ئەوەی ڕوو دەدات تەقینەوەی ناڕازایەتییەکی گەورەی کۆمەڵایەتییە

پاریس و یاخیگەرە تازەکانی

ئەوەی ڕوو دەدات تەقینەوەی ناڕازایەتییەکی گەورەی کۆمەڵایەتییە

701 خوێندراوەتەوە

 ڕەنگە ئەمڕۆکە پاریس یەکێک لەو شارانە بێت کە کەس حەزنەکات سەریلێبدات و بیبینێت، شارێک کە کەسانێکی زۆر وەک پایتەختی ئەوروپا و پایتەختی فیکر و پایتەختی شارستانیەتی مۆدێرن ناویدەبەن.

 

ئەو شەپۆلە گەورەیەی ناڕازییدەربڕین و خۆپیشاندان کە ڕووی لە فەرەنسا کردوە، بەشێکی تووڕەبوونەکانی تووڕەبوونە لە پاریس خۆشی، لەو حوکمڕان و چینە دەوڵەمەند و ھێز و دەزگا بە گڵۆبالبوانەی ناو پاریس، کە ئاگایان لە دۆخی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاکە نەماوە.

 سەرەڕای پەنابردن بۆ بەکارھێنانی توندوتیژیی و تاڵانکاریی و شڕەخۆریی، سەرەڕای شکاندن و سوتاندن و لێدان و پەلاماردان و گرتن، ئەوەی ڕووئەدات تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکی کۆمەڵایەتیی گەورەیە، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو ژینگە نیولیبرالەوە ھەیە کە لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە ئەوروپادا سەروەربووە.

 

 

  ناڕەزاییەکە سەرەتا ناڕەازیی کۆمەڵێک شۆفێر بوو دژ بە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین، بەڵام لە ئێستادا گەشەیکردوە بۆ بزوتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزاییدەربڕین کە تەنانەت وڵاتانێکی وەک بەلجیکا و ھۆڵەنداشی گرتۆتەوە.

 ھێزی گەورەی پشتی ئەم ناڕەزاییدەربڕینە بەشی خوارەوەی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگای فەرەنسییە، ئەمەشلە ڕاستیدا بەشە ھەرە ھەژارەکەی کۆمەڵگای فەرنسیی نییە، بەڵکو کەسانێکی خاوەن کار و پیشەی تایبەتن و ڕۆژانە سەرساختانە کارکانی خۆیان دەکەن، بەڵام کێشەیان لەوەدایە ئەو بڕە پارەیەی پەیدایدەی دەکەن، بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و ژیانی خێزانەکانیان ناکات.

 

،،

شارەزایانی کۆمەڵگای فەرەنسیی و کۆمەڵگا ئەوروپییەکان باس لە گۆڕانی دۆخی دەرونیی چینی ناوەڕاست لە ئەوروپادا دەکەن، ئەم چینە لە ئێستادا ترسێکی گەورەی لە ئایندە ھەیە، باوەڕی وایە ئیشکردنی زۆر و خۆماندووکردنی بەردەوام دڵنیایی نابەخشێت و گەرانتی سەرکەوتن ناکات.

 

  ئەمانە ئیشێکی زۆر بەرامبەر بە داھاتێکی کەم دەکەن. بەڵام گرفتی ئەمانە تەنھا ئەوە نییە کە داھاتەکەیان کەمە، بەڵکو ھەستێکی قووڵیش بەوە دەکەن کە لەناو کۆمەڵگای فەرەنسیدا کەس گوێیان لێناگرێت، بەتایبەتیی حومکڕانانی وڵاتەکە و دەزگا نێودەوڵەتییە زەبەلاحەکان و چینە دەوڵەمەندەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا.

