وێستگە سیاسییە جیاوازەکانی نەوشیروان مستەفا

بۆچی نەوشیروان مستەفا ھەوڵی حەلکردنی باڵی مەکتەبی سیاسی دا؟

وێستگە سیاسییە جیاوازەکانی نەوشیروان مستەفا

1298 خوێندراوەتەوە

ژیان و لەدایکبوونی نەوشیروان مستەفا

 

بێگومان کاتێک مرۆڤ دێتە بون، ئەوکات ژیانی دەستپێدەکات، لێرەوە مێژووی تایبەت بەخۆی بونیاد دەنێت. (نەوشیروان مستەفا ئەمین) لە ساڵی (١٩٤٤) لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا) ی شاری سلێمانی لە بنەماڵەیەکی ناسراو ڕۆشنبیری ئەو شارە لەدایکبوە. قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی تەواوکردوە، پاشان لە ساڵی (١٩٦٧) کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردوە، لە ساڵی (١٩٨١) خێزانی پێکەوەناوە، خێزانەکەی خوشکەزای ڕەفعەتی مەلای ھاوڕێی دێرینی شاخ و شاریەتی.

،،

نەوشیروان مسەفا، ھەر لە منداڵییەوە سودی لەو کتێبخانەی باوکی وەرگرتوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕۆشنبیری ئەو ھەبووە

 

 

 (نەوشیروان مستەفا) خاوەنی دو (٢) کوڕ و کچێکە بە ناوەکانی (نما، چیا، چرا). (نما) کۆلێژی کارگێڕی و ئابوری لە لەندەن تەواوکردوە. (چیا) پاش تەواوکردنی کۆلێژ لە لەندەن، ماجستێری لە ئەمریکا خوێندوە. چرای کچیشی کۆلێجی پزیشکی لە لەندەن تەواو کردوە. بەپێی قسەی ڕەفعەتی مەلا، کە ھاوڕێیەکی نزیکی (نەوشیروان مستەفا) یە ماوەی زیاتر لە (٤٠) ساڵە دەیناسێـت و دەڵێت: ((بنەماڵەی نەوشیروان مستەفا، بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری سلێمانی بون، باوکی پیاوێکی ڕۆشنبیربوە، لە ماڵەکەیدا خاوەنی کتێبخانەیەکی گەورە بوە، بە بڕوای ئەو ھاوڕێ نزیک و دێرینەی (نەوشیروان مستەفا)، ھەر ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی (نەوشیروان مستەفا) داناوە، بەتایبەت لە ڕوی ڕۆشنبیری و سیاسییەوە)). 

 

 ھەر لەم بارەیەوە ڕفعەتی مەلا دەڵێت: ((نەوشیروان مسەفا، ھەر لە منداڵییەوە سودی لەو کتێبخانەی باوکی وەرگرتوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕۆشنبیری ئەو ھەبووە)). 

 پوختەی ژیانی نەوشیروان مستەفا ئەمین:

-- ساڵی (١٩٤٤) لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا) ی شاری سلێمانی لە دایکبوە، خوێندنی سەرتایی و ناوەندی دواناوەندی لە سلێمانی تەواوکردوە.
-- ساڵی (١٩٦٧) کۆلێژی زانستە ساسییەکانی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردوە.
-- لە سەرەتای حەفتاکان چووەتە نەمسا و ماجستێری لە یاسای نێودەوڵتی لە نەمسا تەواوکردوە.
-- سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردو دەستی بە کار و چالاکی سیاسی کردوە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسی لە یەکێتیی قەتابیانی کوردستان بوە، ساڵانی (١٩٦٣) و (١٩٦٤) بووەتە ئەندامی سکرتارییەتی یەکێتیی قوتابیان.
-- ساڵی (١٩٦٧) بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی – پارتی دیموکراتی کوردستان.
-- ساڵی (١٩٦٩) خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری ڕزگاری بوە.
-- لە ساڵی (١٩٧٥) یەکێک بوە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان.
-- سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوە..
-- لە ساڵی (٢٠٠٦) بە یەکجاری وازی لەکاری حیزبی لە نێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ھێنا.
ساڵی (٢٠٠٧) کۆمپانیای وشەی دامزراند.
-- ساڵی (٢٠٠٩) بۆ ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لیستی گۆڕانی دروستکرد.
-- چەندین کتێبی لە بواری سیاسی و مێژوی و ئەدەبی ھەیە.
-- لە ساڵی (١٩٨١) ژیانی ھاوسەری لەگەڵ خاتو (شەعلە عەلی) پێکھێناوە.
-- باوکی دو (٢) کوڕ و کچێکە بە ناوەکانی (نما، چیا، چرا).
-- نەوشیروان مستەفا، لە (١٩ - ٥ – ٢٠١٧) کۆچی دوایی کردووە، لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.

