ئەوانەی قسە بە گۆڕان دەڵێن و خۆشیان بەگۆڕان دەزانن، پیاوی دەزگا جاسوسیەكانن

خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆران:

ئەوانەی قسە بە گۆڕان دەڵێن و خۆشیان بەگۆڕان دەزانن، پیاوی دەزگا جاسوسیەكانن

947 خوێندراوەتەوە

خەلیل سەركانی ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆران، لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ دیپلۆماتیك مەگەزین باس لە ئەگەرەكانی بەشداری كردنی گۆران دەكات لە كابینەی نوێ و دەشڵێت:" زۆرێك لە ئەندامانی گۆران پێیان باشە بەشداری لە حكومەت بكەین و پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەربگرین".

 

دیبلۆماتیك: ئایا یەكلا بونەتەوە بۆ بەشداری لە حكومەت؟
خەلیل سەركانی: پرسی بەشداریكردن یان بەشداری نەكردن لەكابینەی نوێی حكومەت یەكلانەبۆتەوەو رای جیاوازی لەنێو بزوتنەوەی گۆران دروستكردووە، بەڵام ئەگەری بەشداریكردن بەهێزترە لە مانەوە لەدەرەوی حكومەت، هەرچەندە بەشێك لەكەسە دیارەكان و جەماوەرەكەشمان پێیان باشە بەشداری نەكەینو پرسەكە لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە یەكلانەبۆتەوە.

 

دیبلۆماتیك: زۆربەی ئەندامانتان لەگەڵ بەشداریكردنن یان ئۆپۆزسیۆن بوون؟
خەلیل سەركانی: بەشداری كردن یان بەشداری نەكردن لایەنی ئیجابی و سلبی هەیە. بەڵام زۆربە چالاك و هەڵسوراو ئۆرگانەكانمان بەشداری كردینان لەحكومەت پێباشترە، لەبەر ئەوەی چواری ساڵی داهاتوو ئەگەر حكومەت كارنامەو بەرنامەیەكی باشی هەبێت و گۆران بتوانێت، پرۆژەكانی خۆی جێبەجێبكات، رەنگە ئەمە باشتربێت.

 

،،

بزوتنەوەی گۆران بۆ راستكردنەوەی ئەم سیستەمە دروست بووە.چونیشمان بۆ ناو حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو دروشمانەیە كە بزوتنەوەكەی لەسەر دامەزراوە


دیبلۆماتیك: بۆچی پێتان باشە جێگری سەرۆكی حكومەتتان هەبێت نەك جێگری سەرۆكی هەرێم؟
خەلیل سەركانی: لەبەر ئەوەی تائێستا روون نییە كە ئایا سەرۆكی هەرێم لەناوخەڵك هەڵدەبژێردرێت یان لەناو پەرلەمان.هەروەها بەپێی ئەو رەشنووسی دەستورەی كەهەیە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لەسەرویاساوەن، پاشان تائێستا كێشەكانی سەرۆكی هەرێم هێشتا یەكلانەبۆتەوە، بۆیە پێمان خۆشەو بە مافی خۆشمانی دەزانین كە جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرین، چونكە ئەو دەنگانەی ئێستا بۆمن نوسراوە، دەنگی خۆمان نییە،بەڵكوو ئەوە فرت و فێڵی لایەنی دەسەڵات و ئەجێندای دەرەكی زەبرزەنگ و چەك و پارەبوو، وایكرد دەنگەكانی گۆران دابەزێت، حەقی ئێمە بەكورسی پەرلەمانی ناپێورێت.

 

 

دیبلۆماتیك: هەرچی ناوی ناشیرین و تۆمەتی خراپ هەبوو داتانە پاڵ ئەم دوو حزبە و حكومەتیش، ئێستا بۆ دەرۆن لەگەڵیان شەریكایەتی حكومەت دەكەن؟
خەلیل سەركانی: ئەگەر نیگەرانیەكان لەم دەسەڵاتە بەتەنها بزوتنەوەی گۆرانە ئەوا كەواتە ئێمە راست ناكەین، بەڵكوو تاك بەتاكی ئەم كۆمەڵگایە نیگەرانە لەم دەسەڵاتە. بەڵكوو سیستەمەكە سەقەت و ناتەندروستە. ئەسڵەن بزوتنەوەی گۆران بۆ راستكردنەوەی ئەم سیستەمە دروست بووە.چونیشمان بۆ ناو حكومەت بۆ جێبەجێكردنی ئەو دروشمانەیە كە بزوتنەوەكەی لەسەر دامەزراوە، بەڵام بەحەجمی خۆمان.

