سیناریۆكانی پشت هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات‌و كاردانەوەكانی

بۆچی كاردانەوەی ئەمەریكا بەرانبەر هەڕەشەكانی توركیا لاوازە؟

سیناریۆكانی پشت هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات‌و كاردانەوەكانی

955 خوێندراوەتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆك كۆماری توركیا رۆژی چوارشەمەی ڕابردووی لە لوتكەی پیشەسازی وڵاتەكەی لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە ئەنكەرەی پایتەخت بەڵێنی دا كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ، سوپای وڵاتەكەی هێرشێكی فراوان بكاتە سەر باكوری سوریاو رۆژهەڵاتی فورات ( رۆژئاوای كوردستان).

 

 
ئەم هەڕەشانەی ئەردۆگان یەكەم جار نیەو پێناچێت دواین جاریش بێت، لەبەر ئەوەی ترسی توركیا پەیوەست نیە بە ناوچەیەكی دیاری كراوەوە، بەڵكو نیگەرانی توركیا پەیوەستە بە كۆی خاكی ڕۆژئاوای كوردستان و داهاتووی سیاسی ناوچەكەوە، بۆیە دەمانەوێت شی كردنەوە بۆ دۆخی دوای هەڕەشەكە بكەین و بزانین هەڕەشەكە جدیە، یان تەنها گوشارێكە؟ ترسی توركیا لە چیدا سەرچاوەی گرتووە، وەڵامی ئەمریكا بۆ ئەم هەڕەشانە دەبنە هۆی وەستاندی هێرشە چاوەڕوان كراوەكە، هەڵوێستی كورد چی دەبێت، هەموو ئەمانە دەمانەوێت بە پشت بەستن بە لۆژیك و تێڕوانین لە ڕووداوەكانی ڕابردوو لێكەوتەكان شی بكەینەوە.

 

،،

پلانەكەمان تەواوكردووە، ئامادەین بۆ لەناوبردنی ڕێكخراوە تیرۆرستیەكان لە رۆژهەڵاتی فورات، توركیا دژی ئەو گروپانە لە داهاتوودا دەستوەردان دەكات

 

 
یەكەم: ئۆپراسیۆنەكانی توركیا لە سوریادا:

توركیا لە ماوەی چەند ساڵێكی كەمی ڕابردوودا دوو ئۆپراسیۆنی فراوانی لە رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، یەكەمیان لە ژێر ناوی ( قەڵغانی فورات)بوو، كە لە هاوینی ساڵی 2016 دەستی پێكرد و هەشت مانگی خایاند، هەرچەندە توركیا رٍایگەیاند بۆ لەناوبردنی چەكدارانی داعش و شەڕڤانانە، بەڵام لە ڕاستیدا بۆ هێرش كردنە سەر شەڕڤانان بوو، ناوهێنانی داعشیش لە پاڵ شەڕڤانان كە بڵێت یەپەگەش وەك داعش تیرۆرستە، هەروەها لەناوبردنی داعش ئەو دروشمەیە كە زۆر وڵات بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاریان هێناوە، ئەم ئۆپراسیۆنە لە مانگی ئازاری 2017 كۆتایی هات.


ئۆپراسیۆنی دووەمی توركیا لەسەرەتای ساڵی 2018دا بوو، بە ناونیشانی ئۆپراسیۆنی (چڵە زەیتون) ، كە نزیكەی دوو مانگی خایاند و بە داگیركردنی عەفرین كۆتایی هات، ئەم ئۆپراسیۆنە بە هاوكاری چەكدارانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەنجامدرا، كە چەندین گروپی ئیسلامی توندڕەون و شۆڕشی گەلی سوریایان بەلاڕیدا برد.

 


دووەم: توركیا بۆ هێرش دەكاتە سەر رۆژئاوا:
توركیا بە درێژایی 822 كیلۆمەتر (511میل) لەگەڵ سوریادا هاوسنووەر، كە دەكاتە ناوچەكانی باكوری كوردستان لە توركیا ڕۆژئاوای كوردستان لە سوریا ، زۆرینەی ئەم ناوچانە لەلایەن یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە بە هاوكاری ئەمریكا بەڕێوەدەبرێن،لەم كۆتایانەشدا ئەمریكا (26) خاڵی سنووری بۆ چاودێری تێدا جێگیر كردووە.

