هۆکارەکانی پشتگیری دۆناڵد ترامپ لە بن سەلمان چین؟

زریانی خاشقچی، محەمەد بن سەلمان ڕاناماڵێت

هۆکارەکانی پشتگیری دۆناڵد ترامپ لە بن سەلمان چین؟

705 خوێندراوەتەوە

بۆچی کەتنی کوشتنی رۆژنامەنووس خاشقچی لەناو کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستانبوڵ، نەبووە هۆی دوورخستنەوەی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە، لەدەسەڵات، یان پەراوێزخستنی لە سەر شانۆی نێودەوڵەتی؟
لەگەڵمان بن بۆ شیکردنەوەی هۆکارەکانی پشت ڕاگرتنی بن سەلمان، لەبەرامبەر ئه‌و فشارانەی له‌ سەری هه‌ن.

 كاتێک بن سەلمان بوو بە جێنشین، ڕۆژئاوا خەریکی کۆتاییهێنان بوو بە دانووستانەکانی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران. ئەمەش بۆ ئەو خراپترین بژاردە بوو، ڕۆژئاوا بکەوێتەوە مامەڵەی دیبلۆماسییەوە لەگەڵ دوژمنی باوککوشتەی وڵاتەکەی؛ ئێران.

بۆ ئەوەی سەرنجی دنیا بۆلای خۆی‌و وڵاتەکەی ڕابکێشێت، محەمەد بن سەلمان، کۆمەڵێک ریفۆرمی راگەیاند، له‌وانه‌:

• دەربازکردنی ئابووری وڵاتەی لەوەی کە تەنها پشت به‌ ناردنە دەرەوەی نەوت ببەستێت، کەرتەکانی تری بوژاندەوە.

• رێگەدان بە ژنان کە شۆفێری بکەن، کە وەک دەستکەوتێکی بێوێنەو کرانەوەو مۆدێرنبوونی سعوودییە ناسێنرا.

• رێگەدان بە سازکردنی کۆنسێرت، تەنانەت حکومەت نەک ڕێگەی بەوەدا، بەڵکو خۆی چەندین کۆنسێرتی ڕێکخست.

• کردنەوەی سینەماو ڕێگەدان بە نمایشکرنی فیلمی بیانی.

 

،،

تا دەهات ئابووری ئێران بەهێزتر دەبوو، هەروەها کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوچەکە زیاد دەبوون، لە سوریا باری شەڕ بە قازانجی بەشار ئەسەد گەڕا، لە لوبنان حزبوڵلا کاریگەری زیاتر دەبوو، لەعێراقیش کەس بەبێ ئێران پەنجە بەئاودا ناکات، لەولاشەوە لەبن هەنگڵی سعوودییەدا، لەیەمەن حووسییەکان تەنگیان بە حکومەت هەڵچنی بوو.

ئەم هەنگاوانە وایکرد زۆرێک لە ڕۆژئاوا، ئەو وەک نمونەیەکی باش ببینن‌و بیکەنە پاساوی رەوایەتیدان بە بازرگانیکردنی و چەککفرۆشتن لەگەڵ سعوودییە.

هاوشان لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، ئێران ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئیمزاکرد، ئەمەش وەک گەورەترین دەستکەوت‌و بەرەوپێشچوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکدرایەوە، ئێران بوو بە هاوبەشێکی گرنگی رۆژئاوا، پەیتا پەیتا کۆمپانیا ئەوروپییەکان خۆیان دەکرد بە ئێراندا، چەندین گرێبەستی گرنگ ئیمزاکران، تەنانەت گەشتوگوزار بوژاییەوە، خەڵک لە ئەمریکاوە دەچوونە ئێران بۆ گەشتوگوزار.

 فشارەکانی سعوودییە لەسەر ئۆمابا، بێکاریگەربوون. ئەو دەیویست، ئێران‌و سعوودییە ڕۆڵی یەک قبوڵبکەن و پێکەوە هەڵبکەن، پێیوابوو ئەوە دووڕووییە، ئێران لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەوڵاتەکەیدا سزابدرێت، بەڵام سعوودییە خەڵات. ئۆباما دەیوویست هاوسەنگییەک دروستبکات لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، ئەوەش سعوودییەی تەواو نیگەرانکردبوو.