 

دیبلۆماتیك: هیچ سەقفێكی زەمەنیتان هەیە بۆ جێبەجێكردنی داواكانتان، ئەگەر لەماوەدا جێبەجێ نەبوو بكشێنەوە لە حكومەت؟
خەلیل سەركانی: ئێمە لیژنەیەكمان هەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی، ئەو لیژنەیە وردەكاری تەواوی ئەو ئیشەیان لایە.

 

دیبلۆماتیك: ئایا فشارتان لەسەرە بۆئەوەی ئەگەر نەچنە ناو حكومەتەوە كێشەتان بۆ دروست بێت؟
خەلیل سەركانی: ئەو فشارەی لەسەرمانە لەسەرەتای بزوتنەوەی گۆرانەوە تائێستا بەردەوامە،بەڵام چی لە بەرژەوەندی بزوتنەوەو خەڵك باشبێت ئێمە بریار لەسەر ئەوە دەدەین، لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە فشار لەسەر ئێمە زیادی كردووە و فشارەكە زۆر بێمانایە، هەوڵدەدەن خەڵكمان لێ پەشیمان كەنەوە،زۆر كارمەند و پۆلیس كەدەزانن دەنگی بەبزوتنەوەی گۆران داوە جێگۆڕكێیان پێكردووەو نقڵیان كردوون..بەڵام سەرەرای زۆری فشارەكان نەگەشتۆتە نانبرین.


دیبلۆماتیك: ئایا ئەگەر بزووتنەوەی گۆران بچێـتە ناو حكومەت، كۆمەڵ بەجێدەهێڵێت؟
خەلیل سەركانی: ئێمە و كۆمەڵ هەركاممان بچینە ناو حكومەت بەواتای جێهێشتنی یەكدی نایەت، زۆر پرۆژەو بەرنامەمان پێكەوە هەیە، بەڵام هەندێك پرس هەیە پەیوەندی بە خودی حزبەكە خۆیەوە هەیە.

 

دیبلۆماتیك: ئایا راستە پارتی نایەوێت هەردوو لاتان واتە كۆمەڵ و گۆڕان بچنە حكومەت و تەنها دەیەوێت یەك لایەنتان بەشداری پێبكات، هەركات پارتی لە گۆڕان بێئومێدبوو ئەو كاتە پارتی بۆلای كۆمەڵ دەروات؟
خەلیل سەركانی: راستی من ئێستا ئەوە دەزانم و زانیاریم لەسەر ئەو بابەتە نییە، وەهەموو حزبێكیش سەربەخۆیە دەچێتە حكومەت یان بابەتێكی دیكە هەڵدەبژێرێت، ئەگەر پارتیش رێگری بكات لەلایەنێك ئەوە ئیدی وڵاتی قەزاو قەدەرە.


دیبلۆماتیك: ئایا راستە پارتی پارتی لەسەر هەندێك كادیری ئێوە هێڵی سوری هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستەكان؟ بۆچی پارتی پێی خۆشە مستەفای سەید قادر پۆست وەربگریت بەتایبەت پۆستە سیادییەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم یان جێگری سەرۆكی حكومەت؟
خەلیل سەركانی: ئەوە تارادەیەك قورس نییە، ئەوانیش واتە پارتی پێیان خۆشە كەسانێك بن كە گونجاوبێت، چونكە ئەو دوو پۆستە باڵایە هی ئەوانەو ئەوان كەسی بۆ دیاری دەكەن ئەمەش مافی هەڵبژاردنە،ئەوە وایكردووە كە كەسێك بۆ جێگرەكان دیاریبكرێت كە كاركردن لەگەڵی قورس نەبێت و گونجاوبێت.