 

 

 ئەندامێتی و چالاکییەکانی (نەوشیروان مستەفا) لە نێو یەکێتیی قوتابیانی کوردستان


سەرەتای ژیانی سیاسی (نەشیروان مستەفا ئەمین) لە شەستەکانی سەدەی ڕابردو دەستی بەکار و چالاکی سیاسی کردوە، یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسیشی یەکێتیی قەتابیانی کوردستان بوە. لە سەرەتای ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە لە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، چالاکانە کاریکردوە. لە ساڵانی (١٩٦٣) و (١٩٦٤) بووە بە ئەندامی سکرتارێتی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان. ھەر لەو ماوەیەدا بووە بە ئەندام لە پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی (١٩٦٧) بووە بە ئەندامی لقی سلێمانی پارتی دیموکراتی کوردستان. ئەو گەنجانەی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی کە دیارترینیان بریتیبون لە (نەوشیروان مستەفا، ڕەفعەتی مەلا، شازاد سائیب، سمکۆ عەبدوڵا)، وەک چەند گەنجێکی چالاک و ھەڵسەڕاو لە شەستەکاندا زیاتر سۆزیان بۆ باڵی مەکتەبی سیاسی ھەبوە.  

 

،،

 ساڵی ١٩٧١ کە دواین کۆنگرەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە بەغدا گیرا ئێمە کارمان بۆ ئەوە دەکرد کە ئەو باڵە حەلبکەین، ئەوە بوو بەیانی ١١ی ئازار ھاتبووە پێشەوە، کاک (نەوشیروان) یەکێک بو کە چالاکانە بۆ ئەو مەبەستە کاری دەکرد، چونکە پێمان وابو حەلکردنی ئەو باڵە ڕێگە خۆشدەکات بۆ ڕێکخستنێکی تازە کە ئیشمان بۆ دەکرد

 

 بە بڕوای یەکێک لە ھاوڕێ نزیکەکانی (نەوشیروان مستەفا)، ئەم گەنجانە سەرکردە دیارەکەیان (نەوشیروان مستەفا) بووە. (ڕەفعەتی مەلا) لەم بارەیەوە دەڵێت: ((لە کۆنگرەی کەلاری ساڵی ١٩٦٧ ئێمە پێکەوە کۆمەڵێک گەنج بووین، کە دەمانەویست لەو کاتەدا لەو کۆنگرەیەدا وابکەیەن کە ڕیفۆرم لە باڵی سیاسیدا بکەین کە بریتیبو لە (نەوشیروان مستەفا، ڕەفعەتی مەلا، شازاد سائیب، سمکۆ فەتحوڵا) کۆمەڵێک گەنج بووین کە داوامان دەکرد باڵی مەکتەبی سیاسی ڕیفۆرمی تێدا بکرێت و ھەندێک لە سەرکردەکانی دوور بخرێتەوە لە سەرکردایەتی، چونکە ئێمە بە شایستەمان نەدەزانیین، ھەروەھا دەشڵێت یەکێک لە مەبەستەکانمان ئەوە بوو کە بەڕاستی باڵی سیاسی دوور بخەینەوە لە ھاوکاریکردنی حکومەتی عێراق و وابکەین کە ڕیزەکانی میللەتەکەمان بپارێزین و پارچە پارچە نەبێت، بەڵام دیارە لەو کۆنگرەیەدا سەرکەوتوو نەبووین.)) 

