یەمەنییەکان لە سوید بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێن

هەر ١٠ دەقیقە جارێک مناڵێکی خوار پێنج ساڵ لە برسا دەمرێت

یەمەنییەکان لە سوید بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێن

187 خوێندراوەتەوە

دوێنێ وەفدی حوسییەکان و حکومەتی یەمەن گەیشتنە ستۆکهۆڵم، تا بەناوبژیوانی نەتەوەیەکگرتووەکان و میوانداری سوید رێگەچارەیەکی ئاشتیانە بۆ ناکۆکییەکانیان بدۆزنەوە.

شەڕی ناوخۆیی یەمەن کە وا نزیکەی چوارساڵە بەردەوامە، ماڵوێرانییەکی یەکجار گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە، زیاتر لە ٢٢ ملیۆن کەس برسین و پێویستی هەنووکەییان بە خۆراک هەیە. بەپێی ئامارەکان هەر ١٠ دەقیقە جارێک، مناڵێکی خوار ٥ ساڵ لە برسا دەمرێت.

چاودێران چاوەڕوانی گەورەیان لە کۆبوونەوەکان نییە، بەڵام تێدەکۆشن، کە هەر دوولایەن رازی بن بە ئاگر بەست و رێگەدان بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان، تا خۆراک و دەرمان بگەیەنن بە دانیشتوانی وڵاتەکە. هەر دوو لایەن متمانەیان بەیەکتر نییە، جاری پێشوو لە کوەیت دانوستانەکانی ئاشتی بە بنبەست گەیشت، پێشتریش لە دانوستانەکانی جنێفدا حوسییەکان ئامادە نەبوون.

 

ئەمە یەکەمجارە پاش دووساڵ گفتووگۆی ئاشتی سازدەکرێت، هەنگاوەکە لەخۆیدا بە ئومێدبەخش تەماشا دەکرێت. بەپێی زانیارییەکان چاوەڕواندەکرێت لە هەنگاوی یەکەمدا ئاڵوگۆڕی دیل ڕوو بدات. دواتر ئاگربەست، وەک رێخۆشکردن بۆ گەیشتن بە چارەسەر. ئامانجی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئاگربەست، داماڵینی شارەکان لەچەک و دوورخستنەوەی سوپاو یاخیبووان لەناو شارەکان و پێکهێنانی حکومەتی هاوبەشی نیشتیمانییە. بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان ١٠ هەزار کەس کوژراون لەشەڕدا، بەڵام واشتینگتۆن پۆست دەڵێت ژمارەکە ٥٠ هەزارە. ٢٢ ملیۆن یەمەنی لە دۆخی نالەبارو سەختدان و پێویستی هەنووکەییان بە خۆراک و دەرمان هەیە. کە ٨٠٪ دانیشتوانی وڵاتەکەیە. سێ ملیۆن کەس ماڵوحاڵیان جێهێشتووەو دەربەدەر بوون. ٢٧٠ هەزار کەس ئاوارەی وڵاتان بوون.

 

،،

نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، هەر دوو لایەنی شەڕەکە، گەمارۆ دەخەنە سەر خەڵکانی ژێردەسەڵاتی یەکتر و هاوڵاتی مەدەنی دەکوژن

  

 سعوودییە هاوپەیمانییەتییەکی پێکهێناوە لە ( میسر، مەغریب، قەتەر، کە (دواتر کشایەوە)، ئیمارات، پاڵپشتی حکومەتی یەمەن دەکات و بەشداری چالاکانەی شەڕە، ئێرانیش کۆمەک بە حوسییەکان دەکات کە شیعە مەزهەبن. ئەمریکا و فەرەنساو بەریتانیاش چەکدەدەن بە هاوپەیمانییەتییەکەی سعوودییە.

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت هاوپەیمانییەتیەکە یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشلکردووە، بۆمبارانی نەخۆشخانە و قوتابخانەکان دەکات. هاوپەیمانییەتیەکەی سعوودییە ڕێگە نادات خۆراک بگات بە خەڵکی لێقەوماو، گەمارۆی توندی خستووەتە سەر یەمەن.

ساڵی ٢٠١٧ دەرکەوت ئیمارات کە لەبەرەی باشوورەوە شەڕ دژی حوسسیەکان بەڕێوەدەبات، چەند بەندینخانەی نهێنی دروستکردووە و ئەشکەنجەی یەمەنییەکان دەدات. چالاکوانان لە ئەمریکا و فەرەنسا و بەریتانیا ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی وڵآتەکانیان دەگرن و تۆمەتباریان دەکەن بەشداربوون لە تاوانی جەنگ.

نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، هەر دوو لایەنی شەڕەکە، گەمارۆ دەخەنە سەر خەڵکانی ژێردەسەڵاتی یەکتر و هاوڵاتی مەدەنی دەکوژن. ناکۆکییەکان ڕەگێکی قوڵیان هەیە، هەر لەدوای داڕووخانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەکانەوە تا ساڵی ١٩٩٠ کە هەر دوو باشوور و باکوری یەمەن یەکیان گرتەوە.

