هەر ئەو دەمە مایەی پرسیار لای زۆر کەس لکاندنی ناوچەی قوبادلی بوو بە هەرێمی کوردستانەوە، چونکە ٩٨،٩% دانیشتوانی ئازەری بوون و ١% تریشی ئەرمەن بوون، واتا هیچ کوردی لێ نەدەژیا. یەکەکانی دیکەی هەرێمەکە ڕێژەی کورد تیاندا نزیکی سەد دەر سەد بوو و بەم شیوەیە بوو: کەرەکیشڵاک ٩٩،٧%، کەلبەجار ٩٩،٨%، قوتورلی ٩٩،٩%، کوردحاجی ٩٨،٦% و مورادخانلی ٩٨،٢% دانیشتوانیان کورد بوون.

 بە بۆچوونی توێژەری ئەرمەنی داڤید بابایان ئەمە بۆ ئەوە کرا ڕێژەی کورد لە کوردستانی سور لە ١٠٠% کەم بکرێتەوە بۆ ٧٣% دانیشتوان. قەوارەیەکی سیاسی لە سەر خاکی ئازربایجان کە سەد دەر سەدی دانیشتوانی کورد بن مایەی نیگەرانی بوو بۆ کاربەدەستانی وڵات.

  ئەوان بیریان دوور دەڕۆیشت و دەیانزانی ئەمە ڕۆژێک دێت ببێتە بەردی بناغەی کۆمارێکی کوردی یا دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ.

 هەر بە پێی ئەو نووسەرە ئەرمەنییە ناونانی ئەم یەکەیە بە کوردستان ترسێکی گەورەی خستبووە دڵییانەوە، چونکە ناوی هەرێمەکە لە گەڵ ناوی ئەتنیکی کوردا یەکی دەگرتەوە، لە کاتێکدا هیچ هەرێمێکی دیکە لە ئازربایجان لە سەر بنەمای ئەتنیکی نێوی نەنرابوو.

 

 

 

کاتێک نووسەران باس لە هۆ و هۆکاری دامەزراندنی کوردستانی سور دەکەن، دید و بۆچوونی ناکۆک و سەیر و سەمەرە دەخەنە ڕوو.

بۆ نووسەرانی ئەرمەن ئەمە هەوڵێکی ئازەرییەکان بوو بۆ بەکارهێنانی کورد لە دژی ئەرمەن و دابڕاندنی هەرێمی نەگۆڕنە – قەرەباخ لە ئەرمەنستان.

لە هەمان کاتدا هەوڵی مۆسکۆ بوو بۆ لەنێوبردنی دوا پێگەی سەربەخۆیی ئەرمەن لە ناوجە چیاییەکانی باشوری کەفکاز. بۆ ئازەرییەکانیش کوردستانی سور ئامێرێک بوو بە دەست مۆسکۆوە بۆ ئەوەی ئازەرییەکان ناچار بکات گوێڕایەڵ و ملکەچی بن لە بوارەکانی نەوت و پەیوەندی لە گەڵ تورکیا و جیهانی تورکیدا.

 ئەوەی کە کوردستانی سور ٨٥ % سەرچاوە ئاوییەکانی ئازربایجانیشی گرتبووە خۆ، هۆیەکی دیکەی مەترسی و نیگەرانی دەسەڵاتدارانی ئازەرب بوو لەم هەرێمە. بۆ مۆسکۆش دەبوایە کوردستانی سور ڕێگر بێت لە بەریەککەوتنی ئازەری و ئەرمەنەکان، دەروازەیەکیش بێت بۆ گەیاندنی پەیامی شۆڕشی ئوکتۆبەر و کۆمۆنیزم بە کوردانی ڕۆژهەڵاتی نزیک.

،،

 بێدەنگی مۆسکۆ لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سور پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە جێگیربوونی دەسەڵاتی ڕەهای ستالینەوە هەیە لە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا.

 

ئەم هەرێمە تەنها شەش ساڵ ژیا و لە ٨ نیسانی ١٩٢٩ بە به‌هانەی گۆرانکاری و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کارگێڕی لە یەکێتی سۆڤیەت، کە دەسەڵاتی ناوەندی لە مۆسکۆ بڕیاری لێدا بوو، کوردستانی سور لە بەین برا.