چونكە كاك مستەفا پێشتر پۆستی وەزارەتەكانی ناوخۆو پێشمەرگەی لابووەو دەست و پەنجەی لەگەڵ ئەو بابەتانە نەرمە...رەنگە لەم ڕوەوە بوبێت

،،

راستە مەسرور بارزانی لە دەزگایەكی ئەمنی سەركەوتوو بووە، بەڵام بۆ سەرۆكی حكومەت، داهاتوو وەڵام دەداتەوە كە چەند سەركەوتودەبێت.

 
دیبلۆماتیك: ئێوە كۆمێنت و سەرنجتان لەسەر كاندیدی سەرۆكی حكومەت هەیە؟
خەلیل سەركانی: ئێمە كۆمێنتمان لەسەر كەس نییە، حزبی براوە خۆی ئازادە كێ كاندید دەكات بۆ ئەو پۆستە.بەڵام ئێمە چادێری ئەوە دەكەین ئایا ئەم حكومەتە تاچەند سەركەوتوە، تاچەند بێلایەن و كارنامەیەكی باشی هەیە، لەرابردودا پرسیار لەمن كراوە لەسەر كاندیدی سەرۆكی حكومەت وتومە داهاتوو وەڵام دەداتەوە كە ئایا سەركەوتودەبێت یانا، چونكە راستە ئەو لە دەزگایەكی ئەمنی سەركەوتوو بووە، بەڵام بۆ سەرۆكی حكومەت داهاتوو وەڵام دەداتەوە كە چەند سەركەوتودەبێت.

دیبلۆماتیك: ئەوانەی تەشهیرو جنێودەدەن بەئێوەو بزوتنەوەی گۆڕان لەتۆڕەكۆمەڵایەتیەكان خەڵكی گۆڕانی تێدایە؟
خەلیل سەركانی: بەڵێ خەڵكی گۆڕانی تێدایە كۆمەڵێك خەڵكی دەمهەراش و بەرەڵاو هەرەڵان لێرە كەوتونەتە جنێودان و تەشهیركردن، زۆر جنێوی سوكیان پێداوم و من ئەو جنێوانەم بەخەیاڵدا نایەت و وەك سەگ بەمانگەشەوبوەڕێت وایە و بەخەیاڵدا نایەت.

،،

من پۆستم وانییە و بۆ پۆستم بكردایە لێرە نەدەبووم، بەڵكوو من هاتووم بەرگری لەبەرنامەی نەوشیروان مستەفادەكەم و من باوەرم بەپۆست نییە،

دیبلۆماتیك: هەندێك دەڵێن خەلیل سەركانی بۆیە قسەی نەرمە لەبەر ئەوەیە بەتەمای وەرگرتنی پۆستی باڵایە؟
خەلیل سەركانی: نەخێر وانییە و من پۆستم وانییە و بۆ پۆستم بكردایە لێرە نەدەبووم، بەڵكوو من هاتووم بەرگری لەبەرنامەی نەوشیروان مستەفادەكەم و من باوەرم بەپۆست نییە، چونكە لەرابردودا پۆست و پلەو پایە زۆركەسی لەم وڵاتە بێحورمەت و بێرێز كردووە، پۆست زۆر كەسی شۆڕشگێری والێكرد ئەگەر خەڵك لەوبازاڕە بیبینێ ئەگەر دەسەڵاتی نەبێت كەس مەرحەبای ناكات.


دیبلۆماتیك: ئەو نوسراوەی بڵاو كراوەتەوە بەناوی رێكخەری گشتی بزوتنەوی گۆڕانەوە راستە؟
خەلیل سەركانی: نەخێر راست نییە و دروست كراوەو ئێمە پێویستمان بەوەنییە پاكانە بۆ كەس بكەین و مزایەدەش لەكەس قبوڵ ناكەین..

دیبلۆماتیك: ئایا ئەوانەی رەخنەنەتان لێدەگرن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و خۆشیان بەگۆڕان دەزانن، بۆلەشوێنی تایبەتی رێكخراوەیی خۆتانەوە رەخنەكان ناگرن؟
خەلیل سەركانی: راستە كاری رێكخراوەیی واناكرێت، ئەوانە گۆڕان نین و پیاوی دەزگا جاسوسییەكانن، كەسانی دروست كراون، چونكە كەسێك كاری حزبی بكات نابێت لەدەرەوە جنێوبدات، بەڵكوو دەبێت بەشێوەی رێكخراوەیی مامەڵە بكات.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك