دە پێشبینی بۆ كابینەی داهاتووی حكومەت

خەستبوونەوەی سێبەری بارزانی باوك لە سیستەمی حوكمرانی

دە پێشبینی بۆ كابینەی داهاتووی حكومەت

1334 خوێندراوەتەوە

 


یەكەم: حكومەتێكی ئەمنی خۆشگوزەران
پێ دەچێت ئەمجارە دەسەڵات (بەتایبەت پارتی) بیەوێت، حكومەتێكی ئەمنی درووست بكات تاكو لای بەرامبەرەكانی ناوخۆو دەرەوە رەدعی هەبێت، بە كاندیدكردنی مەسرور بارزانیش بۆ سەرۆكی حكومەت تارمایی سەربازیی دەركەوت.


بەڵام لەبەرامبەر ئەمنی بوونی حكومەتتدا شتێك لە خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی تێدا دەبێت، لانی كەم موچە لەكاتی خۆیدا دەدرێـت تاكو كێشەی ناوخۆیی گەورەی بۆ درووست نەبێت.

 
ئەمەش پێ دەچێت لە هەفتەی دابێ دەركەوێت و بەرێكەوتن لەگەڵ بەغدا موچە بۆ فەرمانبەران بنێردرێت و لە ساڵی تازەشەوە بەشە بودجەی هەرێم زیاد دەكرێت.

 

 

 

،،

هەر جوڵانەوەیەك و ئاوازێكی جیاواز كە دژی دەسەڵات بێت بۆ بەهێزكردنی رۆڵی پەرلەمان كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت.

 

 

دووەم: پەرلەمانێكی لاوازو حكومەتێكی بەهێز
دەتوانین زۆری ژمارەی ئەندام پەرلەمانانی یەكێتی و پارتی كە زۆرینەی رەها پێك دەهێنن، وەك بەڵگەیەك باس بكەین كە پەرلەمانێكی لاواز درووست دەبێت تاكو حكومەت لەبەردەمیدا بەهێز بێت و پرۆژەكانی دەسەڵات پەكیان نەكەوێت.


هەر جوڵانەوەیەك و ئاوازێكی جیاواز كە دژی دەسەڵات بێت بۆ بەهێزكردنی رۆڵی پەرلەمان كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت.

 
سێیەم: بەرتەسكتر كردنەوەی رۆڵی راگەیاندن و میدیا
لەماوەی رابردوودا و لەسایەی كابینەكانی نێچیرڤان بارزانیدا میدیاو راگەیاندن نەیانتوانیوە ئازادی تەواویان هەبێت، هەرچەندە ناوبراو بە پیاوێكی مەدەنیش ئەژمار كراوە.


بۆیە پێ دەچێـت لەكابینەكەی برا گەورەدا (مەسروور بارزانی) ئەم ئازادییە بەرتەسكتر بكرێتەوە، و بە یاساو بەهێز زۆرتر كاریگەری میدیاكان فەرامۆش بكرێت.

،،

هەربۆیە دانانی مەسروری كوریشی بۆ هەمان مەبەست بوو كە بتوانێ وەك كەسی یەكەمی حوكمرانی مامەڵە بكات و لەسەرووی كورسییەوە بێت.

 

 

چوارەم: خەستبوونەوەی سێبەری بارزانی باوك لە سیستەمی حوكمرانی
كاتێك لە خولی دەرچوانی كۆلێجی سەربازی لە دهۆك بارزانی وەك دەوڵەمەتدار مامەڵە دەكات و بەبریاری ناوبراویش بەشی (ڤی ئای پی) لە بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دادەخرێت، بە ناراستەوخۆ ئەوەمان پێ دەڵێت كە: رۆڵی بارزانی باوك لەجاران زۆرتر دەبێت، كەمتر نابێـت.!


هەربۆیە دانانی مەسروری كوریشی بۆ هەمان مەبەست بوو كە بتوانێ وەك كەسی یەكەمی حوكمرانی مامەڵە بكات و لەسەرووی كورسییەوە بێت.

 

 

 

پێجەم: بێ منەتی دەسەڵات، لە دەنگی شەقام و نارازی و خۆپیشاندان
كاتێك دەسەڵات زۆرینەی جومگە هەستیارەكانی دەسەڵاتی لە چنگدا بێـت و پەرلەمانێكی دەستەمۆشی پێكهێنابێت ئیدی بێ باكە لە هەموو دەنگێكی نارازی كە بیەوێت جێ پێی حكومەت لەق بكات.
بۆیە چوار ساڵی داهاتوو بۆ خۆپیشاندانەكان و چالاكوانان پێ ناچێت دڵخۆش بێت و هەر جوڵانەوەیەك بێ ویستی دەسەڵات، سەركوتكرنی ئاسانە.

