جود و جوقد، قۆناغێكی فراوانتری شەڕی براكوژی لە شاخ

بۆ دژایەتی بەعس دروستكران، بەڵام كرانە ئامڕاز بۆ شكاندنی باڵی یەكتر

جود و جوقد، قۆناغێكی فراوانتری شەڕی براكوژی لە شاخ

1730 خوێندراوەتەوە

 
شەڕی برا كوژی نێوان حیزبە كوردییەكان لە سەردەمی شاخدا، گەڕو قۆناغی جیاوازی بەخۆوە دیوەو پڕ پڕە لە چیرۆك‌و ڕووداوی تراژیدی‌و لە سەروەختی دروستبوونی هەردوو بەرەی ( جوقد) و ( جود) یشدا، زیاتر توندبووەتەوەو هەڵكشاوە.

 
مێژووی هێزە سیاسییەكانی كورد لە باشوور، لەسەردەمی خەباتی شاخدا، پڕ پڕە لە ململانێ‌و شەڕو لەیەككوشتن، ئەگەرچی ئەوان دژ بە ڕژێمی بەعس چووبوونە شاخ، بەڵام وزەو هێزێكی زۆریان لە شەڕی نێوان یەكدیدا بەكاردەهێناو ڕاوی یەكدییان دەكرد.

 

،،

پیتی ( ق) كە ئاماژەیە بۆ گوزارەی نەتەوەیی، جیاوازی نێوان ناوی هەردوو بەرەكە بوو، بەڵام زۆر لەوە واوەتر جیاوازییەكە تا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەسات‌و ڕژانی خوێنی یەكدی دەچوو.

 

 
"جوقد" و " جود" دوو بەرەی سیاسیبوون، كە لە بنەڕەتدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی عێراق دروستكرابوون، یەكێتی دەسەڵاتدارو بزوێنەری یەكەمیان‌و پارتی لە بەرەی دووەمیاندا زاڵ‌و دەسەڵاتداربوو.


بەرەی " جوقد"، كورتكراوەی ( بەرەی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی دیموكراسی عێراق) ( الجبهة الوطنية القومية الديموقراطية لعراقية) بوو.
بەرەی ( جود) كورتكراوەی ( بەرەی نیشتیمانی دیموكراسی عێراق) ( الجبهە الوگنیە الدیموقراگیە العراقیە) بوو.


پیتی ( ق) كە ئاماژەیە بۆ گوزارەی نەتەوەیی، جیاوازی نێوان ناوی هەردوو بەرەكە بوو، بەڵام زۆر لەوە واوەتر جیاوازییەكە تا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەسات‌و ڕژانی خوێنی یەكدی دەچوو.

 

 
دروستكردنی هەردوو بەرەكە، گەڕو قۆناغێكی نوێی ململانێی نێوان پارتی‌و یەكێتی بوو، یەكێتی زووتر كەوتە خۆ بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنەكانیتر بەرەیەك پێكبێنێت‌و لە 22-10- 1979دا بناغەی دروستكردنی بەرەی جوقد دانرابوو.

 
لە 22ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1979 لە ناوزەنگ یەكێتی لەگەڵ چەند لایەنێكدا كۆ بوویەوەو بڕیاریاندابوو كە مانگانە كۆبوونەوە بكەن‌و لیژنەیەك پێكبێنن بۆ دروستكردنی بەرەیەكی دیموكراتی عێراقی یەكگرتوو.
لە 25ی كانوونی دووەمی ساڵی 1979، دووەم كۆبوونەوەیان ئەنجامداو ڕایانگەیاند كە هەوڵدەدەن بۆ دامەزراندنی بەرەیەكی نیشتیمانی دیموكراتی لە حیزب‌و هێزو كەسایەتییە نیشتیمانی‌و نەتەوەییەكان لە عێراقداو ڕاشیانگەیاند بەرەكە لە پێناو ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس‌و دامەزراندنی دەسەڵاتێكی ئیئتیلافی دیموكراتی دا تێدەكۆشێ.

،،

بەرەی جوقد، لە هەریەكە لە یەكێتی نیشتیمانی‌و "حیسك" ( حیزبی سۆسیالستی یەكگرتووی كوردستان)‌و هەرێمی سەركردایەتی حیزبی بەعس‌و بزوتنەوەی سۆسیالستی عەرەبی‌و حیزبی شیوعی عێراقی پێكهاتبوو.

 
دروستكردنی بەرەی جوقد، زۆر دەرئەنجامی هەوڵی سووریا بوو لەوكاتەداو كە دەستی كردبوو بە ڕێكخستنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بە ئامانجی ڕووخانی ڕژێمی بەعس.

لە 12 – 11 – 1980، ڕادیۆی دیمەشق هەواڵی دامەزراندنی بەرەی جوقد، ( بەرەی نیشتیمانی‌و نەتەوەیی دیموكراسی عێراق) ( الجبهە الوگنیە القومیە الدیموقراگیە لعراقیە)ی ڕاگەیاند.
بەرەی جوقد، لە هەریەكە لە یەكێتی نیشتیمانی‌و "حیسك" ( حیزبی سۆسیالستی یەكگرتووی كوردستان)‌و هەرێمی سەركردایەتی حیزبی بەعس‌و بزوتنەوەی سۆسیالستی عەرەبی‌و حیزبی شیوعی عێراقی پێكهاتبوو.

