بۆچى وەزیری وزەی ئەمه‌ریکا سەردانى عێراق‌و هه‌رێمى كوردستانى کرد؟

لەسەر داواى عادل عه‌بدولمه‌ھدی سەردانی ھەولێری کرد

بۆچى وەزیری وزەی ئەمه‌ریکا سەردانى عێراق‌و هه‌رێمى كوردستانى کرد؟

963 خوێندراوەتەوە

ڕۆژی سێشەممە وەزیری وزەی ئەمه‌ریکا بەھاوەڵی ٥٠ کۆمپانیای ئەمه‌ریکی گەیشتە بەغدا، وەزیری وزەی ئەمریکا ( ریک پێری) چاوی بە سەرۆکوەزیران عادل عه‌بدولمه‌ھدی‌و سەرۆککۆمار بەرھەم ساڵح‌و ھەردوو وەزیری نەوت‌و کارەبای عێراق کەوت.

 

(ریک پێری) پێش وادەی تەواوبوونی ماوەی ٤٥ ڕۆژەکە، کە( ٢٠ )ی ئەم مانگە تەواو دەبێ، بەئاشکراو ڕاشکاوانە بەھەردوو وەزیری نەوت‌و کارەبای عیراقی ڕاگەیاندووە كه‌ سزاکانی سەر ئێران جدین‌و دەبێت واقیعیانە مامەڵەی لەگەڵ بکەن، بۆئەو مەبەستەش دەبێ ھێنانی گاز بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا لەئێران ڕابگرن، ئێستا کاتی ئەوەیە عێراق چیتر پشت بەو وڵاتانە نەبەستێت کەئامانجیان پاوانخوازی‌و ھەژموونە( مەبەستی ئێرانە) وە دەبێت عێراق لەمەودوا بەھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکا، بگاتە قوناغی سەربەخۆیی لەبواری وزە.

 

،،

من پێموایە ماوەی ھێنانی گاز لە ئێران بۆ عێراق درێژ دەکرێتەوە، چونکە ناکرێ‌و ئەستەمە بێیت یەکسەر گاز لەسەر حکومەتێک ببڕی کەتەمەنی دوو مانگ بێ

 

 

بۆ ئەو مەبەستەش، ژووری بازرگانی ئەمه‌ریکا کۆنگرەیەکی بۆ چۆنیەتی پێشخستن و کارکردن‌و بەرھەمھێنان لەبواری وزەی نەوت‌و گازو ئاو لەعێراق بۆ زیاتر لە ٥٠ کۆمپانیای ئەمه‌ریکی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لەعێراق ساز دەکات.

عێراقیەکانیش ڕاشکاوانە بە وەزیر ریک تێریان ڕاگەیاند کەناتوانن تا دووساڵیتر سەربەخۆیی لەدابینکردنی گازی سروشتی بۆ بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا لەعیراق دابین بکەن.

 وەزیری وزەی ئەمریکاش ھیچ وەڵامێکی عیراقی نەداوەتەوە، بەڵکو پێی ڕاگەیاندوون پێوویستە بۆ ئەم پرسە پرس‌و ڕاوێژ بە ئیدارەی سەرۆک ترەمپ بکات.

" ھاری ئستیبانیان"، ئەندامی پەیمانگای وزەی عێراق لە ئەمه‌ریکا، سەبارەت بەو پرسە دەڵێت:" من پێموایە ماوەی ھێنانی گاز لە ئێران بۆ عێراق درێژ دەکرێتەوە، چونکە ناکرێ‌و ئەستەمە بێیت یەکسەر گاز لەسەر حکومەتێک ببڕی کەتەمەنی دوو مانگ بێ".

 بەڵام دەڵێن باس لەوە کراوە، کە ئەمریکا لەجیاتی ئێران پێشنیاری وڵاتی کوێتی کردووە کە عیراق گازی سروشتی لێ ھاوردە بکات، دەشڵێن ڕێژەی بەرھەمھێنانی گاز لەکوێت کەمەو ناتوانێ پێداویستیەکانی عێراق دابین بکات، بۆیە ئەمه‌ریکا پێشنیاری کردووە تا ئەوکاتەی پیشەسازی گاز لەعێراق چاک دەکرێ، عیراق وزەی کارەبا لە وڵاتی سعودیە ھاوردە بکات.

 

عادل عبدالمهدى و ریک پێری

 

 سەفەرەکەی تێری بۆ ھەرێم

بەگوێرەی (ملحق الاعلامی) ڕاگەیاندنی سەفارەتی ئەمه‌ریکا لە بەغداد، سەفەری وەزیری وزەی ئەمه‌ریکا بۆ ھەولێرو چاوپێکەوتنی لەگەڵ بارزانی، لەسەر داوای عادل عه‌بدولمه‌ھدی بووە، مه‌هدى پێشنیاری کردووە کە سەفەرێکی ھەرێم بکەن‌و داوا لەھەرێم بکەن کە پشتگیری ھەنگاوە ھاوبەشەکانی عێراق‌و ئەمه‌ریکا بکەن، ھەروەھا گوێ لەپێشبیارو ڕای ھەرێمیش بگرن، کە تاچەند دەتوانن لەبواری دابینکردنی کارەبا بەو پارێزگایانەی نزیک ھەرێمن دابین بکەن.

 بەگوێرەی زانیارییەکان وەزیری وزەی ئەمریکا لەکۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى، داوای لێکردووە کە چەند دەتوانن گازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبای عیراق دابین بکەن، ئەگەر ئەم کارە نەتوانرێ جێ بەجێ بکرێ، ھەرێم دەتوانێ تاچەند ( میگاوات) کارەبا بۆ شارەکانی تری عیراق دەستەبەرو دابین بکات.

 ئەو کۆبوونەوانەی وەزیری وزە لەھەولێر ئەنجامی داوە، کۆبوونەوەی ئاسایی بوونەو ھیچ رێکەوتنێک‌و بڕیارێکی لێنەکەوتۆتەوە، بەڵکو وەزیری وزەی ئەمه‌ریکا پشتگیری خۆی بۆ ئەو ڕێکەوتنانەی لەنێوان ھەرێم‌و بەغداوە ئەنجامدراوە، دووپاتکردەوە.