 

شەشەم: لاوازی حزبەكانی بەشدار لە حكومەت لەبەرامبەر بەهێزی پارتی و یەكێتی
رەنگە ئەو وتەیە راست بێ كە دەسەڵات (یەكێـتی و پارتی) زۆرینەی كارتەكانی دەستی لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵاتیان سوتاندووە، و ئەمرۆش زۆرینەیان بە چەند مەرجێك دەباتە حكومەت.


ئەمەش وا دەكات رۆڵی حزبەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی بەهێز نابێت و دەكەونە شوێن رێنمایی و پرۆژەكانی دەسەڵات، هەر خزمەتێكیش بە هاوڵاتیان بكرێت بەناوی دەسەڵاتەوە دەروات.

 


حەوتەم: كۆكردنەوەی دەسەڵاتەكان لەدەستی یەك تا دوو كەسدا
دەسەڵات زۆرینەی حكومەت و پەرلەمانی لە چنگدا بێت، بەرامبەر دەنگی نارازی و شەقام بێ منەت بێت، رۆڵی حزبەكانی دیكە و میدیای فەرامۆش كردبێت دەكرێت بەرەو دیكتاتۆریەت هەنگاو بنێت.


بۆیە ئەگەری زۆرە دەسەڵاتەكان لەدەستی چەند كەسێك كە لە بنەماڵەی بارزانی تێ ناپەرێت كورت بكرێنەوە، ئەمەش دەرەنجامی ئەو بێ منەتییە بەرامبەر بە دەنگەكانی دەرەوەی خۆی.

 

،،

سەرەتای جێ بەجێكردنی ئەم رێكەوتنەش شەوی رابردوو بەرجەستەكرا، كە توركیا باڵەكانی پەكەكەی لە شەنگال و مەخمور بۆردومان كرد، حكومەتی هەرێمیش ئیدانەی نەكرد.

 
هەشتەم: بنەبركردنی نەیارەكانی توركیا لە سایەی كابینەی نوێدا
لە پێناو بەرژەوەندی ئابوری و كردنەوەی دەروازەكانی ئابوری بەرووی هەرێمی كوردستاندا دەسەڵات (پارتی) پێ دەچێت رێكەوتنێكی لەگەڵ توركیا واژۆ كردبێت كە لە بەرامبەر لەناوبردنی نەیارەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان توركیا پەرە بە ئابوری هەرێم بدات.


سەرەتای جێ بەجێكردنی ئەم رێكەوتنەش شەوی رابردوو بەرجەستەكرا، كە توركیا باڵەكانی پەكەكەی لە شەنگال و مەخمور بۆردومان كرد، حكومەتی هەرێمیش ئیدانەی نەكرد.

 
نۆیەم: ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا
تاكو عادل عەبدولمەهدی كە بەدۆستێكی كورد ناسراوە لەسەر كورسی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی عێراق بەردەوام بێت و لەبەرامبەریشدا دەسەڵاتی كوردی بەتایبەت ماڵی بارزانی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ناوبرا بەرەوپێشتر ببەن، گرژییەكانی نێوان ناوەند و هەرێم بەرەو سستی دەرۆن.


بەمەش ئەگەری زۆرە پەیوەندییەكان باشتر ببن كە دواجار كاریگەریان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان دەبێت.

 

،،

 پێ دەچێت حكومەت بیەوێت بۆ بەهێزتركردنی پێگەی لەرووی ئەمنییەوە لەگەڵ چەند وڵاتێك بچێـتە دانوستان بۆ چەك كرین.

 

 

 

 

 
دەیەم:بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەكانی دەرەوە
دەسەڵات دەیەوێت بۆ بەهێزتركردنی پێگەی خۆی لەناوەوەو دەرەوەی هەرێم، پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراسێ و زلهێزانی جیهانی باشتر بكات، بۆ ئەوەی بتوانێ بەردەوامی بە سیستەمی حوكمرانی بدەن.


ئەم پەیوەندیانەش دیسان لەدەستی چەند كەسێكدا كورت دەكرێنەوە، ئەگەر رێكەوتنێكی نوێش لەدەرەوە واژۆ بكرێت تەنها چەند كەسێك ئاگادار دەبن.
كە پێ دەچێت حكومەت بیەوێت بۆ بەهێزتركردنی پێگەی لەرووی ئەمنییەوە لەگەڵ چەند وڵاتێك بچێـتە دانوستان بۆ چەك كرین.

 

author photo

ماسته‌ر له‌ زانسته‌ رامیارییه‌كان

ئه‌ندامى كاراى سه‌ندیكاى ڕۆژنامەنووسانی کوردستان