 مۆسکۆ مافی دابوو بە کۆمارەکان بە پێی پێداویستی و هەل و مەرجەکانی خۆیان گۆڕانکارییەکان ئەنجام بدەن. بە پێی ئەو ڕێکخستنەوەیە ئازربایجان لە ١٣ قەزاوە (هەرێم) کرا بە ٨ ناوچە یا دەڤەر. لە پێکهاتەی کارگێڕی نوێدا کوردستان ناوی لە ناواندا نەما. تا ٨ ئابی ١٩٣٠ دەڤەرێك بە ناوی کوردستان هەر مابووە، چونکە لە ٢٥ ئایاری ئەو ساڵەدا هەمان دەسەڵاتی ئازەری بڕیارێکی دەرکردبوو بۆ دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، کە لەوەی پێشووتر فراوانتر بوو و تا سنوورەکانی ئێران پەلی دەکێشا.

 بێدەنگی مۆسکۆ لە بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی کوردستانی سور پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە جێگیربوونی دەسەڵاتی ڕەهای ستالینەوە هەیە لە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا.

ڕەنگبێ پاشەکشەی بزووتنەوەی کوردیش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نزیک لە دوای سەرهەڵدانەکانی بیستەکان لەم بێدەنگبوونە ڕۆڵی خۆی بینیبێ. 

 

پێدەچێ لە کاتی خۆیدا دەسەڵاتی سۆڤیەتی لە مۆسکۆ ئازەرییەکانی ناچار کردبێت هەرێمی کوردستانی دابمەزرێنن، بۆیە قەت لە دڵەوە کاریان بۆ گەشەکردنی نەدەکرد. سیاسەتەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئازربایجان بەرامبەر بەو هەرێمە ئەو بۆچوونە پشت ڕاست دەکەنەوە، کە ئەوان لە یەکەمین ڕۆژە لە هەوڵی لە ناوبردنیدا بوون. کەمکردنەوەی ڕێژەی کوردی هەرێمەکە لە ١٠٠ % بۆ ٧٣ % دانیشتوان یەکێ لە هەنگاوە دەسپێکەکان بوو.

 

 هەر بەو مەبەستە ڕیگەیان نەدا بەو دوو هەزار کوردەی لە تورکیاوە ڕایانکردبوو و پەنایان هێنابووە بەر ئازربایجان لە دوای سەرکوتکردنی سەرهەڵدانی ١٩٢٥ لە هەرێمەکە نیشتەجێ ببن. ناچار کران لە گوندێکی نوێ بە ناوی نەریمان ئاباد نیشتەجێ ببن. لە بەرامبەردا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی ئازەرییەکان لە هەرێمی کوردستان زیادی دەکرد، لە ماوەی یەک ساڵدا ١٩٢٥- ١٩٢٦ ڕێژەی کوردیان لە ٨٠ % و هێنایە خوارەوە بۆ ٧٣% واتا کورد بە ڕێژەی ٧% لە یەک ساڵدا کەمی کرد.

  لە هەمووی سەیر تر سەرۆکی کوردستانی سور کابرایەکی ئازەری بوو بە ناوی حاجییەف ( گ. گاجییەف). هەوڵی تواندنەوەی کورد و بە تورک کردنیان پرۆسەیەکی بەردەوامی ئازەرییەکان بوو. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە ڕێگە نەما نەیگرنە بەر.

 بەر لە هەر شتێک سەیرکردنی کورد بە چاوێکی نزم و پێناسەکردنیان بە کۆچەر، نەخوێنەوار و دواکەوتوو. وایان لە زۆر کوردکرد شەرم لە کوردێتی خۆیان بکەن و هەوڵبدەن ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان بشارنەوە. ڕۆژنامەی (زاریا ڤاستۆکە)ی کەفکاز هەر لەو کاتەدا و لە ساڵی ١٩٢٩ باسی لە تواندنەوەی کورد لە کوردستانی سور لە سەر دەستی ئازەرییەکان کردووە.

  پێدەچێ ئەمە خەسڵەتێکی گشتی هەموو میللەتە تورک زمانەکان بێت لە هەر شوێنێک بن، تورکی تورکیا لەم بوارەدا پێشەنگ و ڕێ نیشاندەرە، ئازەریش چ ئەوانەی ڕووسیا و چ ئەوانەی ئێرانیش بەهەمان شێوە لە کورد دەڕوانن و هەڵس و کەوتیان لە گەڵدا دەکەن، تەنانەت کەمینەیەکی لاوازی بێدەرەتانی وەکو تورکمانەکانی عیراقیش بەهەمان چاو سەیری کورد دەکەن.

