ئاڵای کوردستان و مەبەستی پاڵ دیاریکردنی ۱۷ی کانونی یەکەم وەک ڕۆژی ئاڵا

ئاڵای کوردستان و مەبەستی پاڵ دیاریکردنی ۱۷ی کانونی یەکەم وەک ڕۆژی ئاڵا

267 خوێندراوەتەوە

هەموو کیانێکی سیاسی ئاڵایەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە گوزارشت لە کولتور و پێکهاتە و تایبەتمەندیەکانی ئەو وڵاتە دەکات و ڕەمزی سەروەری و سیادەیە. مەرج نییە ئەو قەوارەیەی ئاڵای تایبەت بەخۆی هەیە دەوڵەت یان هەرێم بێت بەڵکو کیانی بچوکتر لە هەرێمیش ئاڵای تایبەت بەخۆی هەیە. هەبوونی ئاڵا پەیوەندی بە دانپێدانانی دەوڵەتانەوە نییە بەڵکو ئاڵا ڕەمزێکە بۆ یەکێتی کۆمەڵەیەک و خۆجیاکردنەوەی لەکۆمەڵەیەکی تر.

 شتێکی ئاساییە کە ئاڵای نەتەوەیەک یان وڵاتێک بەپێی جیاوازی قۆناغەکانی مێژوو گۆڕانی بەسەردا هاتبێت، لەسەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر لەیەک جیاوازبێ. زۆر جار بەگۆڕانی سیستەمی حوکم لە وڵاتێک ئاڵای وڵاتەکەش لەگەڵ سیستەمەکە گۆڕاوە، وەکو ئەوەی لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەحس ئاڵای عێراق چەند جارێک گۆڕانی بەسەردا هات تاکو لەساڵی ۲۰۰٨ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەیاسا ئەوشێوەیەی ئێستای پەسندکرد. هاوشێوەی وڵاتان ئاڵای کوردستانیش بەپێی قۆناغە جیاوازەکانی مێژوو گۆڕانی بەسەردا هاتووە ئەگەر لەسەردەمی میرنشینی سۆرانەوە لەساڵی ۱٨۱٦ وە وەریبگرین تاکو ئێستا ئاڵای کوردستان پێنج شێوەی بەخۆیەوە بینیوە.

 ئاڵای کوردستان لە رابردودا

 

لەپێناو ئەوەی ئاڵای وڵات شێوازێکی نەگۆڕ وەربگرێت و هەرڕۆژەو گۆڕانکاریەکی بەسەردا نێت، دەوڵەتان ئەو بابەتەیان بەپێی یاسا ڕێکخستووە لەو چوارچێوەیەش عێراق بەپێی مادە ۱۲ فەقەڕە ب لەدەستوری ساڵی ۲۰۰٥ ئەو بابەتەی بەجێهێشتووە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی بەپێی یاسایەکی تایبەت ڕێکیبخات.

هەرێمی کوردستانیش بەر لە دەستوری عێراق و لەساڵی ۱۹۹۹، ئەو بابەتەی بەپێی "یاسای ئاڵای هەرێمی کوردستانی عێراق ژمارە ۱٤ ی ساڵی ۱۹۹۹" ڕێکخستووە، تیایدا بەشێوەیەکی ورد باسی لە شێوازی ئاڵای کوردستان و قەبارەو ڕەنگەکانی کردووە، هەروەها لەیاساکە باس لە شێوازی هەڵکردنی ئاڵاکەو ئەو شوێنانەی کە ئاڵاکەیان لەسەر هەڵدەدرێت کراوە.

 لەکاتێکدا ئاڵا پێویستە بەشێوەیەکی بەردەوام لەسەر دامەزراوەکانی وڵات بشەکێتەوە بەڵام هەندێ وڵات ڕۆژێکیان تایبەت کردووە بە ئاڵا و ناویان ناوە "ڕۆژی ئاڵا" کەتیایدا ئاڵای سەر سەرجەم دامەزراوەکان دەگۆڕدرێ و نوێدەکرێتەوە، دیاری کردنی ئەو ڕۆژەش زۆرجار پاشخانێکی مێژویی هەیە، پەڕلەمانی کوردستان لەساڵی ۲۰۰۹ بڕیاریدا کە ڕۆژی ۱۷ ی کانونی یەکەمی هەموو ساڵێک ڕۆژی ئاڵابێت و لەوڕۆژەدا ئاڵای سەر سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت بگۆڕدرێن و نوێبکرێنەوە، هۆکاری پاڵ دیاریکردنی ئەو ڕۆژە وەکو ڕۆژی ئاڵا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۹٤۷ کاتێک لە ۱۷ ی کانونی یەکەمی ئەوساڵە ئاڵای کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگاکانی کۆماری مەهابات هەڵکرا.

 

author photo

خوێندکاری کۆلێژی یاسا