 


عەبدولجەبار كوبەیسی سكرتێری گشتی حیزبی بەعس – سەركردایەتی هەرێمایەتی، بەیاننامەی دامەزراندنی بەرەكەی خوێندەوەو مام جەلالیش وتاری بەرەكەی خوێندەوە.
نەوشیروان مستەفا دەڵێت لە بەرەی جوقددا پارتی ئافەرۆز كرابوو، ڕاستییەكەی ئەوە بوو كە یەكێتی ئەیوویست پارتی وەتەق بخات‌و لەمەیشدا " سەركردایەتی هەرێمی بەعس‌و بزوتنەوەی سۆسیالستی عەرەبی" هاوكاری یەكێتییان كرد.

 
بە وتەی نەوشیروان مستەفا بەرەی جوقد لە بری ئەوەی ببێتە دەزگای خەبات بۆ ڕووخاندنی بەعس، بووبوویە دوكانی پارە پەیدا كردن، ئەو لە كتێبی" پەنجەكان یەكتر دەشكێنن"دا دەڵێت:" من خۆم هیوایەكی زۆرم پێی نەبوو، جۆری پێكهاتەی لایەنەكان‌و توانای سیاسی‌و ڕێكخراوەیی‌و جەماوەرییان لەسەر ئەرزی واقیع‌و جیاوازی بیروبۆچوونیان لەسەر پاشەڕۆژی عێراق وایلێكردم من هیوایەكی ئەوتۆم بەم بەرەیە نەبێت، زیاتر لەوەی دەزگای خەبات بێت بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بوو بوو بە دوكانی پارە پەیداكردن، هەندێك لەو لایەنانە بەناوی پێكهێنانی لەشكرو ڕێكخستنی خەباتی نهێنییەوە پارەیەكی زۆریان لە لیبیا وەردەگرت".

،،

بەهۆی ئەوەی كە ساڵێك لەوەوبەر لە نیمچە بەرەی یەكێتی جیابووبوونەوە، پەیوەندی حسك‌و یەكێتی دژوار بوو، بۆیە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی ڕازینەبوون بەوەی لەگەڵ یەكێتیدا بچنە بەرەیەكەوە.

 

یەكێتی لەبەرەی " جوقد"دا، باڵا دەستبوو، دكتۆر مەحمود عوسمان بەناوی " حیسك"ەوەو بەبێ ئاگاداری‌و ڕەزامەندی سەركردایەتی حیسك، ئیمزای چوونە ناو بەرەكەی كردبوو، بەڵام ڕەسووڵ مامەندو زۆرینەی سەركردایەتی حیسك بە بەشداریكردن لە بەرەی " جوقد" دا ڕازینەبوون‌و دژی وەستانەوە.


بەهۆی ئەوەی كە ساڵێك لەوەوبەر لە نیمچە بەرەی یەكێتی جیابووبوونەوە، پەیوەندی حسك‌و یەكێتی دژوار بوو، بۆیە زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی ڕازینەبوون بەوەی لەگەڵ یەكێتیدا بچنە بەرەیەكەوە.

 
لەسەروەختی پێكهێنانی بەرەی " جود و جوقد"دا حیزبی سۆسیالست گیرۆدەی كێشەی ناوخۆیی بوو، ئەم دوو بەرەیە ناكۆكییەكانی ناو حیسكیان قوڵتر كردەوەو چوونە ناو بەرەی جوقد، یان چوونە ناو بەرەی جوود، بوویە یەكێك لە كێشە گەورەكانی ناو كۆنگرەی یەكەمی حیسك.

 


لە كۆنگرەی یەكەمی حیسكدا لە ساڵی 1981، كاتێك ڕەسووڵ مامەندو باڵەكەی لە كۆنگرەدا سەركەوتن، ئیدی لایەنگرانی چوونە ناو بەرەی جود زاڵبوون‌و حیسك لەناو بەرەی جوددا جێگیر بوو.
ڕەنگە هۆیتری چوونی حیسك بۆ ناو بەرەی " جوود" ئەوە بووبێت كە لەبەرەی " جوقد"دا حیسك لەسەركردایەتی بەرەكەدا نەبووەو پارەیەكی كەمیشی دەدرایە.
پاسۆك " پارتی سۆسیالستی كورد"، كە یەكێكبوو لە ئەندامانی بەرەی جوود، بەرلەوەی بچێتە ناو بەرەكەوە، " مەنسور كەریم"یان بەنوێنەرایەتی حیزب لە ڕێگەی یەكێتییەوە ناردبوو بۆ سوریا بۆ بەشداریكردن لەبەرەكەدا بەڵام نەگەشتبوونە ئەنجام بۆ چوونە ناو بەرەی جوقد.