 

،،

لە ساڵی ١٩٧٩ نەمانی کورد لە ئازربایجان ڕاگەیاندرا. بە پێی پرۆفیسۆر هەسراتیان دەبوایە لەو ساڵەدا ژمارەی کورد لە ئازربایجان بەلای کەمەوە ٢٠٠ هەزار کەس بوایە. ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی کوردانی ئەرمەنستان و گورجستان لەو ماوەیە سێ جار و نیو بۆ چوار جار زیادی کردبوو.

 

 ڕێگەگرتن لە کردنەوەی قوتابخانەی کوردی ئامێرێکی گرنگی سیاسەتی تواندنەوەی کوردان بوو لە ئازربایجان. تا ساڵی ١٩٣١ یەک قوتابخانەی کوردی نەبوو لەو کۆمارە. لە دوای لە نێوبردنی کوردستانی سور چەند قوتابخانەیەکیان کردەوە، ئەمانەش تەمەنیان درێژ نەبوو و لە گەڵ شاڵاوی ڕاگواستنی کورداندا لە ١٩٣٧ – ١٩٣٨ داخران. کوردی ئەرمەنستان و گورجستان بۆ تەواوکردنی خوێندن ڕوویان دەکردە لێنینگراد (سان پیتەربورگی ئێستا)، بەڵام کوردی ئازربایجان ئەو مافەیان نەبوو.

 ئەو ڕۆژنامەیەش کە لە ساڵی ١٩٣١ لە لاچین بە ناوی ( کوردستانی سور) دەستکرا بە دەرکردنی و تا ساڵی ١٩٦٢ بەردەوام بوو بە زمانی ئازەری دەردەچو نەک کوردی ( هەندێ سەرچاوە باس لە ڕۆژنامەکە بە ناوی “سۆڤیەتسکی کوردستان – کوردستانی سۆڤیەتی” دەکەن و گوایە بە زمانی کوردی دەرچووە.

  زانیاری وام لە بەر دەستدا نیە ئەمە پشتڕاست بکاتەوە) . پەیمانگەیەک بۆ پێگەیاندنی مامۆستای کورد کرایەوە، بەڵام لە شوشێ بوو و بە زمانی ئازەری دەیانخوێند. کوردانی ئازربایجان بۆیان نەبوو لێکۆڵینەوە لە سەر کوردی ئەو وڵاتە بکەن، بەڵکو دەبوایە لە سەر کوردانی دەرەوە توێژینەوەکانیان ئەنجام بدەن.

بە هۆی ئەم سیاسەتانەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی کورد لە ئازربایجان لە کەمی دەدا. لە کاتێکدا لە سەردەمانی کوردستانی سوردا ژمارەی کورد لە ئازربایجان ٤٨ هەزار کەس بوو،کە تەنها ١٧% کوردییان دەزانی، لە ساڵی ١٩٣٧ ژمارەیان بۆ ١٠،٨٠٠ کەس دابەزی و دوو ساڵ دوای ئەوە، واتا لە ساڵی ١٩٣٩ بوو بە ٦ هەزار و لە ساڵی ١٩٥٩ تەنها ١٥٠٠ کورد هەبوو، لە ساڵی ١٩٧٩ نەمانی کورد لە ئازربایجان ڕاگەیاندرا.

 بە پێی پرۆفیسۆر هەسراتیان دەبوایە لەو ساڵەدا ژمارەی کورد لە ئازربایجان بەلای کەمەوە ٢٠٠ هەزار کەس بوایە. ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی کوردانی ئەرمەنستان و گورجستان لەو ماوەیە سێ جار و نیو بۆ چوار جار زیادی کردبوو.

 

حەز ئەکەم لێرە بەسەرهاتی کوردێکی ئازەری بگێڕمەوە کە ڕەنگبێ باری کوردی ئەو ولاتە بە باشی لە خۆیدا بەرجەستە بکات. لە حەفتاکان ئەو پیاوەم لە مۆسکۆ بینی و بەخۆی ئەم چیرۆکەی بۆ گێڕامەوە. چیرۆکەکە لە لایەکی دیکەوە ئەوە دەردەخات کە گەلانی یەکێتی سۆڤیەت و لە نێو ئەوانیش کورد چۆن لە دونیا دابڕابوون و لە پڕوپاگەندەی سۆڤیەتی بەولاوە ئاگایان لە هیچ نەبوو.