 
توركیا لەو هێزە كوردیە نیگەرانە، چونكە لەلایەك بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستانیان دەزانێت و لەلایەكی تریشەوە ترسی ئەوەی هەیە لە دوور مەودادا باكوری سوریا بكرێتە هەرێمێكی فیدڕاڵی، ئەو كات ناچار دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بكات،دواتریش داواكارییەكە پالبهاوێژێت بۆ كوردانی توركیا، ئەمەش واتەی لەناوچوونی هەموو هەوڵەكانی توركیایە كە دژی دروستبوونی كیانێكی كوردی ئەنجامی داوە، هەروەها ئەو كات دەبێتە واقیع كە كوردانی باكوری كوردستانیش هەمان داواكاریان هەبێت و داوای فیدڕاڵی لە توركیادا بكەن، ئەم مەترسیە لای بەرپرسانی توركیا تەواو جدیە، چونكە بە ئاشكرا لە سوریادا داواكاریەكی لەو جۆرە لەلایەن كوردەوە هەیە، هەروەها پێشتریش هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانرا، كەواتە پێدانی فیدڕاڵی بە كوردەكان لە كوردستانی دابەش بوودا، ئەو مەترسیەیە كە ئۆقرەی لە توركیا بڕیوە.

 
سێیەم: هەڕەشەكانی توركیا جدین:
توركیا لە ڕابردوودا دوو هێرشی تری ئەنجامداوە (قەڵغانی فورات، چڵە زەیتون)، هەروەها فرۆكە جەنگیەكانی توركیا لە 30/10/2018 پێگەكانی یەكنەكانی پاراستنی گەل-یان لە رۆژهەلاتی فورات بۆردوومان كرد، بۆردومانكردنەكە دوای لێدوانێكی رەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ كوتلەی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا هات كە وتی: "پلانەكەمان تەواوكردووە، ئامادەین بۆ لەناوبردنی ڕێكخراوە تیرۆرستیەكان لە رۆژهەڵاتی فورات، توركیا دژی ئەو گروپانە لە داهاتوودا دەستوەردان دەكات".

 
هەر دوای ئەم وتەیە هێرشی فرۆكە جەنگیەكان دەستی پێكرد،هەروەها دواین جاریش كە هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی سەربازی كرد ڕۆژی (12-12-2018) بوو، دوای یەك ڕۆژ لەوهەڕەشەیە فرۆكە جەنگیەكانی توركیا هێرشیان كردە سەر كەمپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی لە مەخمور، دواتریش هێرشیان كردە سەر گوندی سكێنی-ی شەنگال كە بەهۆیەوە چوار كەس شەهید بوون.

 
بۆیە هێرشی چاوەڕوانكراوی توریكا بۆ سەر رۆژهەلاتی فورات چاوەڕوان كراوە و جدیە، گەر توركیا ئەوەی دەیەوێت دەستی نەكەوێت، هێرشەكە ئەنجام دەدات.

 

،،

دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیوەندی بە رەجەب تەیب ئەردۆگان هاوتە توركیەكەیەوە كردووە ، لەو پەیوەندیدا باس لەو هەوڵانە كراوە كە دەبنە هۆی دورخستنەوەی هەر بەریەك نەكەوتنێكی سوپای توركیا لە باكوری سوریا

 
چوارەم: كاردانەوەی ئەمریكا لاوازە
دوای ئەوەی سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی ئۆپراسیۆنی كرد،شۆن ڕۆبێرتسن وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) نیگەرانی ئەمریكای لەسەر هێرشی چاوەڕوان كراوی توركیا دەربڕی و ڕایگەیاند هێرشی تاك لایەنەی توركیا بۆ سەر باكوری رۆژهەڵاتی سوریا جێگەی قبوڵ نیە و مایەی نیگەرانیەكی زۆرە.

