فرۆید لە تەرازوی ژیریدا

فرۆید لە تەرازوی ژیریدا

772 خوێندراوەتەوە

من ناوم سیگمۆنە. تۆ بە فرۆیدم دەناسیت. ناوت بیستووم، هیچت نەخوێندومەتەوە، بەڵام زۆر شت دەربارەم دەزانی. من جولەکەیەکی نەمساویم، ئەم وەسفەت بۆ خەڵكی تریش بیستوە، بە تایبەتی لە کتێبەکانی خوێندنتدا، بۆ کەسێکی وەک هێرتزل. بەڵام من زایونیست نیم، یان نەبووم، هەتا نازییەکان هاتن.

 

 باوکم پیاوێکی ئاسایی بوو، دایکم ئافرەتێکی بە جەرگ. لە مناڵیمدا کتێبێکمان هەبوو بە ناوی ئینجیلی فیلیپ، تەنها نوسراو نەبوو، بەڵکو وێنەی لە سەر دار هەڵکۆڵراویشی تیادابوو. لەوێوە ئارەزووم چوە سەر هەموو شتێکی میسری کۆن، هەروەها یوسفی خەون پەرژێنیشم ناسی.

 

 هەر ئەوەش وەهای لێکردم کە خەون و خەون پەرژێنی ببێتە خولیام. باوانم خەڵكی ڤیەننا نین، چەند ساڵێکی کەم پاش لە دایک بوونی من هاتن بۆ ئەو شارە ئیمپراتۆرییە. پاش خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی ویستم زیندوەرناسی بخوێنم، بەڵام زیاتر ئارەزووم چوە سەر پزیشکی و بە تایبەت دەروون. 

 
کە سەرەتا باسم لە دەرونشیکاری کرد، هەموو گاڵتەیان لێدەهات. لە ١٩٠٠ کتێبی بەناوبانگی ڕاڤەی خەونەکانم نوسی، یان خەون پەرژێنی. ئەوە ئازیزترین کتێبە لام. خەون بۆ من دەرکەوتنی ئێمەیە بەبێ سانسۆر یان سانسۆرەکان، بەڵام بە زمان و سیمبولی ئاڵۆز و پەیوەندیدار. بۆیە بۆ ئەوەی لە خەون بگەیت دەبێت سیمبولناس و زمانناس و کۆمەڵناسێکی زۆرباش بیت.

 بەڵام لە ڕاستیدا هەموو کارەکانی من زیاتر لە ئارکەلۆژیا دەچێت، من دەمەوێت خۆڵ و تۆز لابەم لە سەر ئەوەی کە حەشار دراوە. زۆرم حەز لە مێژوو و کەسایەتی و ئەفسانەی کۆنە. ماڵەکەم بە زۆری لە ئەنتیکی میسری و رۆژهەڵات و یونانە. قەرەوێڵە بە ناوبانگەکەم بە فەرشی ئێرانی پۆشراوە. هەر ئەمەشە زۆربەی چەمکەکانم لەوانەوە سەرچاوە دەگرێت. 

 

 
هەر لە سەرەتاوە نەیارم زۆربوو، لە رۆژگارەکاندا شێواز و جۆریان دەگۆڕێت. ئەمرۆ ئافرەتان بێزارن لێم. من ئەوان وەک بریندارێک دەبینم. برینێک کە سارێژنابێت. هەروەها وەک کەسانێک کە ئیرەیی هەمیشەییان هەیە بۆ چوک. بێ چوکی گرێیەکی ئاڵۆزە لای ئەوان. لە نەستدا زێ بوونی نیە هەتا باڵق بوون، ئەم بێئاگاییە وەها دەکات کە ئافرەت بوون یان بوون بە ئافرەت بۆ زۆربەی مێینەکان پڕ لە کێشە و دەرد و ئازاربێت.

 

 من باسی سروشتم کردوە نەک کەلتور. ڕەنگە ئەمرۆ ئەمە لە ڕوی کەلتورییەوە قبوڵ نەبێت. دەبێت ئەوەش بزانن کە من لە ڕۆژگاری وەرچەرخانی سەدەی نۆزدە و سەدەی بیستدا گەشەم کرد. ئەو ڕۆژگارە گۆڕانکاری زۆر رووی ئەدا، پەرچەکردارێک لە ئارادابوو دەربارەی پۆزەتیڤیزمی زانست، پچڕانێکی ئیبسنی هەبوو لە گەڵ نەریتی بۆژوازی چینی ناوەند، شەپۆلێکی نیتچەییانە هەبوو بۆ رۆمانتیزمێکی تاریک، کە ئەخلاقی داینیزمی بڕەو پێئەدا دژ بە ئەخلاقی مەسیحی، خۆی بە دژە نوخبە و دامەزراوە لە قەڵەم ئەدا و ئازادی سێکسی پیرۆز دەکرد. بەڵام لە هەمانکاتدا شارەکان گەورە دەبوون، دەسەڵاتی باوکسالاری دژایەتی دەکرا، حوکمی دین رکەبەرایەتی دەکرا. ئەم دۆخە زەمینەی سازان هەتا دەرونشیکاری جێگەی رێنمایی ئاینی بگرێتەوە و ڕابەرایەتی ژیانی خەڵکی بکات.

 

 

من، چونکە تینوێتیەکی هەمیشەییم هەیە بۆ شاراوە، ئارەزویەکی زۆرم هەیە بۆ ئەدەب. ئەدیبان وەک چیرۆک و ئەفسانە کۆنەکان هاوکارییان کردم هەتا ناخ و نەست بخوێنمەوە. لە کەلتوری ئێوەدا من شێوێنراوم و قسەڵۆکی زۆرم لە بارەوە دەکرێت. جولەکەبوونم وەک تاوان دەبینرێت.

 ئەوەی من دەمەوێت ئەوەیە کە ئێمەی مرۆڤ بونەوەرێکی هەستیارین، پەیوەندیمان بە ئەوانی تر و خۆمانەوە، گەر بە باشی و بە کراوەیی و سنگفراوانی لێی تێنەگەین ئەوا توشی چەپاندن و هیستیریا و گرێی دەرونی زۆرمان دەکات. مرۆڤ هەر ئەوە نیە کە لە جادە و چاخانە و جێگا گشتیەکاندا دەیبینی، بەڵکو لە حەمام و ئاودەست و ژوری نوستن و جێگاکانی تریشدا دەبێت بۆ بنواڕیت. لەوێدا ماسک و بۆینباخ و چاکەکەتەکەی لادەبات و خۆی شل دەکات. 

 
من ڕەنگە هەڵەبوبم، بەڵام زانستێک و میتۆدێکی نوێم هێنا بۆ ڕوانین لە مرۆڤ. گەر لێی بنواڕیت ئێمە هەمومان گیرۆدەین، پاڵنەرەی سەرەکیمان بە زۆری گرێ دەرونیەکانمانە. ئێمە هەمومان بە دەست ئیرەیی و رق و خۆشەویستیەوە دەناڵێنین. تەنها تەماشایەکی ئەکاونتی فەیسبوکەکانمان بکە، بە تایبەتی ئەوانەی کە فەیکن، کە ناوی خوازراون، لەوێدا روی ڕاستی خۆمان دەردەخەین. 

 
من ناوم سیگمۆنە، ئاساییە تۆ رقت لێم بێت کاتێک کە پێت دەڵێم، ئەو ساتە تۆ ئاساییت، کە دانی پیادا دەنێیت کە برینداری.

 

author photo

توێژەر و نوسەر

دكتۆرا لە زانستەسیاسیەكان