 ئەو برادەرە دەیوت من قەت کەسم نەبینیبوو بڵێ من کوردم و هێچ نووسراوێكیشم بەرچاو نەکەوتبوو باس لە کورد بکات. هەر بیرم لێ دەکردەوە چۆن دەبێ هەر من و باوک و دایکم لەم دونیایە کورد بین و لە خۆم دەپرسی: تۆ بڵێی هیچ کوردی دیکە لەم دونیایە نەبێت؟. دەیوت گەلێ جاریش لە باوکیشی پرسیوە، ئەویش هیچی نەزانیوە، تا ڕۆژێک لە دوکانێکی کتێب فرۆشتندا کتێبەکەی قەناتێ کوردۆ (کوردۆییەف) لە بارەی ڕێزمانی کوردییەوە دەبینێ (ئەم کتێبەی قەناتێ کوردۆ، ڕێزمانی کوردی، لە ساڵی ١٩٥٧ – بە زمانی ڕووسی بڵاو کراوەتەوە).

 

 وتی چەند دانەی هەبوو هەمووم کڕی و بە هەڵەداوان گەڕامەوە بۆ ماڵەوە و هاوارم کرد، کورە وەرن وادیارە زمانمانیشمان هەیە و ڕێزمانیشی هەیە. دوای ماوەیەکی کەم دەچێت بۆ لای قەناتێ کوردۆ لە لێنینگراد و پرسیار بارانی دەکات لە بارەی کورد و زمانی کوردییەوە. ئەویش باسی کوردی بۆ دەکا لە کوێ دەژێن، بە سەر چەند دەوڵەتدا دابەشبوون، باسی سەرهەڵدانەکانی کورد، زمانی کوردی و ئەدەبیات …تاد بۆ دەکات و کۆمەڵێ کتێبی لە بارەی کوردەوە پێ پیشان دەدات.

  برادەرەکەمان دەگەڕێتەوە بۆ باکۆ و بە جۆشێکی زۆرەوە دەست دەکات بە فێربوونی زمانی کوردی و خوێندنەوە لە بارەی مێژوو و ئەدەبی کوردییەوە و هەموو ژیانی بۆ ئەو بوارە تەرخان دەکات، تا لە کۆتاییدا دکتۆرا لە بواری زمان و ئەدەبی کوردیدا تەواو دەکات. کاتێک من بینیم و ئەم باسەی بۆ دەکردم ئەو هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بوو و خەریکی لێکۆڵینەوەی زانستی بوو لە سەر کورد و کوردستان. نازانم ئاخۆ لە ژیاندا ماوە یا نا یادی بەخێر بێت.

 

،،

نەخوێنەواری دەورێکی باڵای بینی لە تواندنەوەی کوردانی ئازربایجاندا. لە نزیکەی ٥٠ هەزار کوردی ئازربایجان تەنها ١٧٥٦ یان خوێندەواریان هەبوو و تەنها ١٠ کەسیان شتێکیان لە بارەی ڕێزمانی کوردییەوە دەزانی.

 

 

لە دوای پیریسترۆیکا و گڵاسنەست جارێکی دیکە کوردی ئازربایجان سەریان بەرز کردەوە و کەوتنە باسی کوردێتی خۆیان. لە ساڵی ١٩٨٩ دا ١٢ هەزار کەس خۆیان بە کورد ناونووس کرد بوو، بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان کوردییان نەدەزانی.

داڤید بابایانی ئەرمەنی لەم بارەیەوە دەڵێ ” نابێ هەموو گوناهەکە بخەینە ئەستۆی ئازەرییەکان.

 ڕاستە ئەوان زۆریان پێخۆش بوو کورد لە بەین بچن، بەڵام ڕۆڵی کوردیش کەم نەبوو لەوەی بەو ئاسانییە دەستبەرداری زمان و کولتوری خۆیان بوون. دەبوایە بە توندی ڕوو بەڕووی سیاسەتی تواندنەوە ببوونایەتەوە”. نموونەی کوردەکانی نەخچوان دێنێتەوە کە ژمارەیان ٢٦٤٩ کەس بوو، لەو ژمارەیە ٢٦٣١ زمانی کوردیان بە زمانی دایکی خۆی دانابوو.