 
ئەم كاردانەوەیەی ئەمریكا لای توركیا هیچ گرنگیەكی ئەوتۆی پێنەدرا، چونكە وەك وەڵامێك بۆ ئەو ( نیگەرانیە) ی ئەمریكا فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆردومانی كەمپی ئاوارەكانی مەخموریان كرد، هێرشە ئەوەندەی پەیامێكی سیاسی بوو، ئەوەندە سەربازی نەبوو، پەیامێكی توندی توركیا بوو بۆ ئەمریكا، ئەم پەیامەش توركیا نەیشارۆدتەوە،ئەوەتا فەخرەددین ئاڵتوون سەرۆكی فەرمانگای پەیوەندییەكان لە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، تویتێكی لەسەر بۆردومانی ئاسمانی فرۆكەكانی توركیا بۆ سەر پێگەكانی پەكەكە لە شەنگال بڵاوكردەوە و دەڵێت:"ئەمشەو هێزەكانی سوپای توركیا، ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانی سەركەوتوویان بۆ سەر چیای قەرەچووغ و شەنگال ئەنجامدا كە بۆتە پێگەی ئەو تیرۆرستانەی كە بوونەتە هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتمیانیی و سەقامگیری ناوچەكە".

 
دەربارەی ئامانج و پەیامی ئەم هێرشە فەخرەددین ئاڵتوون دەڵێت:"ئەم ئۆپراسیۆنە پەیامێكە بۆ ئەوانەی كە پشتگیری تیرۆر دەكەن و گورزێكی كاریگەرە لە تیرۆر."
بەم لێدوان و هێرشە دەردەكەوێت، كە توركیا گرنگیەكی ئەوتۆ بە كاردانەوەكەی ئەمریكا نادات، هۆكاری ئەمەش بۆ توركیا ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ لاوازی كاردانەوەی ئەمریكا دەگەڕێتەوە، چونكە ئەمریكا هەر كات وشەی ( نیگەرانی، خراپتر بوونی دۆخەكە، قبوڵ كراو نیە.... هتد) لە بەیاننامەكاندیا بەكارهێنابێت، ئەوا دواتر هیچ كاردانەوەیەكی لە هەڵكشانی ڕووداوەكان نەبووە، بۆ ئەمەش دەتوانین هێرشی سوپا و حەشدی شەعبی لە ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو بهێنینەوە، كە ئەمریكا بەرامبەر هێرشەكان بێ دەنگ بوو، تەنها نیگەرانی خۆی دەربڕی، هەروەها كاتێكیش سوپای توركیا ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتوونی دەست پێكرد، رۆژنامەی واشنت تایمز ئاشكرای كرد كە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیوەندی بە رەجەب تەیب ئەردۆگان هاوتە توركیەكەیەوە كردووە ، لەو پەیوەندیدا باس لەو هەوڵانە كراوە كە جەبنە هۆی دورخستنەوەی هەر بەریەك نەكەوتنێكی سوپای توركیا لە باكوری سوریا.

 
بەڵام هەوڵەكانی ئەمریكا سەركەوتوو نەبوو، ئۆپراسیۆنەكە ئەنجامدرا، هۆكاری سەرنەكەوتنەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی ئەمریكا،ناجدی بوونی لە وەستانی هێرشەكە خۆ ئەگەر جدی بوایە چۆن بینیمان هەموو هەوڵێكی خۆی خستە گەر تا قەشە برانسۆنی ئازادكرد، هەروەها كۆریای باكوری ناچار كرد دانوستانی لەگەڵ بكات و تەنگی بە ئێرانیش هەڵچنیوە،بەهەمان شێوە كاردانەوەیەكی وا توندی نیشان دەدا، كەواتە دەتوانین بڵێین ئەمریكا جدی نیە لە پرسی هێرش كردنە سەر باكوری سوریا.