 
لە كاردانەوە بەرانبەر بەرەی جوقد دا، پارتی لەگەڵ هەریەكە لە حسك‌و حزبی شیوعیدا بەرەی ( جود) ( بەرەی نیشتیمانی دیموكراسی عێراق) ( الجبهە الوگنیە الدیموقراگیە العراقیە) ی دروستكرد.
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1980 پارتی‌و حزبی شیوعی‌و حیسك، پرۆژەیەكیان بەناوی ڕەشنووسی پەیمانی بەرەی نیشتیمانی‌و دیموكراتی بڵاو كردەوە.
بە ئامادەبوونی هەریەكە لە مەسعود بارزانی‌و عەلی عەبدوڵاو ڕۆژ نوری شاوەیس لەپارتی‌و ڕەسووڵ مامەندو تایەری عەلی والی لە حیسك‌و ئەحمەد بانیخێڵانی‌و فاتیح ڕەسووڵ لە حیزبی شیوعی، لە 28 -11- 1980 لە نزیك شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كۆبوونەوەی كۆتایی پێكهێنانی بەرەكە ئەنجام دراو جوود ڕاگەیەنراو لە ساڵی 1981 پاسۆكیش هاتە ناو بەرەكەوە.

،،

عەزیز محەمەد دەشڵێت:" پاش دامەزراندنی بەرەی " جوود"یش بەیانێكمان بۆ حەلكردنی بەرەكە دەركرد، بەو مەرجەی پارتی لە بەرەی جوقددا بەشداری پێبكرێت، پارتی ڕازیبوو، بەڵام جوقد ڕازینەبوون".

 

بە ڕاگەیاندنی بەرەی جود، ئەندامێتی هەردوو حیسك‌و حیزبی شیوعی لەبەرەی جوقددا هەڵپەسێردراو ناكۆكی نێوان شیوعی‌و یەكیتیش سەری هەڵدا.
بە وتەی ئەحمەد بانیخێڵانی لە كۆبوونەوەی ڕاگەیاندنی بەرەی " جوود"دا مەسعود بارزانی وتوویەتی كە ئیتر كەڵەگایی لە یەكێتی قبوڵ ناكەین.
عەزیز محەمەد سكرتێری كۆچكردووی حیزبی شیوعی ئاماژە بەوە دەدات كە یەكێتی مەرجی هەبووە بۆ بەشداریكردنی پارتی لەبەرەكەداو مەرجەكەش ئەوە بووە كە پارتی دان بەهەڵەكانی ڕابردوویدا بنێت‌و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمەریكاو ئیسرائیلدا بپچڕێنێت.

 
عەزیز محەمەد دەشڵێت:" پاش دامەزراندنی بەرەی " جوود"یش بەیانێكمان بۆ حەلكردنی بەرەكە دەركرد، بەو مەرجەی پارتی لە بەرەی جوقددا بەشداری پێبكرێت، پارتی ڕازیبوو، بەڵام جوقد ڕازینەبوون".

 
بەمەبەستی ڕاگرتنی هاوسەنگی، حیزبی شیوعی بەشداری لە هەردوو بەرەكەدا كردبوو، بەرەی" جوقد و جود"، بەڵام بوونی حیسك لە هەردوو بەرەكەدا، پەیوەندی بەناكۆكییەكانی نێوان دكتۆر مەحمود عوسمان‌و ڕسووڵ مامەندی سكرتێرەوە هەبوو، هەرچەندە دكتۆر مەحمود بەناوی حیسكەوە ئیمزای چوونە بەرەی "جوقد"ی كردبوو، بەڵام سكرتێرو زۆرینەی سەركردایەتی حسك لەو بەشداریكردنە ناڕازیبوون‌و حسك تەنها بەناو لەبەرەكەدا بوو، لەبەرامبەریشدا بە بەهێزی‌و بەكرداری لە بەرەی " جود" دا بوون.

 
هەردوو بەرەكە نەك نەیانتوانی ئەو ئامانجانە وەدی بێنن كە بۆی درووستبووبوون، بەڵكو بوونە سەرەتایەكی نوێ بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی شەڕی براكوژی.
جوقدو جوود، كە نەیانتوانی ببنە فشار بۆ سەر حكومەتی عێراق، بوونە فراوانكردنی كایەی شەڕو ململانێكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی‌و هێزەكانیتر‌و تادروستبوونی بەرەی كوردستانی‌و كۆتاییهێنان بەشەڕی ناوخۆ لەسەردەمی شاخدا، چەندین گەڕی شەڕو لەیەك كوشتن لە نێوان هێزەكانی هەردوو بەرەكەدا بەڕێوەچوو.

.......

 

سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
پەنجەكان یەكتر دەشكێنن، نەوشیروان مستەفا
بزافی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورد – عەلی تەتەر نێوەیی
ژیانی سیاسی لەباشوری كوردستان – سەلام عەبدولكەریم
بیرەوەرییەكانم – ئەحمەد بانیخێڵانی

 

author photo

ڕۆژنامەنوسی سیاسی و دیكۆمێنتەری سیاسی و مێژویی