كورد له‌ عێراقدا، له‌سه‌رده‌مى پاشایه‌تییه‌وه‌ بۆ ئێستا

کاردانەوەو هەڵسەنگاندنەکان لە سەر یاداشتی فەیسەڵی یەکەم و وەزعی کورد

كورد له‌ عێراقدا، له‌سه‌رده‌مى پاشایه‌تییه‌وه‌ بۆ ئێستا

315 خوێندراوەتەوە

یاداشتی فەیسەڵی یەکەم پادشای عێراق لە ساڵی1933دا کە تیایدا نوسیوێتی: ( بەدڵگرانییەوە دەڵێم تا ئێستا لە عێراقدا گەلێک نییە ناوی گەلی عێراق بێت، بەڵکو کۆمەڵێک گردبونەوەی خەڵک "بەشەری" هەیە کە هیچ بیرۆکەیەکی نیشتمانییان تێدا نییە)، کۆمەڵێک کارداناوەی لە لایەن سیاسەتمەدارانی ئەو سەردەمەو دوواتریش لە لایەن توێژەوەرانی بواری سیاسەت و سۆسیۆلوجی ئێستا، دروست کرد.

 

 بەشێک لە نوسەرانی بواری سۆسیۆلۆجی هەر لەبەر ئەوەی لە یاداشتەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە (جیاوازی گەورەی تایفەگەری نێوان موسوڵمانان هەیە... و عەقلی (بدو) و خێڵایەتی، سەروەری هەیە)، پێیانوایە پادشای عێراق داهێنان‌و دۆزینەوەیەکی ئێجگار گەورەی کردوەو ئەو بۆچوونەش نزیکە لە نووسینەکانی " علی الوردی" سەبارەت بە ناکۆکی نێوان عەقڵی " بدو" و خێلایەتی‌و عەقلیەتی شار.

 ئەو نووسەرانە ئەوە لە یاد دەکەن کە پادشای ئەو کاتەی عێراق زۆر زاڵمانە باس لە ئاشوری‌و کلدان و ئێزیدی کردوەو بە پیلانگێڕی تومەتباریان دەکات، جگە لە مەش فەیسەڵی یەکەم گەلی کورد بە نەزان ناو دەبات‌و باس لە نەبوونی هەلومەرجی گونجاو دەکات کە بۆتە دوواکەوتنی شیعە لە عێراقدا.

 بەشێک لە توێژەوەران پێیانوایە فەیسەڵ لە سەنگەری تایفەگەری نەبووەو ئەوەیان لە بیردەچێت کە رێگاچارەی پێشنیازکراو لە لایەن پادشاوە، خۆی لە بەهێزکردنی سوپا و بەکارهێنانی هێز بۆ سەرکوتکردنی داواکاریی پێکهاتەکان لە گەڵ کۆمەڵێک هەنگاو کە تایفەگەری قولتردەکاتەوە دەبینێتەوەو هیچ ئاماژەیەکی بە مافی گەلی کورد تێدا نییە، و بەرجەستەبوونی ئاراستەی جیاکاری‌و کارە بۆ توناندنەوەی گەلی کوردو نەتەوەکانی دیکەی عێراق‌و شووناسی پێکهاتە ئاینییەکانە بە مەبەستی درووستکردنی شوناسێک بە ناوی گەلی عێراق کە خودی پادشا گەڵاڵەبوونی بە دژوار دەزانی.

مەلیک فەسەلی یەکەم

 

 بەشێک لە ناکۆکییەکانی یاداشتەکە لەوەدایە کە پادشا لە بڕگەی سێیەمیدا، دان بەوەدا دەنێت کە حکومەت عەرەبی سوننەیە، بەڵام لە بڕگەی شەشەمی یاداشتەکەدا ئەم بابەتە بە تەومەتێک دادەنێ کە کورد و شیعە بە مەبەستەوە باسی دەکەن. لەو یاداشتەدا باس لەوە دەکات کە نابێ حکومەت لە کارەکانیدا مۆرکێکی مەزهەبی یان ئاینی بە خۆ بدات، و ئەم بابەتانە بۆ ئەنجومەنی تایفەگەری بەجێبهێلێت، و ئەوقافی سوننەو شیعە جیاکرێتەوەو لە بواری باری کەسێتیدا هەرکەسێک بۆ فقە تایفەگەری خۆی بگەرێتەوە، کە ئەمەش بە پێچەوانەی چەمکی هاوڵاتیبوونەو ئێستاش دەستوری عێراق دانی بە وەدا ناوە.