،،

توركیا تاكو ئێستا چەندین هێرشی ئاسمانی و ئۆپراسیۆنی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكانیش بەردەوام بوون تا ئامانجەكەی پێكاوە، ئێستاش دەیەوێت ئۆپراسیۆنێكی تر بۆ سەر رۆژهەلاتی فورات ئەنجام بدات، هیچ گەرەنتەیەكیش نیە كە ئۆپراسیۆنی تریش ئەنجام نەدات، چونكە كێشەی توركیا تەنها ناوچەیەكی دیاری كراو نیە، بەڵكو كێشەی توركیا ئەوەیە كە لە داهاتووی هەموو ناوچە كوردنشینەكان دەترسێت، كە لە داهاتوودا داوای فیدڕاڵی بكەن و ببێتە واقیع


پێنجەم: توركیا هێرشەكە ئەنجام دەدات:
ئەردۆگان لە ڕابردوودا هەر هەڕەشەیەكی كردبێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن بۆ لە خاكی سوریادا، ئەوا هێرشەكە كراوە، بۆیە هەڕەشەی ئەمجارەش جدیە و هەسەدەش بە جدی هەڕەشەكەی وەرگرتووە، ئەوەتا مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ رۆیتەرز دەڵێت:" ئێمە ئامادەین بۆ هەر هێرشێك و بەهێز وەڵامی دەدەینەوە... لەو ناوچانەی كە ئێمەی تێداین، تاكو ئێستا هەوڵە دیپلۆماسیەكان بەردەوامە، بۆ ئەنجام نەدانی هێرشەكە بۆ سەر ناوچەكانمان"
دەشڵێت:" تاكو ئێستا داعش لە رۆژهەڵاتی سوریا بەهێزە، هەروەها نزیكەی( 5000) پێنج هەزار چەكداری داعش لە سوریادا ماون، بۆیە هێرشەكەی توركیا لەلایەن داعشەوە سودی لێوەردەگێریتەوە بۆ خۆ بەهێز كردنەوە"

 
لەم وتانەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە هێشتا هیوایەكی دیپلۆماسی ماوە بۆ ئەنجام نەدانی هێرشەكە، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسیەكە كاتێك ئەنجامی دەبێت، كە ئەنجامەكەی بۆ توركیا هێندەی هێرشە كاریگەر بێت، كە ئەمەش تا ڕادەیەكی زۆر ئەستەمە، چونكە جێبەجێ كردنی داواكارییەكانی توركیا قورسە، ئەمریكا ناتوانێت (26) خاڵی پشكنینی سەر سنور لابەرێت و دەستبەرداری كورد بێت، كە تاكە ڕێگەی مانەوەی ئەمریكایە لە سوریادا، بۆیە ئەنجامدانی هێرشەكە چاوەڕوان كراوە.

 


شەشەم: دەرئەنجام:
توركیا تاكو ئێستا چەندین هێرشی ئاسمانی و ئۆپراسیۆنی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان ئەنجامداوە، ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكانیش بەردەوام بوون تا ئامانجەكەی پێكاوە، ئێستاش دەیەوێت ئۆپراسیۆنێكی تر بۆ سەر رۆژهەلاتی فورات ئەنجام بدات، هیچ گەرەنتەیەكیش نیە كە ئۆپراسیۆنی تریش ئەنجام نەدات، چونكە كێشەی توركیا تەنها ناوچەیەكی دیاری كراو نیە، بەڵكو كێشەی توركیا ئەوەیە كە لە داهاتووی هەموو ناوچە كوردنشینەكان دەترسێت، كە لە داهاتوودا داوای فیدڕاڵی بكەن و ببێتە واقیع، دواتریش ئەمە ببێتە داواكاری كوردانی توركیاش، بۆیە توركیا هەموو هەوڵەكانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ لاباربردنی هەر هەوڵێكی لەو جۆرە، بۆ ئەمەش سودی لە لاوازی كاردانەكانی ئەمریكا وەرگرتووە، چونكە ئەمریكا هیچ كات بە شێوەیەكی جدی وەڵامێكی توندی بۆ هەڕەشەكانی توركیا نەبووە، كە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگی توركیا بۆ ئەمریكا، لە كۆتایشدا توركیا ئەم ئۆپراسیۆنە ئەنجام دەدات، كە هەوڵە دیپلۆماسیەكان لە بەرژەوەندی خۆیدا سەركەوتوو نەبوو.

 

author photo

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی

ئەزمونی پێنج ساڵ کاری ڕۆژنامەوانی و وەرگێڕان