 تا دەهات ئابووری ئێران بەهێزتر دەبوو، هەروەها کاریگەرییەکانی ئێران لە ناوچەکە زیاد دەبوون، لە سوریا باری شەڕ بە قازانجی بەشار ئەسەد گەڕا، لە لوبنان حزبوڵلا کاریگەری زیاتر دەبوو، لەعێراقیش کەس بەبێ ئێران پەنجە بەئاودا ناکات، لەولاشەوە لەبن هەنگڵی سعوودییەدا، لەیەمەن حووسییەکان تەنگیان بە حکومەت هەڵچنی بوو.

 

سعوودییە هەر کرانەوەیەکی ئەوروپاو ئەمریکا بەڕووی ئێراندا بەمەترسی بۆ سەرخۆی دەزانێت، وا ئەکات کە سعوودییە کەمتر هاوپەیمانییەکی کەمەرکێش بێت بۆ ئەوان. سعوودییە هەمیشە خوازیارە رۆژئاوا وەک هەڕەشە سەیری ئێران بکات.

بن سەلمان کە وەزیری بەرگریشە، خۆی لە شەڕی یەمەنەوە تێوەگلاند، بەو هیوایەی لەچەند مانگدا حووسییەکانی دۆستی ئێران تەفروتوونا بکات، بەڵام وادیارە شەڕەکە شکستێکی تاڵ زیاتر هیچ نەبوو.

دواتریش کەوتە گەمارۆدانی قەتەر بەتۆمەتی یارمەتیدانی تیرۆر، راستتر نزیکبوونەوەی ئەو وڵاتە لەئێران بەهانە راستەقینەکە بوو.

 بن سەلمان لەسەر کارە هەڵەشەییەکانی بەردەوام بوو، لەپڕێکا سەرۆک وەزیرانی لوبنان سەعد حەریری ڕفاند، هێنایە سەر شاشەو دەستیپێلەکارکێشایەوە، تا حزبوڵڵای لوبنان تەنگاو بکات‌و بە نۆره‌ی خۆی گورزێک لە ئێران بدات.

،،

پشتگیری کردنی دۆناڵد ترامپ لە بن سەلمان، تەنها مەسەلەی نەوت فرۆشتن‌و چەککڕین نییە، بەڵکو سعوودییە ڕۆڵی سەرەکی پێدراوە، لە نەخشە رێی سەدە کە بڕیارە بەناوی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیدارەکەی ترامپ بەم زووانە رایبگەیەنێت.

 بەڵام لە هەر سێ حاڵەتەکەدا بن سەلمان کەوتە هەڵەوە، لەهەر سێبەرەکەدا ئێران بەهێزتر بوو، لەیەمەن شەڕ بەردەوامەو کارەساتێکی مرۆیی بەڕێوەیە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ‌و نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بۆ تاوانی جەنگ دەکەن، ئەمەش هەڵوێستی فەرەنساو بەریتانیای گۆڕیوە.

گەمارۆکانی سەر قەتەر، ئەو وڵاتەی زیاتر لە ئێران نزیککردەوە. کاتێک حەریری گەڕایەوە بۆ لوبنان پەشیمانبووەوە لە دەستکارکێشانەوەکەی‌و ئەوەش پێگەی حزبوڵڵای نەک لەق نەکرد، بەڵكو بەهێزتریکرد.

 دواتریش وەک لەراپۆرتی " سی ئای ئەی" ئاماژەی بۆکراوە، (بەپێی میدیاکان) بن سەلمان راستەخۆ تێوەگلاوە لە کوشتنی خاشقچیدا. کوشتنێک کەتەنها کپکردنی دەنگی جیاوزو ڕۆژنامەنووسان قورسایی پێنەدا بەڵکو، بەکارهێنانی سلکی دیبلۆماسی بۆ تیرۆری سیاسی لەسەر خاکی وڵاتانیتر، مەسەلەكه‌ی زیاتر گەورە کرد.

 سەرباری هەموو ئەمانە پێناچێت ئەم "هەرزە سیاسییە" هەروا دەستبەرداری دەسەڵات ببێت، هەرچەند ڕەنگە کەمێک جێی لەق بێت.

پشتگیری کردنی دۆناڵد ترامپ لە بن سەلمان، تەنها مەسەلەی نەوت فرۆشتن‌و چەککڕین نییە، بەڵکو سعوودییە ڕۆڵی سەرەکی پێدراوە، لە نەخشە رێی سەدە کە بڕیارە بەناوی ئاشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئیدارەکەی ترامپ بەم زووانە رایبگەیەنێت.