 کاردانەوەی سیاسەتمەدارانی ئەو کاتەی دەوڵەت لەسەر یاداشتەکەی پادشا لە بازنەی پشتگیریکردنی بۆچونەکانی بوو. توفیق السویدی جەخت لەسەر کۆتاهێنانی بە دابەشبوون‌و کار بۆ درووستکردنی گەلێکی عێراق دەکات کە لە رێگای شەراکەت لە حوکم‌و دامەزراندن لە وەزیفەی حکومی و لە ئەنجومەنەکان دوور لە تایفەگەرییەوە، بێت، و حکومەت بە یەک چاو تەماشای سەرجەم تایفەکان بکات، و ئەوقاف بدرێتە دەستی پیاوی ئاینی و تایفە و مەزهەبەکان.

 جعفر العسکری لە یاداشتەکانی خۆیدا پشتگیری لە ناوەڕۆکی یاداشتەکەی فەیسەلی یەکەم دەکات و باس لە یەکسانی لە مامەڵەکردن لە گەڵ سەرجەم نەریت و رێوڕەسمی ئاینی سەرجەم عێراقییەکان دەکات‌و دیسانەوە چارەسەرەکان لە سەربەخۆیی ئەوقاف و جیاکردنەوەی وەقفی شیعەو وەقفی سوننە دەبینێتەوە.

 هەر سەبارەت بەو یاداشتە لە لایەن شیعەکانەوە پرۆژەی پەیماننامەی النجف راگەیەنرا کە لەلایەن محمد حسین ال کاشف الغگا‌و و کۆمەڵێک مافناسانی شیعە مەزهەبەوە ئامادەکرابوو، کە باس لە دامه‌زراندی دادوەری شیعە مەزهەب‌و خوێندنی فقەی شیعە لە کۆلێجی مافی عێراق، و نەهێشتنی سیاسەتی جیاکاری تایفەگەری دەکات، و دانانی پاڵێوڕاوانی سوننە لە لیوا شیعە نشینەکان ڕاگیرێت، و هەر لیوایەک بکرێ بە بازنەیەکی هەڵبژاردن هەر وەکو لە قانونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێستای عێراق هاتووە.

 

 گەر بە ووردی بڕوانینە یاداشتی پادشاو کاردانەوەکانی توفیق السویدی و جعفر العسکری و محمد حسین ال کاشف، بۆمان دەرەکەوێت کە تێکرای ئەو بۆچوون‌و پرۆژانە کە هەندێکیان دوای 2003 لە دەستوری عێراق ئاماژەی پێکراوە، نەک نەبۆتە درووستکردنی گەلێک کە ناوی گەلی عێَراق بێت، بەڵکو قەیرانی دەوڵەتی عێراقی قوڵتر کردۆتەوە، وتایفەگەری و شوناسە هەرە لۆکاڵییەکانی فراوانتر کردوە، ئەمەش لە سایەی گەڕانەوە بۆ فقەی تایفەگەری، و پەنابردنە بەر حوکمی عەشایەری و خانەوادەیی لە چارەسەر کردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بە جۆرێک بوونی دادگا لە ناوەڕاست و باشوری عێراق دەزگایەکی شکڵییە، و لەجیاتی پرۆژەکانی گەشەپێدان وبایەخدان بە کشتوکاڵ و پیشەسازی و جوڵاندنەوەی ڕێڕەوی ئابوری ئاشتیانە، گەندەڵی و پەککەوتنی دارایی و زیادکردنی میلشیایی تایفەگەری‌و زیادکردنی خەرجی سەربازی ڕواڵەتی سەرەکی بارودۆخی ئێستای دەوڵەتی عێراقە.

 تێکرای یاداشتی پادشاو وەڵامدانەوەکان و کاردانەوەکان بە هیچ شێوەیەک باسی لە مەسەلەی کوردی نەکردووە لە کاتێکدا کۆمەڵێک بەڵین دوای لکاندنی ولایەتی موسڵ بە عێراق، بە کورد درا.

 سەڕەڕای ئەم ڕاستییە مێژوویانە سەبارەت بە وەزعی کورد لە سەرده‌می پاشایەتیدا، ئێستاش هەندێک لە سیاسەتمەداران دوور لەو ڕاستی مێژووییانە، پێیانوایە وەزعی کورد لە سەردەمی پاشایەتیدا باشتر بووەو ئەوەیان لە بیرچووە کە کوردستانی باشور لەو کاتەوەی دەوڵەتی عێراق درووست بووە لە قۆناغی رزگاری نیشتمانییە.  

 

 

author photo

سكرتێرى حیزبى شیوعى كوردستان