 ئەمانە پێیانوایە ئەو نوخبەیەی لە پاریسدا حوکمڕانی دەکات ئەمان نابینێت و وەک نەبوو مامەڵەیان دەکات، کاتێکیش لەڕێگای خۆپیشاندانەوە ھەوڵی ئەوە ئەدەن کە ببینرێن، ئەوا گوێیان لێناگیرێت و وەڵامی داواکارییەکانیان نادرێتەوە. بە کورتییەکەی ئەمانە کەسانێکن ھەم لەسەرێکەوە تەواو ناڕازین بەرامبەر بەو دۆخەی کە ھەیە و دروستکراوە، ھەم گومانی گەورەشیان بەرامبەر دەسەڵاتداران لەلا دروستبووە و باوەڕیان بەوە نەماوە کە ئەو دەسەڵاتدارانە بتوانن کێشەکانیان چارەسەربکەن.

  شارەزایانی کۆمەڵگای فەرەنسیی و کۆمەڵگا ئەوروپییەکان باس لە گۆڕانی دۆخی دەرونیی چینی ناوەڕاست لە ئەوروپادا دەکەن، ئەم چینە لە ئێستادا ترسێکی گەورەی لە ئایندە ھەیە، باوەڕی وایە ئیشکردنی زۆر و خۆماندووکردنی بەردەوام دڵنیایی نابەخشێت و گەرانتی سەرکەوتن ناکات.

ئەم سایکۆلۆژیایەش شتێک نییە ئەمڕۆکە دروستبووبێت بەڵکو دەرەنجامی قەیرانە گەورەکانی ئەو سیستمە ئابوریی و سیاسییە نیولیبرالەیە کە سێ دەیە زیاترە لە ئەوروپادا باڵادەستە.

 

 

،،

ئەوەی ھەیە بڕێکی زۆر گەورەیە لە بێزاریی و نائومێدیی. ھەندێکیان دژ بە ئەوروپای یەکگرتوون، ھەندێکیان دژ بە سیاسەتی باجوەرگرتنی دەوڵەتن، ھەندێکیان دژ بە ھەژاریی و نەدارین، ھەندێکیان دژ بە کۆچبەر و پەناھەندەن، ھەندێکیان دژ بە میدیان. بەڵام ھەموویان دژ بەو نوخبە سیاسییەن کە حوکمڕانە.

 

 کەسانێک ھەن باس لە کۆتایی ”کاپیتالیزم بۆ ھەمووان“ و کۆتایی ”کاپیتالیزمی میلەت“ دەکەن.

  ئەوەی دروستبووە سیستمێکە نوخبەیەکی بچووکی بەجیھانیبوو دەوڵەمەند دەکات و زۆرینەی چینەکانی خوارەوە و بەشێکی گرنگی چینی ناوەڕاستیش، بۆ ھەژاریی و نائومێدیی بەجێدەھێڵێت.

 زۆرینەی ئەم زۆرینەیەش خەڵکی لادێ و شارە بچووکەکانی دەرەوەی پاریس و شارە گەورەکانی فەرنسان و ڕق لە حکومەت و ڕق لە پاریس لەلایان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەیەکتری تێکەڵبووە.

 بە پێچەوانەی شۆڕشی فەرەنسیی و یاخیبوونی خوێندکارانی ساڵی ١٩٦٨ ەوە، کە ھەردووکیان ھەڵگریی ئایدیۆلۆژیایەکی چەپگەر و ھیومانیستیی و گەردونیی بوون، ئەم یاخیگەرە تازانە بەرنامەیەک یان دروشمێک یان دیدێکی ھاوبەش کۆیانناکاتەوە.

 ئەوەی ھەیە بڕێکی زۆر گەورەیە لە بێزاریی و نائومێدیی. ھەندێکیان دژ بە ئەوروپای یەکگرتوون، ھەندێکیان دژ بە سیاسەتی باجوەرگرتنی دەوڵەتن، ھەندێکیان دژ بە ھەژاریی و نەدارین، ھەندێکیان دژ بە کۆچبەر و پەناھەندەن، ھەندێکیان دژ بە میدیان. بەڵام ھەموویان دژ بەو نوخبە سیاسییەن کە حوکمڕانە.

 

author photo

نوسەر و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی هۆڵەندا