 نەخشە ڕێیەکە کە " جارێد کوشنەر"ی زاوای ترامپ سەرپەرشتی دەکات، ڕێگا چارەی کێشەی ئیسرائیل فەلەستینی تێدایە، کەبریارە بن سەلمان ئەکتەری سەرەکی بێت تیایدا. بن سەلمان لەڕێگەی فشارو ئیمتیازەوە سەرانی فەلەستین رازی بکات بە دەستهەڵگرتن لە خەونی دەوڵەتی سەربەخۆ، قایلبوون بە کۆنفیدراڵی ئوردن ـ کەرتی ڕۆژئاوا ـ غەززە.

 بۆیە ئیدارەی ترامپ سەرباری تۆمەتبارکردنەکەی " سی ئای ئەی" هێشتا ئامادە نییە دەستبەرداری بن سەلمان ببێت.

 

 بن سەلمان دەیەوێت دیوە سیاسی و سیمبولییه‌کەی کێشەی فەلەستین کەمبکاتەوە، زیاتر بیکات بە مەسەلەی ئارامی و خزمەتگوزاری. بۆ ئەمەش ناکۆکییەکانی فەتح ‌و حەماس، ناڕەزاییەتییەکانی نەوەی نوێی فەلەستین، سیاسەتەکانی ئیدارەی ترامپ وەک کەمکردنەوەی کۆمەک بۆ ئیدارەی فەلەستینییەکان‌و جێبەجێکردنی دانپیانان بە ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل، هەروەها کۆمەکەکانی سعوودییە بۆ فەلەستینییەکان‌و گۆڕانی نەخشەی جیۆسیاسی ناوچەکە یارمەتیدەری بن سەلمانن لەم دۆسییەیەدا.

لەولاشەوە وڵاتانی تری کەنداو و میسر زەندەقیان لە کاریگەریی و زیادبوونی پێگەی ئێران لەناوچەکە چووە، کە ئامادەن لەگەڵ ئیسرائیل بچنە هاوپەیمانییەکی ناشەرافمەندانەوە دژ بەئێران، لەسەر حسابی فەلەستینییەکان.

 لەم مەسەلەیه‌شدا ئیسرائیل ئاگادارانە دەجوڵێت، وەک رێگەدان بە رەوانەکردنی چەندین ملیۆن دۆلار لەلایەن قەتەرەوە بۆ حەماس لە غەززە، بەوەش پرسی فەلەستین لە پرسێکی سیاسی و ئایدۆلۆژییەوە دەبێت بە پرسی هاوکاری مرۆیی و خزمەتگوزاری.

 

،،

هیواکانی ترامپ بە بن سەلمان وەک ئومێدەکانی رۆژئاوا بە جەمال موبارەک، سەیفی ئیسلام و بەشار ئەلئەسەد ناکام نابن!

 

 ئیسرائیل سەرباری ئەوەی پەیوەندی فەرمی دیبلۆماسی لەگەڵ وڵێتانی کەنداو نییە، بەڵام لەماوەی دوومانگی ڕابوردوودا چەند دەستکەوتی بەئاراستەی ئاساییبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە ناوە، بنیامین ناتیاناهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی عومانی کرد، وەزیری رۆشنبیری وەرزش سەردانی ئیماراتی کرد، بڕیارە سعوودییە بۆیەکەمجار ڕێگە بدات کە ئایر ئیندیا ئاسمانی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت بۆ گەشتکردن بۆ ئیسرائیل.

 بن سەلمان لە ڕێگا چارەی گەمارۆدانی ئێراندا، ڕۆڵی زیاتر دەگێڕێت لە پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەی لە هەناردەی نەوتدا دێتە ئاراوە.

 ترامپ وەک هەر لەسەرەتاوە خۆی وەک دژە سیاسییە لەنگەرگرتووە تەقلیدییەکان ناساند، ئاوهاش ئەیەوێت سیاسەتێکی جیاوازترو ڕادیکاڵانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەبەر. هیواکانی ترامپ بە بن سەلمان وەک ئومێدەکانی رۆژئاوا بە جەمال موبارەک، سەیفی ئیسلام و بەشار ئەلئەسەد ناکام نابن!