 

 (ڕەفعەتی مەلا) یەکێکە لە ھاوڕێ دێرین و نزیکەکانی (نەوشیروان مستەفا) بەم جۆەرە چیرۆکی ناسینی ئەو دەگێڕێتەوە، ((کە خەڵکی یەک گەڕەکی شاری سلێمانین و دراوسێ بوون جگە لە کاری سیاسی، بەڵام وەک کارکردن لە شەستەکانەوە ناسیومە لە ساڵی (١٩٦٤) کاک نەوشیروانم ئەو کاتە ناسیوە کە ئەو کاتە پارتی دەیەویست لەگەڵ حکومەتی عێراقدا ئاشتییەک دروست بکات، باڵی مەکتەبی سیاسی دژی بون بەیانێکیان لەو بارەوە دەرکرد کە ئەو بەیانەی مەکتەبی سیاسی توند بو، ئێمەش بە بڕوای ئێمە وەکو کۆمەڵێ گەنجی ئەو سەردەمەی ناو پارتی پێمان وابو ناکۆکیەک لەگەڵ خوالێخۆشبو (مستەفا بارزانی) دا دروستدەکات، لەبەرئەوە پێمان باش نەبو ئەو بەیانە بەو توندو تیژییە دەربچێت، بەڵام بەداخەوە ئەوە دەرچو، کەئەوەش ھەنگاوی یەکەم بوو بۆ پارچە پارچە بون لە ناو بزوتنەوەی کودریدا )). 

 (ڕەفعەتی مەلا) لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: (( تا ساڵی ١٩٧١ کە دواین کۆنگرەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە بەغدا گیرا ئێمە کارمان بۆ ئەوە دەکرد کە ئەو باڵە حەلبکەین، ئەوە بوو بەیانی ١١ی ئازار ھاتبووە پێشەوە، کاک (نەوشیروان) یەکێک بو کە چالاکانە بۆ ئەو مەبەستە کاری دەکرد، چونکە پێمان وابو حەلکردنی ئەو باڵە ڕێگە خۆشدەکات بۆ ڕێکخستنێکی تازە کە ئیشمان بۆ دەکرد، ئەویش کۆمەڵەی ڕەنجەدەران بوو، فیعلەن لەو کۆنگرەیەدا توانیمان باڵی مەکتەبی سیاسی حەلبکەین ئەوە بوو چون تێکەڵ بوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا )).  

 

 

 

بابەکر دڕەیی لە بارەی (نەوشیروان مستەفا) وە، دەڵێت: ((نەوشیروان مستەفا لە پێوانەیەکی مێژویدا مرۆڤێکی مەزن و دەگمەن بو. جێی داخە ئێستاش نوغبەی خوێندەوار و سیاسی کورد، درکی بە کەسایەتی ڕەسەن و بێوێنەی نەکردوە، پێگە و کاریگەری ئەوی بە تەواوەتی بۆ نەخوێنراوەتەوە، ھەر بۆیە ئەرکمانە ڕێگە نەدەین، کە ھیچ وشە و ڕستەیەکی بچێتە دونیایی فەوتان و بیرچونەوەوە، چونکە نەخشی ئەو لە مێژوی کورد و عێراقدا، پێویستی بە لێکۆڵینەوە و کاری ئەکادیمی ورد ھەیە)).

 ھەر لە درێژەی قسەکانیدا بابەکر دڕەیی، دەڵێت: ((نەوشیروان مستەفا، پیاوی ڕوداوە گرنگەکان بو، مێژوی ژیانی، لە قۆناغەکانی ژیانی میللەت جیا نابێتەوە، کە تیایدا ھەنگاوی جدی و ورد و گرنگ بۆ پێشەوە نراون، جا ئەو ھەنگاوانە لە دەسپێکی خەباتی چەکداریی ناوەڕاستی حەفتاکاندا، یاخود لە داڕشتنی بناغەی حوکومەتی خۆماڵیدا، یان لە یاسامەندکردنی ژیانی سیاسی عێراق لە ئاستە گشتییەکەیدابێت، سەرەنجامیش وەستانەوەی ئازایانەی بەرانبەر کۆی مێژوی خۆی و حیزب و پرۆسەی سیاسی وڵاتەکەی، بە ڕەخنەکردن و سەرکۆنەکردنی لە پێناوی بە خۆدا چونەوە و نوێکردنەوە و پتەوکردنی، ئەوەش لە ڕێگای دامەزراندنی (کۆمپانیای وشە) وە )). 

 

 سەرچاوە:
- بیرەوەری ژیان و مەرگی نەوشیروان مستەفا - کرێکار حەمەغەریب بێدەری.
- ژیانء نھێنییەکانی نەوشیروان مستەفا - لیژنەیک لەڕۆژنامەنوسان