بەڵام یەکگرتنەوەکە کۆتایی بە چارەسەری کێشەکان نەهێنا، بەڵکو عەلی عەبدوڵڵا ساڵح بوو بە دیکتاتۆر، گەندەڵی و کەمی خزمەتگوزاری ئاستی ناڕەزاییەتییەکانی بردەسەرێ. حوسییەکان کە بەناوی دامەزرێنەرەکەیانەوە، حسێن ئەلحوسی ناسراون، نوێنەرایەتی زەیدییەکان دەکەن، کە نزیکەی ٣٥٪ دانیشتوانی یەمەنن.

زەیدیزم لقێکی مەزهەبی شیعەیە، ئەوان داوای مافی زیاتر و خۆبەڕێوەبەری زیاتر بۆ باکووری یەمەن دەکەن. لەساڵی ٢٠٠٤ و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ حکومەت سەریهەڵدا. لە سەروبەندی بەهاری عەرەبیدا، لە کانوونی دووەمی ٢٠١١ خەڵک ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵحیان کرد، هەرچەند ئەو سەرەتا ملی نەدا، بەڵام دواجار دەسەڵاتی ڕادەستی عەبد ڕەبۆ مەنسور هادی کرد، خۆشی پارێزبەندی وەرگرت، ئاوهاش لە گۆڕەپانی سیاسی نەکشایەوە. هادی بڕیاربوو ئیدارەی حکومەتی ئینتیقالی بدات و دەستوورێکی نوێ بۆ وڵات بنوسرێتەوە لەو ماوەدا. بەڵام گومان و متمانە نەبوون بەیەک، وایکرد ناکۆکییەکان بتەقنەوە، سوپا بەسەر بەرەی سەرۆکی کۆن و نوێدا دابەش بوون. پایزی ٢٠١٤ حوسییەکان لە کودەتایەکدا دەسەڵاتیان کۆنترۆڵکرد لە سەنعا.

لە شوباتی ٢٠١٥ سەرۆکیان لەسەرکارلابرد. ڕەشنووسی دەستووریان ڕەتکردەوە. عەبد ڕەبۆ مەنسور هادی هەڵهات بۆ عەدەن، (کە پایتەختی باشووری یەمەن بوو تا ساڵی ١٩٩٠) هەنگاوی نا بۆ کاراکردنەوەی حکومەت و داوای هاریکاری نێودەوڵەتی کرد، سعوودییە هاوپەیمانییەتیەکەی پێکهێناو شەڕ دەستیپێکرد. ساڵح لەم کێشمەکێشەدا هاوپەیمانی حوسییەکان بوو. ٢٠١٧ رایگەیاند ئامادەیە گفتوگۆ بکات لەگەڵ سعوودییە، بۆیە حوسییەکان کوشتیان.

 

،،

ساڵی ١٩١٤ بەفەرمی بەریتانیا و عوسمانییەکان سنوری نێوان باشوور و باکوری یەمەنیان دیاریکرد. کاتێک عوسمانییەکان کشانەوە لەساڵی ١٩١٨ دەسەڵاتیان ڕادەستی ئیمام یەحیا کرد کە سەرکردەیەکی لۆکاڵی بوو، پێشتریش دژی عوسمانییەکان شەڕی کردبوو.

 

ساڵی ١٨٣٩ بەریتانیا عەدەنیان داگیرکرد لە بەندەری لەسەر دەریا هەبوو، ئەوەش شارێکی ستراتیژی بوو بۆ هاتووچۆی دەریایی لەنێوان ئەوروپا و هیندستان کە بەریتانیا داگیریکردبوو. لە ساڵی ١٩٦٢ باشووری یەمەن حکومەتی بۆ درستکرا لەلایەن بەریتانییەکانەوە، تا ساڵی ١٩٦٧ لەژێر ئینتیدابی ئەواندا بوو.

بەڵام عوسمانییەکان لەسەرەتای ١٨٤٩ دا هاتنە یەمەن، کەپێشتر لەلایەن میرنشینە خۆجێییەکانەوە بەڕێوەدەبرا.

ساڵی ١٩١٤ بەفەرمی بەریتانیا و عوسمانییەکان سنوری نێوان باشوور و باکوری یەمەنیان دیاریکرد. کاتێک عوسمانییەکان کشانەوە لەساڵی ١٩١٨ دەسەڵاتیان ڕادەستی ئیمام یەحیا کرد کە سەرکردەیەکی لۆکاڵی بوو، پێشتریش دژی عوسمانییەکان شەڕی کردبوو.

ئیمام یەحیا و نەوەکانی توانیان ئاشتی بەنرخی زۆرداری و ستەم بەدیبهێنن لە باکوری یەمەن، تا شۆڕشی ١٩٦٢ کە کۆماری یەمەن ڕاگەیەنرا. ١٩٧٨ عەلی عەبدوڵا ساڵح هاتە سەرحوکم، ١٩٩٠ هەردوو یەمەن یەکیانگرتەوە و ساڵح بەردەوام بوو لەسەر دەسەڵات.