  کوردانی ئازربایجان شیعە مەزەب بوون و ئەمەش وای لێدەکردن فێری ئازەری و فارسی بن بۆ ئەوەی ڕێوڕەسمە ئاینییەکان بەجێ بێنن، لە کاتێکدا کوردانی نەخچوان سوننە مەزەب بوون. نەخوێنەواری دەورێکی باڵای بینی لە تواندنەوەی کوردانی ئازربایجاندا. لە نزیکەی ٥٠ هەزار کوردی ئازربایجان تەنها ١٧٥٦ یان خوێندەواریان هەبوو و تەنها ١٠ کەسیان شتێکیان لە بارەی ڕێزمانی کوردییەوە دەزانی.

 

هەندێ کەس هەوڵی ئەوە دەدەن گوایە کەمکردنی ژمارەی کوردان لە ئازربایجان بە هۆی ڕاگواستنەوە بووە لە ساڵانی ١٩٣٧ – ١٩٤٤. بەڵام سەرچاوەکان باس لە ٥ هەزار کورد دەکەن کە لە ئازربایجان بەر ئەو شالاوە کەوتبوون.

  لەو ساڵانە کوردانی ئازربایجان، ئەرمەنستان و گورجستان بە تۆمەتی ئەوەی جێگەی باوەڕ و متمانە نین بەر شاڵاێکی بەربڵاوی ڕاگواستن کەوتن بۆ کازاخستان و کۆمارەکانی ناوەڕاستی ئاسیا.

 

،،

بە پێی سەرژمێری ١٩٥٩ ژمارەی ئەوانەی خۆیان بە کورد پێناسە کردبوو لە یەکێتی سۆڤیەتدا ٥٩ هەزار کەس بوون، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ ژمارەکە گەیشتە ١١٦ هەزار کەس. پرۆفیسۆر هەسراتیان ئەمە گرێدەدا بە ڕووداوەکانی باشوری کوردستانەوە (شۆڕشی ئەیلول ١٩٦١ و ڕێکەوتننامەی ١٩٧٠).

 

 

سەرچاوە مێژووییەکان لە بارەی کوردستانی سورەوە زانیاریمان پێ نابەخشن. ڕەنگبێ ئەمەش بە هۆی ئەوەوە بووبێت کە لە دوای لە ناوبردنێوە ئیتر بە هیچ شێوەیەک باسی لێوە نەکراوە. لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردووەوە ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەبوو لە ئازربایجان لە بەین برا.

لە سییەکاندا ئاماژە کردن بە کورد و کوردستانی سۆڤیەتی بە تەواوی لە ئارادا نەما.

لە بارەی ژمارەی کوردەوە لە یەکێتی سۆڤیەت دیمەنێکی هەندێ جیاواز لەوەی ئازربایجان بەدی دەکرێت.

 بە پێی سەرژمێری ١٩٥٩ ژمارەی ئەوانەی خۆیان بە کورد پێناسە کردبوو لە یەکێتی سۆڤیەتدا ٥٩ هەزار کەس بوون، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٩ ژمارەکە گەیشتە ١١٦ هەزار کەس. پرۆفیسۆر هەسراتیان ئەمە گرێدەدا بە ڕووداوەکانی باشوری کوردستانەوە (شۆڕشی ئەیلول ١٩٦١ و ڕێکەوتننامەی ١٩٧٠).

 ڕاگواستنی ززۆرەملێی کوردانی کەفکاز لە ساڵانی ١٩٣٧- ١٩٤٤ ڕۆڵی زۆری بینی لە پرۆسەی کەمبوونەوەی ژمارەی کورد و توانەوەیان لە نێو گەلانی دیکەی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا. تا کۆتایی پەنجاکان کوردە ڕاگوێزراوەکان لە هەموو مافە دەستورییەکانیان بێ بەش کرابوون.

ئەوان لە ژێر چاودێری توندی دەزگای ئەمنی و هەواڵگیری ترسناکی KGBدا بوون و ڕێگەیان پێنەدەدرا بچنە دەرەوەی گوندەکانیان. بۆ ڕزگار بوون لەو بارودۆخە و  بۆ ئەوەی بتوانن گەشت بکەن و بچن بۆ خوێندن زۆریان بە ناچاری کوردێتی خۆیان دەشاردەوەو و خۆیان بە ئازەری و کازاخی و گەلانی دیکە ناونووس دەکرد.

 

author photo

نوسەر

دکتۆرا لە مێژووی کورد